riklam

هەڵبژاردنی گشتی لە سوید بەڕێوەدەچێت

جیهان 12:33 PM - 2026-09-13
هەڵبژاردنە گشتییەکانی سوید PUKMEDIA

هەڵبژاردنە گشتییەکانی سوید

جیهانى

ئەمڕۆ 13ی9ی2026، لە سوید هەڵبژاردنی گشتی بۆ دەستنیشانكردنی ئەندامانی پەرلەمان، دەستەی بەڕ‌ێوەبردنی هەرێمەكان و ئەنجوومەنی شارەوانییەكان بەڕ‌ێوەدەچێت، كە دەنگدەران 349 ئەندام بۆ پەرلەمان هەڵدەبژێرن و بەپێی ئامارەكانیش 84 كەسایەتی كورد لەسەر لیستی پارتە سیاسییە جیاوازەكان خۆیان كاندید كردووە.

ژمارەی دانیشتوانی سوید 10 ملیۆن و 610 هەزار و 500 كەسە، بەڵام بەپێی دوایین ئاماری دەزگای هەڵبژاردنی سوید، هەشت ملیۆن و 46 هەزار و 725 كەس، مافی دەنگدانی هەیە هەروەها وڵاتی سوید دابەشكراوە بەسەر 290 كۆمۆن و 21 هەرێم، كە دەنگدەران 349 كاندید بۆ پەرلەمان هەڵدەبژێرن، دوای تەواو بوونی پڕۆسەكەش بۆ پێكهێنانی حكومەت، پێویستە لایەنی براوە یان هاوپەیمانییەكان خاوەنی 175 كورسی بن.

بۆ هەڵبژاردنە گشتییەكانی سوید، 54 هەزار و 212 كاندید خۆیان پاڵاوتووە، لەو ژمارەیەش كورد لە هەرسێ ئاستی پەرلەمان، هەرێمەكان و شارەوانییەكاندا بەشدارن و خۆیان كاندید كردووە، كە ژمارەیان 84 كەسایەتی دیارن، لە چالاكوان و هونەرمەند و سیاسی پێكدێن، زۆرترینیشیان لەسەر پارتی سۆسیال خۆیان كاندید كردووە كە ژمارەیان 30 كاندیدە، ئەم كاندیدانە‌ لەسەر لیستی پارتە سیاسییە سەرەكییەكانی وەك پارتی سۆسیال دیموكرات، پارتی چەپ و پارتی سەوز دابەش بوون.

بۆ ئەم هەڵبژاردنە، 165 حزب و پارتی سیاسی كێبڕ‌كێ دەكەن بۆ بردنەوەی زۆرترین كورسی پەرلەمان، لەئێستادا هەشت حزب ئەندامیان هەیە لە پەرلەمانی سوید ئەوانیش، بریتین لە سۆسیال دیموكراتەكان، دیموكراتەكانی سوید،مۆدێراتەكان، حزبی ناوەند،حزبی چەپ،دیموكراتە مەسیحییەكان، حزبی ژینگە، لیبەراڵەكان، كە ئەم حزبانە دابەش بون بەسەر دوو ناوەند و جەمسەردا ئەوانیش چەپ و ڕ‌استن.

ئەمەش لەكاتێكدایە، هێشتا لە سوید سیستمی بەربەست لە هەڵبژاردنەكان جێبەجێ دەكرێت و پێویستە پارت و لایەنەكان رێژەی 4%ی دەنگەكان تێپەڕێنن بۆ چوونە ناو پەرلەمان، بەڵام بۆ شارەوانی و هەرێمەكان رێژی 3% دیاریكراوە، هەڵبژاردنی ئەمساڵیش دەبێتە خولی 52 پەرلەمان، لە دوای چاكسازییە دەستوورییەكەی ساڵی 1866 و دامەزراندنی پەرلەمانی نوێ، هەروەها پێش ساڵی 1970، هەڵبژاردنی شارەوانی و هەرێمەكان ئەوكات پێیان دەوترا " Landsting " دوو ساڵ دوای هەڵبژاردنی پەرلەمان و لە نیوەی خولی پەرلەماندا بەڕێوەدەچوو، بەڵام لە ساڵی 1970 بەدواوە تەواوی خولەكانیان هاوتای پەرلەمان ڕێكخران.

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket