بەغداد مووچەی بۆ هەرێم نارد

کوردستان 03:43 PM - 2026-11-04
دراوی عیراقی PUKMEDIA

دراوی عیراقی

دوانیوەرۆی ئەمڕۆ 4ی11ی2026، زیاتر لە 834 ملیار دینار وەک تەمویلی مووچەی مانگی تشرینی یەکەمی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان و ئەمڕۆ لیستی مووچە بڵاودەکرێتەوە و دابەشکردنیشی دەکەوێتە رۆژی یەکشەممە.

بەپێی راگەیەندراوێکی وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێمی کوردستان، دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ بڕی 834 ملیار و 920 ملیۆن دینار وەک تەمویلی مووچەی مانگی تشرینی یەکەمی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان.

وەزارەتی دارایی ئاماژەی بەوەشکردووە: هاوشێوەی چەند مانگی ڕابردوو وەزارەتی دارایی فیدراڵ بڕی 120 ملیار دیناری وەک پشکی گەنجینەی فیدراڵی لە داهاتی نانەوتی هەرێم بۆ مانگی تشرینی یەکەم لە کۆی تەمویلی مووچە بڕیوە.

دەشڵێت: بڕی 4 ملیار و 476 ملیۆن و 540 هەزار دیناری لە تەمویلی مووچەی مانگی تشرینی یەکەم نەناردووە کە بریتییە لە شایستەی مووچەی مانگەکانی ڕابردووی خانەنشینانی شارستانی و سەربازی.

وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێم، رایگەیاندووە: لەبەرئەوەی کاتی داخڵ بوونی پارە بۆ سەر هەژماری وەزارەت کەوتە کۆتایی دەوامی رەسمی، بەو هۆیەوە تەواوکردنی ڕێکارەکان و وەرگرتنی پارەکە لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق دەکەوێتە سبەی لە کاتی دەوامی رەسمی.

لە کۆتایشدا، رایگەیاندووە: هەر ئەمڕۆ چوارشەممە لیستی مووچەی سەرجەم مووچەخۆران بڵاودەکرێتەوە، بەهۆی ئەوەی ڕێکارەکانی گواستنەوەی پارە بۆ سەر هەژماری بانکی مووچەخۆران پێویستی بە ڕێکاری تەکنیکییە لە بانکی ناوەندی عێراق بە سیستەمی ( ACH ) و جێبەجێکردنی ئەو ڕێکارەش پێویستی بە ماوەی ڕۆژێکی تەواو هەیە، ئەوەش وادەکات تەواو کردنی ڕێکارەکانی گواستنەوەی پارە بۆ سەر هەژماری مووچە خۆران بکەوێتە ڕۆژی یەک شەممە.

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە