riklam

له‌ ساڵیادی دامه‌زراندنی كه‌ناڵی دایكدا

کوردستان 09:36 AM - 2026-09-11
کەناڵی دایک PUKMEDIA

کەناڵی دایک

ئه‌مڕ‌ۆ 35 ساڵ تێپه‌ڕ‌ده‌بێت به‌سه‌ر دروستبوونی یه‌كه‌م كه‌ناڵی بینراوی كوردی له‌ باشووری كوردستان كه‌ به‌ كه‌ناڵی دایك ناسراوه‌، ته‌له‌فزیۆنی گه‌لی كوردستان له‌ رۆژێكی وه‌ك ئه‌مڕ‌ۆدا و له‌ رۆژی 11ـی 9ـی 1991 به‌ وتارێكی سه‌رۆك مام جه‌لال له‌ یاریگای سلێمانی ده‌ستی به‌ په‌خش كرد و له‌وكاته‌وه‌ هه‌تا ئه‌مڕ‌ۆ جگه‌ له‌كاتی خیانه‌تی 31ـی ئاب، بۆ ساتێكیش له‌ په‌خشكردن نه‌وه‌ستاوه‌.

كه‌ناڵی گه‌لی كوردستان یه‌كه‌م رۆژی په‌خشی ده‌هێنینه‌وه‌ یادی نه‌وه‌كانی ئه‌مڕ‌ۆ، كه‌ بۆ هه‌موولایه‌ك رووداوێكی له‌ بیرنه‌كراو بوو، به‌تایبه‌ت كه‌ كه‌ناڵه‌كه‌ یه‌كه‌مین كه‌ناڵی ته‌له‌فزیۆنی بوو له‌دوای راپه‌رینی به‌هاری كورد له‌ساڵی 1991 و ژماره‌یه‌ك كادر و بێژه‌ریش رۆڵیان له‌ دامه‌زراندن و په‌خشكردنیدا هه‌بوو، سه‌روه‌رییه‌كانی كه‌ناڵه‌كه‌ هاوشانی قۆناغه‌كانی سه‌ركه‌وتنی یه‌كێتی و گه‌لی كورد بووه‌ و به‌رده‌وامیشه‌ له‌ كاروانه‌ پیرۆزه‌كه‌ی.

سه‌رۆك بافڵ: گه‌لی كوردستان سه‌نگه‌ری به‌رگرییه‌ له‌مافه‌كانی خه‌ڵك

له‌و باره‌یه‌شه‌وه‌ بافڵ جه‌لال تاڵه‌بانی سه‌رۆكی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌ساڵیادی دامه‌زراندنی كه‌ناڵه‌كه‌دا په‌یامێكی بڵاوكرده‌وه‌و رایگه‌یاند: به‌ گه‌رمی پیرۆزبایی ساڵیادی په‌خشی كه‌ناڵه‌كه‌تان لێ ده‌كه‌م، كه‌ وه‌ك یه‌كه‌مین كه‌ناڵی كوردیی دوای راپه‌ڕ‌ین ده‌ستی به‌ په‌خش كرد و بووه‌ پێشه‌نگی میدیای نیشتمانی. هیوای به‌رده‌وامی و سه‌ركه‌وتنی زیاترتان بۆ ده‌خوازم.

راشیگه‌یاند: له‌و سه‌رده‌مه‌ دژواره‌دا، گه‌لی كوردستان ته‌نیا پرۆژه‌یه‌كی میدیایی نه‌بوو، به‌ڵكو ده‌ستپێكی شۆڕ‌شێكی رۆشنبیری و وه‌رچه‌رخانێكی مێژوویی بوو كه‌ له‌سه‌ر ده‌ستی سه‌رۆك مام جه‌لال بناغه‌كه‌ی داڕ‌ێژرا. ئه‌م دامه‌زراوه‌یه‌ له‌ هه‌لومه‌رجێكی سه‌ختدا بووه‌ زمانحاڵی راسته‌قینه‌ی خه‌ڵك، پارێزه‌ری ئاشتیی كۆمه‌ڵایه‌تی و پردی په‌یوه‌ندیی نێوان نه‌ته‌وه‌كه‌مان و جیهانی ده‌ره‌وه‌.

سه‌رۆكی یه‌كێتی له‌ كۆتایی په‌یامه‌كه‌یدا ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ده‌كات: دڵخۆشم ئه‌مڕ‌ۆش به‌ هه‌مان گیانی به‌رپرسیارانه‌ و به‌ نوێبوونه‌وه‌یه‌كی سه‌رده‌مییانه‌ له‌ كاروانه‌كه‌تان به‌رده‌وامن و وه‌ك سه‌نگه‌رێكی پته‌و ماونه‌ته‌وه‌ بۆ به‌رگریكردن له‌ مافه‌كانی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك و گه‌یاندنی گوتاری یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان.

كه‌ناڵی دایك خوێندنگه‌ی بواری راگه‌یاندنه‌

كه‌ناڵی دایك، ئه‌و شانازییه‌ی پێبڕ‌ا، كه‌ بووه‌ خوێندنگه‌ی پێگه‌یاندنی چه‌ندان كادر و رۆژنامه‌نوس و بێژه‌ر و ته‌كنیكاری بواری راگه‌یاندن، هاوكاتیش به‌رده‌وام بووه‌ له‌ ئه‌ركه‌كانی راگه‌یاندن و پیاده‌كردنی ده‌سه‌ڵاتی چواره‌م و ئه‌ركه‌كانی هۆشیاری و كوردایه‌تی و رێبازی شه‌هیدان و یه‌كێتیی، كه‌ بۆ ئه‌و قۆناغه‌ پێویست و گرنگ بووه‌ و سه‌ركه‌وتوانه‌ش ئه‌نجامیدان.

"كه‌ناڵی دایك هۆكارێك بوو بۆ گه‌شه‌كردنی ئازادی"

دڵشاد ئه‌حمه‌د ئاماده‌كار و پێشكه‌شكاری دێرینترین به‌رنامه‌ی ته‌له‌فزیۆنی گه‌لی كوردستان به‌ وێبسایتی ره‌سمی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIA ی راگه‌یاند: بۆ ئێمه‌ی راگه‌یاندنكار و رۆژنامه‌نووس ده‌توانین بڵێین رۆژانی كاركردنمان له‌ گه‌لی كوردستان رۆژێكه‌ له‌ رۆژه‌كانی له‌ میدیای ئازاد، ئه‌و میدیایه‌ی كه‌ ئێمه‌ وه‌ك نه‌ته‌وه‌ی كورد ئازادی خۆی به‌ده‌ستهێنا و ئیتر وابه‌سته‌ و ده‌رداری هیچ وڵاتێك نه‌بووین، كه‌ ئه‌مه‌ش كارێكی راسته‌وخۆی كرده‌سه‌ر گه‌شه‌كردنی قه‌ڵه‌می بوێر و ئازا و ئازادی كورد".

راشیگه‌یاند:"له‌ساڵیادی دامه‌زراندنی ته‌له‌فزیۆنی گه‌لی كوردستاندا سڵاو ده‌كه‌م له‌و كارمه‌ندانه‌ی كه‌ له‌دوور و نزیكه‌وه‌، هه‌ركه‌سه‌ و به‌پێی قه‌واره‌و توانای خۆی كاری له‌ گه‌لی كوردستان كرد، من لێره‌وه‌ سڵاو له‌ هه‌موویان ده‌كه‌م، هه‌روه‌ها سڵاو له‌وانه‌ش ده‌كه‌م كه‌ رۆژێك له‌رۆژان كاریان له‌م ته‌له‌فزیۆنه‌ كردوه‌ و له‌ئێستادا له‌ ژیاندا نه‌ماون و به‌جێیان هێشتووین، هه‌روه‌ها سڵاو له‌و ده‌سته‌ مه‌زنه‌ی مامی گه‌وره‌مان سه‌رۆك مام جه‌لال ده‌كه‌م كه‌ یه‌كێك بوو له‌ ده‌ستپێشخه‌رانی دامه‌زرێنه‌رانی ته‌له‌فزیۆنی دایك".

هه‌ر سه‌باره‌ت به‌ به‌رنامه‌ی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی كوردستانیش كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ به‌رنامه‌ دێرینه‌كانی ئه‌و كه‌ناڵه‌ خۆشه‌ویسته‌ و تا ئێستاش هه‌ر به‌رده‌وامه‌، دڵشاد ئه‌حمه‌د وه‌ك ئاماده‌كار و پێشكه‌شكاری ئه‌و به‌رنامه‌یه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌دا: "هه‌ر له‌سه‌ره‌تای ده‌ستپێكردنم به‌ به‌رنامه‌كه‌ له‌ ته‌له‌فزیۆنی گه‌لی كوردستان، مینبه‌رێكی ئازاد درا به‌ من، به‌بێ سانسۆر له‌لایه‌ن یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانه‌وه‌ بو، به‌هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ پردێكی په‌یوه‌ندی كورده‌واری دروستبكه‌م له‌نێوان شارستان و گونددا، له‌هه‌مان كاتدا ده‌روازه‌یه‌كی مێژوویی ئه‌و وڵاته‌ بچووكانه‌ بكه‌مه‌وه‌ كه‌ پێی ده‌ڵێن لادێ، كه‌ ئاشنابن له‌ خاك و ئاو و قوربانییه‌كه‌مان و ئه‌و چیرۆكه‌ جوانانه‌ی كه‌ هه‌میشه‌ له‌ ژێر ته‌پ و تۆزدا بوون و ته‌پوتۆزه‌كه‌م لابردوه‌ و خستومه‌ته‌ به‌رچاوی خه‌ڵك، هه‌ر له‌وێشه‌وه‌ من ده‌وڵه‌تی كوردیم راگه‌یاند، به‌ڵام ده‌وڵه‌ته‌كه‌ی من جیاوازه‌ و هی كرێكار و جووتیار و هه‌ژار و زه‌حمه‌تكێش و له‌پێش هه‌موویانه‌وه‌ هی خوێنی شه‌هیدانی كوردستانه‌".


PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket