ئەوان رۆیشتن، نۆرەی ئێمەیە
بیروڕا 10:16 AM - 2026-10-26
دەبێت بەبێ دوودڵی بڵێم نازانم لە کاتی نووسینی ئەم وتارەدا بە ئاگام، یان نوستووم. لەسەر بەردێک دانیشتووم و چاوم لە سێبەرەکانی دەوروبەرمە. نازانم خۆر هەڵدێت، یان ئاوا دەبێت، تەنیا دەزانم لە دنیایەکی تردام. دەنگی ئاو دەبیستم، بەڵام رووبارەکە نابینم.
مێروولەیەکی چاوزەق، بێ برۆ و برژانگ، مل باریک و پێپەتی لە تەنیشتم پەیدا بوو؛ دەستی گرتم و رایکێشام. سەرسام بووم؛ لە دنیای ئێمەدا مرۆڤ بە هەنگاوێک کۆتایی بە ژیانی چەندین مێروولە دەهێنێت، لێرە مێروولەیەک رێگا بە مرۆڤێکی ونبوو نیشان دەدات.
وتی: ئێرە دنیایەکی ترە. پلە و سامان دەرگایەک ناکەنەوە؛ کەس بە ناونیشانەکەی لە کەسێکی تر بەرزتر نییە!
دەستم برد بۆ گیرفانم؛ ناسنامەم پێ نەبوو. ناوم لەبیر بوو، بەڵام هەرچی لە ژیانمدا کردبووم، لەگەڵم بوو.
لە کەناری رووبارێک، چوار پیاوی سپی پۆشم بینی. ئاوەکە هێندە لە ئەڵوەن دەچوو، هەستم کرد گەڕاومەتەوە بۆ رۆژانی منداڵیم لە خانەقین.
پرسیم: ئەمانە کێن؟
مێروولەکە وتی: مام جەلال، کاک ئیدریس بارزانی، شێخ عوسمان و کاک عەزیز محەمەد.
نزیک بوومەوە، نە پاسەوانێک رێگای لێگرتم و نە کەسێک پرسی: مەوعیدت هەیە؟ گوێم لە ناوی کوردستان بوو. کاک ئیدریس بارزانی وتی: مام جەلال و من لە شاخ ئاومان بەسەر ئاگری شەڕی ناوخۆدا کرد؛ ئەو ئاشتەواییە رێگای بۆ پێکهێنانی بەرەی کوردستانی و یەکڕیزی لە راپەڕیندا خۆشکرد. ئەمڕۆش لە شار، هەمان هەنگاو پێویستە؛ دەبێت ئاگری ناکۆکییەکان بکوژێنینەوە و دەست بنێینە ناو دەستی یەکتر. ئەوەی لە شاخ بۆ ئازادیی کردمان با لە شاریش بۆ ئارامی و ژیانی خەڵک بیکەین.
شێخ عوسمان وتی: یەکگرتوویی موسڵمانان لە بینینی برسییەتی دراوسێ و گرتنی دەستی ئازاردیدەوە دەستپێدەکات؛ باوەڕەکەشی هەرچییەک بێت. ئەگەر ئازاری خەڵک دڵمان نەجووڵێنێت، چۆن بانگەشەی برایەتی بکەین؟
کاک عەزیز محەمەد وتی: یەکگرتنی کرێکاران و زەحمەتکێشانیش پێویستە. ئەوەی بە رەنجی خۆی نان پەیدا دەکات، نابێت بۆ بژیوی ژیان سەری لەبەردەم کەسدا دانەوێنێت. مووچەی مامۆستا و کارمەند و خانەنشین مافیانە؛ نابێت بە ناکۆکیی سیاسییەوە گرێ بدرێت.
مام جەلال وتی: یەکگرتنی گەلانیش پێویستە. چارەنووسمان بە یەکترەوە بەستراوەتەوە. کورد دەبێت ناوماڵی خۆی رێکبخات و لەگەڵ هاوبەشەکانی بە زمانی ماف و ئەرک بدوێت. گفتوگۆ کاتێک بەرهەم دەدات کە ئامادەی رێککەوتن و جێبەجێکردنی بەڵێنەکان بین.
کەمێک بێدەنگ بوون، تەنیا دەنگی رووبار دەهات، هەستم کرد لە رێگای جیاوازەوە هاتوون و لەسەر خەمێکی هاوبەش یەکیان گرتووە، ئازاری خەڵک و سەقامگیریی کوردستان.
هەریەکەیان لە دەرگایەکەوە بۆ چارەسەر دەگەڕان، رەنگدانەوەی ئاشتەوایی، هاودڵی، دادپەروەری و هاوبەشی. یەکگرتوویی ئەوە نییە هەموومان یەک بیروڕامان هەبێت، ئەوەیە لەگەڵ جیاوازییەکانماندا بڕیارێک بە قازانجی خەڵک بدەین.
پرسیم: بۆ ئەمڕۆی هەرێم، یەکەم هەنگاو چی بێت؟
مام جەلال وتی: بڕیاردەران لە دەوری یەک مێز کۆببنەوە. دیاریی بکەن چی دەکەن، کێ بەرپرسیارە و کەی جێبەجێی دەکەن. خەڵکیش بزانێت چ بەڵێنێکی پێدراوە تا داوای لێپرسینەوە بکات.
کاک عەزیز محەمەد وتی: حسابی داهات و خەرجی روون بێت. باری قەیران هەمیشە نەکەوێتە سەر شانی کەمدەرامەتەکان. دامەزراوەکان خزمەتی هەمووان بکەن و دەرفەت بەپێی لێهاتوویی بدرێت.
شێخ عوسمان وتی: متمانە بە کردار دەگەڕێتەوە. ئەوەی هەڵەی کردووە، دانی پێدا بنێت و چاکی بکاتەوە.
کاک ئیدریس وتی: ئەگەر ئیرادە هەبێت، رێگای چارەسەر دەدۆزرێتەوە.
لەو کاتەدا رەفیق حیلمی لە دوورەوە پەیدا بوو، نزیک بووەوە، دەستی خستە سەر شانی مام جەلال و وتی: هەموومان دەزانین ناکۆکیی ناوخۆیی هۆکارێکی سەرەکیی شکستی شۆڕشەکان و رووخانی میرنشینەکانی کوردستان بووە، بەڵام ئێستا، دوای ئەو هەموو ئەزموونە و بەرزبوونەوەی ئاستی خوێندەواری و هۆشیاری، بۆچی سەرکردایەتی سیاسیی کورد هەر هەمان هەڵە دووبارە دەکاتەوە؟ ئەگەر لە رابردوو فێرنەبین، چۆن داهاتوویەکی جیاواز بۆ نەوەکانمان دابین بکەین؟
ویستم بڵێم ئەم قسانەمان زۆر بیستووە، بەڵام پرسیارێک لە ناخمدا سەریهەڵدا، ئەی ئێمە چەندەمان جێبەجێ کردووە؟ من خۆم، لەو شوێنانەی توانام هەبووە، چیم کردووە و دەکرا چیم بکردایە؟
مێروولەکە دەستی راکێشام: کاتی گەڕانەوەتە.
پرسیم: ئەوانیش لەگەڵمان ناگەڕێنەوە؟
وتی: ئەوان قسەکانی خۆیان کرد؛ ئێستا نۆرەی ئێوەیە.
چاوەکانم هەڵهێنا، مۆبایلەکەم هێشتا لە دەستمدا بوو. رووناکییەکی کاڵ لە پەنجەرەکەوە دەهاتە ژوورەوە. لە تێبینییەکانی مۆبایلەکەمدا نووسیم:״کوردستان پێویستی بە یەکگرتووییەک هەیە کە خەڵک لە ژیانی رۆژانەیدا هەستی پێبکات، لە دەرگایەکی کراوە، مافێکی بەبێ تکا و داهاتوویەکی بێ ترس، دواڕۆژێکی رووناک!״
مۆبایلەکەم دانا، هێشتا نەمدەزانی خەو بوو، یان بەئاگابوون، بەڵام دەنگی مێروولەکە روون بوو: ئێستا نۆرەی ئێوەیە.
PUKMEDIA
هەواڵی زیاتر
-
لە سلێمانی نرخی پارکی راگرتنی ئۆتۆمبێل جێگیردەکرێت
03:28 PM - 2026-10-27 -
بەڕێوەبەری جێبەجێکاری بازرگانیی ئاسیاسێڵ خەڵاتی خانمی پێشەنگی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەدەستهێنا
09:26 AM - 2026-10-27 -
ترەمپ: ئاگربەست لەگەڵ ئێران بەفیڕۆدانی کات بوو
09:05 AM - 2026-10-27 -
ساڵیادی شەهیدبوونی هونەرمەند قادر کابان بەڕێوەچوو
10:03 PM - 2026-10-26
زۆرترین خوێنراو
-
بەڕێوەبەری جێبەجێکاری بازرگانیی ئاسیاسێڵ خەڵاتی خانمی پێشەنگی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەدەستهێنا
کوردستان 09:26 AM - 2026-10-27 -
ترەمپ: ئاگربەست لەگەڵ ئێران بەفیڕۆدانی کات بوو
جیهان 09:05 AM - 2026-10-27 -
ساڵیادی شەهیدبوونی هونەرمەند قادر کابان بەڕێوەچوو
کوردستان 10:03 PM - 2026-10-26 -
لەتیف نێروەیی: یەکێتی هەمیشە ڕەخنەو ڕای جیاوازی قبوڵ بووە
کوردستان 07:38 PM - 2026-10-26 -
فێرکردنی زمانی کوردی لە ڕێگەی چوار کارامەییە سەرەکییەکەوە
بیروڕا 05:34 PM - 2026-10-26 -
ئیلهام ئەحمەد: دابینکردنی مافەکانی کورد مەرجی سەرکەوتنی پرۆسەی یەکخستنەوەیە لە سووریا
کوردستان 05:09 PM - 2026-10-26 -
قوباد تاڵەبانی: هانی کۆمپانیا بیانییەکان دەدەین بێنە کوردستان
کوردستان 04:00 PM - 2026-10-26 -
مەكتەبی سكرتارییەت: ئەحمەد محەمەد شاعیری هاوچەرخ و هونەرمەندانە
ی ن ک 02:38 PM - 2026-10-26




دابەزێنە

