riklam

خانەقین، فیکەیەک بۆ رابردوو، پرسیارێک بۆ ئەمڕۆ

بیروڕا 10:42 AM - 2026-10-11
عیماد ئەحمەد

عیماد ئەحمەد

هەندێک وێنە قسە ناکەن، بەڵام ناهێڵن بێدەنگ بمێنیتەوە. وێنەیەکی کۆنی شەمەندەفەری خانەقین، منی بردەوە بۆ ساڵانی منداڵی؛ بۆ ئەو رۆژانەی لە پەنجەرەی شەمەندەفەرەوە سەیری دنیام دەکرد و وام دەزانی هەرچی رێگاکە درێژتر بێت، ژیانیش فراوانتر دەبێت.

 ماوەیەک لەمەوپێش، هاوڕێی دێرین و سەنگینم، کاک شێردڵ حەوێزی، لە رێگەی واتسئاپەوە وێنەیەکی کۆنی ساڵەکانی بیستی سەدەی رابردووی، سەبارەت بە دروستکردنی هێڵی شەمەندەفەری خانەقین، بۆ ناردم. لەگەڵ وێنەکەدا نامەیەکی کورت و پڕمانای نووسیبوو: «بەیانی باش، قیتار و نەفتخانەش نووسینێکی دەوێ».

منیش بە ئاماژەیەک هاوڕایی خۆمم دەربڕی. لە دڵی خۆمدا وتم: کەی کات و دەرفەتم هەبوو، داواکەی کاک شێردڵ جێبەجێ دەکەم، بەڵام وێنەکە هەر لەبەرچاوم مایەوە؛ وەک ئەوەی فیکەی شەمەندەفەرەکە لە دوورەوە، لەناو بیرەوەریمدا، دەنگبداتەوە.

کاک شێردڵ سەر بە یەکێک لە بنەماڵە ناودارەکانی کۆیەیە. لەپاڵ شارەزاییە سەربازییەکەیدا، پیاوێکی خوێندەوارە و لە بواری دیپلۆماسیدا بە ئەزموونە؛ لە شاخ و شاردا جێی متمانەی سەرۆک مام جەلال بوو. چەند جارێک، وەک ئەندامانی وەفدی یەکێتی، لە سەفەرەکانی مام جەلال بۆ دەرەوەی وڵات هاوسەفەر بووین. تا لە بیرم بێت، دوای تەواوکردنی کۆلێژی سەربازیی عیراق، ماوەیەک وەک ئەفسەر لە دەوروبەری خانەقین خزمەتی کردووە. زۆر جار باسی جوانی و پێشکەوتنی خانەقینی ئەو سەردەمە دەکات؛ بە جۆرێک کە هەست دەکەم ئەو شارە لە دڵی ئەویشدا جێگای خۆی گرتووە. یەکێک لە نیشانەکانی ئەو پێشکەوتنە، بوونی وێستگە و هێڵی شەمەندەفەر بوو؛ هێڵێک کە خانەقینی بە شارەکانی دیکەوە دەبەستەوە و ژیانی دەخستە جووڵە. خەڵک سەفەریان دەکرد، کاڵا دەگوازرایەوە و بازاڕ گەرم دەبوو. فیکەی شەمەندەفەر و هەواڵی گەیشتن و ماڵئاوایی رۆیشتن، بۆ خەڵکی شار دەنگێکی ئاشنابوون.

ئەم هێڵە ئاسنینە، ئینگلیز لە سەردەمی جەنگی یەکەمی جیهانییەوە بۆ مەبەستی سەربازیی دروستی کردبوو، دواتر سوودی بازرگانی و ئابووریی بۆ شارەکە هێنا و خانەقینی بە شارەکانی دیکەی عیراقەوە بەستەوە.

   دوو سەفەری ساڵەکانی شەستی سەدەی رابردووم بەو هێڵە، تا ئێستاش لە بیرم نەچوون. یەکەمیان لەگەڵ باوکم و خێزانەکەمان بوو بۆ بەغدا و زیارەتی ئیمام کازم؛ دووەمیشیان، بەبێ باوکم، بۆ زیارەتی ئیمام زەینەلعابدین لە داقوق، لە نزیک کەرکوک.

   ئەوەی لەو سەفەرانە لە دڵمدا ماوەتەوە، تەنیا شوێنی گەیشتن نییە؛ خودی رێگاکەیە. دەنگی چەرخەکان و فیکەی شەمەندەفەر و بۆنی دووکەڵی راکێشەرەکە، ئەو پەنجەرەیەی کە منداڵێکی خانەقینی لێیەوە سەیری جیهانی دەکرد. ئەو منداڵە نەیدەزانی رۆژێک دێت، هێڵەکە دەبڕدرێت و فیکەکە تەنیا لە یادەوەریدا دەنگدەداتەوە.

   لە بەرامبەر ئەو وێنەیەدا، لە خۆم دەپرسم: شارێک کە ئەوسا شەمەندەفەری هەبوو، بۆچی ئەمڕۆ دەبێت بۆ سەرەتاییترین پێداویستییەکانی چاوەڕوان بێت؟ چی بەسەر شاری خانەقین هات کە لەبری بەرەو پێشەوەچوون، ناچارە بەدوای ئەو دەرفەتانەدا بگەڕێت کە جارێک هەیبوون؟

   بچووککردنەوە و پەراوێزخستنی ئەم شارە کوردستانییە دێرینە، لە سەردەمی رژێمی سەدامەوە دەستی پێکرد. گواستنەوەی پاڵاوگەی ئەڵوەن بۆ بێجی و کارگەی دروستکردنی بەرمیل لە خانەقینەوە بۆ دۆرەی بەغدا، تێکدانی هێڵی شەمەندەفەر، بڕین و وشککردنی باخەکان و لاوازکردنی دەروازەی نێودەوڵەتیی مونزرییە، هەر یەکەیان برینێکیان لە جەستەی شاردا بەجێهێشت.
کارگەیەک کە دەگوازرێتەوە، کرێکارێک کارەکەی لەدەست دەدات و خێزانێک بۆ نانی سبەی ناچار بە رۆیشتن دەبێت. باخێک کە وشک دەبێت، جووتیارێک بەرهەمی رەنجی ساڵانی لەدەست دەدات. رێگایەک کە دەبڕدرێت، دەرفەتی هاتوچۆ و بازرگانی کەم دەبێتەوە. بەم شێوەیە، شار وردە وردە لاواز دەکرێت؛ تا گەنجەکەی چارەی خۆی لە رۆیشتندا ببینێت. رووخانی بەعس دەبوو کۆتایی بەو نادادپەروەرییە بهێنێت و دەرگایەکی تازە بەڕووی خانەقیندا بکاتەوە، بەڵام شارەکە هێشتا بە جۆر و شێوازێکی دیکە رووبەڕووی پەراوێزخستن دەبێتەوە؛ بەتایبەتی دوای رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەر، نیگەرانیی خەڵک لەسەر ناسنامە و داهاتووی شارەکەیان قووڵتر بووەتەوە.

   خانەقین نابێت تەنیا لە کاتی هەڵبژاردن، یان گەرمەی ناکۆکییە سیاسییەکاندا بێتەوە یاد. ئەو خەڵکەی لەوێ دەژین، هەموو رۆژێک پێویستیان بە ئاو و کارەبا، قوتابخانە و نەخۆشخانە، کار و ئارامی هەیە. پاراستنی ناسنامەی شارەکەش لە ژیان و مافی خەڵکەکەی جیا نییە.  راستە، ئەمانە هەمووی کراون و هێشتاش بەردەوامن، بەڵام خەیاڵیان خاوە. خانەقین، بە خەڵکە رەسەنەکەیەوە، بە گۆڕستانەکانییەوە، بە مەزار و گۆڕی شەهیدەکانییەوە، هەر دەمێنێت. پیلانەکانی دوژمنانیش، وەک پیلانەکانی پێشوو، دەشکێنرێن؛ چونکە رەگی ئەم شارە لە خاک و رۆحیشی لە دڵی خەڵکەکەیدایە.

   دەسەڵاتە پەیوەندیدارەکان لە بەغدا و هەرێمی کوردستان، هەر یەکە لە سنووری بەرپرسیارێتی خۆیدا، دەبێت وەڵام بدەنەوە: بۆ خانەقین چییان کردووە و چی دەکەن؟ پێویستە بەهێزکردنەوەی مونزرییە، پاراستنی ئەڵوەن، زیندووکردنەوەی باخ و کشتوکاڵ و رەخساندنی دەرفەتی کار، ببنە بەرنامەی دیار و تایبەت بە کاتی جێبەجێکردن و لێپرسینەوە لە ئەنجامەکانیان. گەڕاندنەوەی پەیوەندیی شەمەندەفەریش شایستەی لێکۆڵینەوەیەکی جدییە.

  وەفاداریی بۆ خانەقین لەوەدا دەردەکەوێت کە خەڵکەکەی بتوانن لە شاری خۆیاندا بە سەربەرزیی بژین و گەنجەکانی ناچارنەبن بۆ دۆزینەوەی داهاتوو، پشت لە زێدی خۆیان بکەن.
   کاک شێردڵ وێنەیەکی بۆ ناردم؛ وێنەکەش پرسیارێکی خستە بەردەمم. ئەو منداڵەی جارێک لە پەنجەرەی شەمەندەفەرەوە سەیری دنیای دەکرد، هێشتا لەناو مندا ماوە. ئەمڕۆ ئارەزووی ئەوەیە منداڵانی خانەقین دەرفەتیان بۆ بڕەخسێت و دڵنیابن لەوەی شارەکەیان جێگای ژیان و گەشەکردنە.

 فیکەی ئەو شەمەندەفەرە کۆنە لە گوێمدا دەنگ دەداتەوە؛ ئەمجارە وەک بانگێک بۆ بەرپرسیارێتی. خانەقین مافی ئەوەی هەیە رابردووی بپارێزێت و ئەمڕۆی ئاوەدان بکاتەوە و داهاتووی بە دەستی خەڵکەکەی بنووسێتەوە.

PUKMEDIA

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket