riklam

بەئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی بنكەی پێدانی ڤیزای توركیا لەسلێمانی كرایەوە

کوردستان 12:37 PM - 2026-09-20
بەئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی بنكەی پێدانی ڤیزای توركیا لەسلێمانی كرایەوە PUKMEDIA

بەئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی بنكەی پێدانی ڤیزای توركیا لەسلێمانی كرایەوە

قوباد تاڵەبانی

بەئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، بنكەی پێدانی ڤیزای توركیا لە سلێمانی كرایەوە و هێڵی توركیش ئێرلاین هەفتانە چوار گەشت لەنێوان ئیستانبوڵ و فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی جەلال تاڵەبانی رێكدەخات، هاوكات لەكۆتایی ئەمساڵیشەوە گەشتەكان دەبن بە رۆژانە.

ئەمڕۆ 20ی 9ی 2026، بەئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكوەزیرانی هەرێم، بنكەی پێدانی ڤیزای توركیا لە سلێمانی كرایەوە و قوباد تاڵەبانی رایگەیاند: سلێمانی شاری سەرجەم نەتەوەو پێكهاتەكانی عیراق و ناوچەكەیەو ئەمڕۆش هەنگاوێكی دیكە دەنێین بۆ ئارامتركردنەوەی كوردستان و بەرەوپێشەوە بردنی سلێمانی لەڕووی سیاسی و ئابوریی و كلتوریی و ئەكادیمییەوە، هاوكات سوپاسی كونسوڵی توركیا لە هەرێمی كوردستان دەكەم، چونكە بەكردنەوەی بنكەی پێدانی ڤیزای توركیا لە سلێمانی بەڵێنەكەی جێبەجێ كرد.
 
راشیگەیاند: لەكاتی ئاڵۆزییەكان و هەبوونی بەربەست لەبەردەم گەشتیارانی سلێمانیدا، رۆژانە زۆرترین گەشتیار لەڕێی فڕۆكەخانەكانی  هەولێر، كەركوك و بەغدادەوە روویان لە توركیا كردووە، بۆیە كردنەوەی بنكەی پێدانی ڤیزای توركیا لە سلێمانی، خزمەتگوزاریی و ئاسانكارییە بۆ هاووڵاتیانی شاری سلێمانی.

ئەوەشی خستەڕوو: ئەمە سەرەتایە و هیوادارم بازرگانان هەماهەنگبن و توركیا بە بازاڕێكی گەورە بۆ بەرهەمەكانیان بزانن، هاوكات سوود لە فەرهەنگ و ئەزموونی توركیا وەربگرن، داواش لە حكومەتی خۆجێی دەكەم مامەڵەی تایبەت لەگەڵ ئەو كۆمپانیا توركیانەدا بكەن و كارئاسانییان بۆ بكەن بۆ ئەوەی پەیامی كراوەیی سلێمانی، بەڕوویی وڵاتانی دراوسێدا، بگەیەنین بە جیهان.

لەوەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووساندا، قوباد تاڵەبانی رایگەیاند: پەیوەندییەكانی نێوان یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان بەردەوامن و چەندان پرس هەن كە دەبێت پێكەوە دانوستانیان لەسەر بكەین و گفتوگۆكان بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێ بەردەوام دەبن.

وتیشی:  ئێمە لە پەیوەندیی بەردەوامداین لەگەڵ حكومەتی فیدراڵی بۆ ئامادەكردنی پڕۆژەیاسای بودجە و كۆتاییهێنان بە كێشە داراییە هەڵپەسێردراوەكان، بە مەبەستی چەسپاندنی شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان و كۆتاییهێنان بە قەیرانەكان و دواكەوتنی دابەشكردنی مووچە.

جێگری سەرۆكوەزیرانی هەرێم راشیگەیاند: گرنگی بە پەیوەندییەكانمان لەگەڵ كۆماری توركیا دەدەین، بەتایبەت لە پارێزگای سلێمانی و كار دەكەین بۆ لابردنی بەردەستەكان و راكێشانی بازرگان و وەبەرهێنەرانی توركیا بۆ سلێمانی.

ئەوەشی خستەڕوو: جەخت لەسەر پشتگیریی تەواومان بۆ پڕۆسەی ئاشتی لە توركیا دەكەینەوەو هەموو لایەنەكان هان دەدەین بۆ سەرخستنی پڕۆسەكە، چونكە ئەمە هەلێكی زێڕینەو دەبێت ئاشتی لە هەموو شوێنێك زاڵ بێت و رێگە بە هیچ رێگرییەك لەبەردەم سەرخستنی پڕۆسەی ئاشتیدا نەدرێت.

هاوكات ئەرمان تۆپچو، كونسوڵی گشتیی توركیا لە هەرێمی كوردستان، لەكاتی كردنەوەی سەنتەری پێدانی ڤیزای توركیا لە سلێمانی، سوپاسی هەوڵەكانی قوباد تاڵەبانی كردو باسی لە رۆڵی سەرۆك مام جەلال لە بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەكانی نێوان عیراق و توركیا كرد، راشیگەیاند: جگە لە چارەسەركردنی كێشەكانمان هیچ بژاردەیەكی دیكەمان نییەو هیچ بەربەستێكیش لەبەردەم بەرەوپێشبردنی پەيوەندییەكانماندا نییە.

جێی ئاماژەیە، هێڵی توركیش ئێرلاین هەفتانە چوار گەشت لەنێوان ئیستانبوڵ و فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی جەلال تاڵەبانی رێكدەخات و لەڕۆژی 14ی 12ی 2026 ەوە گەشتەكان دەبن بە رۆژانە.

PUKMEDIA


ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket