نەکا ئەو رۆژە بگەڕێتەوە
بیروڕا 09:47 AM - 2023-08-29
PUKMEDIA
ستران عەبدوڵڵا
نەکا ئەو رۆژە بگەڕێتەوە
کەتنی خێوەت و خیانەت
ستران عەبدوڵلا
مانگی ئابە کە باشتر بوو هەر یادی شەهادەتی سەرکردە ئازاد هەورامی لە ٣١/٨/١٩٨٨ بێت کە چیرۆکێکی کوردستانیی جوان و درەوشاوە بوو .
بەڵام چی بڵێین لەگەڵ سیاسەتگەلێک کە شەهیدەکان لە خەو ڕادەچڵەکێنێت و ناهێڵێت نەزیفی خوێن و خەمی شەهادەت کۆتایی پێبێت؟ وەک شەهید دڵشاد مەریوانی لە زمانی تەرجەمەی شیعری پاکانەوە دەیگوت؛ شەهیدەکان شەهید دەکرێنەوە.
عادەتەن لەو مانگی ئابە و سەرەتاکەی بە هێرش و پەلامار بۆ سەر هەرچی جوانە دەستپێدەکەن و کۆتایی مانگەکەش بە کەڵەکی کونکراوی ئاشتی دەسپێرن تا خەڵک یادی شەهیدەکانی نەکاتەوە و نەپرژێتە وەڵامدانەوەی بوختان و تەشهیرەکانیان، تا کەس نەڵێت کوا زامی شەهید و کفنی شەهید و گۆڕی شەهید؟ تا کەس ئەو ڕاستییە یاد نەکاتەوە ماکی گەندەڵی و بێ بەهاکردنی هەموو شتێک لە خیانەتی ئاب و لولەی دەبابەکانی بەعسدایە. عادەتەن ئەو رۆژە بە ئاشتی کاتیی پینە دەکەن تاوەکو دوو رۆژ دواتر بە نەشتەری کول و ژەنگاوییەوە دەست لە زامی دێرینی تۆمەت و تەهوین و تەوهین وەربدەنەوە.
بەڵام ئەم جارە یادەوەری کوردستان تیژ بۆتەوە و بەم تەکنیکە سادەیە و بەو تەکتیکە ژەنگاوییە فریو ناخوات ، بۆیە دەهری بوون .
باسی ماکی گەندەڵی لە دووتوێی ئابدا بۆ ئەوە نییە پەرێزی مانگەکانی تر و ساڵەکانی تر پاک بکرێتەوە. لە ئازار و لە نیسان و لە ئەیلولیش، لە ساڵەکانی تریش ئەم دەردە کوشندە هەبووە و هەیە. بەڵام ئابی ئەو ساڵەی ١٩٩٦ دڵنیایی نەتەوەیی و یەقینی نیشتمانیی بە دڵەراوکێی کۆمەڵایەتی و قینی ئامانجی دوارۆژ گۆڕییەوە. داستانی هەموو نەتەوەکان و ئەزموونی هەموو نیشتمانەکان وابووە و وایە کە وەختێک سەنگەرەکان تێکەڵ دەبن و حەرام و حەڵاڵی سیاسەت نامێنێ حەتمەن سەرمایەی کەڵەکەبووی نیشتمانسازیی جێی خۆی دەدا بە سووی دیناری دڕاوی دە بە دوانزە و مامەڵەی پسولەی سلێمان هەڵشۆیی و گەعدەی درەنگانی شەو.
دادی نیشتمانیی و دادوەری دامەزراوەکان دوو جمکن هیچ نەشتەرگەرییەکی موەفەق ناتوانێ لێکیان جیا بکاتەوە و بەسەربەرزی لێ دەربچێ. دادی نیشتمانیی لە (هەکاری) دادی نەداین و لەو شاخ و داخەی باکوردا وەرەقەی چرچی ئیمزاکانی تاوانی هەکاری ئازاترین رۆڵەکانی کوردستانی بە ئاربی جی RPG غەدر شەهید کرد. ئێ خۆ زۆر ئاساییە دادوەری ناو شارستێن و ناو دادگاکانی پایتەخت حوکمی سەیر و سەمەرەی وا بدەن کە کونسڵخانەکانیش سەریان لە ئاستیا سپی ببێ و سەمەرە ببینن.
وەختێک لە ئابی ساڵە شومەکەدا سەری ئۆپۆزسێۆنی عیراقی بە فەتارەتی هێرشی لە ناکاوی سوپای بەعس دەدرێ و سەر و ماڵی یەکێتی دەکرێتە قۆچی قوربانی بێدەنگیی ئیقلیمیی، ئاساییە لاوازی تۆماری سەردەمی بەرەنگاری رژێمی بەعس بە خیتابی (قابیلی قبوڵ نییە) و هەڕەشەی پەنجە و خۆڕاوەشان بەرامبەر حکومەتی دوای پرۆسەی رزگاری لە ٢٠٠٣ دا قەرەبوو بکرێتەوە.
ساڵی ئەزمەی عەلەمەکەتان لە بیرە کە چ ساڵێک و چ رۆژێک و چ مانگێک بوو؟
سیویەکی ئابی دوو هەزار و شەش بوو. یانی رێک دە ساڵ دوای سیویەکی ئابە مەشهورەکە) : ٣١/٨/١٩٩٦.
ئەو ساڵەی ٢٠٠٦ کە سەرۆک کۆمار لە خۆمانە، لە کورد و بزووتنەوەی رزگاریخوازی کوردستانە. لە ماڵی ئاوەدانی کوردایەتییە. ئەو ساڵەی کە سەرۆک کۆمار مام جەلالەو نە بەعس ماوە و نە عروبە حاکمە و نە دەبابە رووی لە کوردستانە، کەچی تۆڵەی بێ هەڵوێستی و کەم خوێنی نیشتمانی لە ٣١/٨/١٩٩٦ بە حەماسەتی درەنگ وەختی تەنگژەی ئاڵای کوردستان لە ٣١/٨/٢٠٠٦ دەکرێتەوە.
لەو ساڵەوە ئاوێکی زۆر رژاوە، وەڵڵا با وردتر بین.. لە چەند دیمەنی پێشتر و دواتریشدا ئاڵا، بەهی عیراق و بەهی کوردستانەکەشەوە، هەر لەگەڵ سیاسەتی شڵەژاودا هەڵیان نەکردووە و ماکی تەنگژە بوون. لەیەکەم دانیشتنە بەراییەکانی پەرلەمانی کوردستانەوە سەرۆکی فراکسیۆنی زەرد ئاڵای سێ ئەستێرە و ئەڵلاهوئەکبەری هێنایە ژوورەوە و فەریقی تۆپانێی ناردە ئۆلۆمپیادەکەی عودەی لە بەغدا، شاعیری گەل و وەزیری رۆشنیری نیشتمان، وەک ویژدانی زیندووی نەتەوە، پرۆتستۆی ئەم کارەی کرد. تا هەمان ئاڵا لە ٣١ ی ئابی ١٩٩٦ لەگەڵ سوپای بەعس هاتەوە پایتەخت و باخچەی پەرلەمان و لە ئابی ٢٠٠٦ خۆی دووبارە کردەوە و چەند جاریش لە کەرکوک و خانەقین و دەڤەری تری یەکلانەکراوە بووە ناونیشانی تەنگژە. لە جێی ئەوەی ئاڵا و پەرچەمی نەتەوە تەتویجی سەرکەوتنی سیاسیی و گوزارشت لە ئاهەنگی خۆشنودی نیشتمانی بکات، بووە سەبەب و بۆنەی نا ئارامی و نا جێگیریی سیاسیی لە وڵاتەکەدا.
سەددام ناوی پەلامارەکەی ٣١ ئابی ١٩٩٦ی ناو نابوو پرۆسەکانی (اب المتوکل علی اللە). (ئاب)ە هەم ناوی مانگی ئۆگۆستسە و هەمیش بە مانای (گەڕایەوە) دێت. هەموو ئابێک دەست لەسەر دڵ دابنێن نەوەک بگەڕێتەوە!
لەم چوارچێوەیە سەیری کەتنی بارەگا و خێوەت و خیانەت بکەن.
PUKMEDIA
هەواڵی زیاتر
-
سەرۆككۆمار: رێگە نادەین عیراق ببێتە پێگە بۆ دەستدرێژیكردنە سەر وڵاتانی دراوسێ
04:08 PM - 2026-09-12 -
سەعدی پیرە: ئەڵمانیا هەمیشە پاڵپشتی گەلی كوردە
03:49 PM - 2026-09-12 -
دوای تێپەڕبوونى حەوت ساڵ سەرۆکى چین سەردانى هندستان دەکات
01:53 PM - 2026-09-12 -
ئەمڕۆ و سبەینێ ئاسمان هەور دەبێت
10:35 AM - 2026-09-12
ئەمانەش ببینە
دەم پارتی داوای لێکۆڵینەوە لە ئاڵۆزییەکانی رۆژئاڤا دەکات
03:39 PM - 2026-09-12
مەزڵوم عەبدی کار بۆ ئاساییکردنەوەی رەوشی کۆبانێ دەکات
02:47 PM - 2026-09-12
لەم هەفتەیەدا مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم خەرجدەکرێت
11:35 AM - 2026-09-12
سبەینێ سەرۆکوەزیرانی عیراق سەردانی فەرەنسا دەکات
10:55 AM - 2026-09-12
زۆرترین خوێنراو
-
دوای تێپەڕبوونى حەوت ساڵ سەرۆکى چین سەردانى هندستان دەکات
جیهان 01:53 PM - 2026-09-12 -
مەکتەبی سیاسی پرسەنامەیەک ئاڕاستەی هەڤاڵ رزگار حاجی حەمە دەکات
پرسەنامە 01:14 PM - 2026-09-12 -
لەم هەفتەیەدا مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم خەرجدەکرێت
کوردستان 11:35 AM - 2026-09-12 -
سبەینێ سەرۆکوەزیرانی عیراق سەردانی فەرەنسا دەکات
عیراق 10:55 AM - 2026-09-12 -
ئەمڕۆ و سبەینێ ئاسمان هەور دەبێت
کوردستان 10:35 AM - 2026-09-12 -
"تەرزەی ناوچەکە" تارمایی دوای ئەمریکا
بیروڕا 10:06 AM - 2026-09-12 -
گرژی و ئاڵۆزییەکانى کۆبانێ 26 قوربانى لێکەوتەوە
کوردستان 09:24 AM - 2026-09-12 -
سەرۆک بافڵ: 11ی سێپتەمبەر وەبیرهێنەرەوەی دەرئەنجامە وێرانکەرانەکەی تیرۆرە
کوردستان 07:21 PM - 2026-09-11




.png)

.png)
دابەزێنە

