riklam

فێرکردنی زمانی کوردی لە ڕێگەی چوار کارامەییە سەرەکییەکەوە

بیروڕا 05:34 PM - 2026-10-26
* ناز عه‌لی PUKMEDIA

* ناز عه‌لی

فێربوونی هەر زمانێک لە جیهاندا وەک دروستکردنی باڵەخانەیەکە، کە لەسەر چوار کۆڵەکەی سەرەکی ڕادەوەستێت، ئەگەر یەکێک لەو کۆڵەکانە لاواز بێت، تەواوی بیناکە درزی تێدەکەوێت، لە زمانی کوردیشدا، منداڵ بۆ ئەوەی ببێتە کەسێکی دەمپاراو، ڕۆشنبیر و خاوەن پێگەیەکی زمانیی بەهێز، پێویستە لە جه‌مسه‌ره‌كانی(وەرگرتن) (گوێگرتن و خوێندنەوە) و (بەخشین) (ئاخاوتن و نووسین)ی بە شێوەیەکی هاوسەنگ گەشە بکات.

مامۆستای سەرکەوتوو له‌ وانەکەی ئەم چوار بەهرەیە وەک زنجیرەیەکی پێکەوەبەستراو لە پۆلدا دەخاتە گەڕ تا فێرخواز زمان وەک هەناسەدان بە سروشتی بەکاربهێنێت.
لێرەدا، هەر یەکێک لەم کارامەییانە بە جیا و بە شێوازێکی سادە و کرداری دەخەینە ڕوو:

یەکەم: کارامەیی گوێگرتن (دەروازەی وەرگرتنی زمان)
گوێگرتن یەکەم هەنگاو و سەرچاوەی سەرەکیی فێربوونی زمان، مرۆڤ پێش ئەوەی فێری قسەکردن ببێت، سەرەتا بە وردی گوێ لە دەوروبەری دەگرێت، کاتێک فێرخواز فێری گوێگرتنی هۆشیارانە دەبێت، گوێی لەسەر ئاوازی پیتەکان، جیاوازیی دەنگەکان و کێشی ڕستەکان ڕادێت.

شێوازی فێرکردن لە پۆلدا: مامۆستا پێویستە کاتێک لە وانەکەی تەرخان بکات تەنها بۆ گوێگرتن، بۆ نموونە پەخشکردنی دەقێکی دەنگیی تۆمارکراو بە کوردییەکی پەتی، یان خوێندنەوەی چیرۆکێک لە لایەن مامۆستاوە بە دەنگێکی پڕ لە هەست و گۆڕینی ئاوازی دەنگ بەپێی کەسایەتییەکان.

چالاکیی پڕاکتیکی: پاش خوێندنەوەی دەقەکە، مامۆستا داوا لە منداڵەکان دەکات تەنها وەڵامی ئەو پرسیارانە بدەنەوە کە پەیوەستن بە وردەکاریی چیرۆکەکەوە، ئەمە وا دەکات فێرخواز بە هۆشیاری و تێڕامانەوە گوێ بۆ دەنگ و وشەکان بگرێت.

دووەم: کارامەیی ئاخاوتن (دەربڕینی ئازاد)
ئاخاوتن ڕەنگدانەوەی ڕاستەوخۆی متمانەبەخۆبوونی منداڵە، زۆرجار فێرخواز وشەی زۆر دەزانێت، بەڵام لەبەر شەرم یان ترسی هەڵەکردن ناتوانێت دەنگی خۆی بەرز بکاتەوە، ئەرکی ئەم کارامەییە ئەوەیە کە زمانی فێرخواز بکاتەوە و ڕێگەی پێبدات بیرکردنەوەکانی بە ڕستەی ڕوون و پاراو دەرببڕێت.

شێوازی فێرکردن لە پۆلدا: دروستکردنی (خولەکی گفتوگۆی ئازاد) لە پۆلدا وه‌ك ئه‌وه‌ی مامۆستا بابەتێکی سەرنجڕاکێش وەک (یاری دڵخواز، گەشتێک لەگەڵ خێزان، یان ئاژەڵی ماڵی) دەخاتە بەردەم فێرخوازان و هانیان دەدات بە زمانی کوردیی پەتی قسەی لەسەر بکەن بەبێ ئەوەی لە کاتی قسەکردندا پێیان ببڕێت.

چالاکیی پڕاکتیکی: بەکارهێنانی تەکنیکی (مایکرۆفۆنی پۆل) کەرەستەیەکی وەک مایکرۆفۆن دەدرێتە دەست فێرخوازێک وەک بێژەرێک یان هەواڵنێرێک ڕووداوێکی ڕۆژانە بۆ هاوپۆلەکانی دەگێڕێتەوە، ئەم ڕێگەیە ترس لە قسەکردن دەشکێنێت و هێزی دەربڕین زیاد دەکات.

سێیەم: کارامەیی خوێندنەوە (پردی تێگەیشتن و زانین)
فێربوونی خوێندنەوە تێگەیشتن و ڕامانە لەو مانایەی لە پشت وشەکانەوە هەیە، چونکە خوێندنەوەی دروست مێشک دەخاتە خەیاڵسازی و ڕیزبەندیی ڕستەکان لە هۆشدا جێگیر دەکات.

بۆ فێرکردنی ئەمە لە پۆلدا، سەرەتا مامۆستا دەقەکە بە دەنگێکی بەرز، پاراو و لەسەرخۆ دەخوێنێتەوە، پاشان فێرخوازان بە کۆمەڵ دووبارەی دەکەنەوە و لە کۆتاییشدا بە نۆرە بە تاکەکەسی دەخوێننەوە.

بۆ ئەوەی خوێندنەوە بێتە تێگەیشتن، لە کۆتاییدا لەسەر لایەنی پڕاکتیکی پێویستە مامۆستا پرسیار لەسەر پیتەکان نەکات، بەڵکو پرسیار بکات: (ئەم دێڕە چ مانایەکت پێ دەبەخشێت؟) تاوەکو قوتابی فێری بیرکردنەوە و قوڵبوونەوە ببێت.


چوارەم: کارامەیی نووسین (هونەری داڕشتن و ڕێنووس)
نووسین باڵاترین ئاستی دەربڕینی زمانییە، چونکە منداڵ تیایدا ئەوەی بیستوویەتی دەبینێت و بیری لێ دەکاتەوە لە ڕێگەی دەست و پێنووسەکەیەوە لەسەر پەڕە بەرجەستەی دەکات و لەم کارامەییەدا جەخت لەسەر جوانیی خەت، دروستی ڕێنووس و داڕشتنی ڕستەی دروست دەکرێتەوە.

بۆ فێرکردنی لە پۆلدا هەنگاوەکان لە کورتەوە بۆ درێژ ده‌بێت، سەرەتا بە نووسینی وشەی تاک، پاشان لێکدانی دوو وشە، دواتر ڕستەیەکی سێ وشەیی، تاوەکو فێرخواز فێر دەبێت چۆن کورتە باسێك بنووسێت، لەگەڵ فێرکردنی ڕێنووسی کوردی بە شێوەیەکی نەرم و دوور لە توندوتیژی لە کاتی هەڵەکردندا.
وەک چالاکییەکی پڕاکتیکی بۆ (نووسینی وێنەکان)، مامۆستا تابلۆیەک یان وێنەیەکی مانادار پیشانی پۆلەکە دەدات و داوا لە فێرخوازان دەکات تەنها یەک یان دوو ڕستە دەربارەی ئەو وێنەیە بە خەتی خۆیان بنووسن، کە ئەمەش لە یەک کاتدا بەهرەی داهێنان و داڕشتنی نووسین دەپشکوێت.

خوێنه‌رانی خۆشه‌ویست دوای تێگه‌یشتن له‌و چوار كارامه‌ییه‌ بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت كه‌: ئەم چوار کارامەییە پێکەوە دەبنە قەڵغانێکی پتەو بۆ پاراستن و پاراوکردنی زمانی دایک لە ناخی منداڵدا، مامۆستای لێهاتوو هەرگیز یەکێکیان لەسەر حیسابی ئەوی تریان پشتگوێ ناخات و کاتی پۆل لە نێوانیاندا دابەش دەکات، كاتێک گوێگرتن و خوێندنەوە پڕ دەبن لە مانا، ئاخاوتن و نووسینیش بە سروشتی و بەبێ ترس دەکەونە کار، منداڵ لەم فەزا هاوسەنگەدا هەست ناکات فێربوون بارێکی گرانە، بەڵکو دەبێتە کایەیەکی بەردەوام و پڕ لە چێژ، گەشەکردنی ئەم بەهرانە لە تەمەنی سەرەتاییدا، کەسایەتییەکی ڕۆشنبیر و باوەڕبەخۆبوو بۆ داهاتوو بنیات دەنێت.

* مامۆستای زمانی كوردی له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی په‌روه‌رده‌یی جونیه‌ر

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket