riklam

ســـــمێڵ

بیروڕا 10:56 AM - 2026-10-26
کاروان ئەنوەر

کاروان ئەنوەر

ئەندامێكی مەکتەب سیاسی یەكێتی لە ناوەڕاستی نەوەدەكانی سەدەی پێشوو، ویستبووی قسەیەكی پیاوانە بكات، وتبووی ئەگەر وانەبوو من ئەم سمێڵانەم دەتاشم.. دکتۆر كەمال فوئادیش یەكسەر هەڵیدابوویە و وتبووی:
ـ جا ئەوە چیە؟ ئەوپەڕی وەك منت لێدێت.

 د. كەمالی رەحمەتی كارگێڕی م.س یەكێتی لە ئەڵمانیا خوێندنی تەواو كردبوو، هاوسەرەكەی ئەڵمان بوو، پیاوێكی زۆر جوان و خوێندەوار بوو، هەر زوو خۆی لە دەست سمێڵ و لێكەوتەكانی رزگار كردبوو.

جا بابەتی سمێڵ دانان و جوانكردن و بەخێوكردن و هەندێكجار لوولكردن و بۆیاخكردن و چەڵەمەكردن و تێكەڵكردنی لەگەڵ (ریش- ردێن) و شۆڕكردنەوەی بۆ خوارەوە كە شەقاوەكانی پێدەناسرایەوە، یان سمێڵی 8 ی شوبات كە بەعسییەكانی پێدەناسرایەوە، بە دەیان دیزاین و سیفەتی تر بۆ سمێڵ دانرابوون، لەو سەردەمەدا سیمایەكی پیاوبوون و پیاوەتی و دڕیی درابوویە و زۆرم لا سەیربوو وەك شتێكی پیرۆز و بەهەیبەت و گرنگ تەماشا دەكرا، هەندێك جار پۆزیشی پێوە لێدەدرا و دوای هەر ئاوخواردنەوەیەك یان دۆ و ماستاو خواردنەوەیەك، دەستێكی پێدا دەهێنرا و بە گرمەی قرقێنەیەك لەسەرلا گۆمی بێدەنگی پێدەشڵەقا.

سمێڵ بە چەندین مانای شاراوە و ئاشكراوە چووەتە ناو ئیدیۆمی کوردییەوە، وەک: سمێڵیان چەورکردووە، بسکەی سمێڵی دێت، سمێڵی تۆز نایگرێت، سەر رووتی سمێڵ تاشراو، تاڵێک مووی سمێڵی نالەنگێت... دەیان پەندۆکە و قسەی تریش.. هەر لای خۆمان نا، لەجیهانیشدا سمێڵ تەنها شوێنی بەرلوت و دەموچاوی پیاوان نەبووە، چونكە هەندێك كەسایەتی پێناسراوەتەوە، وەك (سیلڤادۆر دالی، ئەدۆلف هیتلەر، یۆزیڤ ستالین، چارلی چاپلین، فرێدریك نیچە، ناسری رەزازی، نەجمەی غوڵامی و چەندانی تریش... لە رێگەی بیچمی سمێڵەكەیەوە شیکار بۆ كەسایەتی ئەو پیاوە كراوە، بۆیە کورد دەیان جۆر و ناو و نازناوی بۆ داناوە وەک: (بابڕ، قەترانی، گوگرە، چەخماخی، بۆز، قیت، بۆر، قەیتانی، قنج، ھیتلەری، سمێڵ فش بۆ ترسنۆکەکان بەکارھاتووە.. دەیان ناوو ناتۆرەی تریش...) وەك من بزانم شێوازی دانانەكەی لە ئایینی ئیسلامدا بە رێنمایی دەبێت و بەپێی ئامۆژگارییەكان، مەرجە بەرسمێڵی پیاو كرابێت و ریشی پاك نەتاشرابێت، یان لای برا كاكەییەكانمان جۆرێك ستایلی دیاریكراوی هەیە، لای بنەماڵەی بەدرخانییەكان جۆرێكی تر لە سمێڵ هەبووە، یان لای دروزەکان و سیخەکان و بەھائییەکان و حاخام و قەشەکانی پرۆتستانت و ئەرثەدۆکس، بەجۆرێک بووە، بەڵام لای کاثۆلیک و دالای لاماکان لە تیبت نەکراوە بە مەرج.... یان لای هەڵگری بیروباوەڕە جیاوازەکانی سەدەکانی پێشووتر، پیاوەکان بە جۆری سمێڵەکانیاندا ناسراونەتەوە، لەکاتێکدا ژنە موسڵمان و جووەکان و کریستیان و سیخ و زەردەشتی و ئەوانی تر بە جلوبەرگیاندا جیاکراونەتەوە.
ئێستا دڵنیام خوێنەری بەرێز دەڵێت دە چیت هەیە بیڵێ و دڵنیاین بابەتەكەت تەنها بۆ سمێڵ نییە، ئێستا دەمانبەیتەوە سەر بابەتێكی تر نە ریشە و نە سمێڵە، خۆ باسی پێشبڕكێی جوانی سمێڵیش ناكەین كە لە وڵاتانی ئینگلاند و بەلقان و ھیندۆروپیدا هەموو ساڵێك جوانترینیان هەڵدەبژێرن. 

جا بۆ ئەوەی لەمە زیاتر سەرتان نەیەشێنم دەڵێم: مەرج نییە هەموو سمێڵ بابڕێك پیاو بێت، قەشە رەبەنەکان سمێڵیان هەبووە و ئەندامی پیاوەتییان لەکاردا نەبووە، لای عەرەبی (الصعالیک) كوشتن و نەفەکبڕین و ئەتک و دزی و تاڵانی پیاوەتی بووە، جەنگی (بەسوس) چل ساڵی خایاند، سەدان پیاوی بەسمێڵ لەسەر خوێنی وشتری ژنێک کوژران، یان زیندەبەچاڵ کردنی کچان (وأد البنات) وەک خوویەکی دێرین لای عەرەبەکانی حیجاز، مەرجی پیاوەتی بووبێت.

پیاو بە رەوشت و خوو مۆراڵی مرۆڤبوونەوە پیاوە، دەستبردن بۆ تابۆكانی كۆمەڵ و ژاكاندنی جوانییەكان و بڕینی هەناسەی پەپولەكان، ئەگەر لە كەلتوری هەندێك نەتەوە و میللەتاندا مایەی پیاوەتی بووبێت، ئەوە لای ئێمەی کورد لە مڕۆدا پیاوبوون گونجاندنە لەگەڵ بنەما راستییەکانی ئایین و رەوشت و خۆشەویستی و سۆز و بەزەیی و لۆجیكی سەردەمدا، بۆیە ژنكوشتن و كچکوشتن سیمای كوردانە نین و سمێڵ دارەکانیش هێمایەك نین بۆ پیاوەتی، ئەگینا پشیلەش سمێڵی هەیە.

 ئەمەش لەسێگۆشەی خڕ دەچێت.

PUKMEDIA

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket