وەرە كۆمێنت
بیروڕا 01:24 PM - 2026-10-12
تو شەرەفت عەیب ناكەیت!!؟؟ بۆ دانانی هەواڵێكی سەقەت و ناونیشانێکی خەیاڵی، سێ جار ئەو خەڵكە توشی هەوراز و نشێو و تولەرێگەكانی کلیل و قوفڵی میدیا دەكەن؟ لە دەرەوە بەناونیشان وێڵمان دەكەن، پاشان لەدرێژەدا دەنوسن (بڕۆ كۆمێنت)، لە كۆمێنتەوە دەمانبەنە ناو سایتەكە، جا بەخێرێ هەر كاتێك ئێمەی خوێنەر دوای ئەم هەموو تەقەڵە، گەشتینە كرۆكی هەواڵەكە، رێك 180 پلە لە ناونیشانەكەوە دوورە، منی خوێنەر وامدەزانی ئەم بابەتە لای خۆمان روویداوە، كەچی كە بە فەلاكەت دەگەمە هەواڵەكە، شوێنی روداو (كۆڵۆمبیا) یە!! بۆیە منیش لەسەرپێ هەزار جنێوی جوان و تەڕ و پاكوپوختتان بۆ حەواڵە دەكەم و بڕیاریش دەدەم هەتا ماوم سەردانی ئەو هین خانەیەتان نەكەم.
دەزانن لەوەڵامدا چی پێوتم: ـ عەمری خوێنەرێك نەمێنێت نەتوانێت سێ جار بە نوكی پەنجەی كلیك بكات تا بگاتە هەواڵێك!! ئێمەش پێویستمان بە ئەکتیڤیتی پەیج و سایتەکانمان ھەیە، خۆ داوای ماچمان لێنەکردوون، داوای تەنھا سێ کلیکتان لێدەکەین!! منیش وتم: عەمری تۆ نەمێنێت كە بە رۆژی روناك فڕوفێڵ لە خوێنەرەكانتان دەكەن، لەم حاڵەتەدا جیاوازیی تۆ لەگەڵ كابرایەكی گیرفان بڕ و باخەڵ دڕدا چیە؟
ـ وتی: جا بۆ ناشمانكەیت بە دز و جەردەی رۆژی نیوەرۆ!
ـ وتم: جیاوازیی لەپرۆسەی فێڵكردندا نیە، ئیتر پارە بدزیت یان كات بدزیت یان مێشك داشۆریت و بیكوژیت، فێڵ هەر فێڵە، بەسە ئیتر ئێوەش وەرنەوە سەر دینی راست و وەك بەشەر کاری میدیا بكەن و ناوی خوای لێبێنن، باوەڕ بكەن خەڵك زۆر لێتان نیگەران و بێزارە، تەواو سۆشیال میدیاتان كردوە بە تەنەكەی خۆڵ، ئەوەی خۆشەویستیی بێت نەتانماوە، تەنها كات و چاوی ئەو خەڵكە خەساردەکەن، هیچی باش ناكەن، خۆزگە بزانن شەقام چەند لێتان توڕەیە!!
ئەم ئاخاوتنەی سەرەوە دەقاودەق قسەی نێوان من و كەسێكی بەرپرس بوو لە چەندین سایت و پەیج و پلاتفۆرمی تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان، وەك خۆی گواستمەوە، بەڵام ھەیھووووو... زۆر باسی ئەو كۆڕ و سیمنارانەم بۆ كرد كە ئێمە لە سلێمانی لەسەر ئەم بەڵایە، بۆ ئێوەمانانمان کردبوو، بەڵام دیاربوو بێسودبوو، باسی سیمپۆزیۆمی (سۆشیال میدیا.. هەڕەشە و چارەسەر) م بۆ كرد کە لەساڵی 2023 سازمان كرد، ھەروەھا سیمپۆزیۆمی هاوبەش لەگەڵ كۆمەڵەی پزیشكانی دەرونی كوردستان لە ساڵی 2025 بەناونیشانی (تەندروستی دەرونی و رۆڵی میدیا) زۆر بە رونیی ئەم کارەساتانەی ئەمڕۆمان ئاشكراكرد كە دەبنە مەترسیی بۆ سەر دەرونی تاكی كورد، بەڵام پەیکەر گوێ لە قسەكانت دەگرێت وەلێ ھەرگیز بەگوێت ناكات، ئاشی ئەمانە بە مێشکی بەردو سەری مەست بە لایک و ڤیو دەگێڕدرێت، بۆیە قسەکانی من لەم گوێچکەوە رۆشتن و لەوی تریانەوە دەرچوون، ئیتر بەناچاری ئاخاوتنەكەم بەلایەكی تردا برد و وتم:
ـ تۆ ناوی (ئێڵ بەگی جاف)ت بیستوە كە پیاوێکی یارسان بوە ئا لەم شارەزوورەی خۆمان نزیكەی 500 ساڵ پێش ئێستا مردووە؟وتی هەر ناویشم نەبیستوە!! وتم دەی سا بیبیستە،كۆمەڵێك چوارینەی سیحراوی زۆر دەگمەنی نوسیوە، حەز دەکەم گوێ لەم دوانەیان بگریت:
*رەخشی رۆستەم (ئیزهار) دەبێ
ئەسپی ئاسن رەهوار دەبێ
(دوڵدڵ) شەودێز بەكاردەبێ
گەلێ شت هەن ئاشكار دەبێ
هەروا بوە و هەروا دەبێ.
*مەردان مەردی گەزاف دەكەن
هەم بەراستی خەلاف دەكەن
قسان بە تیر قەلاف دەكەن
بە رێگەی دوور مەساف دەكەن
هەروا بوە و هەروا دەبێ.
جا كاكی برام ئەم دوو چوارینەیەی ئێڵ بەگی جاف گەر لە ماناكەی تێبگەیت حەتمەن لەسەر تۆ و ئێوە و سۆشیال میدیاکەی ئەمڕۆتان نووسراوە!!
پێشبینیەکەش وەک نوقڵانە لێدان وابوە، بەڵام بۆ ئەمڕۆ پڕ پێکاویەتی..
ئەمەش لە سێگۆشەی خڕ دەچێت.
PUKMEDIA
هەواڵی زیاتر
-
وەفدێکی باڵای مەکتەبی راگەیاندن و هۆشیاری میدیاکارێکی دێرین بەسەردەکاتەوە
05:57 PM - 2026-10-27 -
سەرۆکی روسیا: هەڵسەنگاندن بۆ کارکردن لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکان دەکەین
05:21 PM - 2026-10-27 -
لە سلێمانی نرخی پارکی راگرتنی ئۆتۆمبێل جێگیردەکرێت
03:28 PM - 2026-10-27 -
بەڕێوەبەری جێبەجێکاری بازرگانیی ئاسیاسێڵ خەڵاتی خانمی پێشەنگی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەدەستهێنا
09:26 AM - 2026-10-27
زۆرترین خوێنراو
-
وەزیری رۆشنبیری: پشتیوانی مانەوە و گەشەکردنی بەشی کوردین لە بەغداد
کوردستان 01:07 PM - 2026-10-27 -
ئەمڕۆ 26هەمین خولی هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە ئیسرائیل بەڕێوەدەچێت
جیهان 10:52 AM - 2026-10-27 -
بەڕێوەبەری جێبەجێکاری بازرگانیی ئاسیاسێڵ خەڵاتی خانمی پێشەنگی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەدەستهێنا
کوردستان 09:26 AM - 2026-10-27 -
ترەمپ: ئاگربەست لەگەڵ ئێران بەفیڕۆدانی کات بوو
جیهان 09:05 AM - 2026-10-27 -
ساڵیادی شەهیدبوونی هونەرمەند قادر کابان بەڕێوەچوو
کوردستان 10:03 PM - 2026-10-26 -
لەتیف نێروەیی: یەکێتی هەمیشە ڕەخنەو ڕای جیاوازی قبوڵ بووە
کوردستان 07:38 PM - 2026-10-26 -
فێرکردنی زمانی کوردی لە ڕێگەی چوار کارامەییە سەرەکییەکەوە
بیروڕا 05:34 PM - 2026-10-26 -
ئیلهام ئەحمەد: دابینکردنی مافەکانی کورد مەرجی سەرکەوتنی پرۆسەی یەکخستنەوەیە لە سووریا
کوردستان 05:09 PM - 2026-10-26




دابەزێنە

