كتێبی جەلال تاڵەبانی و هەڵدانەوەی چەند لاپەڕەیەكی مێژوو بڵاودەكرێتەوە
کوردستان 04:38 PM - 2023-12-06
PUKMEDIA
مەڕاسیمی بڵاوكردنەوەی كتێبی جەلال تاڵەبانی و هەڵدانەوەی چەند لاپەڕەیەكی مێژوو
پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ 6-12-2023، لە مەڕاسیمێكی شایستەدا بە ئامادەبوونی ژمارەیەك لە ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی و نووسەر و خوێنەران، كتێبی (جەلال تاڵەبانی و هەڵدانەوەی چەند لاپەڕەیەكی مێژوو)، بڵاوكرایەوە.
سەرەتای مەڕاسیمەكە بە دەقیقەیەك وەستان بۆ گیانی پاكی سەرۆك مام جەلال و سەرجەم شەهیدانی كوردستان بە هەردوو سرودی نیشتمانی ئەی رەقیب و سرودی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان مەشخەڵان دەستیپێكرد.
لە مەڕاسیمەكەدا باڵیۆز د. محەمەد سابر سەرۆكی دامەزراوەی سەرۆك جەلال تاڵەبانی وتەیەكی پێشكەش كرد و بەخێرهاتنی ئامادەبووانی كرد و رایگەیاند: "ئەمڕۆ كتێبێكی دیكەی گرنگی بەشێك لە مێژووی سەرۆك مام جەلال بەناونیشانی (جەلال تاڵەبانی و هەڵدانەوەی چەند لاپەڕەیەكی مێژوو)، ئیمزا و بڵاودەكەینەوە كە چەند دیدارێكی یەك لەدوای یەكی رۆژنامەنووسی بەناوبانگی لوبنانی غەسان شربل-ە و لە گۆڤاری ئەلوەسەت و رۆژنامەی ئەلحەیاتی لوبنانیدا بە چەند بەشێك بڵاوكراونەتەوە.
راشیگەیاند: "لەم كتێبەدا سەرۆك مام جەلال زۆر بە وردی و بە ئامانەتەوە لە وەڵامی رۆژنامەنووسەكەدا تیشك دەخاتەسەر گەڕاندنەوەی دەسەڵات بۆ كورد لە ساڵی 1968 و گەیاندنی پەیامی كورد بەجەمال عەبدولناسر سەرۆكی ئەوكاتەی میسر، هەروەها گەشتی سەرۆك مام جەلال بۆ جەزائیر و چاوپێكەوتنی لەگەڵ بندێلا و گەڕاندنەوەی بۆ بەیروت و لەدوایدا سەردانی بۆ یەكێتی سۆڤییەت بۆلای مستەفا بارزانی و سەردانەكانی دیكەی بۆ وڵاتان و بینینی چەندین سەركردەی وڵاتان و گەیاندنی پەیامی كورد پێیان".
كتێبەكە لە زمانی عەرەبییەوە لە لایەن خاتوو شاناز هیرانی-یەوە وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی كوردی و پەڕاوێزەكانی لەلایەن د. ئەحمەد حەمەئەمین-ەوە نووسراون و لەسەر ئەركی دەرباز كۆسرەت رەسوڵ چاپكراوە و لە بڵاوكراوەكانی ناوەندی هەولێری مەكتەبی راگەیاندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانە.
هەر لە مەڕاسیمەكەدا خاتوو شاناز هیرانی وەرگێڕی كتێبەكە وتەیەكی پێشكەش كرد و رایگەیاند: "كتێبی (جەلال تاڵەبانی و هەڵدانەوەی چەند لاپەڕەیەكی مێژوو)، بەشێكە لەو دیدار و چاوپێكەوتنانەی سەرۆك مام جەلال كە لە ژیانیدا لەگەڵ رۆژنامەنووساندا ئەنجامیداون، گرنگییەكەشی لەوەدایە رۆژنامەنووسێكی بەناوبانگی لوبنانی چاوپێكەوتنی لەگەڵدا ئەنجامداوە و سەرۆك مام جەلالیش بە وردی و راستگۆییانە باسی رووداوە مێژووییەكانی كردووە و تیشكی خستووەتە سەر جیابوونەوەی باڵی مەكتەبی سیاسی لە پارتی و دروستبوونی شۆڕشی نوێ و شاڵاوی بەدناوی ئەنفال، كە سەرجەمیان بۆ خوێنەر بابەتی نوێن و تێگەیشتنە لە بەشێكی مێژووی ژیانی سەرۆك مام جەلال".
هەر لەوبارەیەوە پ.د. ئەحمەد حەمەئەمین رایگەیاند: "پێشەكی و بەدواداچوون و دانانی پەڕاوێز بۆ كتێبەكە كارێكی ئاسان نەبوو، چونكە سەرجەم پەڕەكان پێویستیان بە پەڕاوێز و خستنەڕووی زیاتر بوو، بۆ ئەمەش كاتێكی زۆری ویست تا توانیم پەڕاوێزەكان تەواو بكەم، كە نزیكەی 200 پەڕاوێزن و سەرجمیشیان بە سەرچاوەی مێژوویی پشتڕاست كراونەتەوە، تەنانەت بۆ راستی و دروستی بابەتەكان پەنام بۆ چاوپێكەوتنەكانی سەرۆك مام جەلال و چەندین كتێبی دیكەی وەك دیداری تەمەن بردووە، بەڵام دوواجار توانیمان كتێبێك بەرهەم بهێنین كە راست و دروست بێت سەبارەت بە بەشێك لە مێژووی سەرۆك مام جەلال".
كتێبی (جەلال تاڵەبانی و هەڵدانەوەی چەند لاپەڕەیەكی مێژوو)، لە 288 لاپەڕە پێكهاتووە و سەرەتاكەی بە ناوەڕۆك و كۆتاییەكەشی بە پێڕستی بەشەكان كۆتایی دێت، هەزار ژمارەی وەك چاپی یەكەم لێچاپكراوە و لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی كتێبخانە گشتییەكان-هەرێمی كوردستان بە ژمارە 777 لە ساڵی 2023 ژمارەی سپاردنی پێدراوە.
بۆ بینینی مەڕاسیمی بڵاوكردنەوەی كتێبی (جەلال تاڵەبانی و هەڵدانەوەی چەند لاپەڕەیەكی مێژوو) كلیك لەم لینكە بكە ...
PUKMEDIA
هەواڵی زیاتر
-
ساڵیادی شەهیدبوونی هونەرمەند قادر کابان بەڕێوەچوو
10:03 PM - 2026-10-26 -
مەكتەبی سكرتارییەت: ئەحمەد محەمەد شاعیری هاوچەرخ و هونەرمەندانە
02:38 PM - 2026-10-26 -
تێکەڵکردنی چەکدارانی یەبەشە لەگەڵ دامەزراوە ئەمنییەکانی عیراق دەستیپێکرد
01:47 PM - 2026-10-26 -
پلەكانی گەرما بەرزدەبنەوە
01:24 PM - 2026-10-26
ئەمانەش ببینە
ئیلهام ئەحمەد: دابینکردنی مافەکانی کورد مەرجی سەرکەوتنی پرۆسەی یەکخستنەوەیە لە سووریا
05:09 PM - 2026-10-26
قوباد تاڵەبانی: هانی کۆمپانیا بیانییەکان دەدەین بێنە کوردستان
04:00 PM - 2026-10-26
ئامانج جەلال: سلێمانی لەباشترین قۆناغی بونیادنانی خزمەتگوزاری گشتیدایە
02:33 PM - 2026-10-26
ئاسایشی هەرێم دوو بازرگانی ماددەی هۆشبەر دەستگیردەکات
01:24 PM - 2026-10-26
زۆرترین خوێنراو
-
ئامانج جەلال: سلێمانی لەباشترین قۆناغی بونیادنانی خزمەتگوزاری گشتیدایە
کوردستان 02:33 PM - 2026-10-26 -
تێکەڵکردنی چەکدارانی یەبەشە لەگەڵ دامەزراوە ئەمنییەکانی عیراق دەستیپێکرد
کوردستان 01:47 PM - 2026-10-26 -
پلەكانی گەرما بەرزدەبنەوە
کوردستان 01:24 PM - 2026-10-26 -
ئاسایشی هەرێم دوو بازرگانی ماددەی هۆشبەر دەستگیردەکات
کوردستان 01:24 PM - 2026-10-26 -
پارێزگاری هەڵەبجە: ئامادەكارییەكان بۆ فێستیڤاڵی هەنارو پایز تەواو كراون
کوردستان 12:49 PM - 2026-10-26 -
ئارامبونەوەی مەترسییەکان نرخی نەوتی دابەزاند
جیهان 11:01 AM - 2026-10-26 -
ســـــمێڵ
بیروڕا 10:56 AM - 2026-10-26 -
ئەوان رۆیشتن، نۆرەی ئێمەیە
بیروڕا 10:16 AM - 2026-10-26




.webp)

.webp)
دابەزێنە

