رۆیشتنی ئەمریکا؛ دەرفەتێک بۆ سەروەری، یان دەروازەی ناسەقامگیری؟
بیروڕا 09:54 AM - 2026-09-21
کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عیراق و هەرێمی کوردستان، لاپەڕەیەکی نوێ لە مێژووی دوای ساڵی 2003 هەڵدەداتەوە و عیراقی فیدراڵ لەبەردەم پرسیارێکی قورسدا دادەنێت: ئایا بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە ئامادەیە، یان خاکی عیراق جارێکی تر دەبێتە مەیدانی ملمڵانێی هێزە ناوخۆیی و دەرەکییەکان؟
مانەوەی هێزی دەرەکی چارەسەری هەمیشەیی کێشەکانی عیراق نییە. هەر وڵاتێک دەبێت خۆی بەرپرسیاری پاراستنی خاک و سەروەریی خۆی بێت؛ بەڵام سەروەریی تەنیا بە رۆیشتنی هێزی دەرەکی بەدەست نایەت. سەروەریی راستەقینە پێویستی بە دەوڵەتێکی بەهێز، یاسایەکی سەروەر، دامەزراوەی نیشتمانی و چەکێک هەیە کە تەنیا لە دەستی دەوڵەتدا بێت.
هەوڵەکانی حکومەتی عەلی زیدی بۆ کۆنترۆڵکردنی چەک و سنووردارکردنی دەسەڵاتی میلیشیاکان، هەنگاوێکی پێویستە؛ بەڵام رێگاکە ئاسان نییە. ئەو هێزانەی لە دەرەوەی چوارچێوەی دەوڵەت چەک هەڵدەگرن، لە ماوەی ساڵانێکدا خاوەنی نفوزی سیاسی، ئابووری و سەربازیی بوون. چارەسەرکردنی ئەم دۆخە تەنیا بە دروشم ناکرێت؛ ئیرادەی سیاسی، دادپەروەری و پشتگیریی هەموو هێزە نیشتمانییەکانی دەوێت. لەژێر پردەکەی جادەی مەولەوی لە سلێمانی، دوو کاسب لەبەردەم دووکانەکانیاندا وەستابوون. یەکێکیان بە نیگەرانییەوە گوتی:ـ دەڵێن هێزەکانی ئەمریکا دەکشێنەوە؛ دوای رۆیشتنیان چی روودەدات؟ کێ ئەو بۆشاییە ئاسایشییە پڕ دەکاتەوە؟ نەوەک دوژمنانی کوردستان جارێکی تر چاویان لەم خاکە بێت؟
ئەوی دیکەیان وەڵامی دایەوە:ـ دوێنێ مامۆستا شوان لێرە بوو، دەیگوت: مەترسی هەیە، بەڵام بێئومێدیی چارەسەر نییە. پرسیاری گرنگ ئەوەیە: ئێمە خۆمان بۆ دوای رۆیشتنیان چیمان کردووە و چی دەکەین؟
ئەمە تەنیا گفتوگۆی نێوان دوو کاسب نییە؛ پرسیاری زۆربەی خەڵکی عێراق و هەرێمی کوردستانە. خەڵک لە ئەزموونی رابردووەوە دەزانن کە بۆشاییی هێز زوو پڕ دەکرێتەوە؛ ئەگەر دەوڵەت پڕی نەکاتەوە، هێزێکی دیکە دەستی بەسەردا دەگرێت.
هەرێمی کوردستان ئەم مەترسییە باشتر لە هەر لایەنێکی دیکە دەزانێت و درکی پێدەکات. دوای کارەسات و کۆڕەوی ساڵی 1991، بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایش و دروستبوونی هێڵی 36، پەناگەیەکی ئاسمانی بۆ گەڕانەوەی خەڵک و دامەزراندنەوەی ژیان بوو. پاش کشانەوەی دامودەزگاکانی رژێم، هەڵبژاردن بەڕێوەچوو و یەکەم کابینەی حکومەتی هەرێم پێکهات. پشتیوانیی ئەمریکا و هاوپەیمانانیش، لە قۆناغە جیاوازەکاندا، رۆڵێکی گرنگی لە پاراستنی ئەو ئەزموونەدا هەبوو.
لە شەڕی دژی داعشدا، جارێکی تر دەرکەوت کە هەرێم، بەهۆی شوێنی جوگرافی و قەبارەی سیاسی و ئابووریی خۆی، هێشتا پێویستی بە هاوکاریی هاوپەیمانان هەیە. هەڕەشەی داعش هەر لە ئارادایە و ناوچەکەش لەنێوان ململانێی ئەمریکا و ئێران و شەڕ و ناسەقامگیریدا دەژی. لە دۆخێکی ئاوادا، کشانەوەی خێرا و بێ پلانی هێزە هاوپەیمانەکان دەکرێت بۆشاییەک دروست بکات کە دوژمنانی هەرێم و گرووپە چەکدارەکان بۆ مەبەستی خۆیان بەکاریبهێنن، بەڵام پاراستنی هەرێم تەنیا بە مانەوەی هێزی دەرەکی نابێت. ناکۆکییە ناوخۆییەکان، یەکنەخستنی پەیامی نیشتمانی و لاوازیی دامودەزگاکان، توانای بەرگریی هەرێم کەمدەکەنەوە. هاوپەیمان گرنگە، بەڵام هیچ هاوپەیمانێک ناتوانێت جێی یەکڕیزیی ناوخۆ و هێزی نیشتمانیی بگرێتەوە.
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە قۆناغە سەختەکانی مێژوودا، فریادرەس و بەشدارێکی سەرەکیی پاراستنی ئەزموونی هەرێم بووە. ئەمڕۆش پێویستە بە هەمان رۆحی بەرپرسیارییەوە، بۆ یەکخستنی هێزی پێشمەرگە، پاراستنی قەوارەی هەرێم و چارەسەرکردنی کێشەکان لە رێگەی دەستور و گفتوگۆوە کار بکات.
رۆیشتنی ئەمریکا دەکرێت دەرفەتێک بێت بۆ بەهێزکردنی سەروەریی عێراق؛ بەو مەرجەی دەوڵەت چەک کۆنترۆڵ بکات، یاسا بەسەر هەموواندا جێبەجێ بکات و متمانەی خەڵک بگەڕێنێتەوە. ئەگەر ئەمە نەکرێت، کشانەوەکە دەبێتە دەروازەی ناسەقامگیرییەکی نوێ. بۆ هەرێمی کوردستانیش، پاراستنی ئەزموونەکە تەنیا بە هەبوونی هاوپەیمان ناکرێت؛ بەڵکو بە یەکڕیزیی هێزی پێشمەرگە و ئیرادەی نیشتمانیی خۆمان جێبەجێ دەکرێت.
PUKMEDIA
هەواڵی زیاتر
-
وەفدێکی باڵای مەکتەبی راگەیاندن و هۆشیاری میدیاکارێکی دێرین بەسەردەکاتەوە
05:57 PM - 2026-10-27 -
سەرۆکی روسیا: هەڵسەنگاندن بۆ کارکردن لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکان دەکەین
05:21 PM - 2026-10-27 -
لە سلێمانی نرخی پارکی راگرتنی ئۆتۆمبێل جێگیردەکرێت
03:28 PM - 2026-10-27 -
بەڕێوەبەری جێبەجێکاری بازرگانیی ئاسیاسێڵ خەڵاتی خانمی پێشەنگی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەدەستهێنا
09:26 AM - 2026-10-27
زۆرترین خوێنراو
-
وەزارەتی دارایی: بەزووترین کات مووچەی مانگی 10 دابیندەکرێت
کوردستان 01:20 PM - 2026-10-27 -
وەزیری رۆشنبیری: پشتیوانی مانەوە و گەشەکردنی بەشی کوردین لە بەغداد
کوردستان 01:07 PM - 2026-10-27 -
ئەمڕۆ 26هەمین خولی هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە ئیسرائیل بەڕێوەدەچێت
جیهان 10:52 AM - 2026-10-27 -
بەڕێوەبەری جێبەجێکاری بازرگانیی ئاسیاسێڵ خەڵاتی خانمی پێشەنگی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەدەستهێنا
کوردستان 09:26 AM - 2026-10-27 -
ترەمپ: ئاگربەست لەگەڵ ئێران بەفیڕۆدانی کات بوو
جیهان 09:05 AM - 2026-10-27 -
ساڵیادی شەهیدبوونی هونەرمەند قادر کابان بەڕێوەچوو
کوردستان 10:03 PM - 2026-10-26 -
لەتیف نێروەیی: یەکێتی هەمیشە ڕەخنەو ڕای جیاوازی قبوڵ بووە
کوردستان 07:38 PM - 2026-10-26 -
فێرکردنی زمانی کوردی لە ڕێگەی چوار کارامەییە سەرەکییەکەوە
بیروڕا 05:34 PM - 2026-10-26




دابەزێنە

