riklam

با یادی شەنگال بکەینە دەرفەت بۆ یەکخستنی ماڵی کورد

بیروڕا 03:28 PM - 2026-08-03
ڕێبوار ستار

ڕێبوار ستار

کارەساتی شەنگالی بریندار، کە لە 3ی ئابی 2014دا لەلایەن گرووپی تیرۆریستی داعشەوە بەسەر خوشک و برایانی ئێزیدیماندا هێنرا، یەکێکە لە دڵتەزێنترین، قێزەونترین و نامرۆڤایەتیترین پەڕەکانی مێژووی هاوچەرخ و قڕکردنێکی ڕاستەقینە، کە تێیدا هەزاران پیاوی بێتاوان زیندەبەچاڵ کران، ژن و کچانی کورد ڕفێنران و وەک کۆیلە مامەڵەیان پێوە کرا، سەدان منداڵ و بەساڵاچوو بەهۆی برسیەتی و تینوویەتی لە چیای شەنگال گیانیان لەدەستدا، کە بەهۆی قووڵیی قەبارەکەیەوە لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە بە رەسمی وەک جینۆساید و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی ناسێنرا.

لەو ڕۆژەدا خەڵکی شەنگال خەڵکانێکی بێتاوان و زوڵملێکراو بوون، لە زێدی خۆیاندا سەرقاڵی بژێوی ژیانی خۆیان بوون، هەموو ئامانجیان ئەوە بوو چۆن شەنگال ئاوەدانتر بکەن، کەچی کۆمەڵێک شەمشەمەکوێرەی قین لەدڵ و دڕندە دایان بەسەر خاکی شەنگال و خەڵکەکەیدا و ئەوەی کردیان کردیان لە کوشتن و قاتوقڕی بەسەریاندا و ماڵەکانیان خاپوور کرد بەسەریاندا، ئەوە پێی دەوترێت نامرۆڤایەتی کە داعشەکان کردیان، ئەمەی شەنگال مشتێکە لە غەدر، ئەگەر باسی کارەسات و نەهامەتییەکانی گەلی کورد بکەین ڕەنگە بە چەندین نووسین و فیلم و دراما و توێژینەوە و لێکۆڵینەوە کۆتایی نەیەت، چونکە هەر ڕۆژەی گەلەکەمان بەدەست ئازارێکی قووڵەوە ناڵاندویەتی.

لە دوای ڕاپەڕین و ڕووخانی ڕژێمی بەعسەوە، کوردستان و عێراق کەوتنە قۆناغێکی نوێی حوکمڕانی و دەوڵەتدارییەوە، کە تێیدا لایەنە سیاسییە کوردی و عێراقییەکان پێکەوە هەنگاویان نا بۆ بەهێزکردنی عێراقی نوێ و هەرێمی کوردستان، سەرکردەکانی کورد ڕۆڵی گەورە و کاریگەریان هەبوو لە سەقامگیریی عێراق و پتەوکردنی پەیوەندیی نێوان هەرێم و بەغداد، بەتایبەت ڕۆڵی گەورەی سەرۆک مام جەلال لەو بوارەدا. سەرەڕای ئەوەی ئاڵۆزی و گرژییەکانی ناوچەکە بوونە هۆی ناسەقامگیریی عێراق و هەندێک جار کاریگەرییان لەسەر پێگەی هەرێم هەبوو، هەندێک جار لایەنە سیاسییە کوردییەکانیش گرژییان دروست کرد، بەڵام هەرگیز نەگەیشتە ئەو ئاستەی ئارامی و سەقامگیریی هەرێم بكەوێتە مەترسیەوە، ئەگەر بەهۆی بۆچوونی سیاسیی لایەنەکانەوە ساردی دروست بووبێت، کەچی دۆخی هەرێمی کوردستان هەرگیز نەگەیشتووەتە ئەم ئاستە چەقبەستووەی کە ئێستا پێیدا تێپەڕ دەبێت، کە هۆکارەکەی فشاری سیاسی و بەرژەوەندیی تەسکی حزبییە، بە جۆرێک کە خەڵکی هەرێمی کوردستان لە دۆخێکی دڵەڕاوکێ و تا ڕادەیەک نائارامدا دەژین، لە لایەک قەیرانی سیاسی، پەکخستنی پەرلەمان و دواکەوتنی پێکهێنانی حکومەت، لە لایەکی تریشەوە قەیرانی دارایی، کێشەی مووچە، بێکاری و کەمیی کارەبا و نەوت و بەنزین بوونەتە مۆتەکەی سەر دڵی خەڵک.

بەڵام هێشتا ئومێدی خەڵک نەگەیشتووەتە بنبەست و ئومێدیان وایە ئەم دۆخە تێدەپەڕێت و لایەنە سیاسییەکان ئیتر کاتی ئەوە هاتووە واز لە بەرژەوەندییە تایبەتەکان بهێنن و دەست بخەنە ناو دەستی یەک و پێکەوە بۆ خزمەتکردنی خەڵک کار بکەن.

ئەگەرچی پێشتر چەندین هەوڵ دراوە بۆ دانیشتن، دانوستان و گفتوگۆ بەڵام سەرکەوتوو نەبووە، بۆیە ئێستا کاتی ئەوە هاتووە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان وەک هەمیشە هیوا و ئومێدی خەڵک بووە دەستپێشخەرییەک بکات بۆ یەکخستنی لایەنە سیاسییەکان و جارێکی تر دەرگای گفتوگۆ بکاتەوە، بەتایبەت لەم دۆخەدا، با هاوپەیمانیی یەکێتی و نەوەی نوێ لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان یادی کارەساتی شەنگال دەرفەتێکی گەورەیە بۆ سەرلەنوێ کارکردنی پێکەوەیی و کۆتاییهێنان بەم دۆخە چەقبەستووەی هەرێم، تاوەکو وەک وەفایەک بۆ قوربانیانی شەنگال و خوێنی شەهیدە نەمرەکان بگەنە ڕێککەوتن، پەرلەمان کارا بکرێت و حکومەتێکی نوێی خەڵک پێکبهێنرێت کە بۆ خزمەتکردنی خەڵک بێت و کۆتایی بەم قەیرانە یەک لەدوای یەکانە بهێنرێت، و پێکەوە هەرێمێکی ئاوەدان و بەهێز بەڕێوە ببرێت و پێگە و سەنگی کورد لە بەغداد بەهێزتر بکرێت تا بە تەواوەتی هەموو مافە ڕەواکانی گەلەکەمان بێنە دی.

PUKMEDIA

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket