riklam

یەکێتی پشتیوانی لە کاندیدە کوردەکان دەکات لەهەڵبژاردنی پەرلەمانی سوید

کوردستان 07:45 PM - 2026-09-02
یەکێتی پشتیوانی لە کاندیدە کوردەکان دەکات PUKMEDIA

یەکێتی پشتیوانی لە کاندیدە کوردەکان دەکات

بەمەبەستی پشتیوانی لە کاندیدە کوردەکانی هەڵبژاردنە پەرلەمانیەکەی وڵاتی سوید و بەئامادەبوونی سالار مەحمود لێپرسراوی ناوەندی دەرەوەو ئەمەل جەلال لێپرسراوی بۆردی رێکخراوە دیموکراتیەکان و چەند کاندیدێکی کوردی ناو لیستی سۆسیال دیموکراتەکان کۆبونەوەیەک لە شاری یۆتۆبۆری رێکخرا.

شادیە حەیدەری پەرلەمانتاری پێشووی سوید و کاندیدی شاری یۆتۆبۆری بۆ پەرلەمان سوپاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی کرد بۆ پاڵپشتیان لە رەوەندی کوردی بەگشتی و ئەو پرۆسە نوێیە کە چەندین کوردی بەشەکانی کوردستان خۆیان پاڵاوتوە بۆ پەرلەمان و ئەنجومەنە خۆجێیەکان.

هاوکات، لە وتەیەکدا سالار مەحمود ئەندامی سەرکردایەتی و لێپرسراوی ناوەندی دەرەوە رایگەیاند: ئامادەبونی ئێمە بۆ پشتیوانیە لە کاندیدە کوردەکان لە لیستی سۆسیال دیموکرات و کاندیدە کوردەکان بەگشتی لەناو پرۆسەکە.

وتیشی: هانی رەوەندی کوردستانی دەدەین بچنە ناو حکومەت و پەرلەمان و رێکخراوە کەلتوریی و مەدەنیەکانەوەو، خۆشیان لەهەموو کەس باشتر دەزانن ئەمە خەباتێکی سەردەمییەو خۆیان سەرمەشقی ئەو تێکۆشانەن. ئەم جۆرە لەخەبات لەچەند روویەکەوە بۆ پرسی کوردستان و پەیوەندی نێوان کۆمەڵگاکان گرنگە.

لێپرسراوی ناوەندی دەرەوە جەختی لە گرنگی پێگەی کوردانی دەرەوەی وڵات کردەوە وەک سەرمایەیەکی گەورەی مرۆیی کاریگەر بۆ کوردستان و ئەو وڵاتانەشی لێی نیشتەجێن.

روونیشی کردەوە، کە ئەوان دەتوانن ناوو ناوبانگی کوردستان باشتر بناسێنن و جێگیر بکەن لە ئەندێشەی کۆمەڵی نێودەوڵەتیدا.

هاوکات، ئەمەل جەلال لێپرسراوی بۆردی رێکخراوە دیموکراتیەکان لە وتەیەکدا ئاماژەی بە گرنگی ئەم قۆناغ و هەلومەرجە نوێیە کرد وەک دەرفەتێک بۆ راپەڕاندنی ئەرکە نیشتمانیەکان لە چوارچێوەی یاسا کارپێکراوەکانی ئەم وڵاتانەو خۆ رێکخستن لەناو رێکخراوە مەدەنی و کەلتوریەکان. تیشکی خستە سەر بەشداری کارای سیاسی کورد لە دەرەوە جۆرێکی گرنگترە لە تێکۆشانی گەلەکەمان بۆ پارێزگاری لە دەستکەوتەکان و بەدیهێنانی ئاماجەکانمان، هانی کوردانی دانیشتووی سویدی دا بەشداری هەڵبژاردن بکەن و پشتیوانی لە کاندیدە کوردەکان بکەن لەناو لیستەکاندا بەتایبەتی لیستی سۆسیال دیموکرات.

لەلایەکی دیکەوە، د. چرۆ وەڵەدبەگی کاندیدی پەرلەمان سوپاسی یەکێتیی نیشتمانییی کوردستانی کرد بۆ ئەو بەدەنگەوە هاتن و پشتیوانیەی لەم ساتەوەختەدا لە سیاسیە کوردەکانی دەرەوە دەکات و بە هەنگاوێکی ئەرێنی و گرنگ باسی لێوە کرد.

ئەمەش لەکاتێکدایە، رۆژی 13ی9ی2026، هەڵبژاردنی گشتی پەرلەمان و ئەنجومەنی شارەکان لە وڵاتی سوید بەڕێوەدەچێت، ئەگەرچی چەند رۆژێکە پرۆسەی بەرایی دەنگدان دەستی پێکردووە و هاووڵاتیان بۆ بەشداریی روویان لە ناوەندەکانی دەنگدان کردووە. بۆ ئەم خولەی هەڵبژاردن، چەندین قەوارەی سیاسی لە کێبڕکێدان بۆ بردنەوەی زۆرترین کورسی پەرلەمانی سوید کە 349 کورسییە.

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket