riklam

چۆن پرسی پەنابەران راستڕەوەکانی سەرخست؟

جیهان 09:13 PM - 2026-10-18
 پەنابەران PUKMEDIA AI

پەنابەران

جیهانى

 هاتنەپێشەوە و سەركەوتنەكانی راستڕەوە توندڕەوەكان لە هەڵبژاردنەكانی ئەوروپادا تەنها رێكەوتێك، یان ئەنجامێكی كاتیی نییە، بەڵكو لە ساڵانی دواییدا نەخشەی سیاسیی ئەوروپا تووشی گۆڕانكارییەكی ریشەیی و بێپێشینە بووەتەوە، دروشمی (سەرەتا نەتەوەكەی خۆمان و دژایەتیكردنی كۆچبەران)، بووەتە كلیلی سەركەوتنی ئەم پارتانە. 

لەم راپۆرتەدا شیكاری بۆ ئەم بابەتە دەكات و بەدواداچوون بۆ رەگ و ریشەی گەشەكردنی راستڕەوەكان دەكەین.


سوید


دەربارەی ئەم پرسە، د.شوان كەریم كاندیدی دەرچووی ئەنجومەنی شارەوانی ستۆكهۆڵم (پایتەختی سوید) لەسەر لیستی پارتی سەوز، وتی: بەشێوەیەكی گشتی بلۆكی راستڕەوەكان و بەتایبەتی پارتی دیموكراتەكانی سوید، كە پارتێكی راستڕەوی دژە بێگانەیە، 3 ٪ی دەنگەكانی كەمیكردووە، ئەمەش بووەهۆی ئەوەی بلۆكی راستڕەوەكان كە لە چوار پارتی سوید پێكهاتوون، نەتوانن زۆرینەی دەنگ لە هەڵبژاردن بەدەستبهێنن، ئەمەش لەكاتێكدایە ئەم پارتانە لە هەڵبژاردنەكانی پێشوودا، هەڵبژاردن دوای هەڵبژاردن رێژەی دەنگەكانیان زیادیكردووە، بەڵام ئێستا نزیكەی 17 ٪ی دەنگەكانیان هێناوە، ئەمەش هەر رێژەیەكی زۆرە بۆ وڵاتێكی وەك سوید، كە نمونەییە لە رووی دیموكراسی و پێكەوەژیانەوە و بەراورد بە 20 ساڵ پێش ئێستا، كە لە پەرلەماندا نەبوون. ئەمانە یەكەمجار كە بەشداریی هەڵبژاردنیان كرد، 4 ٪ی دەنگەكانیان بەدەستهێنا و دواتر بوو بە ٪13 و هەڵبژاردنی پێشووش نزیكەی 20 ٪ بوو، ئێستا گەیشتۆتە 17 ٪، راستە ئەم پارتە راستڕەوە چوار ساڵی رابردوو لە حكومەت نەبوون، بەڵام پشتگیریی حكومەتێكیان دەكرد كە راستڕەو بوو، هەموو كێشەكانی كۆمەڵگەیان بە پەنابەران و كۆچبەرانەوە دەبەستەوە، راستە كۆچبەر و پەنابەران كۆمەڵێك گروپیان هەبوو كە گروپی گێرەشێوێن بوون، یەكێك لەوانە ناوی خۆی نابوو رێوی كورد، Fox Front،  چەند كەسێكی تری كوردیش لەو گروپانەدا بوون و نەتەوەی تریشی تێدابوو، كە تەقەیان لە یەكتر و كەسانی تر دەكرد، سەرقاڵی تەقینەوە بوون و چەند ناوچەیەكیان كۆنتڕۆڵكردبوو، كە ماددەی هۆشبەریان تێدا دەفرۆشت، ئەمە هۆكارێك بوو لەم چوار ساڵەی پێشوودا رێژەی ئاژاوەگێڕیی ناو كۆمەڵگە زۆر زیادی كردبوو، بۆیە بەردەوام پەنابەران هۆكارێك بوون بۆ گفتوگۆی سیاسییەكان، كە پەنابەران بوونەتەهۆی تێكدانی كۆمەڵگە، بوونەتەهۆی ئەوەی فێڵ لە خۆشگوزەرانی بكرێت، هەرچەندە لە  چوار ساڵی رابردوودا رێژەی هاتنی پەنابەر بۆ سوید زۆر كەمیكردووە، بەڵام دەركەوت توندكردنی یاساكان و ناشرینكردنی پەنابەران خراپ بەسەر خۆیاندا شكایەوە، چونكە كارەكەیان بە شێوازێك كردبوو كە باش و خراپیان پێكەوە دەسووتاند، چونكە رێژەی ئەو كەسانەی تاوان دەكەن بە ناوی پەنابەر لەوانەیە 0.5 ٪بێت، بەڵام 99.5 ٪ی پەنابەران كەسانی باشن و بەشێكن لەم كۆمەڵگەیە و زۆربەی ئیشوكارە گرنگەكانی كۆمەڵگە ئەوان دەیكەن، بۆ نموونە لەسەدا 40 بۆ 45ی دكتۆری ناو نەخۆشخانەكان كەسانی پەنابەرن، لەسەدا 60 بۆ 70ی ئەوانەی پاس و تەكسی و چێشتخانەیان هەیە لە سوید كەسانی پەنابەرن، واتە پەنابەران لەم كۆمەڵگەیەدا شوێنێكی زۆر گرنگیان هەیە، كاتێك كە پارتی راستڕەوەكان رەش و سپی پێكەوە دەسووتێنن، خەڵك متمانەیان پێناكات، بۆیە ئەمەش هۆكاری شكستەكەیان بوو.

وتیشی: هۆكاری زیادبوونی دەنگی راستڕەوەكان، بابەتی كۆچ و كۆچبەری بوو، كە وەك هەڕەشەیەك بۆسەر سوید حیسابیان دەكرد، تۆمەتیان دژی پەنابەران دروستدەكرد و دەیانوت ئەمانە دوژمنن، دوژمنی كۆمەڵگەن، بۆیە ئەوان دەیانووت وەرن دەنگ بە ئێمە بدەن بۆئەوەی بتانپارێزین، ئەگەر دەنگ بە ئێمە بدەن وادەكەین و وادەكەین.


دەنگی لایەنەكان


د.شوان كەریم دەشڵێت: بەشێوەیەكی گشتی، سۆشیال دیموكرات ئەمساڵ لە هەڵبژاردنەكانی سویددا، رێژەی دەنگەكانیان كەمیكرد، بەڵام لەبەرامبەردا پارتی سەوز دەنگەكانی زیادیكردووە، پارتی سەوز یەكێكە لەو پارتانەی لەم هەڵبژاردنەدا دەنگەكانی زۆرترین بەرزبوونەوەی بەخۆوەبینی لەچاو هەڵبژاردنەكانی پێشووتردا. سەبارەت بە پارتی چەپیش ئەو كەسانەی پێشتر دەنگیان بە سۆسیال دیموكرات دەدا، لەم هەڵبژاردنەدا دەنگیان بە پارتی چەپدا، چونكە بەهەمانشێوە هەمووی یەك بلۆكە، بلۆكی سەوز و سووریان پێ دەڵێن، كە جیاوازە لە بلۆكەكەی تر، كە بلۆكی راستڕەوەكانە، هۆكاری بەرز و نزمییەكەشی دەگەڕێتەوە بۆئەوەی ئەدای كارەكانیان لە چوار ساڵی رابردوودا چۆن بوو بەرامبەر خەڵك، خەڵك دەیەوێت چوار ساڵی داهاتوو چۆن بێت.


بەرنامەی پارتەكان

  

لای خۆشیەوە، سیروان بابان راوێژكاری دیپلۆماسی لە ئەڵمانیا، رایگەیاند: لە ئەڵمانیا سەركەوتنی ئەو پارتە نوێیە بە ناوی (ئەڵتەرناتیڤ بۆ ئەڵمانیا- AfD) هیچ پەیوەندی بەوەوە نییە كە پەنابەران خراپن یان هەڵسوكەوتیان خراپە یاخود ئەوان رقیان لە پەنابەربێت، بەڵكو سەركەوتنەكەیان پەیوەندی هەیە بە خراپی بەڕێوەبردنی سیاسەتی ئابووری و باری پەنابەر و شێوازی باج و رێكخستنەوەی كۆمەڵگەی ئەڵمانی، رەنگە كەسێك بڵێت جا كۆمەڵگەی ئەڵمانی كێشەی چییە؟ هەموو كۆمەڵگەیەك لە جیهاندا بەرەو باشتر هەنگاو دەنێت و ئامانجی باشتربوونە، لێرەدا هەر كەسێك بێت پڕوپاگەندە یان قسە لەسەر باشتربوون بكات، خەڵك متمانەی پێدەكات، چونكە میللەتانی جیهان هەمیشە باوەڕیان بە خەڵكی تازە هەیە، بەتایبەتیش ئەڵمانیا و ئەوروپییەكان، خەڵك كاتێك دەچێت بۆ دەنگدان سەیری بەرنامەكە دەكات، مەرج نییە سەربە پارتێك بێت و دەنگ بەو پارتە بدات، بۆ نموونە دڵی بۆ پارتی سۆسیال دیموكراتەكان لێدەدات، بەڵام لە شوێنێكدا پارتی سەوزی پێ باشە لەبەرئەوەی ژینگە دەپارێزێت، بەرنامەكەیانی پێ باشە، بەڵام لەو ماوەیەی دێنە سەر حوكم و چەند كورسییەك بەدەستدەهێنن، ئەو بەرنامەیە پێشكەش ناكەن، بۆیە جارێكی تر دەنگدەر دەنگی پێناداتەوە، دەڵێت ئەمجارە دەنگ دەدەم بە لایەنێكی تر، واتە دەنگدەری ئەوروپی بە گشتی و ئەڵمانی بەتایبەتی كار لەسەر بەرنامەكە دەكەن، مەگەر زۆر پەیوەست بێت بە پارتەكەوە كە ئەوانەش ئەندامانێكی زۆر كەمن.

سیروان بابان باس لەوەش دەكات؛ ئێستا بەرنامەی AfD دەڵێت: «شەڕی روسیا رادەگرین، ئێمە پەیوەندیمان چییە بەو وڵاتەوە، بەو شێوەیە سوتەمەنی و گەنم و كارەبا هەرزان دەبێت»، خەڵكیش ئەوەی دەوێت، بەڵام ئایا بۆی جێبەجێ دەكرێت؟ ئەوە قسەیەكی ترە، بۆیە مەرج نییە كێشەكە ئەوەبێت ئایا ئەمانە توندڕەون یاخود وەك پێیان دەڵێن نازییەكان هاتوونەتەوە، هەرچەندە بەپێی یاسا و لە دەستووری ئەڵمانیشدا هاتووە دروستبوونەوەی نازیزم و دروشمەكانی قەدەغەیە، ئەی بۆچی ئەمانە دەنگیان زیاتر و زیاتر دەبێت؟ لە هەرێمێكی تر دیسانەوە سۆسیال دیموكراتەكان دەنگی پێویستیان نەهێناوە بچنە ناو ئەنجومەنەوە، بەڵام AfD دەنگێكی زۆری هێناوە كە رەنگە بتوانێت بە تەنها حكومەتی ناوخۆیی پێكبهێنێت، راستە هەموو پارتەكانی ئەو هەرێمە وتوویانە ئێمە لەگەڵ AfD حكومەت پێكناهێنین لەبەرئەوەی بە دڵیان نییە، بەڵام خەڵكەكە دەنگی پێداون، ئەمە بە شێوازێك لە شێوازەكان بەرەو گۆڕانكارییەكی تەواو دەڕوات، بەڵام دەیگەڕێنمەوە بۆئەوەی وتارەكانیان زۆر ئاگرینن و بەڵێنەكانیان زۆر گەورەن، ماوەیەكی زۆری دەوێت بۆ جێبەجێكردن، بەڵام ئەمان بەڵێن دەدەن و خەڵكیش وەریدەگرێت، خەڵك دەڵێت كێشەی چییە دەنگیان پێدەدەین، ئەگەر باش نەبوون چەند ساڵێكی تر سزایان دەدەین، پارتی تر هەبووە لە ئەڵمانیا زۆر لەمان خراپتریش بوون و دەنگی چەند كورسییەكیان هێناوە و دوایی سفر بوونەتەوە.


ئەڵمانیا بۆ ئەڵمانییەكان 


وتیشی: كۆمەڵگەی ئەڵمانی كۆمەڵگەیەكی تێكەڵاوە، هاوسەرگیرییان لەگەڵ زۆر كەسدا كردووە، واتە ئەو خێزانانەی كە تەنها ئەڵمانین و دەڵێن خۆمانە خۆمانە بن و لە خوێن و گۆشت و خۆیان، لەو 84 ملیۆنە رەنگە نیوەی وا دەرنەچێت، ئەی خۆ قابیلە ئەمانەی تر كە دەمێننەوە هەموویان دەربكەن؟ هەروەها ئەوەی ئەم پارتە باسی دەكات و دەڵێت، ئەڵمانیا تەنها بۆ ئەو كەسانەیە كە گۆشت و خوێنیان ئەڵمانییە، من پێموایە سیاسەتەكەیان پەكیدەكەوێت و دەستیان ئاسشكرا دەبێت، كە ئەمانە هەمووی بانگەشە و دروشمی هەڵبژاردنە، پێم وایە بۆ چەند ساڵێكی تر یان بۆ چەند هەڵبژاردنێكی تر بیبینین ئەمانە دەنگیان زیاد دەكات، بەڵام پارتی پۆپۆلیستی لە 10 ساڵ زیاتر بەردەوام نابێت، پارتێك كە بەس دروشمی هەیە و بەردی گەورە هەڵدەگرێت و ناتوانێت بیهاوێژێت، هیچ پارتێكی سیاسی ئەڵمانی لەگەڵیاندا هاوپەیمانی ناكات، ئەوانیش لەسەدا 51 پێكناهێنن و گەلی ئەڵمانیش لەوە زیرەكترە بە شتی وا هەڵبخەڵەتێن، بەڵام سەرەتا وەك وتم دەنگدەدەن بۆ گۆڕانكاری، ئەگەر گۆڕانكارییان بۆ نەكرا، بەناچاری دەگەڕێنەوە بۆ دوو پارتە سەرەكییەكە CDU و SPD.
تووڕەبوونی دانیشتووانی رەسەن

هەر دەربارەی ئەم پرسە، قسەمان لەگەڵ نزار وەیس پارێزەری راوێژكار لە بەڕیتانیا كرد و ئەویش وتی: بەڵێ، لەمدواییانەدا لە وڵاتانی ئەوروپا زیاتر حزبە راستڕەوەكان یان راستڕەوە توندڕەوەكان زۆر هاتوونەتەپێشەوە و دەنگدەرانیان زۆر زیادیكردووە، هەمووشی لەسەر بنەمای ئەوەی كە رێژەی پەنابەران زۆر بووە، بەتایبەتی لە دوای ساڵی 2015، پەنابەران زیاتر روویان كردە ئەوروپا، پەنابەرانی سوری و پەنابەرانی ئەو وڵاتانەی شەڕ و كێشەیان تێدا بوو، دەرگایان بۆ واڵاكرا و خزمەتێكی باشیان پێشكەش دەكرا لەلایەن حكومەتە چەپڕەوەكانی ئەوكاتەوە، ئەمەش گوشارێكی زۆری خستەسەر دامودەزگاكانی وڵات و دامودەزگا خزمەتگوزارییەكان، كە بووە هۆی تووڕەبوونی دانیشتووانی رەسەنی ئەو وڵاتانە دژی پەنابەران، ئەم حزبە راستڕەوانەش ئەم هەلەیان قۆستەوە كە دۆسێی پەنابەر بكەنە گوشار و كارتێكی یاریی باش بۆئەوەی هەوڵبدەن لە هەڵبژاردنەكاندا سەركەوتووبن. بە گشتی ژیان لە ئەوروپا بۆ دانیشتووانی ئەو وڵاتانە روو لە قورسییە، ئەوان كاردەكەن و باجێكی زۆر دەدەن بە حكومەت، بۆ نموونە لە وڵاتێكی وەك بەریتانیا، دەبینن پەنابەران لە ئوتێل دادەنرێن و سێ ژەمە خواردنیان بۆ دابین دەكرێت، ئەمە دەبێتە هۆی تووڕەبوونی دەنگدەران و لە حزبە چەپڕەوەكان دووردەكەونەوە و دەنگدەدەن بە حزبە راستڕەوەكان، وەك لە بەریتانیا لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكاندا، یەكێك لە حزبەكان كە پێی دەڵێن پارتی ریفۆرمی بەریتانیا Reform UK دەنگێكی باشی هێنا لەچاو هەردوو پارتی كرێكاران و پارێزگاران.


سەركەوتنی راستڕەوەكان   


دەشڵێت، لە ئەڵمانیاش راستڕەوەكان دەسەڵاتیان گرتووەتە دەست و لە سویدیش بەهەمانشێوە رێژەیەكی باش دەنگیان بەدەستهێناوە، بەڵێ سەركەوتنی ئەم راستڕەوانە كاریگەری هەیە لەسەر ئەوەی هاوكارییەكان كەمبكەنەوە، یاساكانی پەنابەرێتی بگۆڕن، هەروەها هەوڵبدەن كەمترین ژمارەی پەنابەران بچێتە وڵاتەكەیانەوە، ناڕەزایەتی دەردەبڕن بەرامبەر بە هاتنی پەنابەر بۆ وڵاتەكەیان، زۆر ئاساییە ئەگەر بێتو یاسایەك دەربكەن كە پەنابەری نایاسایی بنێرنەوە بۆ ئەو وڵاتانەی لێوەی هاتوون یان حوكمی بدەن، چونكە ئەوان راستڕەون و لەسەر بنەمای ئەو بەڵێنانە هاتوونەتە دەسەڵات كە نەیەڵن پەنابەر بچێتە وڵاتەكەیانەوە و هەوڵبدەن زۆرترین پەنابەری نایاسایی بنێرنەوە، بڕواناكەم كاریگەریی هەبێت لەسەر ئەو پەنابەرانەی ساڵانێكی زۆرە لێرەن، بەڵام بە گشتی باسی بكەین، ژیانی پەنابەران ئێستا وەك جاران نییە.

PUKMEDIA كوردستانی نوێ-هیوا کازم


ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket