riklam

كێشەكانی نێوان بەغداد و هەولێر لە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی نوێدا

کوردستان 12:21 PM - 2026-10-11
لۆگۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدڕاڵی PUKMEDIA

لۆگۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدڕاڵی

كوردستان عيراق

پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵی عیراق لە دوای ساڵی 2003ەوە بە بەردەوامی توشی چەندین هەوراز و نشێو بووە، دواكەوتنی بەردەوامی شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان، كێشەی هەناردەكردنەوەی نەوت و داهاتی ناوخۆ بەشێكی ترن لە كێشە و ئاڵۆزییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا، لەگەڵ نزیكبوونەوەی پەسەندكردنی یاسای بودجەی گشتیی عیراق، دیاریكردنی پشكی هەرێمی كوردستان و رادەستكردنی داهاتی نەوت و داهاتە ناوخۆییەكان دەبنەوە خاڵی گەرمی دانوستانەكان.

لەم راپۆرتەدا باس لە كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و عیراق دەكەین و رەهەندە سەرەكییەكانی ئەم كێشەیە شیكار دەكەین.


چارەسەركردنی كێشەكان


دەربارەی ئەم پرسە و كێشە داراییەكانی نێوان حكومەتی عیراق و هەرێمی كوردستان، د.فازڵ نەبی بریكاری پێشووتری وەزارەتی دارایی عیراق رایگەیاند: ئەگەر نییەت هەبێت بەڵێ كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و عیراق چارەسەردەكرێن، بەڵام ئەو برادەرانەی لە بەغدا خاوەن دەسەڵاتن، نەخێر ئەو نییەتەیان نییە، بۆیە ئێستا ئەو كێشانە گەورەتربوون، ئەو كێشانە زۆرتربوون، بەداخەوە تەنانەت لە بودجەی 2027دا ئامادەنین ئەو شتانەی دەستووری، یاسایین و مافی هەرێمی كوردستانە، بیدەن و لە بودجەدا جێگیری بكەن، بابەتی 14% كە سەرژمێرییە، بابەتی دەرهێنانی مووچە لە خەرجی راستەقینە، كە بڕیاری دادگای فیدراڵییە، بابەتی داهاتی ناوخۆ، كە هەردوولا لەسەر 120 ملیار دینار رێككەوتوون، دیسان كێشەی بۆ دروستدەكەن، ئەوانە هەموو كێشەن، بەداخەوە تائێستا ئەو كێشانە چارەسەرنەكراون و نییەتیان وایە چارەسەری نەكەن، ئومێدەوارم كە وەفدی حكومەتی هەرێمی كوردستان گووشاری زیاتر بكەن بۆ چارەسەركردنیان.


پشكی هەرێمی كوردستان 


دەشڵێت: ئەو قسەیەی لەلایەن هەندێك برادەرەوە كرا، كە وتی ئێمە داوای 27 تریلیۆن یان 29 تریلیۆن دینارمان كردووە، قسەیەكی هەڵە بوو، نەدەبوو وابڵێن، بۆ؟ چونكە ئێمە وا ناڵێین بۆئەوەی عیراق بترسێت، چونكە تۆ كە وتت 29 تریلیۆن دینارم دەوێت، عیراق دەستبەجێ دەترسێ. نەخێر ئێمە وا ناڵێین، ئێمە دەڵێین 14% لە بودجەی عیراقمان پێبدەن، ئینجا ئەو 14% چەند دەكات، ئەوە بودجە دیاری دەكات، نەمانوتووە 14%ەكەمان هەموو پێبدەن، نا ئێمە دەڵێین 14%مان بۆ خەرجبكەن، مووچەكەمان هەموو پێبدەن وەك ئەوەی عیراق، لە بابەتەكانی دیكە چەندت بۆ خۆت خەرجكرد، 14%یش بدەن بە ئێمە، كە ئەمەش شتێكی یاساییە، ئەوان دەڵێن 14%تان پێنادەین و نەخێر كەمترتان پێدەدەین، ئەوان دەڵێن داهاتی ناوخۆ زۆرتر لەوەی رێككەوتنی لەسەر كراوە، دەبێت بۆ عیراقی بنێرن، هەندێك مەرجی نوێ و سەیریان هەیە.


كێشەكانی عیراق و هەرێم


سەبارەت بە كێشەكانی تری نێوان هەرێمی كوردستان و عیراق، د. فازڵ نەبی  دەڵێت: پرسیارەكە ئەوەیە ئایا هەموو كێشەكان چارەسەر دەبن؟ نەخێر، چونكە ئێمە لە ساڵی 2003وە تا ئێستا زیاتر لە 23 ساڵە، نەك كێشەكان چارەسەر نەبوون، بەڵكو كەڵەكە بوون، كێشەكان زیاتربوون، بەڵام دەكرێت هەوڵبدەین هەندێك لە كێشەكان چارەسەر بكەین و هەنگاو بە هەنگاو بڕۆین، ئەوەشمان نەكردووە تائێستا، حكومەتی عیراقیش ئەو نییەتە پاكەی بەرامبەر ئێمە نەبووە، بۆیە پێویست بەوە دەكات لە ئێستا بە دواوە هەوڵەكانمان زیاتر چڕبكەینەوە بۆ ئەوەی بتوانین بەشێك لە كێشەكانمان چارەسەر بكەین، هەرچەندە كێشەكانی ئێمە ئیستا تەنها لە موچەدا كۆكراوەتەوە.


ماف و شایستەكانی هەرێم


لای خۆیشیەوە، د.عومەر محەمەد ئەندامی فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان و  ئەندامی لیژنەی ئابووریی و بازرگانی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رایگەیاند: لەبەرئەوەی بودجەی پێشوو بۆ ماوەی سێ ساڵ بووە، كێشەیەكی زۆر كەڵەكە بووە لە عیراقدا، وەكو بابەتەكانی دامەزراندن، خانەنشینان، گرێبەستەكان، سێ یەكەمەكان و پلەبەرزكردنەوە، ئەمانە كەڵەكەبوون، بۆیە ئەو بودجەیەی هەرێم ئامادەیكردووە، راستە بودجەیەكی زەبەلاح و گەورەیە، نزیكەی 29 تریلیۆن دینارە، بەڵام ئەمە كەڵەكەبووی ئەم چەند ساڵانەی رابردووە، لەبەرئەوەش كە عیراق لەئێستادا بە قۆناغێكی قورسی ئابوورییدا تێدەپەڕێت، بە بۆچوونی من ئەو وەفدە تەكنیكیی و دانوستانكارەی هەرێم ناتوانێت وەزارەتی دارایی و حكومەتی فیدراڵی رازی بكات بە قبووڵكردنی داواكارییەكانی هەرێمی كوردستان، بۆیە وەفدەكەی هەرێم پێویستی بە پشتگیرییەكی سیاسی باڵا هەیە لەسەرئاستی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، كە لەوێ بمێننەوە و عیراق رازی بكات ئەو ماف و شایستە داراییانەی هەرێم لە بودجەی ساڵی 2027دا جێگیربكرێت. بە بۆچوونی من ئەم وەفدەی هەرێم كە چوونەتە بەغدا، ناتوانن ماف و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان بچەسپێنن.


كەڵەكەبوونی كێشەكان 


وتیشی: لە 2014وە كە هەرێم بڕیاری ئابووری سەربەخۆیدا، كێشەكانی نێوان هەرێم و عیراق كەڵەكەبوون، چارەسەرنەبوونی كێشەكان بۆ نەبوونی متمانە دەگەڕێتەوە، هەروەها كەللەڕەقی و جۆرێك لە خەمساردیی تێدایە، بەداخەوە ئەم دووبەرەكییەی كورد كە لە هەرێم هەیە، هێزی لێبڕیوین لە عیراق، ناتوانین پێكەوەبچین، پێكهاتەكانی تر لەوێ هەموویان پێكەوەن، تۆ دەبینیت ئەنجومەنی سیاسیی سوننەكان هەیە، چوارچێوەی هاوئاهەنگی هەیە، كەچی كورد پەرتە و یەكگرتوو نییە، ئەم پەرتییەش ئەوەندەی تر ئێمەی لەوێ لاوازكردووە، بۆیە پێویستمان بەوە هەیە هەموومان پێكەوەبین بۆئەوەی بتوانین ئەو ماف و شایستە داراییانەی هەیە و مافی رەوای خەڵكە، بە هەموومان بیچەسپێنین.


هەرێم و عیراق


هەر سەبارەت بە كێشەكانی هەرێمی كوردستان و عیراق، د.نەرمین مەعروف پسپۆڕی دارایی و ئابووریی وتی: گەڕانەوە بۆ دەستوور بنەمای سەرەكی دەستەبەركردنی مافەكانی گەلانی عیراقە بە هەرێمی كوردستانیشەوە، مافەكانی كورد لە هەندێك ماددەی دەستووری عیراقدا بە روونی باسی لێوەكراوە، هەندێك ماددەی تریش هەن، ئەوەی پێیدەوترێت دەسەڵاتە هاوبەشەكانی نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدراڵی، كەواتە گەڕانەوە بۆ دەستوور دەبێتە بنەمایەك بۆ چارەسەركردنی هەموو كێشە و گرفتەكان، لەم چوارچێوەیەشدا بابەتی شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان، لە نێویشیاندا مووچەی مووچەخۆران كرۆكی سەرەكیی داواكارییەكانی هەرێمی كوردستانە، بەڵام لەبەرامبەردا هەرێمی كوردستان كۆمەڵێك پابەندیی یاسایی هەیە، پێویستە لەبەرامبەر ئەم شایستانەدا جێبەجێیان بكات. لە ماوەی ساڵانی رابردوودا بەتایبەتی لە 2014وە ناكۆكییەكانی نێوان هەرێم و عیراق وایكردبوو هەرێم مافەكانی خۆی بەدەستنەهێنێت، یان شایستەكانی لە بودجەی فیدراڵی وەرنەگرێت، لە دوای قووڵبوونەوەی ئەم كێشانە بەغدا وایكرد لە یاساكانی بودجەی ساڵانی دوای 2014دا كۆتوبەندی زیاتر لەسەر پشكی هەرێمی كوردستان دابنێت، چ لە رێژەكەی كە كەمی كردبووەوە لە 17 % بۆ 12.67 %، هەروەها قەبارەی خەرجییە سیادییەكان ئەوەندە گەورە كراوە، ئەوەی كە دەمێنێتەوە بۆ هەرێمی كوردستان پشكێكی لێ دەردەكرێت و كەم دەبێتەوە، چ لەوەی كەوا دەستەواژەی خەرجیی كرداری خراوەتە نێو ئەم یاسایە لە 2015وە ئەمەش ئاستەنگی بۆ پشكی هەرێمی كوردستان دروستكردووە، پابەندییەكانی سەر هەرێمی كوردستان لە داهاتی نەوت و نانەوتی، هەروەها بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی بە هەڵوەشاندنەوەی یاسای نەوت و گازی هەرێمی كوردستان و دواتریش بڕیاری دادگای نێودەوڵەتیی پاریس و رێگریكردن لە هەناردەكردنی نەوتی هەرێم لە بەندەری جەیهان، ئەمانە هەموویان دەتوانین لە رواڵەتەكەیدا وەك بابەتێكی یاسایی بیبینین، بەڵام لە پشتەوە مەرامێكی سیاسیی هەبووە بۆ لاوازكردنی پێگەی هەرێم و بێبەشكردنی هەرێم لە مافە شایستەكانی.


جێبەجێكردنی پابەندییەكان



د. نەرمین مەعروف زیاتر لەبارەی ئەم پرسە گرنگەوە دوا و دەڵێت: گرنگە بۆ ئایندە بەتایبەتی لەم قۆناغەدا كە جۆرێك لە لێكنزیكبوونەوەی سیاسی هەیە لەنێوان هەرێم و بەغدا، هەم لە پێكهێنانی حكومەتی نوێی عیراق و دیدگای ئەم حكومەتە نوێیە، پشكی شایستەكانی هەرێمی كوردستان لەبەرچاو بگرێت، بەتایبەتی لە گفتوگۆكانی یاسای بودجەی ساڵی 2027دا، چونكە هەرێمی كوردستان لە مانگی 9ی ساڵی رابردووەوە بەشێكی زۆری پابەندییەكانی خۆی جێبەجێكردووە لە پرسی نەوتدا، كە ئێستا لە رێگەی كۆمپانیای سۆمۆوە هەناردە دەكرێت و دەفرۆشرێت، هەروەها رادەستكردنی داهاتە نانەوتییەكان، لە رێككارە ئیداری و داراییەكانی تری پەیوەست بە تەرازووی پێداچوونەوە و بەبانكیكردنی مووچەی مووچەخۆران، هەنگاوەكان لەلایەن هەرێمی كوردستانەوە بە ئاراستەیەكی باش دەڕۆن بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و ئومێد دەكەین لایەنی بەرامبەریش تێگەیشتنێكی زیاتری هەبێت بۆ شایستەكانی هەرێمی كوردستان.


كێشەكان و نەخۆشیی دەروونی


سەبارەت بە قەیران و دۆخی دارایی و ئاڵۆزییەكان و كاریگەرییان لەسەر دەروونی هاووڵاتیان، د.هەژار عوسمان پزیشكی دەروونی رایگەیاند: ئەمڕۆ لە هەرێمی كوردستان لە دۆخێكداین، كە ناوی دەنێین دۆخی نە شەڕ و نە ئاشتی، كەوابوو ئێمە لە هەر كاتێكدا بۆی هەیە بارەكە تێكبچێت، ئیتر ئایا ئاسایشی ناوخۆ تێكبچێت، یان دەوڵەتانی دراوسێ وەكو توركیا و ئێران كە ئەم ماوەیە بەهۆی شەڕی لەگەڵ ئەمریكا هەموو جارێك هێرش دەكاتەسەر هەرێمی كوردستان، كەوابوو ئەمە جۆرێك لە نیگەرانی دروستكردووە لە لای خەڵك، جگەلەوە نیگەرانی مووچە و نیگەرانی سستی بازاڕ و لاوازیی داهاتی خەڵك و ئەو جیاوازییە زۆر گەورەی لەنێوان چینەكاندا هەیە، بەجۆرێك ئێستا توێژێكی بچووكی كۆمەڵگەی ئێمە ملیۆنێر و ملیاردێرن، بەڵام زۆرینەی هەرە زۆری خەڵكەكەمان لە رووی ئابوورییەوە داهاتیان زۆر كەمە و زۆریان بە نانەسكێ، چنگەكڕێ و بە یارمەتی خێرخوازان دەژین. هەروەها بابەتی دانەمەزراندنی دەرچووانی زانكۆ یان بێكاریی گەنج بە گشتی، ئەمانە هەموو كێشەی زۆر گەورەن، كە ئەمڕۆ كۆمەڵگەكەمان پێوەی دەناڵێنێت، بێگومان ئەمە كاردەكاتەسەر تەندروستیی دەروونیی خەڵك، بۆ نموونە بیركردنەوەی زۆر زۆر لەناو بازنەیەكی داخراودا كە ناگاتە هیچ شوێنێك، ئەمە زۆرجار دەبێتە هۆی كەمخەوی و نەخەوتن، جگەلەوانە زۆرجار ئەمە دەبێتە هۆی ترس، لە راستیدا چەندین جۆر ترسمان هەیە، بەڵام ئەو ترسە كاتێك دەبێتە نەخۆشی كە ببێتە هۆی ئەوەی ژیانی رۆژانەمان بشێوێنێت، وای لێ بێت تۆ هەر لە ماڵەوە بیت و نەچیتە دەرەوە، جگەلەوە بۆی هەیە ببێتەهۆی خەمۆكیی قورس، چونكە هەموومان بە هۆی هەندێك رووداو یان هەندێكجار بەهۆی هەندێك بیرەوەرییەوە خەفەت دەخۆین و دڵتەنگ دەبین، بەس ئەم دڵتەنگییە ئەگەر لە سنووری خۆی تێپەڕی و كاریكردەسەر ئیشوكاری ژیانی رۆژانەمان و بوو بە كۆسپ لە ژیانی رۆژانەماندا، ئەوكاتە دەبێتە نەخۆشی، كە ئێمە پێی دەڵێین خەمۆكی، هەموو ئەم دۆخە كار لە تەندروستیی دەروونی دەكات، بۆ نموونە زۆر كەسمان هەیە ئێستا دەچێتە ناو سۆشیاڵ میدیاوە، هەموو ژیانی دەبێتە سۆشیاڵ میدیا، تا 3 و 4ی بەیانی ناخەوێت، لەو سەرەوە عەسر لە خەو هەڵدەستێت و كار دەكاتە سەر پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكانی، تێكەڵی كەسوكار نابێت، لەگەڵ هاوڕێ و دۆستەكانی دادەبڕێت، ئەمە بێگومان زیانی زۆری هەیە، بەڕاستی سۆشیاڵ میدیا ئەگەر مرۆڤ ئاگاداری نەبێت، ئەو زانیارییانەی كە لە سۆشیاڵ میدیا و لە ئینتەرنێتدا هەیە نەیپاڵێوێت، ئەوكاتە بەڕاستی تووشی جۆرێك لە ئالوودەبوون دەبێت بە سۆشیال میدیاوە، زۆرجار بەداخەوە دوای هەواڵە ناخۆش و جەرگبڕ و نائومێدكەرەكان دەكەوێت.


ترس و دەروونی مرۆڤ


د.هەژار عوسمان دەشڵێت: ئێمەی كورد بەشێوەیەك لە شێوەكان نەتەوەخواز و نەتەوەدۆستین، لەبەرئەوە دەبینین بۆ نموونە لە ماوەكانی پێشوودا كە هاووڵاتییەكی رۆژئاڤای كوردستان لەلایەن گروپە چەكدارە توندڕەوەكانەوە سەربڕدرا، بێگومان ئەمە كارمان لێ دەكات و بێتاقەتمان دەكات، نائومێدمان دەكات، رەشبینمان دەكات، ترسمان بۆ دروست دەكات، ترس لە گەڕانەوەی داعشەكان، لە رۆژئاڤای كوردستان بێت یا لێرە بێت، ئەمانە هەمووی كار دەكاتە سەر دەروونی مرۆڤ، بەڵام لەهەمانكاتدا زۆر پێویستە ئێمە خۆمان بە دەستەوە نەدەین بۆ خەم و خەفەت، نابێت داببڕێین لە كۆمەڵگە، نائومێدبین، رەشبین بین، نابێت بهێڵین كنە بكاتە ناو دڵ و دەروونمانەوە، پێویستە پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان بپارێزین و پێویستیشە ئاگامان لە باری ئاسایش و دۆخی سیاسی هەبێت، بەڵام نەك ئەوەی بچینە وردەكارییەكانەوە. بەڵام بە گشتی هەواڵە زۆر گرنگەكانی كە پەیوەندی بە نەتەوەی كوردەوە هەیە، پێویستە هەموومان بیزانین و بیبیستین و بیخوێنینەوە و گوێی لێ بگرین.

PUKMEDIA كوردستانی نوێ – هیوا كازم

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket