riklam

سەرۆککۆمار: دادپەروەری بۆ ئێزدییەکان و ئاوەدانکردنەوەی شنگال ئەرکێکی نیشتمانی و ئەخلاقییە

کوردستان 11:58 AM - 2026-08-03
نزار ئامێدی  سەرۆک کۆمار راگەیاندنی سەرۆککۆمار

نزار ئامێدی سەرۆک کۆمار

سەرۆککۆمار

سەرۆککۆماری عیراق پەیامێکی هاوخەمی بۆ دوانزەهەمین ساڵیادی جینۆسایدی ئێزیدییەکان بڵاودەکاتەوەو رایدەگەیەنێت: تیرۆری داعش تەنها بۆ کوشتنی بێتاوانەکان نەبوو، بەڵکو هەوڵێک بوو بۆ سڕینەوەی بوونی ئێزیدییەکان.

دەقی پەیامەکە...

لە دوانزەهەمین ساڵیادی جینۆسایدی ئێزیدییەکاندا، لەبەردەم یەکێک لە قێزەونترین تاوانەکاندا دەوەستین کە عێراق لە مێژووی هاوچەرخی خۆیدا بەخۆوەی بینیوە.

تیرۆری داعش تەنها بۆ کوشتنی بێتاوانەکان نەبوو، بەڵکو هەوڵێک بوو بۆ سڕینەوەی بوونی ئێزیدییەکان و ڕیشەکێشکردنیان لەسەر زێدی خۆیان لە ڕێگەی کوشتن، کەنیزەککردن، کۆچپێکردنی زۆرەملێ و وێرانکارییەوە، کە ئەمەش وەک پەڵەیەکی شەرمەزاری لەسەر ویژدانی مرۆڤایەتی دەمێنێتەوە.

بەڵام خوشک و برا ئێزیدییەکانمان سەلماندیان کە ئیرادەی ژیان لە تیرۆر بەهێزترە؛ ئەوان سەرەڕای هەموو ئازارەکان خۆڕاگر بوون و دەستیان بە خاک و ناسنامە و مافی خۆیان بۆ ژیانێکی شایستەوە گرت.

لەو کاتەوەی شەرەفی وەرگرتنی بەرپرسیارێتی سەرۆک کۆمارمان پێ سپێردراوە، ئەم دۆسێیەمان خستووەتە پێشەنگی کارەکانمان، چونکە بڕوامان وایە دادپەروەری بۆ ئێزیدییەکان تەنها پەیوەست نییە بە پێکهاتەیەکی دیاریکراوەوە، بەڵکو ئیستحقاقێکی نیشتمانی و ئەخلاقییە و پەیوەندی بە کەرامەتی هەموو عێراقەوە هەیە. ئەوەی ئەمڕۆ ئەم دۆسێیە پێویستییەتی، بڕیاری ئازایانە و هەنگاوی کردەییە بۆ کۆتاییهێنان بەو مەینەتییەی زیاتر لە دە ساڵە بەردەوامە.

گەڕانەوەی هەموو ئاوارەکان بۆ ناوچەکانی خۆیان، ئاشکراکردنی چارەنووسی ڕفێندراو و بێسەروشوێنەکان، ئاوەدانکردنەوەی شنگال و هەموو ناوچە زیانلێکەوتووەکانی دیکە، قەرەبووکردنەوەی قوربانیان و دابینکردنی ژیانێکی ئارام و شایستە بۆیان، دەبێت ئامانجی جێبەجێکراو بن.

چونکە بەردەوامبوونی شوێنەوارەکانی ئەم کارەساتە دوای زیاتر لە دە ساڵ، کارێکی قبوڵنەکراوە و دادپەروەریش تەواو نیە تاوەکو ئێزیدییەکان هەموو مافەکانی خۆیان بەدەست نەهێننەوە.

نزار ئامێدی
سەرۆک کۆمار

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket