riklam

کاتێک ئابووری دووچاری شکست دەبێت… هاوڵاتی باجەکەی دەدات

بیروڕا 10:12 PM - 2026-10-10
فەیسەڵ عەلی فەیسەڵ عەلی

فەیسەڵ عەلی

بیروڕا

هیچ شتێک بۆ هاوڵاتیی عێراقی لەوە سەختتر نییە کە هەموو جارێک لەپێناو رزگارکردنی ئابووری ببێتە قوربانی ئەوەی پێی دەگوترێت، دەبێت بەرگەی رێکارە سەختەکانی ئابووری بگرێت، لە کاتێکدا هیچ رێکارێکی هاوشێوە بۆ رزگارکردنی خۆی لە گرانبوونی نرخ و دابەزینی توانای کڕینی نابینێت.
کەمکردنەوەی بەهای دیناری عێراقی بە رێژەی نزیکەی ١٣٪ تەنها بڕیارێک نییە کە پەیوەندیی بە نرخی ئاڵوگۆڕەوە هەبێت، هەروەها ژمارەیەکیش نییە کە لە دەنگوباسەکاندا تێپەڕێت و دواتر کاریگەرییەکەی کۆتایی پێبێت. بەڵکو بڕیارێکە دەگاتە سەر سفرەی نانخواردن، بازاڕی خۆراک، کرێی خانوو، دەرمان، پێداویستییەکانی خێزان و تەنانەت لەسەر مووچەی فەرمانبەر و پاشەکەوتی هاوڵاتییانیش دەڕوات.
کێشەکە تەنها لە کەمکردنەوەی بەهای دیناردا نییە، بەڵکو لەو پرسیارەدایە کە دەبێت بە راشکاوی بکرێت: بۆچی دەبێت هەمیشە هاوڵاتی باجی لاسەنگی و خراپ ئیدارەدانی ئابووری بدات؟
کاتێک نرخ بەرز دەبێتەوە، هاوڵاتی باجەکەی دەدات. کاتێک توانای کڕین دادەبەزێت، هاوڵاتی باجەکەی دەدات. کاتێک تێچووی ژیان بەرز دەبێتەوە، داوای لێدەکرێت خۆی بگونجێنێت. بەڵام کاتێک قسە لەسەر زێدەڕۆیی، گەندەڵی، خراپی بەڕێوەبردن و خەرجیی ناپێویست دەکرێت، زۆرجار چارەسەرکردنیان ئاڵۆزتر و خاوتر دەبێتەوە.
بەدیاریکراویش لێرەوە قەیرانی متمانە بەدیار دەکەوێت.
کەمکردنەوەی بەهای دینار چی دەگەیەنێت؟
لە رووی ئابوورییەوە، دابەزینی بەهای دینار بەرامبەر دراوە بیانییەکان دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی تێچووی کەلوپەلە هاوردەکراوەکان بە دینار. عێراقیش تا رادەیەکی ئێجگار زۆر پشتی بە هاوردەکردن بەستووە، لەبەر ئەوە کاریگەریی نرخی ئاڵوگۆڕ بە خێرایی لە بازاڕەکاندا دەردەکەوێت.
ئەو بازرگانەی کە کاڵاکانی بە دۆلار دەکڕێت، پێویستی بە دیناری زیاتر دەبێت بۆ دابینکردنی پارەی هاوردەکردن. رەنگە ئەم زیادبوونەی تێچووش ، بە پلەی جیاواز بەپێی جۆری کاڵاکە، کێبڕکێ، کۆگا و رێژەی قازانج بۆ بەکاربەر بگوازرێتەوە. کەواتە، کەمکردنەوەی بەهای دراو هەر ئەوە نییە کە هەموو کاڵایەک بە ڕێژەی ١٣٪ گران دەبێت، بەڵکو گوشارێکی بەرزبوونەوە لەسەر ئاستی نرخ دروست دەکات، بەتایبەتی بۆ ئابوورییەک کە بە فراوانی پشتی بە کاڵا هاوردەکراوەکان بەستووە.
لێرەدا فەرمانبەر، خانەنشین و کەسانی خاوەن داهاتی دیاریکراو دووچاری رەوشێکی خراپ دەبنەوە؛ چونکە داهاتەکەیان بە دینارە، بەڵام دۆلار کاریگەریی گەورەی لەسەر خەرجییەکانیان دادەنێت.
رەنگە مووچەکە وەک خۆی ملیۆنێک دینار بێت، بەڵام هەمان ملیۆن چیدی ئەو شتانەی پێ ناکڕدرێت کە دوێنێ پێی دەکڕدرا. ئەمەش ئەو زیانەیە کە هەموو کات لە خشتەکانی بودجەدا دەرناکەوێت، بەڵام بە روونی لە ژیانی هاوڵاتیدا رەنگ دەداتەوە.
کێ سوودمەندە و کێ زەرەرمەندە؟ کاریگەرییەکانی کەمکردنەوەی بەهای دراو بۆ هەمووان وەک یەک نییە.
رەنگە حکومەت لە رووی داراییەوە سوودمەند بێت لە بەرزبوونەوەی بەهای دیناریی داهاتەکانی نەوت کە بە دۆلار کۆدەکرێنەوە کاتێک دەکرێنە دینار. هەروەها رەنگە بەشێک لە بەرهەمهێنەرە ناوخۆییەکان سوودمەند بن چونکە کاڵا هاوردەکراوەکان تێچوویان زیاتر دەبێت، ئەمەش دەرفەتێکی گەورەتر دەداتە بەرهەمی ناوخۆ بۆ کێبڕکێ.
بەڵام ئەم سوودانە پێویستیان بە ئابوورییەکی بەرهەمهێن هەیە، کە توانای وەبەرهێنانیانی هەبێت.
بەڵام ئەگەر ئابووری پشتی بە هاوردەکردن بەستبێت، پیشەسازی و کشتوکاڵی ناوخۆیی توانای پڕکردنەوەی پێداویستییەکانیان نەبێت، ئەوا ئەنجامەکە بە سادەیی تەنها بەرزبوونەوەی تێچووی ژیان دەبێت.
پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە: ئایا عێراق ئەمڕۆ ئاستێکی بەرزی بەرهەمهێنانی هەیە، کە بەشی ئەوە بکات دابەزینی بەهای دینار بکاتە دەرفەت، یاخود هاوڵاتی تەنها بەشە سەختەکەی هاوکێشەکەی بەردەکەوێت کە بەرزبوونەوەی نرخە؟
کێشەکە تەنها دۆلار نییە، هەڵەیە قەیرانی ئابووریی عێراق تەنها لە نرخی ئاڵوگۆڕی دیناردا کورت بكرێتەوە. کێشەکە زۆر لەوە قووڵترە.
ئابوورییەک کە تا رادەیەکی زۆر پشتی بە نەوت بەستووە، بودجەیەک پشتی بە داهاتی نەوت بەستووە، کەرتێکی گشتیی گەورە و تەمەڵ، بەرهەمی ناوخۆیی کە پێویستی بە گەشەپێدانە، هاوردەکردنی بەربڵاو، و کێشەی درێژخایەن لە بەڕێوەبردن و خەرجکردندا؛ هەموو ئەم هۆکارانە ئابوورییەکەی بەرامبەر هەر شۆکێکدا بێتوانا دەکەن.
عێراق وڵاتێکی لە رووی دەرامەتەوە هەژار نییە. ئەمە راستییەکە کە نابی لەبیری بکەین.
نەوتی هەیە، زەویی کشتوکاڵی هەیە، شوێنێکی جوگرافیی گرنگی هەیە، بازاڕێکی گەورە، سەرچاوەی مرۆیی، و توانایەکی زەبەلاحی گەشتوگوزار، پیشەسازی و بازرگانی هەیە.

لەبەر ئەوە پرسیارە شەرمەزارکەرەکە ئەوە نییە: لە کوێوە پارە بهێنین؟ بەڵکو ئەوەیە: ئەو پارانەی کە عێراق خۆی هەیەتی بۆ کوێ دەچن؟ ئەم پرسیارەش دەمانباتەوە بۆ جەوهەری کێشەکە.
بۆچی سادەترین چارەسەرەکان لەسەر حیسابی هاوڵاتین؟
بۆ حکومەت ئاسانە بڕیارێکی دارایی بدات کە کاریگەری لەسەر ملیۆنان هاوڵاتی دروست بکات؛ چونکە هاوڵاتی لە بەرامبەر بڕیارەکەدا جگە لە مووچە سنووردارەکەی هیچی دیکەی بەدەستەوە نییە.
بەڵام چاکسازیی بەڕێوەبردن، رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی، پێداچوونەوەی گرێبەستەکان، رێکخستنی خەرجییەکان، رێگری لە خۆدزینەوە لە باج و گومرک، باشترکردنی بەڕێوەبردنی دامەزراوە حكومییەکان، و لێپرسینەوە لە کەمتەرخەمەکان، لە رووی سیاسی و کارگێڕییەوە هەموویان دۆسیەی ئاڵۆز و قورسن.
لەبەر ئەوە مەترسیی راستەقینە لە یەک بڕیاری ئابووریدا نییە، بەڵکو لەوەدایە کە بە ئاسانی هاوڵاتی بکرێتە قوربانی میتۆدێکی بەردەوامی بەڕێوەبردنی قەیرانەکان.
ئەگەر کەلێن دارایی هەیە، بۆچی لە کەمکردنەوەی بەهەدەردان و زێدەڕۆییەکانەوە چارەسەر ناکرێن؟
ئەگەر کێشە لە داهاتدا هەیە، بۆچی چاکسازی لە سیستەمی باج و گومرکدا ناکرێت؟
ئەگەر کێشەیەک لە خەرجییەکاندا هەیە، بۆچی پێداچوونەوە بۆ خەرجییە ناپێویست، ئیمتیازات و پرۆژە پەککەوتووەکان ناکرێت؟
ئەگەر گومانی گەندەڵی هەیە، بۆچی بەپێی یاسا لێپرسینەوە خێرا و شەفاف ناکرێت؟
ئەم پرسیارانە تۆمەتبارکردنی کەسانی دیاریکراو نین، بەڵکو پرسیاری رەوان کە دەبێت هەموو دەوڵەتێک بیکات کاتێک داوا لە هاوڵاتییانی دەکات بەرگەی ڕێکاری قورسی ئابووری بگرن، ئاراستەیان بکات.
لە نێوان تۆمەت و راستیدا
پێویستە لێرەدا ڕوون بین.
گوتنی ئەوەی هۆکاری راستەقینەی کەمکردنەوەی بەهای دینار «شکستی حکومەتە» یان حکومەت بە ئەنقەست ئەنجامی شکستەکانی خستۆتە سەر شانی هاوڵاتی، هەڵوێستێکی سیاسی و شیکارییەکە کە پێویستی بە بەڵگەیە، و دروست نییە وەک راستییەکی سەلمێنراو بەبێ بەڵگەنامە یان زانیاریی فەرمی و سەربەخۆ پێشکەش بكرێت.
بەڵام ئەمە رێگر نییە لەوەی رەخنە لە ئەدای حکومەت و لێپرسینەوە لێی بگیرێت.
چونکە ئەو حکومەتەی بڕیارێک دەدات کاریگەری لەسەر توانای کرینی ملیۆنان هاوڵاتی دروست دەکات، دەبێ روونکردنەوەیەکی روون پێشکەش بکات: زەرورەتی ئابووریی دەرکردنی ئەم بڕیارە چییە؟ تاوتوێی چ بەدیلێک کراوە؟ ماوەی پێشبینیکراوی کاریگەرییەکانی چەندە؟ و چۆن پارێزگاری لە خاوەن داهاتە سنووردارەکان دەکرێت؟
هاوڵاتی داوای مەحاڵ ناکات. تەنها داوا دەکات بزانێت بۆچی ئەم باجە دەدات، و کێ لەگەڵیدا ئەم باجە دەدات؟ چونکە فەرمانبەر ئامێری ڕاکێشانی پارە (ATM) نییە بۆ دەوڵەت
یەکێک لە باوترین هەڵەکان، مامەڵەکردنە لەگەڵ مووچەی فەرمانبەران وەک ئەوەی تەنها ژمارەیەک بێت، هەر کاتێک بودجە تووشی کێشەیەک بووەوە، بتوانرێت سڕ بكرێت، یان بەهای راستەقینەی کەم بكرێتەوە. فەرمانبەر خێزان، پێداویستی، کرێی خانوو، هاتووچۆ، خوێندن، دەرمان و پابەندبوونی مانگانەی هەیە.
خانەنشینێک کە ساڵانێکی زۆری لە خزمەتی دەوڵەتدا بەسەر بردووە، بەرپڕس نییە لە هەڵەی سیاسەتە داراییەکان.
خاوەن داهاتی سنوورداریش ناتوانێت پارەکەی بکاتە دۆلار، زێڕ، یان خانوووبەرە هەر کاتێک نرخی ئاڵوگۆڕ گۆڕا.
لەبەر ئەوە، هەموو سیاسەتێکی ئابووری کە ئەم توێژانە وەک ئەولەویەت لەبەرچاو نەگرێت، سیاسەتێکە کە لە سەرەوە دەڕوانێتە ئابووری، نەک لە ناو بازاڕ و شەقامەوە.
چاکسازیی راستەقینە لە حکومەتەوە دەست پێدەکات،
ئەگەر حکومەت دەیەوێت هاوڵاتی بەرگەی چاکسازی بگرێت، دەبێت سەرەتا مۆدێلێکی چاکسازی لە ناوخۆی دامەزراوەکانیدا پێشکەش بکات.
چاکسازی لە رێکخستنی خەرجییەکان، راگرتنی زێدەڕۆیی، باشترکردنی بەڕێوەبردنی سەرچاوەکانی نەوت، گەشەپێدانی باج و گومرک، هاندانی بەرهەمی ناوخۆ، کەمکردنەوەی پشتبەستن بە هاوردەکردن، رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی بەپێی یاسا، و چاکسازی لە کۆمپانیا و دامەزراوە حکومییە پەککەوتووەکانەوە دەست پێدەکات.
چاکسازی تەنها بە مانای گەڕان بەدوای پارەی زیاتری گیرفانی هاوڵاتیدا نایەت.
چاکسازی بەو مانایەشی دێت کە دەوڵەت باشترین بەها لە بەرامبەر هەموو دینارێکدا بەدەستبهێنێت کە خەرجی دەکات.
چونکە هەموو دینارێک کە لە پرۆژەیەکی ناپێویستدا بەهەدەر بچێت، لە کۆتاییدا دینارێک بووە کە دەکرا بۆ باشترکردنی خزمەتگوزارییەکان، پشتیوانیی بەرهەمهێنان، یان رەخساندنی هەلیکار بەکاربهێنرێت.
ئابووریی بەهێز تەنها بە گیرفانی هاوڵاتی دروست ناکرێت
عێراق پێویستی بە دیدگایەکی ئابووری هەیە کە لە نرخی دۆلار تێپەڕێت.
پێویستمان بە ئابوورییەکی بەرهەمهێنە، نەک ئابوورییەک کە تەنها بەکاربەر بێت.

پێویستمان بە پیشەسازییەکە بتوانێت کێبڕکێ بکات، کشتوکاڵێکی هاوچەرخ، کەرتێکی تایبەتی راستەقینە، سیستەمێکی بانکیی بەهێز، ژینگەیەکی وەبەرهێنانی جێگیر، گەشتوگوزارێک کە بتوانێت داهات دروست بکات و گەنجانێک کە لە دەرەوەی وەزیفەی حکومیدا دەرفەتی کاریان دەستبکەوێت.
بەڵام بەردەوامبوون لە پشتبەستن بە نەوت و دواتر لە هەر قەیرانێکیدا، باشترین و ئاسانترینی رێگەچارەیدا هاوڵاتی لاوازترین ئەڵقەیە کە باجەکەی بدات، ئەمەیش ئابوورییەکی بەهێز دروست ناکات، بەڵکو کێشەکە قووڵتر دەکاتەوە.
هاوڵاتی پێش پەرجوو (معجزات)، داوای دادپەروەری دەکات
هاوڵاتیانی عێراق چاکسازی رەت ناکانەوە، بڕیارە سەختەکانیش رەت ناکاتەوە ئەگەر پێویست بن.
بەڵام داوای شتێکی زۆر لەوە سادەتر دەکات: دادپەروەری.
ئەگەر دەوڵەت داوای قوربانیدانی لێدەکات، دەبێت پێی نیشان بدات کە بڕیاربەدەستان و دامەزراوە حکومییەکانیش بەرپرسیارێتییەکانی خۆیان لە ئەستۆ دەگرن.
ئەگەر پێویست بە کەمکردنەوەی خەرجییەکان دەکات، ئەوا دەبێت لە خەرجییە ناپێویستەکانەوە دەست پێبکات بەر لەوەی دەست بۆ توانای کڕینی هاوڵاتیان ببرێت.
ئەگەر داژایەتی کردنی گەندەڵی هەیە، ئەوا دەبێت بە شێوازێکی راستەقینە بێت نەک تەنها دروشم.
لەبەر ئەوەی ئەگەر داشکاندنی بەهای دینار پێویستییەکی ئابووری بێت، ئەوا دەبێت پلانێکی روون هەبێت پاراستنی ئەو خاوەن داهاتە سنوردار و توێژە بێبەش و کەمدەرامەتەکانی لەبەرچاو گرتبێت.
بەڵام ئەوەی نرخ بەرز ببنەوە، توانای کڕین دابەزێت، مووچەش وەک خۆی بمێنێتەوە، دواتریش بە هاوڵاتی بگوترێت (بەرگە بگرە)، ئەمە رەچەتەی بونیاتنانی متمانە نییە.
کەمکردنەوەی بەهای دینار رەنگە پاساوی ئابووریی لە بارودۆخێکی دیاریکراودا هەبێت، و رەنگە بەشێک لە دەستکەوتی دارایی بۆ حکومەت دابین بکات، بەڵام لە هەمان کاتدا تێچوویەکی کۆمەڵایەتیی لێدەکەوێتە کە نابێت پشتگوێ بخرێت. بڕیاردان لەسەر بڕیارەکە نابی تەنها سیاسی یان دارایی بێت؛ بەڵکو دەبێت بەپێی پرسیارێکی سادە بێت:
ئایا ئابووریی عێراق دوای بڕیارەکە بووەتە ئابوورییەکی بەرهەمهێنتر، جێگیرتر و دادپەروەرانەتر، یاخود هاوڵاتی تەنها هەژارتر بووە؟
ئەمە ئەو پرسەیە کە دەبێ گفتوگۆی لەسەر بکرێت، چونکە هاوڵاتی نایەوێت گوێبسیتی ئەوە بێت، کە کێشەکە تەنها لە نرخی دۆلاردایە. دەیەوێت بزانێت بۆچی ئابووریی وڵاتێکی دەوڵەمەند بە نەوت، دەرامەتی ماددی و مرۆیی نەیتوانیوە پارێزگاری لە توانای کڕینی بکات؟.
هەروەها تۆمەتی بێ بەڵگەشی نایەوێت، بەڵام لە هەمان کاتدا نایەوێت دەستەواژەی (چاکسازیی ئابووری) ببێتە ئەو کارتەی کە هەموو هەڵە ئیداری و دارایی و گەندەڵیەکان بە بارگرانکردنی هاوڵاتیان و فەرمانبەران راست بکەنەوە.
دەوڵەتی بەهێز چاکسازییەکانی لە گیرفانی هاوڵاتییەوە دەست پێناکات، بەڵکو سەرەتا لە چاککردنی خۆیەوە دەست پێدەکات.
ئەگەر حکومەت لە دروستکردنی ئابوورییەکی بەردەوامدا جدییە، دەبێت بە کردار ئەوە بسەلمێنێت: بە دروستی دارایی گشتی بەڕێوەدەبات، بە راستی دژایەتی گەندەڵی دەکات، بەهەدەردان و زێدەڕۆیی کەمدەکاتەوە، ئابووریی هەمەجۆر دەکات، پشتیوانی لە بەرهەمهێنان و پارێزگاری توانای کڕینی هاوڵاتیانی دەکات.
تەنها لەو کاتەدا هاوڵاتی دەتوانێت بڕوا بەوە بکات کە ئەو باجەی ئیمڕۆ دەیدات، باجی چاکسازییەکی راستەقینەیە بۆ داهاتوویەکی باشتر، نەک تەنها فاکتەر و فاتورەیەکی نوێی قەیرانێک بێت.

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket