riklam

د. نەبیل مەرسومی کۆمەڵێک ڕێکاری بەپەلە بۆ کەمکردنەوەی خەرجییەکان و بەرزکردنەوەی داهات دەخاتەڕوو

عیراق 04:20 PM - 2026-10-10
د. نەبیل مەرسومی پسپۆری بواری ئابووریی تایبەت

د. نەبیل مەرسومی پسپۆری بواری ئابووریی

عیراق

پسپۆڕێکی ئابووری رایدەگەیەنێت: دابەزاندنی نرخی دینار نابێت ببێتە ئامرازێک بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنان و شاردنەوەی شکستی سیاسەتە داراییەکان و دابەزاندنی نرخەکە بەبێ چاکسازی ڕاستەقینە، تەنها چارەسەرێکی ئاسانە لەسەر حسابی توێژە بێدەسەڵاتەکان، هاوکات ئەو پسپۆڕە کۆمەڵێک ڕێکاری بەپەلە و پێشنیاری کرداری بۆ کەمکردنەوەی خەرجییە گشتییەکان، ڕێکخستنەوەی مووچە و باج و بەگەڕخستنەوەی داهاتە فەرامۆشکراوەکانی دەوڵەت خستەڕوو.

د. نەبیل مەرسومی پسپۆری بواری ئابووریی لەشیکارییەکدا سەبارەت بە دابەزینی نرخی دۆلار رایگەیاند: لە ئابوورییدا هیچ شتێک نییە دەستی بۆ نەبرێت، نرخی ئاڵوگۆڕیش بابەتێکی پیرۆز نییە، بەڵام دابەزاندنی نرخی ئاڵوگۆڕی دینار بەرامبەر دراوە بیانییەکان نابێت ببێتە یەکەم پەرژینی بەرگریی و ببێتە هۆیەک بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنان و شکستی ڕاپەڕاندنی سیاسەتەکانی تر (دارایی، بازرگانی، وەبەرهێنان و داهاتوویان)، ھەروەھا نابێت پەنا بۆ چارەسەرە ئاسانەکان ببرێت، کە بڕە داراییەکی دیاریکراو بەدەستدەهێنن لەسەر حسابی زیانگەیاندن بە توێژە بێدەسەڵات و هەژارەکان بەهۆی هەڵئاوسانەوە، کە بە باجێکی بێ یاسا دادەنرێت، هاوکات هەر دابەزاندنێکی نرخی ئاڵوگۆڕ، پەیوەندی نێوان دەسەڵاتی نەقد و سیاسەتی دارایی داهاتوو سەرلەنوێ دادەڕێژێتەوە، چونکە دابەزاندنەکە بڕیارێکی داراییە و بانکی ناوەندی لە دەسەڵاتێکی نەقدی سەربەخۆوە دەگۆڕێت بۆ ئامرازێکی کۆکردنەوەی داهات.

ئرە پسپۆڕەی بواری ئابووری پێشنیاری کۆمەڵێک ڕێکاری بەپەلەی کرد، بە مەبەستی کەمکردنەوەی خەرجییە گشتییەکان و بەرزکردنەوەی داهاتەگشتییەکان، کە ئەمانەن:
یەکەم: بەرتەسککردنەوەی (گوشارخستنەسەر) خەرجییەگشتییەکان کە بریتین لە:

* چاکسازی لە دۆسیەی مووچەدا ڕێگەی سنووردارکردنی مووچەی بەخشراو بەوانەی بە کردەیی کارمەندی دەوڵەتن و هەڵوەشاندنەوەی ئەو مووچانەی بە بڕیاری سیاسی بەخشراون، ئەگەرچیش ئەمە پێویستی بە هەمووارکردنەوەی هەندێک یاسای بەرقەرار بێت.

* چاکسازی لە سیستەمی خانەنشینیدا و هەڵوەشاندنەوەی مووچەی خانەنشینی بۆ هەر کەسێک، کە خزمەتی کردەیی لە (15) ساڵ کەمتر بێت، لەگەڵ دانانی مووچەی خانەنشینان تەنها لەسەر سندوقی خانەنشینی و ڕاگرتنی خەرجکردنی مووچەکانیان لە موازەنەی گشتییەوە.

* چاکسازی لە سیستەمی یارمەتییەکان و مووچەی چاودێری کۆمەڵایەتیدا، بەشێوەیەک، کە تەنها بۆ ئەو کەسانە بێت، کە شایستەن لەڕێگەی پێوەرە نوێیەکان، کە وەزارەتی کار دەیانباتە پێشەوە.

* ڕاگرتنی تەمویلکردنی خەرجی ئەو یەکە ئابوورییانەی، کە داهاتی زاتی گەورەیان هەیە و دەکرێت بە باشترکردنی ئیدارەدانیان خەرجییەکانی خۆیان ڕووماڵی بکەن (نەوت، کارەبا، گواستنەوە، پەیوەندییەکان، ئەوقافی ئاینی و هیتر)، هەروەها کورتکردنەوەی تەمویل لە موازەنەی گشتییەوە تەنها بۆ هەندێک خەرجی وەبەرهێنان لە کەرتی وزە لە عیراقدا.

* چاکسازی لە کۆبۆنی خۆراکدا لەڕێگەی بەپاره‌کردنی و سنووردارکردنی تەنها بۆ توێژە بێدەسەڵاتەکانی کۆمەڵگە، فەرمانبەرە بچووکەکان و خانەنشینان، ئەمەش بڕە پارەیەکی گەورە دەگەڕێنێتەوە و یەکێک لە دەروازە گەورەکانی گەندەڵی لە عێراقدا دادەخات.

* ڕاگرتنی خەرجکردنی ئەو بڕە پارانەی تایبەتن بە سووتەمەنی، چاککردنەوە، گەشت، کەلوپەل و خەرجییەلاوەکییەکان و دەروازەکانی تری خەرجی نێو مەوازەنەی گشتی، کە پێویست نین، لەگەڵ سنووردارکردنی خەرجکردنیان لە مەوازەنە سەربەخۆکانی یەکە ئابوورییەکان لە دەرەوەی چوارچێوەی موازەنەی گشتی.

* پەرلەمان بڕیارێک دەربکات، کە حکومەت پابەند بکات بە ڕەوانەکردنی هەر گرێبەستێک، ڕێککەوتنێک یان ئیمزاکردنی بەڵێننامەیەک، کە پابەندبوونی دارایی گەورە و بەردەوام لەسەر عیراق دروستدەکات بۆ پەرلەمان، کە پێویستە دەسەڵاتی باڵای هەبێت لە پەسەندکردن یان ڕەتکردنەوەیدا.

* چارەسەرکردنی فەوزای وەزیفی لە دەزگاکانی دەوڵەتدا و سنووردارکردنی دامەزراندن و گرێبەستەکان لە ئەنجومەنی خزمەتی گشتیدا و ڕێگەنەدان بە هەموو یەکە جێبەجێکارەکان لەوانەش یەکەکانی تمویلی زاتی بۆ گرێبەستکردن و دامەزراندن بۆ پڕکردنەوەی پلە وەزیفییە حکومییەکان.

* ڕێکخستنی هەموو سەرچاوەکانی داهاتی زیادە، کە فەرمانبەر دەستی دەکەوێت بەشێوەیەک لە ناوەندە ڕێژەی مووچەی مانگانەی فەرمانبەرەکە زیاتر نەبێت.

* هەڵوەشاندنەوەی هەموو مووچە خانەنشینییەکانی بۆ هەریەک لە:
* ئەندامانی ئەنجومەنی حوکم. هەڵوەشێنراوە.
* ئەندامانی کۆمەڵەی نیشتمانی هەڵوەشێنراوە.
* ئەندامانی پەرلەمانەکانی پێشوو.
* هەموو وەزیر و بریکارەکانی پێشوو.
* سەرۆکایەتییە سێ قۆڵییەکەی پێشوو و جێگرەکانیان.
هەڵوەشاندنەوەی هەموو گەشتە ئاسمانییەکانی فڕۆکە تایبەتەکانی دەوڵەت بۆ بەرپرسان.
* هەڵوەشاندنەوەی هەریەک لە:
* ئەنجومەنی پارێزگاکان.
* فەرمانگە ناپێویستەکانی سەر بە ئەنجومەنی وەزیران، وەک کۆڕی زانیاریی و هیتر.
* تێکەڵکردنی ئەوقافەکان لە یەک وەزارەتدا.

* پێداچوونەوە بە بەرنامەکانی پشتیوانی دەرەکی و دووبارە هەڵسەنگاندنەوەی بەشدارییە داراییەدەرەکییەکان بەپێی پێوەرەکانی بەرژەوەندی ئابووری عێراق، لەگەڵ دانانی سەقفێکی ساڵانە بۆ بەشدارییە دەرەکییەکان، کە لەگەڵ بارودۆخی دارایی دەوڵەتدا بگوونجێت.

* کۆنتڕۆڵکردنی خەرجی ئۆتۆمبێلە حکومییەکان و ڕاگرتنی کڕینی ئۆتۆمبێلی نوێ بۆ ماوەی دوو تا سێ ساڵ مەگەر بۆ ئاڵۆزی و حاڵەتی زۆر پێویست نەبێت، سەرەڕای پەڕەپێدانی سیستەمی خولانەوەی ئۆتۆمبێلەکان لە نێوان فەرمانگە حکومییەکاندا.

* ڕێکخستنی خەرجی سەر شارەزایان و ڕاوێژکارییەکان و پێداچوونەوە بە گرێبەستی شارەزا و ڕاوێژکارەکان و دانانی ئەولەویەت بۆ شارەزایی نیشتمانی و زانکۆ عێراقییەکان بەرلە گرێبەستکردنی دەرەکی.

دووەم: بەرزکردنەوەی داهاتە گشتییەکان، کە ئەم نەخشەیەی خوارەوە لەخۆدەگرێت:

* هەڵوەشاندنەوەی هەموو ئەو بەخشینانەی دەدرێن بە لایەنە دیاریکراوەکان لە ڕسووماتی گومرگی و توندکردنەوەی ڕێنماییەکان، کە دەدرێن بەوانەی مۆڵەتی وەبەرهێنانیان هەیە بە مەبەستی دڵنیابوونەوە لە هاوردەکردنی ئەو کەلوپەلانەی بەخشراون لە ڕسووماتی گومرگی بۆ مەبەستی جێبەجێکردنی پڕۆژەکە، نەک بۆ مەبەستی دووبارە فروشتنەوەیان لە بازاڕی ناوخۆدا، وەک ئەوەی ئێستا ڕوودەدات، کە بەهۆیەوە مۆڵەتەکانی وەبەرهێنان بە نرخێکی زۆر خەیاڵی دەفرۆشرێن و دەکڕدرێن.

* پابەندکردنی هەرێمی کوردستان بە کارکردن بە سیستەمی ئاسیکۆدا (ASYCUDA) بۆ ئەوەی ئەم سیستەمە هەموو دەروازە گومرگییەکانی عێراق بگرێتەوە، لەگەڵ کارکردن لەسەر هەڵوەشاندنەوەی دەروازە نایاساییەکان و خاڵەکانی پەڕینەوە، کە کاریگەریی ئەم سیستەمە کەمدەکەنەوە و سنووردارکردنێکی زۆر دەخەنە سەر ڕسووماتە گومرگییەکان، کە دەکرێت، وەک داهاتێکی گرنگ بۆ تمویلکردنی موازەنەی گشتی بەدەستبهێنرێت.

* پێویستی چاکسازی لە سیستەمی باجدا و جێبەجێکردنی بە کاریگەریی لەسەر هەموو ئەو کۆمپانیایانەی لە عێراقدا کاردەکەن، چ ناوخۆیی بن یان بیانی، بەتایبەتی ئەوانەی لە دوو کەرتی نەوت و پەیوەندییەکاندا کاردەکەن کە قازانجەکانیان دەگاتە چەندین ملیار دۆلار. لەگەڵ باشترکردنی ئیدارەدانی باج لەڕێگەی فراوانکردنی تۆڕی باج، وەکچۆن ڕێژەی ئەو کەسانەی باج دەدەن لە عێراقدا دادەبەزێت بۆ تەنها (1%)، هەروەها پێویستە پەلە بكرێت لە تەواوکردنی ئەژمارکردنی باج لەگەڵ باجدرێنە گەورەکان، کە ژمارەیان دەگاتە (39) باجدەر و تەنها دوو کۆمپانیا ئەژماری باجیان کردووە لەکاتێکدا کۆمپانیاکانی تر بۆ چەندین ساڵە بێ ئەژمارکردنی باج ماونەتەوە، کە لە نێویاندا کۆمپانیای جیهانی بەناوبانگی، وەک پێتڕۆچاینا، شێڵ و بی پی تێدایە. هەروەها پێویستە ئەژمارکردنی باج بەپێی دەقەکانی گرێبەستەکانیان بێت، کە دیاریکراوە بە پێدانی (35%) لە قازانجەکان، نەک بەپێی یاسای باجی عێراقی، وەک ئەوەی ئێستا ڕوودەدات.

* پێویستی کۆکردنەوەی ڕسووماتی ڤیزا لەسەر هەموو سەردانکەرانی عێراق بەبێ بەدەرکردن لەوانەش بۆ بۆنە ئایینییەکان، ئەمەش بە سەرچاوەیەکی گرنگی داهاتی نا-نەوتی دادەنرێت، کە دەکرێت بگاتە زیاتر لە (4) ملیار دۆلاری ساڵانە ئەگەر گەشتوگوزاری ئایینی باشتر و ڕێکبخرێت.

* سەپاندنی ڕسوومات و باجی ساڵانە لەسەر کرێکارانی بیانی لە عێراق، کە لە هەزار دۆلار کەمتر نەبێت بۆ هەر کرێکارێک، ئەمەش دەبێتە هۆی پاڵپشتیکردنی مەوازەنە بە زیاتر لە ملیارێک دۆلار، هەروەها بەشدار دەبێت لە بەعێراقیکردنی وەزیفەکان و ڕەخساندنی دەرفەتی کاری نوێ بۆ عێراقییەکان بەهۆی زیابوونی تێچووی بەکارهێنانی کرێکاری بیانی.

* سەپاندنی ڕسوومات لەسەر هەموو ئەو گەشتیارانەی، کە زیاتر لە سێ جار لە ساڵێکدا گەشتدەکەن بۆ دەرەوەی عێراق.
* پەلەکردن لە ئەژمارکردن لەگەڵ کۆمپانیا گشتییەحکومییەکان بۆ دەستبەسەرداگرتنی قازانجەکانی گەنجینەی گشتی، کە لە ساڵی (2024)دا گەیشتبووە زیاتر لە دوو ترلیۆن دینار.

* باشترکردنی ئیدارەدانی موڵکەکانی دەوڵەت، کە زیاتر لە (100) ترلیۆن دینارە و دووبارە ڕێکخستنەوەی داهاتەکانی و بەدواداچوونی پڕۆسەی فروشتن یان تەرخانکردنی لە ساڵی (2003)ـوە بەرەو سەرەوە و دووبارە هەڵسەنگاندنەوەیان بە نرخە باوەکانی بازاڕ، چونکە بە نرخێکی زۆر ڕەمزی بەخشراون، کە بەهەدەردانێکی زۆری سامانی گشتی تێدایە.

 پەلەکردن لە نۆژەنکردنەوەی هێڵی کەرکووک - جیهان، کە توانای هەناردەکردنی (750) هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدایە دوای ئیمزاکردنی ڕێککەوتن لەگەڵ تورکیا، کە ئەمەش داهاتێکی دارایی گەورە بۆ عێراق زیاتر دەکات.

* پێکهێنانی لیژنەیەکی باڵا بۆ گەڕاندنەوەی پارە گشتییە کۆنەکراوەکان لەوانەش:
* قەرزە باجییە کەڵەکەبووەکان.
* قەرزە وەستاوەکان لە بانکە حکومییەکاندا.
* شایستە گومرگییەکان.
* بەدەل یان کرێی بەکرێدانی موڵکەکانی دەوڵەت.
* کرێی کارەبای کۆنەکراوە.
* ڕاگەیاندنی پڕۆژەیەکی نیشتمانی بۆ بەدیجیتاڵکردنی دارایی و باج بە مەبەستی بەستنەوەی:
* باجەکان.
* گومرگەکان.
* خانووبەرە.
* بانکەکان.

لەکۆتایی شیکارییەکەشدا د. نەبیل مەرسومی پسپۆری بواری ئابووریی ئاماژەی بەوەکرد، سەرجەم ئە پێشنیار و خاڵانەی باسمکرد، بە ئامانجی کەمکردنەوەی خۆدزینەوە و گەندەڵی و زیاترکردنی داهاتە نا-نەوتییەکانە.

PUKMEDIA


ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket