riklam

دەقى پەیامى سەرۆک بافڵ

کوردستان 11:54 PM - 2026-11-05
سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانى PUKMEDIA

سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانى

سەرۆک بافڵ

سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانى سەرۆکى یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان پەیامێکى ڤیدیۆیى بڵاوکردەوە، کە ئەمە دەقی پەیامەکەی سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانییە:

بە ناوی خوای گەورە و میهرەبان

هەڤاڵانی ئازیز شەوباش...

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، زۆر هەوڵیدا حکومەتێک دامەزرێنین، حکومەتێکی جیاواز، حکومەتێک بۆ خزمەتکردنی هەموو کەسێکی کوردستان، بۆ ئاشتکردنەوەی وڵاتەکانی دەورووبەرمان، بۆ عیلاقەیەکی باش و پەیوەندییەکی بەقوەت لەگەڵ بەغداد، تا بتوانین مافی هاووڵاتیانمان دابین بکەین، زیاد لە 15 جار من سەردانی هەولێرم کردووە، دانیشتنم کردووە لەگەڵ هەموو کاکەکان لە هەولێر، چەندین کەسیان ناردووە بۆلای من دانیشتنمان کردووە، بەداخەوە نەمانتوانیوە تا ئێستا بگەینە نەتیجەیەک.

هەر مەرحەلەیەک کە ئێمە پێشکەوتووین، بەبیانوویەک تێکیانداوە پرۆسەکە، ئەم شتەی کراوە ئێمە ئەمانتوانی بیکەین، بە من ئەڵێن پەرلەمان کۆبووەتەوە، نەخێر پەرلەمان کۆنەبووەتەوە، کەمینەیەک لە ناو پارتی دیموکراتی کوردستان، ئیسپاتیان کرد ئەمڕۆ، کە نازانن دیموکراسی چییە، کە هیچ ئیحترامی ئێوەی دەنگدەران ناگرن، ئیسپاتیان کرد ئەمڕۆ کە نازانن حکومڕانی ئەبێت چۆن بێت لەم وڵاتە، شتێکی تریشیان ئیسپات کرد، ئیسپاتیان کرد کە لە ئێمە باشتر دەتوانن پارەی ئێوە بەکاربهێنن بۆ کڕینی پەرلەمانتار، چەکی ئێوە بەکاربهێنن بۆ تەهدیدکردنی پەرلەمانتار.

ئێمە ئەمانتوانی وابکەین هەڤاڵان، مەسەلە ترس بێت ترس لە گیرفانی مندا ئەژی، بەڵام ئێمە قەت ئەو بێڕێزییە ناکەین بەرامبەر ئێوە، قەت دەستنابەین بۆ دەنگی ئێوە، من پێم وتوون زۆرجار با غەڵەتی وانەکەین، ئەگەر شتێکی وا رووبدات ئیعترافی پێناکەین تەعامولی لەگەڵ ناکەین، بۆیە ئەمڕۆ دوای کۆبوونەوەی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، کە کامل دەسەڵات درا بە من بێ گەڕانەوە بۆ سەرکردایەتی، کە من لەگەڵ ئەم شتە تەعامول بکەم، لێرە پێتان رادەگەیەنم: ئێمە ئیعتراف بەم شتە ناکەین، ئیعتراف بە هیچ شتێک ناکەین کە لە ئەم شتە بێتە دەرەوە.

دوو ساڵە ئەم حکومەتە کاربەڕێکەرە، نەیتوانیوە بەسیتترین شت دابین بکات، نە مووچە وەکو خۆی دێت، سەیری سعری نەوتی ئێمە بکە، سەیری سعری نەوتی بەغداد بکە، سەیری سعری بەنزینی ئێمە بکە، سەیری سعری بەنزینی بەغداد بکە، نموونەکان زۆرن ئەم حکومەتە فەشەلی هێناوە، بۆیە ئەوەڵین بڕیاری سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دوای ئەم شتە ئەوەیە، کە ئێمە لە ئەم دەقەیەوە، ئەکشێینەوە لە ئەم حکومەتە فاشلە کە بەخۆی ئەڵێ حکومەتی کوردستان، مەعنای چییە ئەمە؟ مەعنای ئەوەیە هەموو هێز و قوەتمان بەکارئەهێنین خەڵکەکانی خۆمان لە دەڤەرەکەی خۆمان، چییان پێویستە بۆیان دابین بکەین، خۆتان بینیوتانە هەموو کەسێک ئەزانێت، کە ئەم شتە سەرناگرێت، ئەم بەرنامەیە سەرکەوتوو نابێت.

بینیوتانە، ماشاڵڵا چەند لایەن و وڵاتی نێودەوڵەتی پیرۆزباییان لێ کردووین، ئێمە ئامادەین هەموو قوربانییەک بدەین بۆ میللەتەکەمان، ئێوە خەریکی ئەم شتەن، ئێمەی یەکێتی خەریکی کێشەکانی رۆژئاواین، ئێوە خەریکی ئەم شتەن، ئێمە خەریکی پرۆسەی ئاشتین لە باکوری کوردستان، ئێوە خەریکی ئەم شتەن، ئێمە خەریکین براکانمان لە رۆژهەڵاتیش حەق و حقوقی خۆیان وەرگرن، ئێوە خەریکی ئەم شتەن، ئێمە رۆژ بە رۆژ لە بەغدادین وەزعەکە ئارام بکەینەوە خەڵکەکانمان بتوانن باش بژین، مووچەیان بۆ دابین بکەین، حەق و حقوقیان بپارێزین.

پەیامێکم هەیە بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان، بەمەوە دەستپێدەکەم بڕیارێکتان داوە خۆتان، ئەزانن دروست نییە بڕیارەکە، بەڵام برایانە پێتان دەڵێم خەڵکەکەمان مەترسێنن هەموو کەسێک یەکێتی ئەناسێت، ئێمە دەمێک ساڵە وەعدمان داوە بە خوای گەورە ناهێڵین دڵۆپێک خوێنی کەس بڕژێت لە کوردستان، بۆیە داواتان لێئەکەم ئەم هێز جوڵاندنە و ئەم شتانەی کە دەستتان پێکردووە دوێنێ، واز لەم شتانە بێنن، کەس نایەتە سەرتان کەس، هیچ ناکات بەرامبەرتان، بڕیاڕێکی وا ئەدەن نابێ بتۆقن لە عەینی کاتدا، بەڵام بە وازحی ئەمەوێت ئەمە بزانن، دووبارەی ئەکەمەوە ئێمە ئیعتراف بەم شتە ناکەین، ئێمە ئیعتراف بە هیچ حکومەتێک و پۆستێک کە لە ئەمە بێتە دەرەوە ناکەین، ئێمە ئیعتراف بە ئێوە ناکەین، مەجبورمان ئەکەن رەدفعلمان هەبێت چی بکەن لەوێ ئێمە لێرە ئەیکەین.

سەرۆکی هەرێم دائەنێن، سەرۆکی هەرێم دائەنێین
وەزیر دائەنێن، وەزیر دائەنێین
سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران دائەنێن، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران دائەنێین

ئەم هەرێمە هی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە، بە خوێنی شەهیدەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دروستبووە.

ئەوە پێتان دەڵێم:
بەخوای گەورە و میهرەبان، ئێوە دەستتان پێکرد من تەواوی دەکەم


PUKMEDIA






ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket