هۆكارەكانی پشت بەرزبوونەوەی نرخی دۆلارو دابەزینی نرخی دینار چین؟
کوردستان 01:37 PM - 2026-06-25
PUKMEDIA
دۆلار و دینار
بازاڕی دراو لەهەر وڵاتێكدا دەماری سەرەكیی ئابوورییەكەیەتی و هەر گۆڕانكارییەك تێیدا راستەوخۆ كاردەكاتە سەر ژیانی رۆژانەی هاووڵاتیان، سەقامگیریی دراوی نیشتمانی یەكێكە لە كۆڵەكە سەرەكییەكانی گەشەسەندنی ئابووری و راكێشانی وەبەرهێنانی دەرەكی، لەم دواییانەدا بازاڕی دراو لە عیراق و هەرێمی كوردستان رووبەڕووی ناجێگیرییەكی گەورە بووەتەوە كە خۆی لە بەرزبوونەوەی بێپێشینەی بەهای دۆلاری ئەمریكی و دابەزینی بەهای دیناری عیراقیدا دەبینێتەوە، دابەزینی بەهای دیناری عیراقی بەرامبەر بە دۆلاری ئەمریكی، پەیوەستە بە كۆمەڵێك هۆكاری ناوخۆیی و دەرەكی، ئەم دۆخە نەخوازراوەش بە تەنیا نابێتە هۆی شڵەژانی بازاڕەكان، بەڵكو بارگرانییەكی دارایی قورسیش لەسەر شانی هاووڵاتیان دروستدەكات.
لەم راپۆرتەدا، هۆكارەكانی پشت بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار و نزمبوونەوەی بەهای دیناری عیراقی و لێكەوتەكانی لەسەر ئابووری شیدەكەینەوە.
گۆڕانكاری لە بەهای رەسمیی دیناردا ناكرێت
سەبارەت بە بەهای دینار و مەترسی و گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە، د. بیلال رەئوف پسپۆڕی ئابووری، رایگەیاند: هۆكاری دابەزینی دیناری عیراقی بۆ توندكردنەوەی فشارەكانی گەنجینەی ئەمریكا بۆ مامەڵەكردن بە دۆلار لە بازاڕەكانی عیراقدا دەگەڕێتەوە، ئەم فشارە وەك لێپرسراوانی ئەمریكا جەختی لێدەكەنەوە رێكارێكی یاساییە نەك فشارێكی سیاسی، بەڵام لێپرسراوانی عیراقی وەك كارتێك بەرامبەر داواكارییەكانی كۆشكی سپی دەیبینن بۆ جێبەجێكردنی داواكارییە سیاسی و ئەمنییەكان، لەپێش هەمووشیانەوە دووركەوتنەوە لە هەژمونی سیاسی و ئەمنی ئێران و كۆتایهێنان بە گروپە چەكدارەكانی نزیك لە تاران. لە بازاڕی دراوی عیراقیدا سەرەڕای ئەوەی لە شەش مانگی رابردوودا كەمی دۆلار گرفتی بۆ بەهای دینار دروستكردبوو، گۆڕانكاری لە پۆستی پارێزگاری بانكی ناوەندی هێندەیتر برینی قووڵی سیاسەتی نەختینەییان كولاندەوە، ئەوە بوو رۆژی دووشەممەی رابردوو لە ماوەی سێ سەعاتدا نرخی 100 دۆلار لە 157 هەزار دینارەوە گەیشتە 160 هەزار دینار، ئەمە بانكی ناوەندی عیراقی ناچاركرد راگەیەندراوێك بڵاوبكاتەوە كە زیاتر وەك نەخشەڕێگای كاركردنی پارێزگاریی نوێی بانكەكە وایە و تێیدا جەخت لەوە دەكاتەوە گۆڕانكاری لە بەهای رەسمی دینار ناكرێت و بەردەوام دەبن لە پێدانی دۆلار بە رێسا و یاسا دیاریكراوەكان، هاوكات بەڵێن دەدات بەشێك لە بانكە سزادراوەكان رێكبخرێنەوە تا بتوانن حەواڵەی دەرەكی بكەن، سەرجەمی ئەم كارانە قسەیەكی ئاسایی بانكە بەبێ ئەوەی بەدوای كێشە سەرەكییەكەدا بگەڕێت كە ئاودیوكردنی دۆلارە لە عیراقەوە بۆ وڵاتانی دراوسێ.
عیراق لەبەردەم تاقیكردنەوەیەكی سەختدایە
د. بیلال رەئوف دەشڵێت: بە گشتی سیاسەتی نەختینەی عیراق لەبەردەم تاقیكردنەوەیەكی سەختدایە كە ئەگەرەكان بۆ زیاتر لاوازبوونی بەهای دینار بەرامبەر دۆلارە، نەك بەهێزبوونی، ئەویش بەهۆی كەڵەكەبوونی گرفتە یەك لە دوای یەكەكان و لە ئایندەشدا گۆڕانكاری لە بەهای رەسمی دینار دەبێتەوە باسوخواسی گەرمی خەڵك و میدیا و دامەزراوە حكومییەكانی بەغداد، بێگومان ئەمە وادەكات نرخی كاڵا و شمەك لەسەر هاووڵاتی گرانتر بكەوێت، بەبێ ئەوەی داهاتی زیاد بكات.
هۆكارەكان تەنها تەكنیكین
هەر لەوبارەیەوە، د. جەبار گۆران وتەبێژی بازاڕی دۆلارەكەی سلێمانی، رایگەیاند: هۆكاری بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار تەنها تەكنیكییە و هیچ رەهەندێكی دەرەكی و سیاسی نییە، چونكە ئێستا جەنگی ئێران و ئەمریكا وەستاوە، گەرووی هورمز كراوتەوە، عیراق چەند رێگایەكی تری دۆزیوەتەوە بۆ هەناردەكردنی نەوت، هەروەها پلانی رێكخستەوەی گروپە سیاسییەكان لە ناو دامەزراوەیەكی حكومیدا لە ئارادایە، ئەمە پێمان دەڵێت دۆخی سیاسی عیراق روو لە باشییە و لەبارە، ئابوورییەكەشی بەراورد بە چەند ساڵی رابردوو زۆر باشترە، هەر چەندە بەهۆی جەنگی ئەمریكا و ئێرانەوە لەم چەند مانگەی رابردوودا نەیتوانیوە وەك پێشتر نەوت هەناردە بكات و بەو هۆیەوە نزیكەی 6 تریلیۆن دینار كورتهێنانی هەبووە، بەڵام ئەوە مانای ئەوە نییە بڵێین ئابووری عیراق داڕماوە، هۆكاری دابەزینی نرخی دینار بۆ جێبەجێكردنی سیستمی ئەسیكۆدا دەگەڕێتەوە، راستە سیستمەكە سیستمێكی زۆر باشە بۆ بە ئەلیكترۆنیكردنی سەرجەم خاڵە گومركییەكان و رێگریی لە سپیكردنەوەی پارە و ئاودیوكردنی دۆلار كە ئەمە شتێكی زۆر باشە، بەڵام تا ئێستا حكومەتی هەرێمی كوردستان نەهاتۆتە ناو ئەم سیستمەوە، چونكە حكومەتی هەرێم داوا دەكات سیستمێكی تایبەت بە خۆی هەبێت و رازی نابێت كۆی داهاتی خاڵە گومركییەكان بۆ حكومەتی عیراق بگەڕێتەوە، ئەگەر ئەمە رووبدات حكومەتی هەرێم داهاتێكی زۆر لە دەست دەدات و تەنها كەمێك داهاتی تری ناوخۆی بۆ دەمێنێتەوە، لەبەر ئەوە ئەمە بۆتە لەمپەر، بەڵام بە دڵنیاییەوە حكومەتی عیراق لەگەڵ حكومەتی هەرێم رێكدەكەوێت و ئەو خواستە زۆرەش لە بازارەكاندا هەیە لەسەر دۆلار نامێنت.
د. جەبار گۆران وتیشی: هۆكارێكی تری بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار بۆ لێدوانی بەشێك لە لێپرسراوانی عیراق دەگەڕێتەوە، چونكە لە ئابووریدا دوو جۆر سیاسەت هەیە، سیاسەتی دارایی و سیاسەتی نەختینە، سیاسەتی دارایی پەیوەستە بە ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایییەوە، بەڵام سیاسەت نەختینە پەیوەستە بە بانكی ناوەندی و هیچ پەرلەمانتار و بەرپرسێكی حكومی بۆی نییە بێت و بڵێت ئێمە دەستكاری بەهای دۆلار دەكەین، چونكە بە پێی ماددەی 103ی دەستووری عیراق كە باس لە سەربەخۆبوونی دەسەڵاتی بانكی ناوەندی و دیوانی چاودێری دارایی عیراق دەكات، ئەمانە سەربەخۆن و ناگەڕێنەوە بۆ حكومەتیش، هەروەها لە ماددەی 56ی یاسای دارایی بانكی ناوەندیدا باس لەوە دەكات كە نە رێنمایی و نە بڕیاری بە زۆر لە حكومەت وەرناگرێت، تەنها لە حاڵەتێكدا نەبێت، ئەویش دەبێت ئەو بڕیارە بە هەماهەنگی هەردوو لا بدرێت، كاتێك پەرلەمانتارێك یان بەرپرسێك دێت و قسەیەكی لەو شێوەیە دەكات سەبارەت بە بەهای دۆلار، ترس و نیگەرانی لای خەڵك دروست دەبێت و خوێندنەوەی هەڵەی بۆ دەكرێت، ئەمەش وا دەكات بەهای دۆلار گۆڕانی بەسەردابێت و گران بێت، لەبەر ئەوە هیچ مەترسییەك لەسەر بەهای دیناری عیراقی نییە، چونكە ئەم بەرزبوونەوەیەی بەهای دۆلار كاتییە.
PUKMEDIA كوردستانی نوێ - هیوا كازم
هەواڵی زیاتر
-
پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و کۆماری چیک لەبواری کشتوکاڵدا پتەوتر دەکرێت
04:58 PM - 2026-07-28 -
بومەلەرزەیەكی بەهێز بەگوڕی 7.1 پلە بەپێوەری رێختەر ژاپۆنی هەژاند
03:20 PM - 2026-07-28 -
ئاسیاسێڵ پێنج خهڵاتی نێودهوڵهتی بهدهستدههێنێت
01:45 PM - 2026-07-28 -
سەعدی ئەحمەد پیرە پێشوازی لە وەفدێکی رێکخراوی بانگەوازی جێنڤ کرد
12:10 PM - 2026-07-28
ئەمانەش ببینە
وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لەبارەی بەنزینەوە چەند بڕیارێکی دەرکرد
03:37 PM - 2026-07-28
زەیدی لەگەڵ بەرپرسانی تورکیا پرسی وەبەرهێنان و ئاو تاوتوێ دەکات
02:31 PM - 2026-07-28
داشکاندنەکەی وەزارەتی کارەبا بۆ قەرزی کۆن دەستپێدەکات
12:17 PM - 2026-07-28
دەزگاى ئاسایشى هەرێم ژمارەیەک ئاسەوارى سەدەى 12ى رادەستى مۆزەخانەى سلێمانى کرد
11:50 AM - 2026-07-28
زۆرترین خوێنراو
-
مەکتەبی سکرتارییەت دوو تێکۆشەری دێرین بەسەردەکاتەوە
کوردستان 08:36 PM - 2026-07-27 -
پەرلەمانی عیراق 7 بڕیار دژی گەندەڵی دەردەکات
عیراق 08:07 PM - 2026-07-27 -
دەرباز کۆسرەت رەسوڵ: تەنها بە تەبایی دەتوانین خزمەتی زیاتر بکەین
کوردستان 07:23 PM - 2026-07-27 -
یەكێتی وەك یەكەمین حزبی كوردستانی بارەگا لەگرعوزێر دەكاتەوە
ی ن ک 06:25 PM - 2026-07-27 -
بە تۆمەتی باج و سەرانە سەندن لە بەرپرسان تۆمەتبارێک لە نەجەف دەستگیرکرا
عیراق 06:05 PM - 2026-07-27 -
بۆچی شەریف پاشا پڕۆژەی دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستانی نووسی؟
بیروڕا 05:51 PM - 2026-07-27 -
یەکێتی بڕێکی زۆر دەرمان بۆ نەخۆشخانەکانی گەرمیان دابیندەکات
کوردستان 05:15 PM - 2026-07-27 -
سەپاندنا ئەڕکێن گران و بێبەهرکرن ژ مافان
بیروڕا 03:59 PM - 2026-07-27







دابەزێنە

