دارخورماکان هێشتا راوەستاون
بیروڕا 10:23 AM - 2026-10-15
لە سۆشیاڵ میدیاوە سەیری دیمەنەکانی فێستیڤاڵی خورمای خانەقینم دەکرد. چاوم پڕ ئاو بوو، لێو و دەمم وشک بوون؛ بەڵام بیر و هۆشم گەشانەوە. لە ناخی خۆمەوە وتم: دنیا هێشتا لە خێردایە؛ خەڵکی شارەکەم هێشتا گوڵ دەکەن و بە ئومێدی رۆژێکی رووناک دەژین.
من بە سروشتی خۆم شارچیەتی ناکەم، بڕواشم پێی نییە، بەڵام شارەکەی خۆمم خۆش دەوێت. خانەقین بەردەوام لە خەیاڵ و بیرمدایە. لە هەر کوێ بم، ئەڵوەن بە ناخمدا تێدەپەڕێت و سێبەری دارخورماکانیشی لەگەڵمدایە. هەندێک شوێن لێشیان دووربکەویتەوە، بەڵام ئەوان لە ئێمە دوورناکەونەوە.
ئەو رۆژە، لە شاشەی بچووکی مۆبایلەکەمەوە، خانەقینێکی گەورەم بینی؛ شارێک کە خەڵکەکەی بە خۆشییەوە لە دەوری بەرهەمی خاکەکەیان کۆببوونەوە. بەرهەمە جۆراوجۆرەکانی خورما لەبەردەمیاندا بوو، ئاڵای کوردستانیش بەسەر سەریانەوە دەشەکایەوە، لە هەموولایەک جلی کوردی رەنگی ژیانی بە دیمەنەکە دەدا و دەستەکان لە هەڵپەڕکێدا یەکتریان دەگرت.
ماوەی چەند ساڵێکە لە کوردستان فێستیڤاڵی جۆراوجۆر ساز دەکرێت. راگەیاندن و سۆشیاڵ میدیا دەنگ و رەنگیان رووماڵ دەکەن و بۆ ماوەیەک جۆش و خرۆش دەخەنە ناو خەڵکەوە.
ئەمانە چالاکیی کۆمەڵایەتی و رۆشنبیری و فەرهەنگین؛ هەریەکەیان بە جۆرێک خەڵک کۆدەکەنەوە و دەرگایەک بۆ باشتر ناساندنی شار و بەرهەم و دابونەریتی دەکاتەوە.
لە نرخ و بایەخی هیچکامیان کەم ناکەینەوە، بەڵام ئەوەی لە خانەقین بینیم، خۆڕسکییەکەی بوو، کە زیاتر سەرنجی راکێشام. بەشداریی فراوانی خەڵک و ئەو جۆشوخرۆش و گەرمییەی لە ڕووخسارەکاندا دەبینرا، دیمەنەکەی ناوازەتر کردبوو. بەپێی ئەوەی بۆیان باسکردووم، کەسایەتییەکی پایەدار، یان خاوەن دەسەڵات سپۆنسەری نەکردبوو؛ بەڵکو خەڵکی شارەکە خۆیان بووبوونە خاوەنی فێستیڤاڵ و ئاهەنگەکە، ئەمەش جوانییەکی تایبەت و زیاتری پێ بەخشیبوو.
لەو دیمەنانەدا، نیگایەکم لای خورماکان بوو و بیرێکیشم لای دارەکان؛ لەو دارخورمایانەی ساڵانێکە لە خاکی خانەقین رەگیان داکوتاوە، هەرچەندە گەرما و تینوێتی و رۆژی سەختیان بینیوە، کەچی هەر بەرهەمیان داوە.
بۆ ئێمە خورما تامی ماڵ و باخ و منداڵییە. لەگەڵ تامەکەیدا، دەستێکمان دێتەوە یاد کە خورمایەکی پێشکەش کردووین، رووخسارێکمان دێتەوە بەرچاو کە لە سێبەری دارێکدا لەگەڵمان دانیشتووە.
لە خەیاڵمدا، لە سێبەری دارخورماکەی ماڵی عەباسی غەزاڵ لە جەلەوە دانیشتبووم. حەمید ئەکبەر، هاوڕێی دێرینم و ئەندامی رێکخراوی «هەڵۆی سوور»، لە تەنیشتم بوو. رووی لە ئەڵوەن کرد و وتی: ـ دەڵێی خانەقین دووبارە گەنج بووەتەوە!
وتم:ـ خەڵکەکەی هەمیشە دڵیان بە شارەکەیانەوەیە؛ ئەمڕۆ خۆشییان پێبەخشیوە.
خورمایەکی هەڵگرت و وتی:ـ ئەم تامە چۆن بۆ نەوەکانی دوای خۆمان بهێڵینەوە؟
وتم:ـ بەوەی دارەکەی بپارێزین. ئەم ئاهەنگ و خۆشیەی ئەمڕۆ تەواو دەبێت، بەڵام دارخورماکە سبەینێش ئاو و چاودێریی دەوێت.
سەیری دەستەی هەڵپەڕکێکەی کرد و وتی:ـ خۆزگە ئەم دەستانەی ئەمڕۆ یەکتریان گرتووە، سبەینێش پێکەوە باخەکان بپارێزن.
بۆیە خۆشی و شادیی فێستیڤاڵەکە دەبێت بگاتە ناو باخەکانیش. پێویستە دارخورماکان لە لەناوچوون رزگار بکرێن، ئاویان پێ بگات، باخەکان خزمەت بکرێن و بپارێزرێن و پشتگیریی ئەوانەش بکرێت کە چاودێرییان دەکەن. ئەمە ئەرکێکی نیشتمانی و کوردستانییە. ئەگەر ئەمڕۆ شانازی بە خورماکەیان دەکەین، دەبێت بیر لە سبەینێی دارەکانیش بکەینەوە.
بینینی ئاڵای کوردستان و جلی کوردی و هەڵپەڕکێ لە خانەقین واتایەکی قووڵ و نەتەوەیی هەیە. لە دەستگرتنی خەڵک و هەنگاوی هەڵپەڕکێکەشیاندا، پەیوەندییان بە خاک و ناسنامەیانەوە دەردەکەوت. ئەڵوەن بە ناو ئەم شارەدا دەڕوات و بیرەوەریی نەوەکان لەگەڵ خۆیدا دەبات؛ خەڵکیش بە زمانی خۆیان، بە جل و ئاواز و خۆشییان، کوردستانیبوونی شارەکەیان دەخەنەوە بەرچاو.
لەو رۆژەدا خانەقین خۆی پیشاندا؛ بە خەڵکە رەسەنەکەی، بە بەرهەمی خاکەکەی و بە توانای دروستکردنی خۆشییەک کە هەمووان تێیدا بەشدار بن. ستایش و سەرسوڕمانم بەرامبەر ئەو فێستیڤاڵە لەو دیمەنەوە هات؛ دیمەنێک کە ناتوانم حاشای لێ بکەم.
لە هەمووی جێی بایەختر، باری ئاسایشی شارەکە بوو لە رۆژانی فێستیڤاڵەکەدا؛ هەموو خانەقینییەکان، کورد و عەرەب و تورکمانەکانیش، شیعە و سوننە و کاکەیی، ژن و پیاو، گەورە و بچووک، بە خۆشی و برایەتییەوە کۆبووبوونەوە؛ وەک جۆگەکانی ئاو کە دەڕژێنە ناو ئەڵوەن و دەبن بە یەک رووبار.
مۆبایلەکەم دانا، بەڵام دیمەنەکە هەر لەبەرچاوم مایەوە؛ ئەو دەستانەی لە هەڵپەڕکێدا یەکتریان گرتبوو، ئەو رووخسارانەی بە خۆشی دەدرەوشانەوە و ئەو خورمایانەی بەرهەمی خاکی شارەکەم بوون. لە ناخمدا وتم: خانەقین هێشتا خۆی دەنوێنێتەوە. دارخورماکان هێشتا راوەستاون؛ بۆیە دەبێ خۆشیی ئەمڕۆمان ببێتە بناغەی پاراستنیان بۆ سبەینێ.
لەسەر داکۆکیی خەڵکی خانەقین لە شارەکەیان، سەرۆک مام جەلال رووداوێکی دەگێڕایەوە و دەیووت: عادل جەلال لە14ی ئایاری 1961، لە حکومەتی عەبدولکەریم قاسم-دا، بوو بە وەزیری کشتوکاڵی عیراق. باوکی واتە (حاجی جەلال)، باخداریی دەکرد و لەو رۆژانەدا دەیویست دەست بگرێت بەسەر چەند باخێکی دەوروبەری باخەکەی خۆیدا.
بەو هۆیەوە خاوەن باخەکان و باخەوانەکانی خانەقین، لە بەردەم وەزارەتی بەرگریی لە بەغدا، خۆپیشاندانێکیان ساز کرد و هاواریان دەکرد: «عەبدولکەریم قارەمان، حاجی جەلال خواردەمان!»
ئێمەش دەڵێین بۆ ئەم سەردەمە رەوایە باخەوان و جووتیارەکانی خانەقین بچنە بەردەم ناوچەی سەوز و هاوار بکەن: «عەلی زەیدی قارەمان، وشکەساڵی خواردەمان!»
پێش ئەوەی ئەم نووسینە قوفڵ بکەم، پڕ بە دڵ سوپاس و پێزانینم بۆ ئەو کەسانەی ئەم فێستیڤاڵە نایاب و جوانەیان رێکخستووە، خوا نموونەیان زیاد بکات.
PUKMEDIA
هەواڵی زیاتر
-
وەفدێکی باڵای مەکتەبی راگەیاندن و هۆشیاری میدیاکارێکی دێرین بەسەردەکاتەوە
05:57 PM - 2026-10-27 -
سەرۆکی روسیا: هەڵسەنگاندن بۆ کارکردن لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکان دەکەین
05:21 PM - 2026-10-27 -
لە سلێمانی نرخی پارکی راگرتنی ئۆتۆمبێل جێگیردەکرێت
03:28 PM - 2026-10-27 -
بەڕێوەبەری جێبەجێکاری بازرگانیی ئاسیاسێڵ خەڵاتی خانمی پێشەنگی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەدەستهێنا
09:26 AM - 2026-10-27
زۆرترین خوێنراو
-
وەزیری رۆشنبیری: پشتیوانی مانەوە و گەشەکردنی بەشی کوردین لە بەغداد
کوردستان 01:07 PM - 2026-10-27 -
ئەمڕۆ 26هەمین خولی هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە ئیسرائیل بەڕێوەدەچێت
جیهان 10:52 AM - 2026-10-27 -
بەڕێوەبەری جێبەجێکاری بازرگانیی ئاسیاسێڵ خەڵاتی خانمی پێشەنگی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەدەستهێنا
کوردستان 09:26 AM - 2026-10-27 -
ترەمپ: ئاگربەست لەگەڵ ئێران بەفیڕۆدانی کات بوو
جیهان 09:05 AM - 2026-10-27 -
ساڵیادی شەهیدبوونی هونەرمەند قادر کابان بەڕێوەچوو
کوردستان 10:03 PM - 2026-10-26 -
لەتیف نێروەیی: یەکێتی هەمیشە ڕەخنەو ڕای جیاوازی قبوڵ بووە
کوردستان 07:38 PM - 2026-10-26 -
فێرکردنی زمانی کوردی لە ڕێگەی چوار کارامەییە سەرەکییەکەوە
بیروڕا 05:34 PM - 2026-10-26 -
ئیلهام ئەحمەد: دابینکردنی مافەکانی کورد مەرجی سەرکەوتنی پرۆسەی یەکخستنەوەیە لە سووریا
کوردستان 05:09 PM - 2026-10-26




دابەزێنە

