riklam

مه‌هدی زانا، ئه‌و پیاوه‌ی زیندانی ئامه‌دی به‌چۆكدا هێنا

کوردستان 10:33 AM - 2026-08-30
مەهدی زانا PUKMEDIA

مەهدی زانا

مه‌هدی زانا، سه‌رۆكی پێشووتری گه‌وره‌شاره‌وانیی ئامه‌د و هاوژینی له‌یلا زانا، كه‌ 15 رۆژه‌ له‌ نه‌خۆشخانه‌یه‌كی ئامه‌د چاره‌سه‌ری وه‌رده‌گرت، ئێواره‌ی دوێنی 29ی8ی2026 له‌ ته‌مه‌نی 86 ساڵیدا كۆچی دواییكردو له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا سه‌رۆكی یه‌كێتی و جێگری سه‌رۆكوه‌زیرانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان پرسه‌نامه‌یان ئاڕاسته‌ی (له‌یلا زانا) و بنه‌ماڵه‌ تێكۆشه‌ره‌كه‌یان كرد.

هاوخه‌می سه‌رۆك بافڵ بۆ كۆچی دوایی مه‌هدی زانا

خاتوونی به‌ڕ‌ێز و تێكۆشه‌ر له‌یلا زانا
بنه‌ماڵه‌ی سه‌ربه‌رزی كاك مه‌هدی زانا
به‌بیستنی هه‌واڵی كۆچی دوایی خه‌باتگێڕ‌ی دێرین، كاك مه‌هدی زانا، له‌ دڵه‌وه‌ دڵگران و غه‌مبار بووین.

كاك مه‌هدی سیمبولێكی پۆڵاینی خۆڕ‌اگری، ئازایه‌تی و هه‌ڵوێستی نه‌به‌ردی گه‌له‌كه‌مان بوو و ته‌مه‌نێكی پڕ‌ له‌ سه‌روه‌ریی له‌پێناو زمان، شوناس و مافه‌ ره‌واكانی گه‌لی كورد به‌خشی.
له‌ده‌ستدانی ئه‌و كه‌ڵه‌پیاوه‌ بۆ هه‌موو كوردێك خه‌مێكی قووڵ و كۆستێكی گه‌وره‌یه‌، خه‌باتی به‌ڕ‌ێزتان و كاك مه‌هدی، لاپه‌ڕ‌ه‌یه‌كی پڕ‌ له‌ شكۆیه‌ كه‌ هه‌رگیز له‌ دڵی ئه‌م میلـله‌ته‌دا كاڵ نابێته‌وه‌.

سه‌ره‌خۆشیتان لێده‌كه‌ین و وه‌ك هه‌میشه‌ خۆمان به‌ هاوبه‌شی خه‌متان ده‌زانین، له‌ خوای گه‌وره‌ داواكارین رۆحی پاكی كاك مه‌هدی به‌ به‌هه‌شتی به‌رین شاد بكات و سه‌بووری به‌ به‌ڕ‌ێزتان و بنه‌ماڵه‌ و هاوڕ‌ێیانی ببه‌خشێت.


هاوخه‌می قوباد تاڵه‌بانی بۆ كۆچی دوایی مه‌هدی زانا

مه‌هدی زانا، سیاسه‌تمه‌داری ناسراو و نیشتمانپه‌روه‌رێكی گه‌وره‌ی كورد بوو، به‌ بیستنی هه‌واڵی كۆچی دوایی ئه‌م تێكۆشه‌ره‌ ئاشتیخوازه‌ی كورد غه‌مبار و دڵگران بووین، به‌م بۆنه‌یه‌وه‌ له‌ دڵه‌وه‌ پرسه‌ و هاوخه‌می خۆمان ئاڕ‌استه‌ خاتوو له‌یلا زانای هاوژینی و هه‌موو گه‌لی كورد له‌ باكوری كوردستان ده‌كه‌ین.

له‌ خوای گه‌وره‌ داواكارین روحی مه‌هدی زانا به‌ به‌هه‌شتی به‌رین شاد بكات و خه‌ون و ئاواته‌كانی بۆ گه‌لی كورد و چه‌سپاندنی ئاشتی له‌ هه‌موو ناوچه‌كه‌دا به‌دیبهێنێت.

هاوخه‌می مه‌كته‌بی سیاسی بۆ كۆچی دوایی مه‌هدی زانا

به‌ڕ‌ێز وتێكۆشه‌ر خاتوو له‌یلا زانا و زارۆكانی
بنه‌ماڵه‌ی تێكۆشه‌ری كورد له‌ باكوور مامۆستا مه‌هدی زانا

بۆ كۆچی دوایی تێكۆشه‌ری دێرینی باكوری كوردستان و سه‌رۆكی پێشووتری گه‌وره‌ شاری ئامه‌د مامۆستا مه‌هدی زانا له‌ناخی دڵه‌وه‌ پرسه‌ و ماته‌می خۆمان ئاڕ‌استه‌ی ئێوه‌ی به‌ڕ‌ێز و گشت هه‌ڤاڵان و جه‌ماوه‌ری شاری ئامه‌د ده‌كه‌ین كه‌ كۆچكردو به‌ درێژایی ته‌مه‌نی درێغی نه‌كرد له‌ خزمه‌تكردنیان و له‌ داكۆكیكردن له‌ مافه‌نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی گه‌لی كورد و له‌ دیموكراتیزه‌كردنی توركیا و له‌م رێگایه‌شدا تووشی زیندان و مه‌نفا و چه‌رمه‌سه‌ری زۆر هاتبوو.

له‌ یه‌زدانی مه‌زن داواكارین كۆچكردو بخاته‌ به‌ر دلۆڤانیی خۆی و ئارامی ببه‌خشێت به‌ گشت لایه‌ك.

ژیاننامه‌ی مه‌هدی زانا

مه‌هدی زانا له‌ ساڵی 1940 له‌ ناوچه‌ی فارقینی ئامه‌دی باكوری كوردستان له‌دایكبووه‌، له‌ ساڵانی 1978-1980 وه‌ك سه‌رۆكی گه‌وره‌شاره‌وانیی ئامه‌د خزمه‌تی كردووه‌.

سیاسه‌تمه‌داری كورد مه‌هدی زانا كه‌ هێڵێكی سیاسیی چه‌پ و نیشتمانپه‌روه‌ری په‌یڕ‌ه‌و ده‌كرد، له‌ ساڵی 1963دا بوو به‌ ئه‌ندامی پارتی كرێكارانی توركیا (TÎP) و له‌ لقی سیلوان ئه‌ركی وه‌رگرت، پاشان له‌هه‌ڵبژاردنه‌كانی ساڵی 1977دا له‌ سه‌دا ٥٤ی ده‌نگه‌كانی به‌ده‌ستهێنا و وه‌ك سه‌رۆكی شاره‌وانی ئامه‌د هه‌ڵبژێردرا، پاشان مه‌هدی زانا به‌ كوده‌تای سه‌ربازیی له‌ 12ی ئه‌یلوولی 1980 له‌ پۆسته‌كه‌ی دوورخرایه‌وه‌و ده‌ستگیركراو 16ساڵ له‌زیندانی ئامه‌د مایه‌وه‌.

مه‌هدی زانا جگه‌ له‌ ژیانی سیاسی، به‌ كتێبه‌ به‌ناوبانگه‌كه‌ی (چاوه‌ڕ‌وانبه‌ دیاربه‌كر) ناسراوه‌، كه‌ تێیدا باسی نه‌هامه‌تییه‌كانی زیندان ده‌كات.

مه‌هدی زانا هاوژینی سیاسه‌تمه‌داری ناسراوی كورد (له‌یلا زانا)یه‌ و باوكی دوو منداڵه‌ به‌ ناوه‌كانی رووكه‌ن و رۆنای و له‌ رۆژی 29ی8ی2026 دوای دوو هه‌فته‌ مانه‌وه‌ له‌ نه‌خۆشخانه‌ له‌ته‌مه‌نی 86 ساڵیدا كۆچی دوایی كردو بڕیاره‌ ئه‌مڕۆ 30ی8ی2026 به‌خاكبسپێردرێت.

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket