riklam

گەزنەیی: یەكێتی بۆ باشتركردنی ژیانی خەڵك دەست بۆ مەلەفەكانی كارەباو نەوت دەبات

کوردستان 05:48 PM - 2026-11-13
كاروان گەزنەیی، وتەبێژی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIA

كاروان گەزنەیی، وتەبێژی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

كاروان گەزنەیی رایدەگەیەنێت: یەكێتی لە خیانەت خۆشنابێت و بە عەقڵێكی تازەی حكومڕانی خزمەت دەكات، بۆ باشتركردنی ژیانی خەڵكیش، دەست بۆ مەلەفەكانی كارەباو نەوت و غاز دەبات، جەختیشی كردەوە، قەوارەی هەرێم بەخوێنی شەهیدانی یەكێتی دروست بووە و كەس بەقەد یەكێتی خۆی بە خەمخۆرو خاوەنی نازانێت.

كاروان گەزنەیی، وتەبێژی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: كە مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ناونیشانی رەسمییەو پێشتریش یەكێتی وەفدی دانوستانكاری هەبووە، بۆیە هەركەسێك بیەوێت كۆبوونەوە و گفتوگۆیەكی سیاسی، لەگەڵ یەكێتی بكات دەبێت لەو رێگەیەوە بیكات نەك لە میدیاوە.

لەوەڵامی پرسیاری رۆژنامەووساندا لەبارەی ئەو سێ پەرلەمانتارەی یەكێتی كە بەشداریی كۆبوونەوەكەی 4ی نۆڤەمبەری پەرلەمانی كوردستانیان كرد و سەربەخۆ بوونی خۆیان راگەیاند، وتەبێژی یەكێتی وتی: یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە خیانەت خۆشنابێت.

وتیشی: هاووڵاتییانی كوردستان بۆ یەكێتی سەنتەرن و سوورین لەسەر چارەسەركردنی كێشەكانی هاووڵاتیان، لەوانە بەرزی نرخی كارەبا، دابەشنەكردنی نەوت پێش وەرزی زستان و كێشەی بەنزین بە ئامانجی دابینكردنی خۆشگوزەرانییەكی راستەقینە، هەربۆیە بۆ باشتركردنی ژیانی خەڵك، یەكێتی دەست بۆ مەلەفەكانی كارەبا، نەوت و غاز دەبات.

وتەبێژی یەكێتی راشيگەیاند: بە عەقڵێكی تازەی حكومڕانی خزمەت دەكەین و ناگەڕێینەوە بۆ پێش 4ی نۆڤەمبەر، لەماوەی رابردوودا سەرۆك بافڵ و وەفدی دانوستانكاری یەكێتی چەندین جار چوونەتە هەولێر بۆ گفتوگۆ، بەڵام هەموو جارێك كەمینەیەكی ناو پارتی كۆبوونەوەكەی تێكدەدا، تاوەكو دەستیان بۆ ئەتككردنی شكۆی پەرلەمانی كوردستان برد، بۆیە پێمانوایە ئەو عەقڵیەتە كەمینەیەی كە بە پارەو  بە فشار پەرلەمانتاران ناچار بە دانیشتن دەكات دەبێت بگۆڕدرێت.

كاروان گەزنەیی وتیشی: ئەوەی پارتی كردی یەكێتیش دەیتوانی بیكات، بەڵام یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان حزبێكی سۆشیاڵ دیموكراتە و  پەرلەمانتار لای یەكێتی پیرۆزە و نوێنەری هەڵبژێردراوی خەڵكە، بۆیە هەرگیز دەست بۆ شكۆی پەرلەمانتاران نابات.

وتەبێژی یەكێتی جەختی كردەوە: قەوارەی هەرێم بەخوێنی شەهیدانی یەكێتی دروست بووە و روبارێك خوێنی بۆداوە، بۆیە كەس بەقەد یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان خۆی بە خەمخۆر و خاوەنی قەوارەی هەرێمی كوردستان نازانێت، دواهەمین كەس دەبێت خەڵكانێك ناوی قەوارەی هەرێم بهێنن كەهیچ ماندوو نەبوون پێوەی، ئەوەشی باسی دەكەن تەنها پاساوە بۆ شاردنەوەی ئەتككردنی پەرلەمانی كوردستان.
 
وتیشی: هیوادارین پرسی وزە و نەوت لەگەڵ بەغداد ببنە مایەی خێر و خۆشگوزەرانی بۆ هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان.

لەكۆتایی قسەكانیدا وتەبێژی یەكێتی ئەوەشی خستەڕوو: چوونی سەرۆك بافڵ بۆ بەغداد نامۆ نییە و بەردەوام سەردانی بەغداد دەكات و بە هەواڵی دڵخۆشكەرەوە دەگەڕێتەوە، چونكە بۆ یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەغداد قوڵایی ستراتیژە.

PUKMEDIA


ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket