یەكەم قائیمقامی قەزای خورماڵ دەستبەكار بوو
کوردستان 11:58 AM - 2026-11-23
PUKMEDIA
یەكەم قائیمقامی قەزای خورماڵ دەستبەكاربوو
بە ئامادەبوونی پارێزگاری هەڵەبجە، لە مەراسیمێكدا مامۆستا ئەركان حەسەن وەك یەكەم قائیمقامی قەزای خورماڵ دەستبەكاربوو و رایگەیاند: قۆناغێكی نوێی بنیاتنانەوە و بەرزكردنەوەی ئاستی فەرمانگەكانی سنوورەكە دەستپێدەكەین.
ئەمڕۆ 23ی 11ی 2026، لەمەراسیمَكدا مامۆستا ئەركان حەسەن وەك یەكەم قائیمقامی قەزای خوڕماڵ دەستبەكاربوو، لە سەرەتای مەراسیمەكەشدا، نوخشە ناسح، پارێزگاری هەڵەبجە، وێڕای پیرۆزبایی و سوپاسی بۆ دانیشتوانی قەزای خورماڵ رایگەیاند: دانیشتوانی قەزاكە رۆڵیان هەبووە لەوەی خورماڵ وەك یەكێك لە قەزا جوانەكانی سنووری پارێزگای هەڵەبجە و هەرێمی كوردستان بناسرێت.
هیواشی خواست لە داهاتوودا چەندین پڕۆژە و شوێنی دیكە وەك بەشێك لە قەزای خورماڵ بناسێندرێن.
هەر لەمەراسیمەكەدا، مامۆستا ئەركان حەسەن، بەبۆنەی دەستبەكاربوونی وەك یەكەم قائیمقامی قەزای خورماڵ، سوپاسی ئامادەبووانی كرد و رایگەیاند: خورماڵ پێش هەڵەبجە قەزا بووە و ئێستاش بە هاوكاری پارێزگاری هەڵەبجە، كەسایەتییەكان و دامودەزگا حكومی و حیزبییەكان، قۆناغێكی نوێی بنیاتنانەوە و پڕۆژە ئیدارییەكان دەستپێدەكەین.
قائیمقامی خورماڵ روونیشیكردەوە: كە بە ئەزموونی 19 ساڵەی لە بواری قائیمقامییەت و كاری ئیداریدا، ئاگاداری پێداویستی و كەموكورتییە ئیدارییەكانی خورماڵە و جەختی كردەوە كە سەرەڕای دەستخۆشی لە كارە خزمەتگوزارییەكانی رابردوو، پێویستە فەرمانگە و بەڕێوەبەرێتییەكانی وەك پەروەردە و تەندروستی پلەكانیان بۆ ئاستی قەزا بەرز بكرێنەوە.
لە كۆتاییشدا جەختی كردەوە كە قەزای خورماڵ تەوێڵە، بیارە و گوندەكانی شارەزوور دەگرێتەوە و دەبێت خزمەت بكرێن، هەروەها كار بۆ دابینكردنی میلاك و دامەزراندنی كەسانی دڵسۆز و شارەزای ناوچەكە دەكەن و سوپاسی رۆڵی قوباد تاڵەبانی، وەهاب هەڵەبجەیی، بۆردی حكومەت لە یەكێتی، پارێزگاری هەڵەبجە و لێپرسراوی مەڵبەندی هەڵەبجەی كرد لە بەقەزاكردنی خورماڵدا.
قەزای خورماڵ دەكەوێتە سنووری پارێزگای هەڵەبجە و شارۆچكەی خورماڵ ناوەندی قەزاكەیە و پێگە جوگرافییەكەی بە نزیكی لە دەشتی شارەزوور و نزیكبوونی لە ناوچە شاخاوییەكانی هەورامان و تەوێڵە و بیارە دەناسرێتەوە.
PUKMEDIA
هەواڵی زیاتر
-
عوسمان سەعید نادر: هەميشە پێشمەرگەی یەكێتی و گەلی كورد دەبین
03:04 PM - 2026-11-23 -
رێنمایی نوێ بۆ تۆماركردنی ئۆتۆمبێل دەردەكرێت
12:18 PM - 2026-11-23 -
هاووڵاتییەك بە تۆمەتی رشتنی رۆنی رەش و پیسكردنی ژینگە دەستگیر دەكرێت
11:26 AM - 2026-11-23 -
دیداری دادپەروەری بۆ ژنان بەڕێوەدەچێت
10:29 AM - 2026-11-23
ئەمانەش ببینە






دابەزێنە

