دەروازە: بۆچی رامان؟
بیروڕا 07:41 PM - 2026-10-21
(1)
گەیاندن و ئامرازەکانی راگەیاندن لەوە دەرچوون تەنیا ئامرازی ئاسایی گواستنەوەی هەواڵ و زانیاری بن، لەمەش پتر، بوونەتە ژینگەیەکی سەرەکی کە بەهای کۆمەڵایەتی، هۆشیاریی گشتی و شێوازی بیرکردنەوەی مرۆڤی هاوچەرخیان تێدا بەرجەستە دەبێت.
لەم سۆنگەیەوە، بەکارهێنانی چەمکی «رامان» لە تەنیشت «راگەیاندن»ەوە، بانگهێشتکردنی وەرگری کوردە بۆ تێپەڕبوون لە ئاستی ئاسایی و رووکەشی وەرگرتنی پەیامەکان، بەرەو ئاستی بیرکردنەوەی رەخنەیی. ئامانجی سەرەکیی ئەم گۆشەیە لە لاپەڕەی (کەلتور)ی رۆژنامەی (کوردستانی نوێ)ی ئازیزدا، دروستکردنی پردێکە لەنێوان تێزە ئەکادیمییەکان و راگەیاندندا بە گشتی، تا بتوانین پرس، بابەت، دیاردە و رووداوە میدیاییەکان لە چوارچێوەی «کۆمەڵناسیی راگەیاندن»دا بخوێنینەوە.
هەنووکە لە سەردەمێکدا دەژین کە رۆژانە لە هەموو کاتێکی دیکە زیاتر پەیام وەردەگرین و دەنێرین، بەڵام کەمتر لەسەریان رادەوەستین. لە رێی ئەم گۆشەیەوە دەمانەوێت لەنێو ئەو هەموو هەرا و هاوارەدا بوارێک بۆ «رامان» بڕەخسێنین.
لە جیهانی ئەمڕۆدا، جیاکردنەوەی کەتوار (واقیع)ی راستینە لە کەتواری بەرهەمهێنراوی میدیایی بووەتە بەرۆکگیری (التحدی)یەکی گەورە. کاتێک ئامرازەکانی راگەیاندن و میدیای نوێ دەبنە بەشێک لە ژیانی رۆژانە، چەندین کلیلەوشە و چەمکی بنەڕەتی سەر هەڵدەدەن، کە پێویستیان بە تێڕامانی زانستی و شرۆڤەکردن و بەستنەوەیان بە راگەیاندنی خۆمان هەیە، چونکە ئەو بابەتانە هەر زاراوەیەکی ئەکادیمی نین و بەس، بەڵکوو دەرفەتمان پێ دەدەن تاکو لە رۆڵ و کاریگەریی راگەیاندن لەسەر کۆمەڵ و تاک و گروپەکانی بگەین.
بە تەماشاکردنی خێرای دۆخی ئێستای راگەیاندنی کوردیش، دەبینین رووبەڕووی شەپۆلێکی بەهێزی گۆڕانکاری بووەتەوە. خێراپەڕینی ئامرازە کۆنباوەکانی راگەیاندن بەرەو سەکۆ ژمارەییەکان (دیجیتاڵییەکان)، هاووڵاتیی لە وەرگرێکی ناچالاک و بێدەنگەوە کردووە بە بەرهەمهێنەری ناوەڕۆک، بەڵام ئەم کرانەوەیە، لەگەڵ خۆیدا لێکەوتە و دەرهاویشتەی هەمەلایەنەی هێناوەتە ئاراوە. راگەیاندنی کوردی لەنێوان بەرەوپێشچوونی تەکنیکی لەلایەک و بەرۆکگیریی پیشەیی لەلایەکیترەوە، لە ململانێیەکی بەردەوامدایە.
ئەم گۆشەیە، هەوڵێک دەبێت بۆ ئەوەی بە زمانێکی سادە، بەڵام زانستی، دیاردە میدیاییەکانی رۆژانە ببەستینەوە بە بنەماکانی کۆمەڵناسیی راگەیاندن. وەرگر تەنیا بینەر، یان خوێنەرێکی ناچالاک نەبێت، لەمەش زیاتر بە دیدی رەخنەییانەوە لەو پەیامانە بڕوانێت کە رۆژانە لە رێگەی شاشە بچووک و گەورەکانەوە ئاڕاستەی دەکرێن.
تێگەیشتن و تێڕامانەکان لە تیۆرییە کۆنباو و هاوچەرخەکانی گەیاندنەوە هاتوون: لە (ماکڵۆهان)ەوە، کە دەیگوت «ئامراز خۆی پەیامە»، بۆ (هابرماس) و «پانتایی گشتی»، تا دەگاتە (مانوێڵ کاستێڵس) و «تۆڕەکۆمەڵ» و ئەوانی دیکەش و تێزەکانیان!
لێرەدا پرسیارە گەورەکە خۆی قوت دەکاتەوە: ئایا میدیای نوێ پانتاییەکی گشتیی کراوەتر و دیموکراسیتری بۆ ئێمە دروست کردووە، یان تەنیا دەنگەکانی بەرزتر کردووەتەوە، بێ ئەوەی گفتوگۆ قووڵتر بێت؟
ئەمە و چەندین پرسیاری دیکە، ئەڵقە لە دوای ئەڵقە، بابەتی ئەم گۆشەیەن. هیوادارم ئەم رامانە هاوبەش بێت، نەک تەنیا نووسەرێک و خوێنەرێک.
* پڕۆفیسۆری گەیاندن و راگەیاندن
PUKMEDIA
هەواڵی زیاتر
-
وەفدێکی باڵای مەکتەبی راگەیاندن و هۆشیاری میدیاکارێکی دێرین بەسەردەکاتەوە
05:57 PM - 2026-10-27 -
سەرۆکی روسیا: هەڵسەنگاندن بۆ کارکردن لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکان دەکەین
05:21 PM - 2026-10-27 -
لە سلێمانی نرخی پارکی راگرتنی ئۆتۆمبێل جێگیردەکرێت
03:28 PM - 2026-10-27 -
بەڕێوەبەری جێبەجێکاری بازرگانیی ئاسیاسێڵ خەڵاتی خانمی پێشەنگی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەدەستهێنا
09:26 AM - 2026-10-27
زۆرترین خوێنراو
-
وەزیری رۆشنبیری: پشتیوانی مانەوە و گەشەکردنی بەشی کوردین لە بەغداد
کوردستان 01:07 PM - 2026-10-27 -
ئەمڕۆ 26هەمین خولی هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە ئیسرائیل بەڕێوەدەچێت
جیهان 10:52 AM - 2026-10-27 -
بەڕێوەبەری جێبەجێکاری بازرگانیی ئاسیاسێڵ خەڵاتی خانمی پێشەنگی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەدەستهێنا
کوردستان 09:26 AM - 2026-10-27 -
ترەمپ: ئاگربەست لەگەڵ ئێران بەفیڕۆدانی کات بوو
جیهان 09:05 AM - 2026-10-27 -
ساڵیادی شەهیدبوونی هونەرمەند قادر کابان بەڕێوەچوو
کوردستان 10:03 PM - 2026-10-26 -
لەتیف نێروەیی: یەکێتی هەمیشە ڕەخنەو ڕای جیاوازی قبوڵ بووە
کوردستان 07:38 PM - 2026-10-26 -
فێرکردنی زمانی کوردی لە ڕێگەی چوار کارامەییە سەرەکییەکەوە
بیروڕا 05:34 PM - 2026-10-26 -
ئیلهام ئەحمەد: دابینکردنی مافەکانی کورد مەرجی سەرکەوتنی پرۆسەی یەکخستنەوەیە لە سووریا
کوردستان 05:09 PM - 2026-10-26


.png)

دابەزێنە

