بیرکردنەوەی رەخنەگرانە و بۆردومانی دیجیتاڵی
بیروڕا 12:32 PM - 2026-08-30
بیرکردنەوەی
رەخنەگرانە و بۆردومانی دیجیتاڵی
لە روانگەی
میدیا و متمانەوە
مرۆڤایەتی لەم سەردەمەدا تەنها
لەبەردەم قەیرانێکی کاتی ئابووری، سیاسی یان تەکنەلۆژیی ئاساییدا نییە، بەڵکو لە
قووڵترین و مەترسیدارترین قەیرانی فیکریدا دەژی بە ڕادەیەک مێژوو پێشتر بەخۆیەوە
نەیدیتووە. ئەم جیهانە هاوچەرخە لەسەر شاپەڕەکانی خێرایی تەکنەلۆژیا و شۆڕشی
دیجیتالی هەڵنیشتووە، ژینگەیەکی نامۆ و ساردوسڕی دروست کردووە کە تێیدا زانیاری
هێندە هەرزان بەها و بەردەست بووە، بە ئاستێک بەهای تێڕامان و تێگەیشتن و
قووڵبوونەوە بەرەو سادەبوونەوەیەکی یەکجارەکی بردووە و دەبات. مرۆڤی ئەمڕۆ لەناو
گۆماوێکی لیخن و شێواو لە زانیاری و کورتە ڤیدیۆی سەرنجڕاکێش و شاشەی سمارتدا غەرق
بووە، بەڵام لە هەمان کاتدا لە تینوێتیدایە و تامەزرۆی تێگەیشتنێکی ڕەسەن و
پڕمانایە بۆ ئەوەی بتوانێت تولەڕێگەی ژیانی ڕووناک بکاتەوە و لەم سەرگەردانییە فیکرییە
کوشندەیە ڕزگاری ببێت، بۆیە هۆشیاری و ئازادی لە بیرکردنەوە پێویستییەکی
حاشاھەڵنەگرە.
مێژووی هزری مرۆڤایەتی هەمیشە وەک
مەشخەڵێکی ڕووناک لە ناو تاریکیی نەزانیدا ڕێگەی ئومێدی پیشان داوین، کاتێک سەیری
قووڵایی ئەم مێژووە دەکەین، دەبینین ڕەخنە تەنها خستنە ژێر باری پرسیارێکی سادە
نییە، بەڵکو کەمکردنەوەی هەیمەنەی لێشاوی زانیارییە لەبەرانبەر باوەڕ و عەقڵدا.
ئەرکی بوێرانەی ڕووناکبیری ڕاستەقینە دەربازکردنی
مرۆڤە لەو نەزانییە پڕ لە ژاوە ژاوەی کە هەرخودی مرۆڤ خۆی بەرپرسە لێی.
بەڵام مخابن، ئەم پرۆسەیە لە جیهانی مۆدێرندا ڕووبەڕووی دژایەتییەکی کوشندە
بووەتەوە و ئەلگۆریتمەکان لە سەردەمی مۆدێرندا توانیویانە خودی عەقڵانییەت بکەنە
ئامرازێک بۆ بە کۆیلەکردن بە رۆبۆتکردنی مرۆڤ لە ڕێگەی تەکنەلۆژیا و
سەرمایەدارییەکی تینووی قازانجەوە، تاوەکو تاکەکان بێ ئەوەی هەستی پێبکەن بکەونە
ناو داوی ئاراستەکردنی سیستماتیکەوە.
ئەمڕۆ لە سەردەمی کورتە ڤیدیۆ و
خێراییە بێئامانەکاندا، ئەم ئامرازیبوونە گەیشتووە بە لوتکە و میدیاکان و سۆشیال
میدیا لە ڕێگەی ئەلگۆریتمە پێشکەوتووەکانەوە دیاردەی دەنگدانەوەی ناو ئەشکەوتیان
دروست کردووە، بێ ئاگان لە جیهانی دەروەوی ئەشکەوتەکان. لەم ژینگە داخراوەدا، تاک
تەنها لەناو بازنەیەکی داخراوی باوەڕە ئامادەکراوەکان و ئاراستە خوازراوەکانی
خۆیدا دەسووڕێتەوە، چونکە زمان و دەزگا میدیاییەکان تەنها ڕووداو و گێڕانەوەی
بێلایەن نین، بەڵکو نەخشەڕێژ و دروستکەری فۆرمی بیرکردنەوەن و سنوورێکی نەبینراو
بۆ ئاسمانی ئەقڵی مرۆڤ دروست دەکەن کە توانای پرسیارکردن لە ڕیشە و بنەمای شتەکان
دەسڕێتەوە و دەمکوتی دەکات.
ئەم دۆخە وەک ئەوە وایە مرۆڤ بەشدار
بێت لە ماراسۆنێک کەچی ئەوسەری ڕێگەکەی لێ داخراوبێت، هەر بۆیە بووەتە هۆی ئەوەی
کە گوتاری باو بەبێ جیاوازی بەرەو پۆپۆلیزم و وروژاندنی سۆزی هەرزان و
ڕووکەشکارییەکی کوشندە مل بنێت، لە بەرانبەر ئەم ماراسۆنە بێئاکامەشدا، خودی چەمکی
ڕاستی و ئازادیی بیرکردنەوە تووشی داڕمان بووە. فەزایەک لە سەردەمی گریمانەییدا
دروست بووە کە تێیدا هەموو بنەمایەکی متمانە دەدزرێت و ساختە دەکرێت، کاتێک متمانە
لە نێوان تاک و دەزگاکان، لە نێوان مرۆڤ و زانیاریدا دەڕمێت، ئەوا گومانێکی
بێبەرهەم و نێگەتیڤ و بێزارکەر جێگەی بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانەی تەندرووست و
بنیادنەر دەگرێتەوە، بە جۆرێک مرۆڤ دەبێتە بوونەوەرێکی ڕووکەش و تەنها لەناو
تەنکاوی ڕووداوەکان مەلە بکات، بێ ئەوەی تەنها یەکجار بتوانێت بچێتە قووڵایی کێشە
ڕیشەیییەکانەوە و ژیانی خۆی لەو بەدبەختییە فیکرییە دەرباز بکات.
کەواتە ڕزگاربوونی ئەقڵ لەم قەیرانە
قوڵەدا، پێویستی بە هەنگاوێکی گەورەی پەروەردەیی و فیکری هەیە، چونکە مێشکی مرۆڤ
هەمیشە خاوەنی توانایەکی نەرم و زیندوو و گۆڕاوە بۆ نوێبوونەوە و فێربوون و
بەرنگاربوونەوەی نەریتە سەپێنراوەکان. دەبێت سیستمی فێربوون و پەروەردە لە
وەرگرتنی زانیاری ڕووکەشی ئامادەکراوەوە بگوازرێتەوە بۆ فێربوونی شیکارکردنی وردی
دەق، پرسیارکردنی بێوچان و پاراستنی سەربەخۆیی فیکری لە بەرانبەر ئاراستەکردنی
ئەلگۆریتمەکانی سۆشیال میدیادا، چونکە مرۆڤی سەردەم پێویستی بەوە هەیە جارێکی تر
ببێتە خاوەنی ڕەسەنی دەق و زانیاریی خۆی، نەک تەنها ببێتە بەکاربەرێکی گوێڕایەڵ،
بێدەنگ و ملکەچ لەبەردەم شاشەکانی موبایل و سەکۆ دیجیتالییەکاندا کە هەموو کاتێک
دەیانەوێت بێدەنگی هەڵبژێردرێت.
گەڕانەوە بۆ بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە و
قووڵبوونەوەی هزری، لەم سەردەمەدا تەنها تایتلێکی ئەکادیمی یان ئارەزوویەکی
ڕۆشنبیریی سادە نییە، بەڵکو تاکە پردی پەڕینەوەیە بۆ ڕزگارکردنی مانا، کەرامەت و
مرۆڤایەتی لەم زەلکاوە گلوباڵییە پڕ لە هەڵدێرەی کە تێیدا سیخناخ بووە لە کات
کوشتن و بەزمە سات.
PUKMEDIA
هەواڵی زیاتر
-
باڵەخانەیەک داڕما و 12 کرێکار برینداربوون
11:57 AM - 2026-09-11 -
له ساڵیادی دامهزراندنی كهناڵی دایكدا
09:36 AM - 2026-09-11 -
داهاتی هەفتەی رابردووی سلێمانی زیاتر لە 7 ملیار دینارە
09:00 AM - 2026-09-11 -
سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال: راپەڕین خاڵی سەرکەوتنی شۆڕشی نوێ بوو
07:34 PM - 2026-09-10
زۆرترین خوێنراو
-
سەرۆک بافڵ: 11ی سێپتەمبەر وەبیرهێنەرەوەی دەرئەنجامە وێرانکەرانەکەی تیرۆرە
کوردستان 07:21 PM - 2026-09-11 -
عێراق و تورکیا رەشنووسی رێککەوتنی "ڕێگەی گەشەپێدان"یان تەواو کرد
عیراق 05:24 PM - 2026-09-11 -
حوسییەکان کۆنترۆڵی گەرووی بابولمەندەب دەکەن
جیهان 12:15 PM - 2026-09-11 -
باڵەخانەیەک داڕما و 12 کرێکار برینداربوون
عیراق 11:57 AM - 2026-09-11 -
11ی سێپتەمبەر..سەرەتای یەكهەڵوێستی جیهان دژی تیرۆر
جیهان 10:05 AM - 2026-09-11 -
له ساڵیادی دامهزراندنی كهناڵی دایكدا
کوردستان 09:36 AM - 2026-09-11 -
داهاتی هەفتەی رابردووی سلێمانی زیاتر لە 7 ملیار دینارە
کوردستان 09:00 AM - 2026-09-11 -
سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال: راپەڕین خاڵی سەرکەوتنی شۆڕشی نوێ بوو
کوردستان 07:34 PM - 2026-09-10




دابەزێنە

