riklam

گشتیمان دەوێت

بیروڕا 01:38 PM - 2026-07-28
ستران عەبدوڵڵا

ستران عەبدوڵڵا

گەلی کوردستان گەلێکی قوربانیدەر و عەزاب دیدەیە کە شایانی هەموو قەرەبوو و خاتر جەمییە، حکومەت و حزبەکان و دامەزراوە رەسمییەکانی ئەرکیانە ئەم خزمەتە جێبەجێ بکەن و بێ کەموکوڕی و لێ داشکاندن پێوەی پابەندین.

ئەگەر قۆناغێک لە رەوتی ژیانی گشتیمان کارێکی باش بوو خەڵک سوپاسگوزار بێت لە حکومەت و باش بوو رۆژنامەگەری و دەرگا گشتییەکانی میدیا دەستخۆشی لە حکومەت بکەن کە ئەرکی خۆی لە خزمەت رایی دەکات، چونکە حوکمڕانی کوردی تازەیە و پشتیوانی و هاندانی گەرەکە تا لەسەر پێی زاتی رادەوەستێ و پشتی قایم دەبێت ئەمە مەرج نییە بێتە فەرهەنگێکی باوی تاسەر و بێ حیساب. ئەگەر قەرارە ئێمە ئەزموونێکی پڕاوپڕی دامەزراوەییمان هەبێت دەبێ دامەزراوەکان کاری حەریفانە بەرپا بکەن: حکومەت حکومەتی خزمەتگوزار بێت و پەرلەمان یاسادانەر و چاودێر بێت و دەزگا و دوکانی دادگایش بۆ جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان و بۆ یاساسەروەری و پایەدارکردنی هاوڵاتییەک بێت کە وتمان لە رابردوو قسوری نەکردووە لە خەبات و قوربانیدان و کاتێتی خزمەتی سەد قات بکرێت.

پێداگری لەسەر بنمیچی بەرزی حوکمڕانی و ستانداری شایستە بە گەلی کورد تەماع و لوتبەرزی و بوغرایی نییە، بەڵکو باشترین هەڵوێستی نیشتمانی و ناسیونالیستییە، چونکە خاوەن ئەم تێزە لە داخوازی و بیرکردنەوە ئەوەندە لە خۆیان و میللەتەکەیان رادەبینن کە هیچمان کەمتر نەبێ لە قەوم و قیلەی دەوروبەر و دوورە دەستیش.

گەلی کورستان نە شەلە و نە کوێرە و نە لە کتێبەکانی چارەنووسیشدا نەنووسرایە قەدەرێتی هەر بن دەست و خوار پلەی هاوڵاتی هاوچەرخ بێت.

باوکە دامەزرێنەرەکانی کوردایەتی وایان خەیاڵکردۆتەوە و مانفێستی تێکۆشانیان بەو نەفەسە بەرزە نووسیوەتەوە کە خەبات واقیعی بێت، بەڵام ئەندێشەی دەسکەوتەکان وا بەرز و بڵند بێت کەللەی مەزنەکانی دونیا لەوی زیاتر نەخوازێت.

دوای نزیکەی چل ساڵ لە خۆیبوون و خۆبەخۆیی، کوردەواری هیچ مەجبور نییە لە نێوان ماف و داخوازییەکانیدا ئانە پانە بکا و لە بەینی دوو ماف دەستبەرداری چەندی تر ببێت و لەبەر نان واز لە ئازادی بێنێ و لەبەر ئازادی نانەڕەق بخوات. باووباپیران کردیان و زەحمەتیان لە جیاتی کوڕ و کچەکانیشیان کێشا هەق نییە نرخی خوێن و ئارەق و فرمێسکیان وا هەرزان بکەین کە حاسڵی دروێنە وەک رەنجی سەر شان نەبێت.

ئێمە میللەتێکی تەماحکارین، گشتیمان دەوێت، بە عەوازەی قەرەبووی جارانیشەوە. لە زمانی رۆماننووسی ئێرانییەوە (مەحمود دەوڵەت ئەبادی) دەگێڕنەوە کە وتوویەتی ئازادیمان دەوێ و خوێنی تریشمان نییە بۆ بەخشین و پێدان.

حورمەتی رەنجی پێشین دەگرین بۆیە زۆرترینمان بۆ لاوەکانمان دەوێت، کچان و کوڕانی کوردستانیش هەقیانە ناز بکەن و ئەرکمانە نازیان بکێشین. رێگای ئەم کووە و راستی پیادەکردنی ئاوەدانی ئەم ئامانجە چۆنچونییە؟ ئەوا تەحەددا و گرەوی رۆژانەیە بۆ حکومەت و بۆ دەستەبژێری وڵات.

PUKMEDIA 

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket