riklam

باڵیۆزانی بێ دەوڵەت، چۆن خوێندكارانی كورد، کەلتوری كوردستانیان بە روسیا ناساند؟

کوردستان 12:06 PM - 2026-09-14
رووسیا justgorussia.co.uk

رووسیا

رووسیا پرۆسەی خوێندن

لە كوردستانەوە بۆ مۆسكۆ.. گەشتی خوێندكارانی کورد لە ناو ژینگەی کەلتوریی روسیادا

ئەم راپۆرتە لە چوارچێوەی پڕۆژەیەکی هاوبەشی کەلتوریی نێوان رۆژنامەی کوردستانی نوێ و بڵاوکراوەی یارکوب ئامادەکراوە، کە ئامانجی ئاشناکردنی خوێنەرانە بە کەلتور و مێژوو و نەریت و ژیانی هاوچەرخی هەردوو گەلی کورد و روس، هەروەها پەرەپێدانی لێکتێگەیشتنی هاوبەشە لەڕێگەی گفتوگۆی راستەوخۆوە.

پرۆسەی خوێندن لە دەرەوەی وڵات تەنها وەرگرتنی زانیاری ناو كتێبەكان نییە، بەڵكو تێكەڵاوبوونە لەگەڵ كۆمەڵگە، كەلتور، ژیان و خەڵکی وڵاتی نوێدا. لەم چوارچێوەیەدا روسیا دەیان ساڵە ناوەندێكی گرنگی راكێشانی خوێندكارانی بیانییە، بەتایبەت خوێندكارانی باشووری كوردستان و عیراق. ئەو خوێندكارانەی روویان لەو وڵاتە كردووە، بوونە باڵیۆزی كەلتووریی وڵاتانی خۆیان لە روسیا، هەروەها توانیان سوود لەو کەشە دەوڵەمەندەی روسیا وەربگرن، لەهەمانکاتدا بە دیدگایەکی جیاوازتر بگەڕێنەوە بۆ كوردستان، ئەمەش بووە هەوێنی گۆڕانکاریی کەلتوری لە کۆمەڵگەی کوردیدا، چونكە روسیا بە شانۆ، کتێبخانە مەزنەکان، رۆمان، چیرۆك، ئەدەبیات و تێکەڵاوبوونی گەلان بەناوبانگە، ئەو وڵاتە ژینگەیەکی وای رەخساند ئەو خوێندكارە كوردانەی چونەتە ئەوێ، بتوانن بەهرە، توانا و رەسەنایەتی خۆیانی تێدا تاقیبکەنەوە. 


ئەم راپۆرتە تیشك دەخاتە سەر وێستگەكانی ژیانی بەشێك لەو خوێندكارانەی لە چەند قۆناغێكی جیاجیادا لە روسیا خوێندنیان تەواوكردووە و باسی ئەو ئاستەنگانە دەكەن، كە لەو وڵاتەدا رووبەڕوویان بۆتەوە.

کۆنگرە و خوێندن 

یەكێك لەو خوێندكارانەی لە ساڵی (1966) بۆ خوێندن رووی لە روسیا (یەكێتیی سۆڤیەتی جاران) كردووە، د.جەمشید حەیدەری-ە، قسەمان لەگەڵ د.جەمشید كرد و ئەو لەسەرەتادا وا باسی كرد كە بنه‌مای چوونی بۆ سۆڤیه‌ت، بەمەبەستی بەشداریكردن بووە لە كۆنگره‌ی یه‌كێتیی قوتابیانی جیهان له‌ شاری لێنینگراد (سانت پیترسبۆرگ)، بەڵام دواتر پێیانووتووە كۆنگرەكە تەواو بووە و بۆ خوێندن وەرگیراوە.

د.جەمشید چیرۆکەكەی بەمشێوەیە بۆ گێڕاینەوە و وتی: سەرەتا بەغدادم بەجێهێشت و لە رێگای سوریاوە گەیشتمە لوبنان، بەڵام ڤیزاكەم بۆ ماوەی نزیکەی (20) رۆژ دواکەوت، بۆیە بۆم نەكرا بەشداری کۆنگرەكە بکەم. رۆژی 31-8-1966 ئێوارەكەی گەیشتمە فڕۆکەخانەی شێریمیتۆڤا لە مۆسکۆ، دیارە لەو رۆژەدا، چەند خوێندکارێکی تر دەگەیشتنە مۆسکۆ بۆ خوێندن. لە فڕۆکەخانە کچێکی روس لە رێکخراوی کۆمسۆمۆل (یەکێتی گشتی لاوانی کۆمۆنیست) چاوەڕوانی دەکردین، ئێمەیان خستە نێو پاسێک، بەرەو شار بەڕێکەوتین. فڕۆکەخانە نزیکەی 40 كلیۆمەتر لەشارەوە دووربوو، لە رێگادا کچەکە پرسیاری لێکردم؛ وتی تۆ دەتەوێت چی بخوێنی؟ منیش وەڵامم دایەوە و وتم من بۆ خوێندن نەهاتووم، بۆ بەشداری کۆنگرەكە هاتووم. ئەو وتی؛ کۆنگرە تەواوبووە، تۆ بۆ خوێندن لێرە وەرگیراویت. منیش وتم؛ ئەگەر وابێت دەمەوێت پزیشکی بخوێنم. سەرەتا ئێمەیان بردە بەشی ناوخۆیی ئینستتیوتی وزە و بەسەر دوو ژووردا دابەشیان کردین. من و کوڕێکی ئیندۆنیسی لە ژوورەكە پێكەوەبووین، کە لە (چین)ەوە هاتبوو، دواتر چوینە كافتریا، لەوێ چاوم بە چەند خوێندكارێكی وڵاتانی عەرەبی كەوت و پرسیاری خوێندكاری عیراقیم لێكردن، ئەوانیش وتیان لێرە خوێندكاری عیراق هەیە. پاش ئەوەی گەڕامەوە ژوورەکەم، کوڕێک لە دەرگایدا و خۆی پێناساندم، وتی؛ لە کۆمەڵەی خوێندکارانی عیراق کاردەکەم، دوای ئەوەی یەکترمان ناسی، پێیڕاگەیاندم، کە چەند خوێندکارێکی کورد لەو بەشە ناوخۆییەدا دەژین و خەڵکی شاری هەولێرن، دواتر کە من لە زانکۆی لۆمۆمبا وەرگیرام، کۆمەڵگەی زانکۆ یاخود ئەپارتمانەکانی کە بۆ زانکۆ تەرخانکرابوون، لە حەوت بلۆک پێکهاتبوو، دوو یان سێ بلۆک دوو نهۆمی بوون، بلۆکی یەک و دوو بەشی ناوخۆیی ئامادەیی زمان و ئیدارە بوو، دوو بلۆکی پێنج نهۆمی و دوو بلۆکی حەوت نهۆمی. یەکێک لە بلۆکەکان تەنیا بۆ کچەکان و خاوەن خێزانەکان تەرخانکرابوو.

فێربوونی زمان

سەبارەت بە فێربوونی زمانی روسی، د.جەمشید حەیدەری دەڵێت: لەو کۆلیژەدا ماوەی فێرکردنی زمان 10 مانگ بوو، خوێندکاران بە گروپ لەسەر بنەمای رشتەی داهاتووی خوێندن دابەشدەکران، گروپەکانی پزیشکی، مێژوو، زمان و ئەدەبیات، یاسا و زانستی سیاسی، ئەندازیاری، کشتوکاڵ... هتد. ئەو گروپانەش لەناوخۆیاندا دابەشکردنێکی تریان هەیه، کە پێویستە لەبەرچاو بگیرێت، ئەویش مەسەلەی زمانی هاوبەشە. واتە ئەوانەی یەك زمانی هاوبەش کۆیاندەکاتەوە. مەبەست لێرەدا، زمانی دایک نییە، بەڵکو زمانی دووەمە، کە لە رێگای ئەو زمانەوە لێکتێدەگەن، وەكو زمانەکانی (ئینگلیزی، فەرەنسی، ئیسپانی)، بەڵام بۆچی ئەو سێ زمانە پتر لەبەرچاودەگیرێت؟ چونکە زۆربەی ئەو خوێندكارانەی هاتبوون، زمانی دووەمیان یەکێک لەو زمانانەیە، ژمارەی گروپی خوێندکاران لەنێوان (7-5) خوێندکارە.

كۆرسەكانی خوێندن 

سێ مانگی یەکەم، تەنیا زمان دەخوێندرێت، لەگەڵ رەچاوکردنی رشتەی داهاتوو، واتە بابەتەکانی زمان و وشە و زاراوە راستەوخۆ پەیوەندییان بە خوێندنی داهاتووەوە هەیه. سێ مامۆستا وانەكانی فۆنۆتیک، رێزمان، بابەتی گشتی دەڵێنەوە و خوێندن بەسەر دوو کۆرسدا دابەشدەکرێت. د. جەمشید لەم بارەیەوە دەڵێت: كۆرسی یەكەم دەخوێنیت، دواتر تاقیكردنەوەیەك دەكەیت، دواتر كۆرسی دووەم دەستپێدەكات و دواتر تاقیكردنەوە، رۆژانە 5-6 سەعات وانە دەخوێندرێت، هەروەها لە کاتی خوێندنی زمان لە مانگی یەکەمدا، مامۆستا زۆرجار بۆ شیکردنەوە، بەپێی هاوبەشیی گروپەکە، پەنا بۆ زمانی دووەم دەبات. لە مانگی دووەمدا، خوێندکار پێویستە لە رێگەی فەرهەنگی دوو زمانی بە دوای وشە و واتاکاندا بگەڕێت، مامۆستا تەنیا بە زمانی روسی دەدوێ (واتە زمانی بێگانە بەکارناهێنێت). لە کۆرسی دووەمدا، لە دوای نیوەی ساڵ، بابەتەكانی خوێندن زۆر دەبن، جگه لە زمان و رشتەکانی پەیوەندیدار بە خوێندنی داهاتووش دێتە گۆڕێ. من لە بەشی پزیشکی دەمخوێند، لە تەك زمان، كۆمەڵێك بابەتی دیکەی پێویستم دەخوێند وەكو کیمیا، بایۆلۆجی، ئەنەتۆمی (توێکاری)، بیرکاری، لەگەڵ هەندێك بابەتی گشتی وەکو مێژووی سۆڤیەت، کۆمەڵگەی سۆڤیەت، بنەمای گشتیی ئابووری و فەلسەفەش دەخوێندرێت، خوێندکار ئەگەر لە سێ مانگی یەکەم خۆی ماندووبکات، لە کۆرسی دووەمدا خوێندنەكەی بە ئاسانی بەرەو پێش دەڕوات، لەتەك خۆماندووکردنی خوێندکار، کۆمەڵگەش یارمەتیدەرە، چونکە هەڵگری زمانەکە (روسەکان) مرۆڤدۆستن و هەروەها زمان و کەلتوری خۆیان خۆشدەوێت، بۆیە کاتێك خوێندکاری بێگانە گفتوگۆیان لەگەڵ دەکات و تێکەڵاویان دەبێت، لەکاتی قسەكردن، ئەگەر هەڵەیەکی زمانەوانی یاخود دەربڕین (فۆنۆتیک) روویدا، ئەوان یەکسەر بۆی راستدەکەنەوە، بێگومان ئەوەش یارمەتیدەرێکی گەورەیە بۆئەوەی بە چاکی و زوویی فێری زمان بیت.

خەرجیی خوێندن

وەك یەكێك لە خوێندكارە یەكەمەكانی عیراق دوای تەواوكردنی زانكۆ چووە بۆ روسیا (یەكێتیی سۆڤیەت)، ئەو خوێندکارە سەرکەوتووە، د.كەمال عەبدوڵڵایە، مامۆستای زانكۆ، كە لە ساڵی  (1977 – 1985) بۆ خوێندن رووی لەو وڵاتە كردووە. ئەویش بەمشێوەیە چیرۆكی خۆی بۆ كوردستانی نوێ گێڕایەوە و وتی: بەهۆی ئەوەی لە یەكەمەكانی زانكۆ بووین، من دووەمی زانكۆكەی خۆم بووم، لەبەرئەوە هەموو خەرجی و تێچوویەكی چوونمان بۆ روسیا لەسەر ئەركی دەوڵەتی عیراق بوو، ئەوكاتە حكومەت خوێندكارە یەكەم، دووەم و سێیەمی هەموو بەشەكانی بۆ درێژەدان بە خوێندن دەناردە دەرەوەی وڵات. سەرەتای چوونمان بۆ روسیا تا ماوەیەك زۆر قورس بوو، چونكە كەلتور، نەتەوە و وڵاتێكی جیاواز بوو لە وڵاتی ئێمە، تا ئێمە گونجاین لەوێ ماوەیەكی زۆری پێچوو، سەرەتا كە چووین مامۆستایان بۆ دابینكردین بۆ فێربوونی زمان، هەروەها لەوێ فێری زۆر شت بووین یەكێك لەوانە ئەو مامۆستایەی وانەی زمانی پێدەوتین، پرسیاری ئەوەی لێكردم چی دەربارەی موزیك دەزانم؟ منیش وتم هیچ نازانم، بەڵام وتی؛ دەبێت بچیتە بازاڕ و هەندێك كتێب و بڵاوکراوە لەسەر موزیك بكڕیت و پێویستە خۆت فێری ئامێرێكی موزیك بكەیت و گوێشی لێبگرن، چونكە ئەمە رۆشنبیرییە. هەروەها ئێمە لەوێ فێری ئەتەكێتی سەركەوتنی پاس بووین، چونكە بۆ سەركەوتن لە پاس پێویستە بەڕیز بوەستیت و نابێت نۆرە بڕێ بكەیت و پێش كەسی تر بكەویت، هەروەها لە مۆڵەكان و بازاڕیش ئادابی تایبەت بە خۆیان هەبوو، تەنانەت لە سەمونخانەكانیش هەموو جۆرە سەمونێكی تایبەت بە خۆیان هەبوو، ئێمەش نەماندەزانی دەچووین بە جارێك زیاتر لە 10 سەمونمان دەكڕی، بەڵام ئەوان تەنها بۆ یەك ژەم سەمونێك یان دوو سەمونیان دەكڕی، چونكە لە هەموو شوقەیەك ماركێتێك هەبوو، هەموو پێداویستییەكانی تێدابوو، هەروەها ئەوەی شۆكێكی گەورەبوو بۆ ئێمە، میترۆكان بوون، چونكە میترۆ لەوێ سێ قات بوو، ئەوە یەكەمجاربوو ئێمە ئەوە ببینین بە قادرمەی كارەبایی بچیتە خوارەوە و سێ قات میترۆ ببینیت، لای خۆمان كە دەچیتە ناو پاس، هەموو دەستدەكات بە قسە، بەڵام لای ئەوان ئەوە نەبوو، بەڵكو كتێبیان دەخوێندەوە.

كۆمەڵگەی كراوە و گیانی هاوكاری 

خوێندكاری وڵاتانی تریش لەوێ هەن، یان لەسەر خۆیان یاخود لەسەر خەرجی روسیا دەیانخوێند و تەواوی تێچووی خوێندنەكەیان لەلایەن حكومەتی روسیاوە دابیندەكرا. د.كەمال باس لەوە دەکات؛ روسەكان كۆمەڵگەیەكی كراوەن و داخراونین، نەتەوەیەكن گیانی هاوكارییان هەیە، بۆ نموونە پرسیاری شوێنێك لە كەسێك بكەیت، بەشێوەیەكی جوان وەڵامتدەداتەوە، یان كاتێك دەزانێت تۆ میوانیت و خەڵكی ئەو وڵاتە نیت، ئەوا زۆر هاوكاریت دەكات و رێزت لێ دەگرێت، هەروەها ئەوان گەلێكن زۆر هێور و لەسەرخۆن، چەندینجار ئێمە لەكاتی نانخواردن یان كڕینی پێداویستییەك، خواردنەكە یان ئەو شتەمان بەدڵ نەبووە، پێمانوتوون ئەوانیش بۆیان گۆڕیوین و بە پێكەنینەوە قسەیان لەگەڵ كردووین، هەروەها ئەوان زۆر سەرقاڵی وەرزشكردنن بۆیە لایەنی تەندروستییان زۆرباشە، كەسێك نابینیت لەوێ بڵێت سەرئێشەم هەیە وەك لای خۆمان یان بڵێت گیانم دێشێت.

كەلتوری روسی 

هەر سەبارەت بە چوونی خوێندكارانی كورد بۆ روسیا لەم ساڵانەی دواییدا، قسەمان لەگەڵ د.محەمەد كاكە مامۆستای زانكۆ و یەكێك لەو خوێندكارانە کرد، كە لە ساڵی (2016 – 2020) بۆ خوێندن رووی لە روسیا كردووە، ئەویش بەمشێوەیە باسی لەو وڵاتە كرد و وتی: بەهۆكاری ئەوەی من پێشتر زمانی روسیم زانیوە، ژیانكردن لەو وڵاتە بۆمن ئاسانتر و گونجاوبوو، هەروەها مامەڵەكردن لەگەڵ هاووڵاتیی روسی زۆر ئاساییە، چونكە تاكی روسی وەكو هاووڵاتیانی وڵاتانی تری ئەوروپا نین، مامەڵەكردن و تێكەڵاوییان وەكو خۆمان وایە و كەلتوریان نزیكە لە كوردەوە، هەستدەكەیت مامەڵە لەگەڵ خێزانێكی كورد دەكەیت، خوشك و برایەتی و خزمایەتییەكی باش هەیە لەنێوانیاندا، لەوێ هاوڕێمان هەبووە چوینەتە ماڵەكەیان یان باخیان هەبووە لەوێ میوانداری كردووین، كەلتورێكی دەوڵەمەندیان هەیە، چیرۆكی جۆراوجۆر و خۆشیان هەیە و بابەتی زۆر جوانیان هەیە بە تایبەتی لە بواری پەروەردەی منداڵ، وڵاتێكن بە هۆكاری ئەوەی سروشتێكی سەختیان هەیە، لە ئیشوكاردا توانای بەرگەگرتنی باشیان هەیە، كە كارێكیان لەگەڵ دەكەیت، تۆ بە ماوەیەكی كەم ماندوودەبیت، بەڵام ئەو ماوەیەكی زیاتری پێدەچێت تا ماندوودەبێت، گەلێكی پشوودرێژترن، مامەڵەكردن لەگەڵیان خۆشە.

روسیای نوێ 

دەربارەی دۆخی ئەو وڵاتەش، د.محەمەد كاكە دەڵێت: ئەوكاتەی ئێمە لەو وڵاتە بووین، كاتی بوژاندنەوە بوو، شێوازێكی بیركردنەوە دروستببوو بە ناوی (پوتینیزم)، كە لە ئابووریی و  لایەنی یاساییدا زۆر رەنگی دابووەوە، ئەمەش كاریگەری هەبوو لە زانكۆكاندا، وایكردبوو پارەیەكی زۆرباش بچێتە ئەو زانكۆیانە و خۆیان وەبەرهێنانیان دەكرد لە رێگەی خوێندكاران و بەشە زانستیەكانییەوە، چەندین گرێبەستیان هەبوو لەگەڵ كۆمپانیا گەورەكان بۆ دروستكردنی نەخۆشخانە، مەلەوانگە و شوێنی وەرزشی، لە بواری ماركێتینگدا كۆمەڵێك خوێندكاری زۆری لەبەردەستدابوو، كە هەندێك كات هەستتدەكرد زانكۆكان وەك كۆمپانیایەك وان و شارێكی خوێندكارییان دروستكردبوو، كە ببووە سەرچاوەیەكی باشی داهات بۆیان. زانكۆكان بەشدارییان لە كۆمەڵێك كۆنفرانس و دیداری گەورەی جیهانیدا دەكرد، چەندین كەسایەتی گەورەی جیهانییان بانگهێشتی زانكۆكانی خۆیان دەكرد و ساڵانەش لە بوارە جیاوازەكاندا كۆنفرانسی زۆر گەورەیان هەبوو، هەوڵیاندەدا دوانەكەون لەو زانستە جیهانییەی لە دنیادا هەبوو، لە زۆربەی زۆری بوارەكاندا ئەو زانكۆیانەی روسیا بە تایبەتی لە بواری تەكنۆلۆژیا زۆر پێشكەوتبوون، كە ئەمەش كاریگەری هەبوو لەسەر پرۆگرامی خوێندنیان.

كوردستانی نوێ / PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket