riklam

قوباد تاڵەبانی یەكەمین ناوەندی داهێنانی ئەندازیاریی ئارمات لەراپەڕین دەكاتەوە

کوردستان 12:26 PM - 2026-10-22
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكوەزیرانی هەرێم PUKMEDIA

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكوەزیرانی هەرێم

قوباد تاڵەبانی كوردستان

 لەچوارچێوەی هەوڵەكانی بۆ پێشخستنی پەروەردەی تەكنەلۆژی و بەهێزكردنی تواناكانی گەنجان، قوباد تاڵەبانی ناوەندی داهێنانی ئەندازیاریی ئارمات (Armath Engineering Makerspace - RRDA) لە دەزگای پێشخستنی ناوچەیی رانیە دەكاتەوە.

ئەمڕۆ 22ی 10ی 2026، بەئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكوەزیرانی هەرێم، ناوەندی داهێنانی ئەندازیاریی ئارمات كرایەوە، كە ئامانجی ئاشناكردنی گەنجانە بە زانست و دابینكردنی دەرفەتی فێربوونی كرداریی و داهێنان و ئەندازیاری و تەكنەلۆژیای پێشكەوتووە بۆیان.

قوباد تاڵەبانی لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: ئامانجمان پەرەپێدانی ئەم ناوچەیە و رەخساندنی هەلی كارە بۆ سەرجەم توێژەكان، بەتایبەت لەو ناوچانەی كە دەكەونە دەرەوەی شارەكان، هاوكات ئامانجیشمان پەرەپێدانی سەرجەم ناوچەكانە.

ئاماژەی بەوەش كرد: ئیدارەی راپەڕین دەروازەی شۆڕش و راپەڕینە و ئەمڕۆش شایەتحاڵی راپەڕینێكە لە بوارەكانی پەرەسەندنی تەكنۆلۆجی و زانستی و سەردەمییانەدا،  ئێمە چەندین پڕۆژەی خزمەتگوزاری تریشمان هەن كە لە ئیدارەی راپەڕین جێبەجێ دەكرێن.

روونیشیكردەوە: دەرفەتەكان بۆ پەرەپێدانی ئیدارەی راپەڕین گەورە و زۆرن و ئێستا كار لەسەر گرنگیدان بە كەرتی وەبەرهێنان دەكەین، چونكە تواناكانی حكومەت بۆ جێبەجێكردنی ئەم پڕۆژانە سنووردارن، بۆیە ئێمە سەرجەم ئاسانكارییە پێویستەكان پێشكەش بە وەبەرهێنەران دەكەین بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژەی جۆراوجۆر لە ئیدارەی راپەڕین.

راشیگەیاند: كاتی ئەوە هاتووە حكومەتی نوێ لە هەرێمی كوردستان پێكبهێنرێت، بەڵام جێگەی نیگەرانییە كە دۆستەكانمان لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا خەریكە نائومێد دەبن و كاتێك لەگەڵ هەر بەرپرسێكی نێودەوڵەتیدا دادەنیشین، سەبارەت بە پێكهێنانی حكومەتی نوێ پرسیارمان لێدەكەن، پێویستە حكومەت پێكبهێنین و كێشەكان بخەینە لاوە.

قوباد تاڵەبانی وتیشی: لقێكی دیكەی سەنتەری ئەندازیاریی ئارمات لە سلێمانی و هەڵەبجە و سەرجەم ناوچەكانی دیكەی  دەكەینەوە.

ناوەندی ئارمات یەكەمین ناوەندە لەم جۆرەیە لە عیراق و دووەمینە لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست كە بە پشتبەستن بە مودیلێكی پەروەردەیی نێودەوڵەتی، بەتایبەتی گەنجانی تەمەنی 10 تا 18 ساڵ بە ئامانج دەگرێت و هەوڵ دەدات ژینگەیەكی گونجاو بۆ فێربوون، تاقیكردنەوە، دروستكردن و پێشخستنی بیرۆكە داهێنەرەكان بڕەخسێنێت.

ئارمات تەنها ناوەندێك نییە بۆ وانەخوێندن یان فێربوونی تیۆریی تەكنەلۆژیا، بەڵكو شوێنێكە كە خوێندكاران تێیدا بە شێوەی كرداری فێری دروستكردن، دیزاینكردن، بەرنامەسازی و بەكارهێنانی تەكنەلۆژیا دەبن.

 ئەم بەرنامە پەروەردەیییە لە ئەرمینیا لە لایەن یەكێتی كۆمپانیاكانی تەكنەلۆژیای پێشكەوتوو (UATE) پێشی دراوە و لە ئاستی نێودەوڵەتیدا وەك مودیلێك بۆ فێربوونی كرداریی تەكنەلۆژیا ناسراوە.

خوێندكاران فێر دەبن چۆن بیرۆكەكانیان بگۆڕن بۆ پڕۆژە و بەرهەمی راستەقینە؛ چۆن كێشە چارەسەر بكەن، چۆن بە شێوەی تیم كار بكەن و توانای داهێنان و بیركردنەوەی ڕەخنەگرانەی خۆیان پێش بخەن. 

 بەرنامەكە چەند بوارێكی گرنگی تەكنەلۆژیا و ئەندازیاری دەگرێتەوە، لەوانە:

رۆبۆتیك و بەرنامەسازیی: فێربوونی دروستكردن و بەرنامەسازیكردنی سیستەمە زیرەكەكان، دیزاینی سێ ڕەهەندی (3D) و چاپكردن: گۆڕینی دیزاین و بیرۆكە دیجیتاڵییەكان بۆ بەرهەمی فیزیكی.

ئەندازیاری و بەرهەمهێنانی دیجیتاڵی: ناسین و بەكارهێنانی تەكنەلۆژیاكانیCNC، بڕین بە لێزەر و كونكردن،  ئەلیكترۆنیك و تەكنەلۆژیا پێشكەوتووەكان: فێربوونی بنەماكانی سیستەمە ئەلیكترۆنییەكان و فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكان (UAV). 

 داهێنان و چارەسەركردنی كێشەكان: پێشخستنی توانای بیركردنەوە، چارەسەری كێشە و كاركردنی هاوبەش،   ئەم ناوەندە دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە: ناسین و پێشخستنی بەهرە و تواناكانی گەنجان لە بواری ئەندازیاری و تەكنەلۆژیا.

بەهێزكردنی توانای چارەسەركردنی كێشە و بیركردنەوەی داهێنەرانە، پێشخستنی كلتووری كاری تیم و جێبەجێكردنی پڕۆژە كردارییەكان. 

  ئامادەكردنی گەنجان بۆ تێگەیشتن لە دەرفەتەكانی ئابووریی دیجیتالی و گۆڕانكارییە تەكنەلۆژییەكانی داهاتوو.

دروستكردنی ژینگەیەكی فێركاری كە تێیدا زانست و تەكنەلۆژیا لە خوێندنەوەی تیۆرییەوە دەگوازرێتەوە بۆ تاقیكردنەوە و بەرهەمهێنانی كرداری.

تۆڕی ناوەندەكانی ئارمات لە ئاستی نێودەوڵەتیدا لە گەشەسەندندایە و زیاتر لە 650 ناوەندی داهێنانی ئەندازیاری، 17 هەزار خوێندكاری چالاك و 7 هەزار دەرچووی هەیە.

بەرنامەكەش لە ئەرمینیا، جورجیا، بەنگلادیش، كوەیت، ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، فەرەنسا و عیراقدا هەیە.

پەیامی سەرەكیی ئەم دەستپێشخەرییە ئەوەیە كە داهێنان نابێت بە سنووری جوگرافیا سنووردار بكرێت؛ گەنجانی رانیەش دەبێت دەرفەتی فێربوون، دروستكردن و بەشداریكردن لە شێوەدان بە داهاتووی تەكنەلۆژیا و ئەندازیارییان هەبێت. 

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket