لە پاش رێككەوتنی نێوان دیمەشق و هەسەدە
بیروڕا 10:43 AM - 2026-08-31
رێككەوتنی نێوان هێزەكانی سوریای دیموكرات بە سەرۆكایەتی مەزڵوم عەبدی و حكومەتی سوریا بە سەرۆكایەتی ئەحمەد شەرع، هەستیارترین دۆسێی سیاسییە لەنێوان كورد و دەسەڵاتدارانی دیمەشق، چونكە رێككەوتنەكە تەنها پەیوەست نییە بە چارەنووسی هێزێكی چەكدار، كە تا دوا ساتەكان لە دژی داعش جەنگا و بەرگری كرد، بەڵكو پەیوەستە بە داهاتووی هەبوونی سیاسیی و كەلتوری و ئاسایشی كورد لە سوریا، شێوەی نوێی دەوڵەتی سوریا و سروشتی پەیوەندی لەنێوان ناوەند و ناوچە كوردییەكاندا.
لێرەوە پرسیاری راستەقینە ئەوە نییە: ئایا ئەم رێككەوتنە ناپاكییە یان سەركەوتن؟ (وەكو هەندێ كەس و میدیا زەقیانكردۆتەوە)، بەڵكو پرسیارە دروستەكە ئەوەیە: كورد لەبەرامبەر دەستبەرداربوونی بەشێك لە ئامرازی هێزەكەی دەستكەوتی چی بووە؟، ئایا تەنها گرنتیكردنی سیاسی و كەلتوری بەسە بۆ قەربووكردنەوەی ئەوە؟
یەكەم: كورد چی لە دەستدا؟
رێككەوتنەكە كۆتایی بە هەبوونی هەسەدە هێنا وەكو هێزێكی سەربازیی سەربەخۆ، هاوكات تێكەڵكردنی هێزە سەربازییەكان و دامەزراوە خۆسەرییەكان، گەڕانەوەی هەژموونی ناوەند بۆ سەر دەروازە سنوورییەكان و کێڵگەكانی نەوت و گاز و دامودەزگا سیادییەكان.
لە گۆشەنیگایەكی كوردانەوە ئەم خاڵە جێگەی نیگەرانییە، چونكە هێزی چەكدار و دامەزراوە خۆسەرییەكان كارتێكی سیاسی گرنگ بوون بە دەستی كوردەوە، كاتێك لایەك سازش لەسەر ئامرازێكی هێز دەكات، دەبێت بزانرێت لەبەرامبەردا چ گرەنتییەكی سیاسی و دەستووری وەرگیراوە؟ ئەگەر داننان بە مافەكانی گەلی كورددا بە دەقی دەستووریی روون و رەوان جێگیر نەكرێت و رێكارەكانی جێبەجێكردنی دیاری نەكرێت و گرەنتی نێشتمانیی و نێودەوڵەتی نەبێت، ئەوا رێككەوتنەكە تەنها دەبێتە پرۆسەیەك بۆ تێكەڵاوكردنی هێزە چەكدارەكان و دامەزراوە كارگێرییەكان، بەبێ ئەوەی هیچ دەرئەنجامێكی راستەقینە بۆ چارەسەری كێشەی كوردی بخاتەڕوو.
دووەم: دەستكەوتی كورد چی بوو؟
لەبەرامبەردا نادادپەروەرییە ئەگەر پێمانوابێت رێككەوتنەكە هیچ دەستكەوتێكی بۆ گەلی كورد تێدا نەبووە. ئەوەی تاکو ئیستا راگەیاندراوە داننانە بە گەلی كورد وەكو پێكهاتەیەكی رەسەنی وڵاتی سوریا و پاراستنی مافە دەستوورییەكانیان و داننان بە مافی كەلتوری و زمان و چارەسەكردنی چەندین دۆسییەی كۆن و پێدانی پلە و دەسەڵات لەناو دامەزراوە سەربازی و شارستانییەكاندا بەكەسانێك كە لەلایەن هەسەدەوە پێشنیار دەكرێن.
ئەمانە دۆسێیەك نیین لە پەراوێزدا، كورد لە سوریا دەیان ساڵە بەدەست سیاسەتی جیاكاری و بێبەشكردن لە مافە كەلتوری و شارستانییەكانەوە دەناڵێنن، بۆیە ئەگەر بە دەقی دەستووریی دان بە مافەكانی كورددا بنرێت و لە دەستووری نوێی سوریادا جێگیر بكرێت، دەبێتە گۆڕانێكی گەورە لە مێژووی دۆسێی كورد لە سوریادا.
سێیەم: كێشەی راستەقینە چییە؟
كێشەكە بابەتی گفتوگۆكە نییە لەگەڵ دیمەشقدا، گفتوگۆی سیاسی ناپاكی نییە، دانوستان سازشكردن نییە، راگرتنی شەڕیش بە واتای دەستبەردار بوون نییە لە دۆزەكە.كیشەی راستەقینە ئەو قوربانییەیە كە هەسەدە داوێتی، ئەگەر لە بەرامبەر بە تەواوەتی تێكەڵاوكردنی هێزە سەربازییەكەی لەگەڵ دامەزراوەكانی ناوەنددا، بەڵام بابەتی خۆسەریی و مافە سیاسییەكانی كورد هەروا بە ناڕوونی بمێننەوە، ئەوا نیگەرانییەكان لە جێی خۆیدایە. ئەگەر رێككەوتنەكە بووە هۆكاری نووسینەوەی دەستوورێكی نوێ و تێیدا دان بە مافەكانی كورد وەكو پێكهاتەیەكی رەسەن بنرێت، زمان و كەلتور و خوێندن و فێركرن و نوێنەرایەتی سیاسی و خۆسەریی جێی كرایەوە و رێگر بێت لە سیاسەتی بە عەرەبكردن و ئەو جیاكارییەی لە رابردوودا هەبوو، ئەوا دەكرێت بووترێت سازشی سەربازی لەپێناوی دەستكەوتی سیاسیدا، هەنگاوێكی میژووییە.
لێرەوە دەبێت جیاوازی بكەین لەنێوان شێوە و ئەنجام، راستە كۆتاییهێنان بە ئەركەكانی هەسەدە لە رووی سەربازییەوە بۆ كورد زیانە، بەڵام ئەگەر ئەنجامەكە دەستكەوتی دەستووری و سیاسی هەمیشەیی لێبەدەست بێت، ئەوا زیانەكە دەگۆڕێت بۆ دەستكەوت. لەسەرەتاوە دەكرێت رێككەوتن وەكو سەركەوتنی سیاسی تەماشا بكرێت، بەڵام ئەگەر گرنتییەكان وەكو خۆیان جێبەجێ نەكرێن و دووبارە مەركەزییەت بگەڕیتەوە و بۆ ناوچە كوردییەكان و خۆسەری لەناو ببرێت، ئەوا سەرکەوتنەکە دەگۆڕێت بۆ دۆڕانێكی میژوویی.
چوارەم: ئایا ئەم رێکكەوتنە (ناپاكی نیشمانی بوو)؟
پێویستە لەبەكارهێنانی چەمكی ناپاكیدا زۆر وریا بین، ناپاكی واتا دستەبەردار بوونی لایەك لە بەرژەوەندییە باڵاكانی گەلەكەی لە بەرژەوەندی لایەكی دیكە، بەڵام رێکكەوتنی سیاسی كە لە بارودۆخێكی سەربازی و هەرێمی و نێودەوڵەتی ئاڵۆزدا ئەنجام دەدرێت، ناكرێت بە ناپاكی هەژمار بكرێت تەنها لەبەر ئەوەی تەواوی مافەكانی گەلی تێدا بە دی نەهاتووە.
لە هەمانكاتدا مافی گەلیشە لە سەركردایەتی سیاسی و سەربازی هەسەدە بپرسێت: لەبەرامبەر سازشكردن دەستكەوتمان چی بوو؟ لەگەڵ ئەوەی ئەم پرسیارە مافی هەر كوردێكە لە هەمانكاتدا پیویستیشە، سیاسیەت تەنها نییەت پاكی نییە، بەڵكو پێویستی بە گرنتی نوسراو، دەمەزراوە، دەستوور و هاوسەنگی هێز و میكانیزمی جێبەجیكردنی رێككەوتنەكەیە. بۆیە پێوەری سەرەكی و ماوەی جێبەجێكردنی رێككەوتنەكە تەنها رۆژی ئیمزاکردن نییە، بەڵكو پێویستی بە ماوەیەكی درێژە بۆ دەركەوتنی ئەنجام و زانینی نییەتی بەرامبەر.
پێنجەم: دۆزی كورد لە هەسەدە گەورەترە
گەورەترین هەڵەی سیاسییە ئەگەر دۆزی كورد تەنها لە هەسەدەدا بچووك بكرێتەوە، راستە هەسەدە هێزێكی سیاسی و سەربازی گرنگە، بەڵام دۆزی كورد، ناكرێت بترنجێنرێتە دۆسێی پارتێك یان رێكخستنێك یان سەركردەیەكەوە. دۆزەكە پەیوەستە بە مافی گەلێكەوە كە لەدێرزەمانەوە لە خاكەكەیدا دەژی، پەیوەستە بە هاووڵاتیبوونەوە، بەزمان و كەلتورەوە، بە فێركردن و نوێنەرایەتی سیاسی و خۆسەرییەوە، پەیوەستە بە داپەروەریی و دابەشكردنی سەرچاوەكان و گەڕانەوەی ئاوارەكان بۆ زێدی خۆیان و رێگرییكردن لە سیاسەتی جیاكرییەوە. بۆیە سەركەوتنی رێكەوتنەكە بە ئاستی جێبەجێكردن هەڵسەنگاندنی بۆ دەكرێت، نەك بە چارەنووسی هەسەدەوە وەكو رێكخستنێكی سەربازیی.
شەشەم: مەترسی گەورە نەبوونی گرەنتییە
لە مێژە كورد گەیشتووەتە ئەو بڕوایەی بەتەنها بەڵینە سیاسییەكان گرەنتی نین، هەر مافێك دەستوور و دامەزراوە سەربەخۆكان و میكانیزمی جێبەجێكردن نەیپارێزێت، ئەوا رەنگە بگۆڕێت بۆ بەڵێنێكی كاتی. بۆیە گەورەترین ئاڵنگاریی بەردەم هێزە كوردییەكان لە سوریا، گۆڕینی رێككەوتنەكەیە لە لێكتێگەیشتنێكی سیاسی كە ئاسانە بۆ گۆڕین، بۆ مافی دەستووریی دامەزراوەیی كە نەتواندرێت بە ئاسانی رەتبكرێتەوە. بەپێی خوێندنەوەكان، رێككەوتنی مانگی یەكی ساڵی 2026 راستە بووە هۆی راگرتنی شەڕ و كردنەوەی رێرەوێكی سیاسی، بەڵام دۆزی كوردی یەكلایی نەكردەوە و سەركەوتنەكەی پەیوەستە بە جێبەجێكردنی خاڵەكانی رێككەوتنەكەوە. تەنها دەرفەتیش ئەوەیە، دۆزی كورد لەئەمری واقیعەوە بگۆڕدرێت بۆ هاوبەشیی دەستووری دانپێدانراو لە سوریای نوێدا. هەربۆیە داهاتووی رێككەوتنەكە بەندە بە پرسیارێكەوە: ئایا هەموو ئەو بەڵێنانەی بە كورد دراوە، لە دەستووری سوریای نوێدا دەنووسرێتەوە، یاخود تەنها وەكو بەڵێنێكی سیاسی دەمێنێتەوە؟ لە ئێستادا هەڵوێستی نەتەوەیی بۆ كورد ئەوەیە، هزرمەندانە مامەڵە بكات و بەپێی كات چاودێری جێبەجێكردنی خاڵەكانی رێكکەوتنەكە بێت، چونكە هێشتا زووە بۆ ئاهەنگی سەركەوتن یان یەكتر تۆمەتباركردن.
PUKMEDIA
هەواڵی زیاتر
-
باڵەخانەیەک داڕما و 12 کرێکار برینداربوون
11:57 AM - 2026-09-11 -
له ساڵیادی دامهزراندنی كهناڵی دایكدا
09:36 AM - 2026-09-11 -
داهاتی هەفتەی رابردووی سلێمانی زیاتر لە 7 ملیار دینارە
09:00 AM - 2026-09-11 -
سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال: راپەڕین خاڵی سەرکەوتنی شۆڕشی نوێ بوو
07:34 PM - 2026-09-10
زۆرترین خوێنراو
-
سەرۆک بافڵ: 11ی سێپتەمبەر وەبیرهێنەرەوەی دەرئەنجامە وێرانکەرانەکەی تیرۆرە
کوردستان 07:21 PM - 2026-09-11 -
عێراق و تورکیا رەشنووسی رێککەوتنی "ڕێگەی گەشەپێدان"یان تەواو کرد
عیراق 05:24 PM - 2026-09-11 -
حوسییەکان کۆنترۆڵی گەرووی بابولمەندەب دەکەن
جیهان 12:15 PM - 2026-09-11 -
باڵەخانەیەک داڕما و 12 کرێکار برینداربوون
عیراق 11:57 AM - 2026-09-11 -
11ی سێپتەمبەر..سەرەتای یەكهەڵوێستی جیهان دژی تیرۆر
جیهان 10:05 AM - 2026-09-11 -
له ساڵیادی دامهزراندنی كهناڵی دایكدا
کوردستان 09:36 AM - 2026-09-11 -
داهاتی هەفتەی رابردووی سلێمانی زیاتر لە 7 ملیار دینارە
کوردستان 09:00 AM - 2026-09-11 -
سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال: راپەڕین خاڵی سەرکەوتنی شۆڕشی نوێ بوو
کوردستان 07:34 PM - 2026-09-10




دابەزێنە

