riklam

دیموکراتەکانی ئەمریکا نەیانتوانی وەزیری جەنگ لە پۆستەکەی دووربخەنەوە

جیهان 05:42 PM - 2026-11-11
پیت هێگسێت، وەزیری جەنگی ئەمریکا میدیاکان

پیت هێگسێت، وەزیری جەنگی ئەمریکا

ئەمڕۆ کۆمارییەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا، ڕێگرییان لە هەوڵێک کرد بۆ لێسەندنەوەی متمانە لە پیت هێگسێت، وەزیری جەنگی وڵاتەکە و سەرۆکی ئەمریکاش ستایشی کارەکانی وەزیرەکەی دەکات.

ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا، بە 211 دەنگ بەرامبەر 204 دەنگ، بڕیاریدا بڕیارنامەی لێسەندنەوەی متمانە، بنێرێتە کۆمیتەی دادوەری، بەمەش ڕێگری لە ئاڕاستەکردنی تۆمەتی رەسمی دژی بەرپرسەکەى پنتاگۆن کرا،چونکە ناردنی بڕیارنامەکە بۆ کۆمیتەی دادوەری، هەوڵی خێرای لێسەندنەوەی متمانە ڕادەگرێت، بەڵام ڕێگری لە دیموکراتەکان ناکات لە زیندووکردنەوەی هەوڵەکە، دوای ئەوەی لە مانگی کانوونی دووەمدا، کۆنتڕۆڵی کۆنگرێس دەگرنەدەست.

بڕیارنامەکە ڕۆژی دووشەممە لەلایەن تۆماس ماسی، ئەندامی کۆنگرێسی کۆمارییەوە پێشکەش کرا، کە ڕەخنەگرێکی ترەمپە و بەگوێرەى میدیاى ئەمریکی، تەنیا ئەندامی پارتەکەی بوو، دژی وەزیری جەنگ وەستایەوە.

هەوڵەکانی لێسەندنەوەی متمانە لە وەزیری جەنگ، کێشەکانی ترەمپ ئاڵۆزتر دەکات، بەتایبەت دوای ئەوەی دیموکراتەکان لە هەڵبژاردنەکانی هەفتەی ڕابردوودا، سەرکەوتنێکی گەورەیان بەدەستهێنا، لە کاتێکدا تووڕەیی لە جەنگی ئێران و بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی بووە هۆی ئەوەی دەنگدەران ڕەتکردنەوەیەکی مێژوویی کۆمارییەکان بکەن.

دوای ئەوەی ڕێکارەکانی لەکارلابردنی پیت هێگسێت لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا ڕەتکرانەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، ستایشی وەزیری جەنگی کرد و بە "نیشتمانپەروەرێکی مەزنی ئەمریکی" ناوی برد.

ئەمەش لەکاتێکدایە،لە ڕۆژی سێشەممەدا، هێگسێت هەوڵی لێسەندنەوەی متمانەی بە "گاڵتەجاڕی" وەسف کرد و بەرگری لە مێژووی کاری خۆی کرد لە سەرکردایەتیکردنی جەنگی ئێران و ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی دیکە لە سەردەمی ترەمپدا.

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket