سەرۆککۆمار: لەپێناو ئابورییەکی بەهێز پەرە بەکەرتی تایبەت بدرێت
کوردستان 08:51 PM - 2024-11-13
راگەیاندنی سەرۆککۆمار
سەرۆککۆمار و سەرۆکی بانکی ئەوروپی بۆ ئاوەدانکردنەوە و پەرەپێدان
لە چوارچێوەی بەشداریکردنی لە کارەکانی کۆنفرانسی لوتکەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کەشوهەوا (COP29)، کە لە باکۆی پایتەختی ئازەربایجان بەڕێوەدەچێت، سەرۆك کۆمار د.لەتیف جەمال رەشید، رۆژی چوارشەممە 13-11-2024 لەگەڵ ئەنتۆنیۆ گوتێرێس سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتوەکان کۆبووەوە.
لەکۆبونەوەکەدا بارودۆخی نێودەوڵەتی تاووتوێ کرا بەتایبەت دەستدرێژییەکانی سەر هەردوو گەلی فەڵەستین و لوبنان، کە هەزاران قوربانیی مەدەنییان لێکەوتووەتەوە. لەم چوارچێوەیەدا سەرۆك کۆمار جەختیکردەوە لەسەر پێویستی یەکخستنی هەوڵە نێودەوڵەتییەکان و کارکردن بۆ ئاگربەست و پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە. هەروەها ستایشی رۆڵی نەتەوە یەکگرتووەکانی کرد، کە ژمارەیەك کارمەندی بونەتە قوربانی لە کاتی پێشکەشکردنی فریاگوزاری و هاوکاری بە هاووڵاتیانی بێتاوان.
هاوکات سەرۆك کۆمار ستایشی رۆڵی محەمەد ئەلحەسان نێردەی نوێی نەتەوە یەکگرتووەکانی بۆ عێراق کرد و رایگەیاند، هەڵبژاردنی بۆ ئەم ئەرکە بڕیارێکی گرنگی نەتەوە یەکگرتووەکانە.
هەر له کۆبونەوەکەدا، سەرکەوتنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان و دەرهاویشتە ئەرێنیەکانی لەسەر بارودۆخی هەرێم و عێراق به گشتی تاووتوێ کرا. هەروەها ستایشی ئەو هەوڵانه کرا که یارمەتیدەربون بۆ زاڵبوون بەسەر قەیرانی هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی ئەنجومەنی نوێنەران.
لە بەشێکی دیکەی کۆبونەوەکەدا، کارەکانی کۆنفرانسی لوتکەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کەشوهەوا (COP29) تاووتوێکران و سەرۆك کۆمار جەختی لەسەر گرنگی چالاککردنی میکانیزمەکانی هاریکاری نێودەوڵەتی و کارکردن بۆ جێبەجێکردنی راسپاردەکانی لوتکەکە و کۆنفرانسی پاریس کردەوە، بەشێوەیەك کە ژینگە بپارێزێت و ئاسایشی ئاو و خۆراك پتەوبکات و کاریگەرییە نەرێنییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا کەمبکاتەوە.
لای خۆیەوە بەڕێز ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سوپاسی سەرۆك کۆماری کرد بۆ بەشداریکردنی لە کارەکانی کۆنفرانسەکە و تەئکیدیکردەوە، کە نەتەوە یەکگرتووەکان سورە لەسەر فراوانکردنی ئاسۆی هاریکاری بنیاتنەر لەگەڵ عێراق بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانی گەشەسەندنی لە هەموو بوارێکدا.
سەرۆك کۆمار چاوی بە سەرۆکی بانکی ئەوروپی بۆ ئاوەدانکردنەوە و پەرەپێدان دەکەوێت
سەرۆك کۆمار د.لەتیف جەمال رەشید لە باکۆی پایتەختی ئازەربایجان چاوی بە خاتوو ئۆدیل رینو باسۆ سەرۆکی بانکی ئەوروپی بۆ ئاوەدانکردنەوە و پەرەپێدان کەوت.
لە چوارچێوەی بەشداریکردنی لە کۆنفرانسی لوتکەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کەشوهەوا (COP29)، رۆژی چوارشەممە 13-11-2024 لە شوێنی مانەوەی لە باکۆ، سەرۆك کۆمار چاوی بە سەرۆكی بانکی ئەوروپی بۆ ئاوەدانکردنەوە و پەرەپێدان کەوت و لە دیدارەکەدا میکانیزمەکانی پتەوکردنی هاوئاهەنگی و هاریکاری نێوان عێراق و بانکەکە تاووتوێ کران، لەم رووەوە سەرۆك کۆمار دوپاتیکردەوە، ئەمڕۆ عێراق لە ئاسایش و سەقامگیریدایە و دەخوازێت بانکی ئەوروپی رۆڵی گەورە ببینێت لە بواری ئاوەدانکردنەوە و پارەدارکردنی پرۆژەکانی ژێرخان و تەندروستی و وزە و کشتوکاڵ و کارەبا و پەروەردە.
هەروەها سەرۆك کۆمار داوای کاری هاوبەشی نێوان دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی عێراق لەگەڵ بانکی ئەوروپی بۆ ئاوەدانکردنەوە و پەرەپێدان و پاڵپشتیکردنی کەرتی تایبەتی کرد لەپێناو پێشخستنی گەشەپێدان و زیادکردنی گەشەی ئابوری و رەخساندنی هەلی نوێی کار بۆ گەنجانی عێراق.
لەلایەن خۆیەوە، خاتوو ئۆدیل باسۆ ستایشی دیدگای بەڕێز سەرۆك کۆماری کرد بۆ پتەوکردنی هاوبەشی و هاریکاری نێوان عێراق و بانکی ئەوروپی. دوپاتیشیکردەوە، کە بانکی ئەوروپی پابەندە بە پاڵپشتیکردنی پرۆژەکانی پەرەپێدان و ئاوەدانکردنەوە و پێشکەشکردنی ئەزمون و شارەزایی لەپێناو گەشەپێدانی ئابوریی عێراق.
سەرۆك کۆمار پێشوازی لە بەڕێوەبەری سندوقی دراوی نێودەوڵەتی دەکات
سەرۆك کۆمار د.لەتیف جەمال رەشید، رۆژی چوارشەممە 13-11-2024 لە شوێنی مانەوەی خۆی لە باکۆی پایتەختی ئازەربایجان و لە چوارچێوەی بەشداریکردنی لە کۆنفرانسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کەشوهەوا (COP29)، پێشوازیکرد لە خاتوو کریستالینا گۆرگیێڤا بەڕێوەبەری سندوقی دراوی نێودەوڵەتی.
لەو دیدارەدا باس لە هاریکاری نێوان عێراق و سندوقی دراوی نێودەوڵەتی و چۆنێتی پەرەپێدانیان لە چوارچێوەی پاڵپشتیکردنی رێبازی گەشەپێدان لە عێراقدا کرا و سەرۆك کۆمار هەوڵەکانی عێراقی بە ئاراستەی جێبەجێکردنی بەرنامە و پلانی تەواو بۆ پێشخستنی ئابوری و پشتگیریکردن لە پرۆسەی چاکسازیی دارایی و بانکی خستەڕو، هاوکات سوپاسی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی کرد بۆ پشتیوانیکردنی بودجەی عێراق لە کاتی ئەو قەیرانانەی روبەڕوی بووەوە و بەسەریاندا زاڵ بوو.
هەروەها سەرۆك کۆمار جەختیکردەوە لە گرنگی هاوئاهەنگی و هاریکاری هاوبەش لەپێناو بەردەوامبونی هەوڵەکان بۆ بەرەنگاربونەوەی گەندەڵی و پاڵپشتیکردنی وەبەرهێنان و پەرەپێدانی کەرتی تایبەت بەمەبەستی بنیاتنانی ئابورییەکی بەهێز و تۆکمە و گەشاوە.
لای خۆیەوە خاتوو کریستالینا رونیکردەوە، کە ئەرکی سەرەکی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی بریتییە لە پاڵپشتیکردنی بودجەی وڵاتان لە کاتی قەیرانەکاندا، ئەمەش ئەوەیە کە سندوقی دراوی نێودەوڵەتی لە قۆناغێکی سەختدا پێشکەشی عێراقی کردوە، بەڵام توانی بەسەریدا زاڵ بێت. هاوکات ستایشی ئەو پێشهاتە ئەرێنییانەی کرد، کە عێراق بەخۆیەوە بینیوە لە لایەنی دارایی و بانکی و لە بواری هاندانی ژینگەی وەبەرهێنان، کە ئەوەش رۆڵی سەرەکی هەبوە لە دابەزینی رێژەی هەڵاوسان و گەشەپێدانی بەرهەمی ناوخۆیی نا نەوتی و جێبەجێکردنی رێوشوێنەکان، کە بەشدارن لە بەرەنگاربونەوەی سپیکردنەوەی پارە.
PUKMEDIA
هەواڵی زیاتر
-
پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و کۆماری چیک لەبواری کشتوکاڵدا پتەوتر دەکرێت
04:58 PM - 2026-07-28 -
بومەلەرزەیەكی بەهێز بەگوڕی 7.1 پلە بەپێوەری رێختەر ژاپۆنی هەژاند
03:20 PM - 2026-07-28 -
ئاسیاسێڵ پێنج خهڵاتی نێودهوڵهتی بهدهستدههێنێت
01:45 PM - 2026-07-28 -
سەعدی ئەحمەد پیرە پێشوازی لە وەفدێکی رێکخراوی بانگەوازی جێنڤ کرد
12:10 PM - 2026-07-28
ئەمانەش ببینە
وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لەبارەی بەنزینەوە چەند بڕیارێکی دەرکرد
03:37 PM - 2026-07-28
زەیدی لەگەڵ بەرپرسانی تورکیا پرسی وەبەرهێنان و ئاو تاوتوێ دەکات
02:31 PM - 2026-07-28
داشکاندنەکەی وەزارەتی کارەبا بۆ قەرزی کۆن دەستپێدەکات
12:17 PM - 2026-07-28
دەزگاى ئاسایشى هەرێم ژمارەیەک ئاسەوارى سەدەى 12ى رادەستى مۆزەخانەى سلێمانى کرد
11:50 AM - 2026-07-28
زۆرترین خوێنراو
-
کەشناسی: پلەکانی گەرما بەرزبونەوەی نوێ تۆماردەکەن
کوردستان 09:57 AM - 2026-07-28 -
نرخى نەوت لە جیهاندا دادەبەزێت
جیهان 09:22 AM - 2026-07-28 -
مەکتەبی سکرتارییەت دوو تێکۆشەری دێرین بەسەردەکاتەوە
کوردستان 08:36 PM - 2026-07-27 -
پەرلەمانی عیراق 7 بڕیار دژی گەندەڵی دەردەکات
عیراق 08:07 PM - 2026-07-27 -
دەرباز کۆسرەت رەسوڵ: تەنها بە تەبایی دەتوانین خزمەتی زیاتر بکەین
کوردستان 07:23 PM - 2026-07-27 -
یەكێتی وەك یەكەمین حزبی كوردستانی بارەگا لەگرعوزێر دەكاتەوە
ی ن ک 06:25 PM - 2026-07-27 -
بە تۆمەتی باج و سەرانە سەندن لە بەرپرسان تۆمەتبارێک لە نەجەف دەستگیرکرا
عیراق 06:05 PM - 2026-07-27 -
بۆچی شەریف پاشا پڕۆژەی دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستانی نووسی؟
بیروڕا 05:51 PM - 2026-07-27







دابەزێنە

