riklam

میدیا و نەخۆشى دەروونى

بیروڕا 09:43 PM - 2026-10-10
چیا جەزا چیا جەزا

چیا جەزا

بیروڕا

ئەمڕۆ ڕۆژی جیهانی دەرووندروستییە و دروشمی ئەمساڵ بۆ ئەم ڕۆژە بریتییە لە:

"ئەزموونە زیندووەکان گوێیان لێ دەگیرێت، دەنگە ڕاستەقینەکان گۆڕانکاریی ڕاستەقینە دروست دەکەن"

هەموو جارێک لەگەڵ باسی دەروون و کۆمەڵگەی خۆمان، فکرم بۆ ئەو پیاوە دەچێت، کە لە دەڤەری ڕاپەڕین ڕۆژنامەنووسان دەچوون چاوپێکەوتنیان لەگەڵ سازدەکرد، لەبەرئەوەی وتبووی محەمەدی مەهدیم، ئەم قسەیە لەناو خەڵکەوە گەیشتبووە ڕۆژنامەنووسان و ئەوانیش دەچوون چەندەها پرسیاریان ئاڕاستە دەکرد، لەکاتێکدا بەهۆی کێشەی دەروونییەوە ئەو جۆرە هەست و بیرکردنەوەیەی لەلا دروستببوو، وایدەزانی ئیمامی محەمەدی مەهدییە، کە ئەمەش دەکرێت دۆخێکی کاتی بێت و تێپەڕێت.

یاخود ئەو کاندیدە سەربەخۆیەی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانم بە بیردا دێت، کە بە فلتەرەکانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنیشدا تێپەڕیبوو، کاتێک دەنگی پێویستی بۆ پەرلەمان بەدەست نەهێنا، چەندەهاجار ڕۆژنامەنووسان ئامادەبوون لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکانیدا، دیارترین نادروستی لە هەست و بیرکردنەوەی ئەو کاندیدە بەهۆی گرفتی دەروونییەوە ئەوە بوو کە دەیوت، ئیسرائیل گەمارۆی ئابووری دەخاتە سەر ئەم وڵاتە بۆ پشتگیری و پشتیوانی من.

لە کۆمەڵگەیەکین بەشێک لە ڕاگەیاندنکارەکان مرۆڤدۆستی و هۆشیارییان لەو ئاستەدا نییە، بڵێن گرفتی دەروونی وای لەم کەسە کردووە کە بیرکردنەوە و هەستی بە ئاستێک گەیشتووە نائاسایی و خەیاڵییە، پێویستی بەچارەسەرە، نەک کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی و چاوپێکەوتن، دەبێت خەڵکەکەی دیکە چۆن بێت؟؟؟

لە ڕۆژی دەرووندروستیدا هیوادەخوازم خەڵکی بە دروستی مامەڵە لەگەڵ یەکتری بکەن، لەبەرئەوەی ڕێژەی دەرووندروستی زیاتربێت و کێشەی دەروونی کەم بکات.

لەم ڕۆژانەدا وتەی مامۆستایەکم لە زانکۆ منی بردە بیرکردنەوەیەکی قووڵ، کە پسپۆڕییەکەی لە بواری کۆمەڵناسی تاواندایە، وتی: زۆرینەی نەخۆشانی دەروونی یەکێک لە جۆرەکانی تاوان یان زیاتریان بەرامبەر ئەنجامدراوە، بۆیە توشی گرفت و نەخۆشی دەروونیبوون.

ئەمە وەک ئەوەی هاوواتا بێت لەگەڵ وتەیەکی دیکەی باوی توێژەران و پزیشکانی بوارەکە، کە دەڵێن زۆرینەی ئەوانەی بۆ چارەسەر سەردانمان دەکەن و توشبووانی کێشە و نەخۆشی دەروونین بەرکەوتەی ئەو کەسانەن کە گرفتی دەروونییان هەیە و خۆیان چارەسەرناکەن، بەهۆیەوە کەسانی دیکە کە دەرووندروستن کێشەی دەروونییان توشدەبێت و ڕوو دەکەنە چارەسەر وەرگرتن.

وەک ڕۆژنامەنوسێک هاوکات کە خوێندکارم لە بواری کۆمەڵناسی ناتوانم درک بە هەڵەکانی ڕەفتار و گوفتارە نادروستە دەروونییەکان نەکەم، کە مرۆڤەکان بەرامبەر یەکتری ئەنجامی دەدەن، هاوکات کاریگەرییەکەی لەسەر تاک و کۆمەڵگا لە دەوروبەرم، میدیا و سۆشیاڵ میدیا بەدیدەکەم.

ئەوەی لام جێی سەرنجە لە کۆمەڵگای خۆمان ئەوەم بەدیکردووە کەسانێک کە خوێنەوارییان نییە، یاخود خوێنەواریەکی کەمیان هەیە، لە ئاستێکی بەرزی هۆشیاری مامەڵەکردنن لەگەڵ توشبووانی کێشە و نەخۆشی دەروونیدا.

من هەمیشە دەڵێم ڕێژەیەکی زۆری مرۆڤەکان بە جەستەی ساغ و دەروونی تەندروست دێنە دونیا، بەڵام دوای ژیان کردن لەسەر ئەم زەوییە پڕ لە جەنجاڵی و ....، ...، ... هتد ئەگەری هەیە ئەندامێکی جەستە یان زیاتر لەدەستبدەن، واتا دەکرێت ڕۆژێک ببینە خاوەن پێداویستی تایبەت، هاوکات ئەگەری هەیە ڕۆژێک دەروونمان نەخۆش بکەوێت، ئەگەرچی سەردەمێک دەروونمان بێ گرفت بووە، بۆیە پێویستە مرۆڤ بەهێز و ئامادە بێت بۆ ئەو گرفتانەی لەڕێی ئەم ژیانەدا ئەگەری هەیە توشی ببێت، کە دەڵێن ئاگرە سوورە لەخۆم بەدوورە، من دەڵێم نا ئاگرە سورە لەکەس بەدوور نییە، تەنها ئەرکی ئێمە خۆپاراستنە و ئەوەی دیکەی چارەنووس و قەدەرە دێتە ڕێگامان.

هیوای جەستە و دەروون سەلامەتیم بۆ هەمووان هەیە.

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket