riklam

مام جەلال، ئازاد هەورامی و مەولانا بەیەكەوە

بیروڕا 11:49 AM - 2026-09-03
عیماد ئەحمەد

عیماد ئەحمەد

لە منداڵیدا لەگەڵ یارییەكان دەژیام؛ جیهان بۆ من گۆڕەپانێكی فراوان بوو هەر دارێك دەیتوانی ببێتە یارییەك، هەر بەردێك قەڵایەك و هەر رێگایەك سەرەتای چیرۆكێكی نوێ. لە گەنجێتیدا لەگەڵ خەون و هیوا دەژیام؛ ئاسۆ دوور بوو، بەڵام دڵ نزیك، پێم وابوو هەر دەرگایەكی داخراو بە كلیلی ئیرادە دەكرێتەوە. ئێستا، دوای تێپەڕبوونی ساڵانێک، لەگەڵ بیرەوەرییەكانم دەژیم؛ ئەو هاوڕێیانەی نە پیر دەبن، نە ماڵئاوایی دەكەن، تەنیا هەر جارە بە رووخسارێكی جیاوازەوە دەگەڕێنەوە.

بێدەنگیم نە نیشانەی رەزامەندییە و نە بەڵگەی ئارامی؛ بەڵكو قسەیەكی قووڵە كە گوێی گەردوون ناتوانێت بیبیستێت. هەندێك قسە بۆ ئەوە نییە بە زمان بگوترێت؛ لە پشت پەردەی چاوێك، لە هەناسەیەكی قورس، یان لە لەرزینی پەنجەكاندا خۆی دەنوێنێت. بێدەنگیی منیش كتێبێكی داخراوە؛ لاپەڕەكانی پڕن لە وشە، بەڵام هەموو كەسێك ناتوانێت بیخوێنێتەوە.

خەیاڵ تەنیا راكردن نییە لە ئێستا؛ خەیاڵ پردێكە رابردوو بە داهاتووەوە دەبەستێتەوە. بەڵام من ئامادەی رابردووم؛ ئەو نەخشەیەم كە ژیان بە فرمێسك و پێكەنین لەسەر رۆحم كێشاویەتی.
هەر زامێك هێڵێكی ئەو نەخشەیە و هەر خۆشییەك رەنگێكی ئەو وێنەیەیە. ئەگەر بیرەوەری نەبێت، نە گیتار ئاوازێكی بۆ وتنەوە دەبێت، نە خەیاڵیش هۆكارێكی بۆ فڕین. شەوێك، لە ناوقەدی شاخێكی بەردینی رەقدا، مانگ وەك چرایەكی تەنیا بەسەر گەردوونەوە هەڵواسرابوو. گیتارێكی كۆن لە تەنیشت كانییەك دانرابوو؛ وەتەرەكانی پڕبوون لە ئاوازی نەبیستراو و گۆرانیی نەوتراو. ئاوەكە بە هێواشی لەنێوان بەردەكاندا دەڕۆیشت، وەك بیرەوەرییەك كە رێگای گەڕانەوەی بۆ ناو دڵ دۆزیبێتەوە.

لەو ساتەدا كانییەكە، كە لێڵایی تاریكیی بە رووناكیی رۆحی دەڕەواندەوە، بە دەنگێكی سازگار و پڕ لە هیوا، كەوتە ئاخاوتن:
«ئەی هاوڕێیانی گەردوون! بۆچی لەسەر مانەوە و نەمان شەڕ دەكەن؟ سەیرم بكەن؛ لە ناخی ئەم شاخە رەقەوە هەڵقووڵاوم، بەڵام رێگام لەنێوان بەردەكاندا دۆزیوەتەوە. من ئاوێكم هێناوەتە دەرێ كە رەنگی ئومێد و نوێبوونەوەی هەیە. نەك تەنیا مێژووی شاخم لەسەر بەردەكان نووسیوەتەوە، بەڵكو بڕوام بە بەردەوامی هەیە؛ چونكە ئاو لەگەڵ بەرد شەڕ ناكات، بەڵكو بە ئارامیی رێگەی خۆی دروست دەكات».

گیتار بە دەنگێكی خەمبارەوە وەڵامی دایەوە: «منیش دارێك بووم كە جارێك با لەنێو گەڵاكانمدا گۆرانیی دەگوت. ئێستا جەستەم گۆڕاوە، بەڵام دەنگی دارستان هێشتا لە وەتەرەكانمدا دەژی. هەر پەنجەیەك كە لێم دەدات، بیرەورییەكی كۆنم بەئاگا دەهێنێتەوە. ئاواز لە وەتەرەكانەوە نایەن؛ لەو برینانەوە دێن كە فێری بوون بە دەنگ بوون».

مانگ لە سەرەوە بە بێدەنگی سەیریان دەكرد. گیتار رووی تێكرد و گوتی: «ئەی چرای تەنیایی گەردوون! تۆ لە سەرەوە شوێنی پیاسەی ملیۆنان خەیاڵی، بەڵام هیچیان نازانن گۆرانییە نەوتراوەكانی من چەند قورس و گرانن. تۆ تەنیا سەیر دەكەیت، بەڵام من سۆزی دەروون دەلەرزێنم».

مانگ بە ئارامیی وەڵامی دایەوە: «وا مەزانە سەیركردن هەمیشە بێهەستییە. من هەموو شەوێك شایەتی فرمێسكی ئەوانەم كە لە تاریكیدا دەگرین، بەڵام ناتوانم دەستێك بۆ سڕینەوەی فرمێسكەكانیان درێژ بكەم. رووناكیی من قسەیەكی بێدەنگە؛ هەرچەند زامێك چاك ناكات، بەڵام رێگە لە تاریكییدا ون ناكات».

دوای ئاخاوتنی كانییەكە، بێدەنگییەكی جوان باڵی بەسەر شوێنەكەدا كێشا. گیتار بە هێواشی دەستی بە لەریینەوە كرد، مانگ رووناكییەكەی زیاتر كرد و خەیاڵ و بیرەوەری تێكەڵ بە یەكتری بوون. لەو كاتەدا هەموویان زانییان كە ژیان سەمایەكی هاوبەشە؛ لەنێوان رابردوو و داهاتوو، دەنگ و بێدەنگی، زام و ئومێد، ئەو رووناكییەی لە ئاسمانەوە دادەبەزێت و ئەو كانییەی لە ناخی زەوییەوە هەڵدەقوڵێت.

مرۆڤیش لەم سەمایەدا جارێك منداڵە و بەدوای یارییدا رادەكات، جارێك گەنجە و بەدوای خەونەكانیدا دەڕوات، جارێكیش لە كۆتایی رێگەدا رادەوەستێت و پشت بە بیرەوەرییەكان دەبەستێت. بەڵام تا بیرەوەری هەبێت، رابردوو نامرێت؛ تا خەیاڵ هەبێت، داهاتوو داخراو نییە؛ تا كانییەك لە ناخی بەرددا هەڵبقوڵێت، هیچ تاریكییەك ناتوانێت دوا وشەی ژیان بنووسێت. 

لە كۆتاییدا، خەیاڵ بە دەنگێكی نەبیستراو لە ناخمدا چرپاندی: «كانییەكە مام جەلال-ە؛ ئەو سەرچاوەیەی لە دڵی بەردەڕەقی مێژوودا هەڵقووڵا و بە ئارامی رێگەی ئومێدی بۆ گەلێك كردەوە. گیتارەكە كاك ئازاد هەورامی-یە؛ ئەو دەنگەی برین و بیرەوەرییەكانی گۆڕی بۆ گۆرانیی. مانگیش مەولانای رۆمی-یە؛ چرایەكی هەمیشە روون كە لە ئاسمانی رۆحدا هەڵواسراوە و هەرچەند زامەكان ساڕێژ ناكات، بەڵام رێگە لە تاریكییدا پیشان دەدات».

ئەوسا زانیم ئەو شەوە تەنیا گفتوگۆی كانیی، گیتار و مانگ نەبوو؛ بەڵكو دیداری سیاسەت، هونەر و عیرفان بوو: مام جەلال رێگەی دروست دەكرد، كاك ئازاد هەورامی دەنگی پێ دەبەخشی و مەولانا رووناكیی بەسەردا دەباراند. لەنێوان ئەم سیانەدا، بیرەوەری بە گۆرانیی و خەیاڵ بە ئومێد دەگۆڕا؛ چونكە هەندێك كەس دوای رۆیشتنیشیان، هەروا وەك كانیی دەڕۆن، وەك گیتار دەژەنرێن و وەك مانگ رێگەی تاریكمان بۆ رووناك دەكەنەوە.

PUKMEDIA

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket