riklam

چیایەك لەگڕ لەسەر سنگی دوژمن

بیروڕا 03:22 PM - 2026-09-06
 چرا عومەر*

چرا عومەر*

دەمەوبەیانیی رۆژێكی مانگی ئاداری ساڵی 1957، لە ئامێزی چیای گڵەزەردە و لە گەڕەكی دەرگەزێنی شارەكەی كاك ئەحمەدی شێخ، جوامێر لە دایكبوو، ئەو بەیانییە سەحەر و خۆر پێشبڕكێیان بوو كامیان زووتر مژدە بەچیای قەندیل و قەرەداغ و سەفین بدەن.

ئەو بەیانییە شار رووناكتر و ئاسمان ساماڵتر دەهاتە بەرچاوی دانیشتوانی سلێمانی، ئەو بەیانییە پیرەمێرد و نەجمەدینی مەلاو دەیان فەقێ و زانا لەناو مزگەوتی گەورەی شار، لە پشت شێخ مەحمودی حەفیدەوە سوژدەی شوكریان برد بۆ لەدایکبوونی ئەم جوامێرە.

مەلای گەورەی كۆیە جوابی نارد بۆ شێخی مەلیك، لەپاش سڵاو داوای كرد ئەم كۆرپەیە ناوبنرێت (ئاسۆ)، ئەو وایدەبینی كە كوردستان لەسەر دەستی ئەم كۆرپەیە دڕ بەتاریكی دەدات و ئاسۆی رووناك دەردەكەوێت.

ئاسۆی دەلاك، لە گەڕەكی دەرگەزێن و چوارباخ ژیانی منداڵی بەسەربرد، لە تافی لاویدا ئاوێتەی نیشتمان و چیاو داربەڕوو بوو، ئاوێتەی كانی و كارێز و لوتكەی چیا بوو.
ئەوكاتەی لەگەڵ ژمارەیەك هاوڕێی دەچنە قەندیل، جوامێرێك دەستی ئاسۆ بەرزدەكاتەوە و دەڵێت: (ئیدی شۆڕشەكەمان سەردەكەوێت، مادام ئەم شۆڕەسوارانە رێگەی خەباتیان هەڵبژاردووە).

ئاسۆی دەلاك پێش ئەوەی بچێتە شاخ، ببوە چقڵی چاوی دووژمنان، ببوە گڕێكی داگیرساو، گەنجانی شار وەك دیوارێكی پۆڵاین پشتیان پێوە دابوو، دووژمن لە ئاستیدا وەك سێبەری دارێكی قەزەم، لاردەبۆوە.

ئەوكاتەی مولازم موحسین، لە كۆڵانەكانی شاردا بە دوای ئاسۆدا دەگەڕا، ئەو لە چاخانەكەی بەر خانەقای مەحوی چاوەڕێی دەكرد.

بەعس زندەقی لەم جوامێر چووبوو، هەمووگەنجی شار و دەلاكێكیان لێ ببوو بە ئاسۆ، بەڵام ئاسۆ بە پۆشاكی كرێكارییەوە خەنجەری لەسەر سینگی كۆڵكنی ئەوان دەدا.
ئاسۆ، ئاسۆ، ئاسۆ، لە ناو شاردا ببوو بە دەنگوباس، ئاسۆ وەك هەرلاوێكی ئەم نیشتمانە عاشق بوو، دڵی كەوتە مشتی، چاوی وەك خۆر دەبریسكایەوە، ئێوارەیەك پێش ئەوەی بچێتە شاخ، یاری دەبینێ و پێی دەڵێت (یان كوردستان یان نەمان).

لەشاخ گیرسایەوە، بەعسییەكان بە داخ بوون كە چۆن لە دەستیان دەرچوو، چۆن نەتوانرا ئەم پڵنگە رامبكرێت، پلان دانرا بۆ خستنەداوی ئەم هەڵۆیە، بەخشیش و پارەیەكی زۆر كرایە دیاری بۆ ئەو كەسەی ئەم پێشمەرگەیە لە داو بخات، ئەوەبوو ئەم پێشمەرگەیە لە رێگەی هاوەڵێكی خۆیەوە ناپاكی لێدەكرێت و دەدرێت بەدەسەتی جەلادەكانەوە.
ئەو ئێوارەیەی ئاسۆ دەستگیر دەكرێت، مولازم موحسین هەموو گورگ و چەقەڵەكانی شار دەعوەت دەكات و دەڵێت: (ئەمشەو ئیدی من بە ئاسودەیی دەخەوم).
باوكی ئاسۆ كە هەواڵەكە دەبیستێت، دەڵێت: (خۆزگە كوڕەكەم شەهید ببووایە، نەك دەستگیربكرایە).

جوانەمەرگ ئاسۆی دەلاك، هێندەی گۆیژە و بەرانان ترسی لە دڵی داگیركەراندا درووستكردبوو، تەنانەت لە گۆڕەكەشی دەترسان، هەربۆیە تا ئێستا بێ گۆڕو بێ ناونیشانە.
دایكی، خوشكی، براو هاوڕێكانی تا ئێستا كە لەناكاو لە دەرگادەدرێت، ئاواتیانە ئاسۆ بڵێ خۆمانین، بیكەنەوە.
دروود بۆ گیانی ئاسۆ و سەرجەم شەهیدانی كوردستان.

پوختەی ژیاننامەی شەهید ئاسۆی دەلاك
شەهید حەسیب عومەر سابیر ناسراو بە ئاسۆی دەلاك، لەدایكبووی ساڵی 1957ی گەڕەكی دەرگەزێن-ی سلێمانییە، لە بنەڕەتدا خەڵكی گوندی (گەبە)ی سنووری شارۆچكەی پیرەمەگروونە، بەڵام باپیری بە گەنجی چۆتە شاری سلێمانی.

ئاسۆ، كوڕەگەورەی دایك و باوكی بووە، ساڵی 1963 چۆت قوتابخانەی خالیدیە لە سلێمانی و تا پۆلی پێنجەمی سەرەتایی خوێندووە، دواتر دەستیكردووە بە پیشەی سەرتاشی و لەوەوە ناسناوی دەلاك-ی بەسەردا بڕاوە.

ساڵی 1975 لە رێگەی شەهید جەمالە رەشەوە پەیوەندیی كردووە بە رێكخستنەكانی كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستانەوە، ساڵی 1976 ناچێت بۆ خزمەتی سەربازی و دەبێت بە پۆلیس، لە كۆتایی ئەوساڵەدا دەبێتە پێشمەرگە، ساڵی 1977 لەناو سلێمانی دەستگیركراوە، بەڵام دوای 40 رۆژ بە لێبوردنی گشتی ئازاد كراوە.

چەندینجار لەناوشاردا لەگەڵ ملازم محسین رووبەرووی یەكتری بوونەتەوە، ئازایانە جەنگی دەروونی و شەڕی سەرجادەی لەگەڵ ئەو تاوانبارە و هێزی ئەمن كردووە.
رۆژی 6/9/1979 لە كاتێکدا بەنهێنی هاتۆتەوە بۆ ناوشار، ناپاكی لێدەكرێت و لەلایەن هێزێكی ئەمنی سلێمانییەوە كە بۆی لە بۆسەدابوون، دەستگیردەكرێت.
ئاسۆ لە یەكەم ساتی دەستگیركردنییەوە دەیزانی مەرگی مسۆگەرە، بۆیە بەڵێنیی خۆڕاگریی و پاراستنی نهێنییەكان بەخۆی دەدات، ئەگەر چی ملازم محسین خۆی سەرپەرشتیی ئەشكەنجەدانەكەی دەكات و زۆرجاریش هەر خۆی ئەشكەنجەی دەدات، لە ئەنجامی ئەشكەنجەی بەردەوام و سەخت، دەستێكی لێدەبێتەوە و چاوەكانیشی هەڵدەكۆڵن، بەڵام ئاسۆ وەك قەڵایەكی خۆڕاگر، بەڵێنەكەی دەباتە سەر و لە ژێر پڕۆسەیەكی چڕ و سەختی ئەشكەنجەدا، دوا هەناسە دەسپێرێت و شەهید دەبێت، تا ئێستاش گۆڕی نییە و گۆڕونە.

*خوشكی شەهید ئاسۆی دەلاك

PUKMEDIA

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket