ئازاد چالاک: شانازی بە رابردووی سیاسیی خۆمانەوە دەکەین

کوردستان 03:16 PM - 2026-11-24
بەشێک لە سەردانەکە PUKMEDIA

بەشێک لە سەردانەکە

 لە چوارچێوەی سەردانەکانیدا بۆ لای کەسایەتییە سیاسی و رووناکبیری و میدیاییەکانی کوردو (ی.ن.ک)، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە، وەفدێکی مەکتەبی راگەیاندن و هۆشیاریی (ی.ن.ک) سەردانی پێشمەرگەو میدیاکاری سەردەمی شۆڕش و شاخ کاک ئازاد رەفیق چالاک-ی لە شاری سلێمانی کرد. 

 لەو سەردانەدا جگە لە گەیاندنی سڵاو و رێزی لێپرسراوی مەکتەبی راگەیاندن و هۆشیاری بە بەڕێزی، چەپکەگوڵی رێزو خۆشەویستیی مەکتەبیشی پێشکەشکرا و ئەوە دووپات کرایەوە کە مەکتەب بە وەفایە بۆ هەموو ئەو هەڤاڵە دێرینانەی ئێستاو سەردەمی شاخ و شۆڕشی نوێ کە خزمەتی خەڵکی کوردستان و یەکێتییان کردووە.

هاوکات ئامانج و بەرنامەی سەردانەکانیشی بۆ روونکرایەوە و لە نزیکەوە لە هەواڵیان پرسییەوە، لە بەرامبەردا کاک ئازاد رەفیق چالاک کە لە سەردەمی شاخ و شاریشدا و لە قۆناغی جیاجیا بەڕێوەبەری ئێزگەی دەنگی گەلی کوردستان بووە، زۆر سوپاسی وەفدەکەی مەکتەبی کردو خۆشحاڵبوو بە سەردانەکەو راگەیاند کە ئەو سەردانانە کاری باشن و ئێمەش کە سەردەمانێکی زۆر لە ریزی شۆڕشی نوێی گەلەکەماندا بووین هەمیشە شانازی بەو رابردووە سیاسییەی خۆمانەوە دەکەین.

لە دیدارەکە هەندێ رووداوی سەردەمی شۆڕش و شاخی گێڕایەوەو رۆڵی خوالێخۆشبووان سەرۆک مام جەلال و کاک نەوشیروان مستەفای لە شۆڕش و دوای راپەڕین باسکرد، هیوای خواست کە هەموو لایەک بیرمان بێت کە شۆڕش و خەباتی یەکێتی لە پێناوی خەڵکی کوردستاندا بووە.

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە