riklam

گرنگیی حکومەت و پێوەرەکانی سەرکەوتنی

بیروڕا 09:19 PM - 2026-11-21
فەیسەڵ عەلی فەیسەڵ عەلی

فەیسەڵ عەلی

بیروڕا

حکومەت بە بنچینەی سەرەکی بنیاتنانی دەوڵەت و رێکخستنی کاروباری کۆمەڵگە دادەنرێت؛ چونکە  دامەزراوەیەیەکە بەرپرسە لە بەڕێوەبردنی دامودەزگاکانی دەوڵەت، دابینکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان، پاراستنی مافی هاوڵاتیان، بەدیهێنانی ئاسایش و سەقامگیری و داڕشتنی پلان و سیاسەتەکان، کە بەشدارن لە دەستەبەرکردنی گەشەپێدان و پێشکەوتن. گرنگیی حکومەت تەنها لە بەڕێوەبردنی کاروباری رۆژانەی دەوڵەتدا کورت نابێتەوە، بەڵکو نەخشەی داهاتووی و رێڕەوە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەکەیشی دیاری دەکات. لەبەر ئەوە بوونی حکومەتێکی بەهێز و کارا بە یەکێک لە گرنگترین مەرجەکانی بونیاتنانی دەوڵەتێکی سەقامگیر و کۆمەڵگەیەکی پێشکەوتوو دادەنرێت.
گرنگیی حکومەت سەرەتا لەو رۆڵەی دەیگێڕێت سەرچاوە دەگرێت، هەر لە پاراستنی سیستەم و ئاسایش، جێبەجێکردنی یاسا بێ جیاوازی بەسەر هەمووان، تا بە پاراستنی سەروەریی دەوڵەت و دامەزراوەکانی دەگات. حکومەتی سەرکەوتوو ئەو حکومەتەیە سەلامەتیی هاوڵاتیان مسۆگەر دەکات و موڵک و ماڵی گشتی و تایبەت دەپارێزێت و ژینگەیەک دەڕەخسێنێت  کە یاسا و دادپەروەری و یەکسانی تێدا باڵادەست بێت. هەروەها بەرپرسیارێتیی پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکانی لە ئەستۆدایە، وەک پەروەردە و خوێندن، تەندروستی، کارەبا، ئاو، رێگاوبان و گواستنەوە، وەک مافە بنەڕەتییەکان کە بەشدارن لە باشترکردنی ئاستی بژێویی هاوڵاتیان.
لە لایەنە گرنگەکانی دیکەشی، رۆڵی حکومەتە لە بەدیهێنانی گەشەپێدانی ئابووری، لەڕێی هاندانی وەبەرهێنان، رەخساندنی هەلی کار، پشتیوانیکردنی کەرتی تایبەت، رێکخستنی دەرامەتە داراییەکان و بەرەنگاربوونەوەی هەژاری و بێکاری. هەروەها پەرەپێدانی دامەزراوە پەروەردەیی و تەندروستییەکان و گرنگیدان بە گەنجان و ژنان و پشتیوانیکردنی توێژینەوەی زانستی و تەکنەلۆجیا دەکەوێتە ئەستۆی، بە جۆرێک کە یارمەتیدەر بێت بۆ بونیاتنانی کۆمەڵگەیەک کە توانای هەنگاونانی لەگەڵ پێشهاتە جیهانییەکان هەبێت.
بەڵام پرسیارە بنەڕەتییەکە ئەوەیە: چۆن دەتوانرێت سەرکەوتنی حکومەت بپێورێت؟ سەرکەوتنی حکوومەتەکان بە دروشم و بەڵێن یان بە ژمارەی ئەو پڕۆژانەی ڕایدەگەیەنن ناپێورێت، بەڵکوو بەو ئەنجامە کردەییانە دەپێورێت کە لەسەر ئەرزی واقیع بەدەستیان دەهێنن، بەو ڕادەیەی ئەو ئەنجامانە بە شێوەیەکی ئەرێنی لە ژیانی هاوڵاتیاندا رەنگ دەدەنەوە. دەکرێت گرنگترین پێوەرەکانی سەرکەوتنی حکومەت لە کۆمەڵێک ئاماژەدا دیاری بکرێن:
یەکەم: سەروەریی یاسا و دادپەروەری: لە رێگەی جێبەجێکردنی یاسا بەسەر هەموواندا، سەربەخۆیی دادگا، پاراستنی ماف و ئازادییەکان و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و واستەکاری.
دووەم: جۆرایەتیی خزمەتگوزارییە گشتییەکان: ئەمەش بە رادەی بەردەستبوونی خزمەتگوزارییە تەندروستی و پەروەردەییەکان و کارەبا و ئاو و گواستنەوە دەپێورێت، لەگەڵ رادەی کارایی و بەردەوامبوون و گەیشتنیان بە هەموو هاووڵاتیان.
سێیەم: کارایی ئابووری: لەڕێی رێژەی گەشەی ئابووری، کەمبوونەوەی بێکاری و هەژاری، زیادبوونی هەلیکار، باشترکردنی ئاستی داهات و بژێوی، و راکێشانی وەبەرهێنان.
چوارەم: شەفافیەت و لێپرسینەوە: حکومەتی سەرکەوتوو ئەو حکومەتەیە کە بە روونی داهات و خەرجییەکانی دەوڵەت رادەگەیەنێت، و رێگە بە هاوڵاتیان دەدات بزانن سامانی گشتی چۆن بەکاردەهێنرێت و دامەزراوەکانی دەکەونە ژێر چاودێری و لێپرسینەوە.
پێنجەم: سەقامگیریی سیاسی و کۆمەڵایەتی: ئەمەش بەهێزکردنی پێکەوەژیانی نێوان پێکهاتەکانی کۆمەڵگە، رێزگرتن لە جیاوازی و فرەیی، دوورکەوتنەوە لە ململانێکان و بونیاتنانی متمانەی نێوان هاوڵاتیان و دامەزراوەکانی دەوڵەت دەگرێتەوە.
شەشەم: رەزامەندیی هاوڵاتیان: ئەمە یەکێکە لە گرنگترین ئاماژەکان، چونکە هاوڵاتی سوودمەندی سەرەکیی کارەکانی حکومەتە و دەتوانرێت رەزامەندییەکەی لەڕێی راپرسی، ئاستی متمانە بە دامەزراوەکان و رادەی هەستکردنی بە ئاسایش و دادپەروەری و یەکسانیی دەرفەتەکان بپێورێت.
دەکرێت بگوترێت حکومەت لە خۆیدا ئامانج نییە، بەڵکو هۆکارێکە بۆ خزمەتکردنی کۆمەڵگە و بەدیهێنانی بەرژەوەندیی گشتی. حکومەتی سەرکەوتوو ئەوە نییە کە زۆرترین ماوە لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە، بەڵکو ئەوەیە کە کاریگەرییەکی ئەرێنیی بەرچاو لە ژیانی خەڵکدا جێبهێڵێت، دامەزراوەی بەهێز بونیات بنێت و دادپەروەری و گەشەپێدان و سەقامگیری بەدی بهێنێت. بۆیە پێویستە پێوەری هەڵسەنگاندنی هەر حکومەتێک ئەوە بێت کە چەند ماف و خزمەتگوزاری و دەرفەت بۆ هاووڵاتی دابین دەکات، و چەند توانای هەیە دەرامەت و توانا بەردەستەکان بۆ دەستکەوتی راستەقینە بگۆڕێت کە داهاتوویەکی باشتر بۆ نەوەکانی داهاتوو مسۆگەر بکات.

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket