ناوچەی سەوز، لە پاراستنی بەرپرسانەوە بۆ دەستگیرکردنیان
عیراق 01:05 PM - 2026-06-29
رۆژنامەی الشرق اوسط
بڵاووبونەوەی هێزی ئەمنی لەناوچەی سەوز
میدیاکانی عیراق بڵاویانکردەوە، لە بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممەدا کە بێدەنگی باڵی بەسەر ناوچەی سەوزدا کێشابوو، هێزەکانی دژەتیرۆر و سوپای عیراق و چەندین هێزیتر دەروازەکانی ناوچەکەیان کۆنترۆڵکرد و نەیانهێشت هیچ لێپرسراوێک بچێتە دەرەوەی ناوچەکە، ئەمە ئەو هەڵمەتە بوو کە عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عیراق لەگەڵ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك وەزیراندا، دەستیپێکردووە، کە دەستگیركردن و بنبڕكردنی گەندەڵییە لە عیراق، میدیا عیراقییەكانیش پێیانوایە دەستگیركردنی (عەدنان جومەیلی) سەرەتای هەڵمەتەكە بووە و هەر ئەوەندە نییە و ناشوەستێت.
دەستپێکی پڕ دەستکەوت
ماڵپەڕی سکای نیوز لە ئاژانسی هەواڵی عیراقی وەرگرتووە کە لە هەڵمەتەکەی رۆژی یەکشەممەدا لە ناوچەی سەوز، ژمارەیەک تۆمەتبار کە تێوەگلاون لە دۆسێکانی گەندەڵی دەستگیرکراون، ئەو هەڵمەتەش لەسەر بنەمای ئەو دانپێدانانانەی عەدنان جومەیلی بریکاری وەزارەتی نەوت بووە کە کەسە گەندەڵەکانی ئاشکراکردووە. بەپێی قسەی سەرچاوەیەک کە بە ئاژانسەکەی راگەیاندووە، وتویەتی: ئەو چەند کەسەی لە ناوچەی سەوز دەستگیرکراون، بە تۆمەتی تێوەگلان بووە لە دۆسێکانی گەندەڵی و عەدنان جومەیلی بریکاری وەزارەتی نەوت لە دانپێدانانەکانیدا ناوی هەموویانی هێناوە.
هەروەک سەرچاوەکە ئاماژەی پێکردووە، دەستگیرکراوەکان لە ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانەوە کە پارێزبەندییان لەسەر لابراوە، تێیدایە هەتا دەگاتە لێپرسراوە پلە باڵاکانی وڵات.
سەرچاوەکە باس لەوە دەکات، عەلی زێدی سەرۆک وەزیران، لە دەستگیرکردنی گەندەڵکاران و ئەو کەسانەی تێوەگلاون لە بەفیڕۆدانی سامانی دەوڵەت، درێغی ناکات ئەگەر لە هەر پلە و پۆستێکدابن، دەستگیرکردنی (عەدنان جومەیلی)یش سەرەتایەکی پڕ دەستکەوت بووە بۆ زەیدی و هێزە عیراقییەکان تا بەردەوام بن لەسەر هەڵمەتەکە و هەموو شتێکی ئاسان کردووە.
موقتەدا سەدر پشتیوانیی زەیدی دەکات
بەپێی راگەیەنراوێکی نووسینگەی موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر، دوێنێ یەکشەممە رێبەری رەوتەکە پەیامێکی بۆ عەلی زەیدی سەرۆک وەزیرانی عیراق ناردووە و تێیدا پاڵپشتی خۆی بۆ حکومەتەکەی راگەیاندووە لەپێناو دەستگیرکردن و لێپرسینەوە لە گەندەڵکاران و ئەو کەسانەی سەروەت و سامانی وڵاتیان بەهەدەرداوە و بردوویانە.
میدیا عیراقییەکانیش باس لەوە دەکەن، موقتەدا سەدر پەیامێکی بە خزم و کەسەکانی نزیک لەخۆی بۆ زەیدی ناردووە کە تێیدا هاتووە، پاڵپشتیی تەواوی خۆی بۆ ئەو هەڵمەتە دەردەبڕێت کە ئامانجەکەی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵکاران و دەستگیرکردنی هەموو ئەو تۆمەتبارانەیە بەبێ ئاوڕدانەوە لە پێگە و لایەن و بەشداریی سیاسییان.
لە پەیامەکەیدا، رێبەری رەوتی سەدر باسی لە گرنگیی بەردەوامبوونی هەڵمەتەکە و چاوپۆشینەکردنی لە هیچ کەسێک کردووە، تا دەستگیرکردنی تەواوی ئەو کەسانەی لەو گەندەڵییە تێوەگلاون، ئەوەش لە پێناو چەسپاندنی سەروەریی یاسا.
راگەیەنراوەی دەستەی دەستپاکیی عیراق
لە راگەیەندراوێکیشدا، دەستەی دەستپاکیی عیراق روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و دەڵێت: ماوەی چەند رۆژێکە دەستمانکردووە بە رێکاری توند بۆ دەستگیرکردنی هەموو ئەو کەسانەی کە تۆمەتبارن بە گەندەڵی لە عیراقدا، لە راگەیاندراوەکەیاندا هاتووە، بڕیارەکانی ئەم دەستگیرکردنەیش بە هەماهەنگیی نێوان هەر سێ دەسەڵاتەکەی عیراق دەبێت و «بەردەوام دەبین لە هەڵمەتەکەمان و هیچ شتێک نامانوەستێنێت».
ئاماژە بەوەش دەکات، هەموو رێکارەکان و دەستگیرکردنی تۆمەتباران لەژێر سایەی یاسا و پشتگیریی جەماوەری عیراقدایە و لە داهاتوویەکی نزیکیشدا رای گشتی لە وردەکاریی لێکۆڵینەوەکان ئاگاداردەکەینەوە.
دەیان کەس دەستگیرکراون
رۆژنامەی (الشرق الاوسط) لێدوانی لێپرسراوێکی عیراقی بڵاوکردۆتەوە و دەڵێت: لە هەڵمەتەکەی بەیانی یەکشەممەدا لە ناوچەی سەوز، توانراوە دەیان کەس بە تۆمەتی گەندەڵی و تێوەگلانیان لە بەهەدەردانی سامانی دەوڵەتدا، دەستگیربکەن.
ئەو سەرچاوەیە کە قسەی بۆ رۆژنامەکە کردووە دەڵێت: سەرەتا هێزێکی هاوبەشی دژەتیرۆر و سوپای عیراق، لە چەند شوێنێکی ناوچەی سەوز و لە دەروازەکانی ئەو ناوچەیەدا جێگیرکران، دواتر دەستیانکردووە بە جێبەجێکردنی فەرمانی دەستگیرکردن و توانیویانە چەندین لێپرسراوی حکومی و ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران و کارمەندی ئەمنی و بازرگان دەستگیربکەن کە تۆمەتبارن بە گەندەڵی و خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات و بەشێک لەو کەسانەی دەستگیرکراون گواستراونەتەوە بۆ دەستەی دەستپاکی.
بە پێی زانیارییەکانی ئەو سەرچاوە عیراقییە کە قسەی بۆ رۆژنامەکە کردووە، ژمارەی ئەو کەسانەی تا ئێستا دەستگیرکراون نزیکەی 50 کەسن و لە هەموو ئاستەکانی بەرپرسیارێتی تێدایە و لە چەند ناوچەیەکی وەک (ناوچەی سەوز، یەرموک، قادسیە، شەعب، مەدینە سەدر و زەیونە) لەبەغدا و لە پارێزگاکانی میسان و بابل و دیالە و سەڵاحەدینیش، دەستگیرکراون.
عەدنان جومەیلی بۆمبە تەوقیتکراوەکە
ئاژانسی ئەنادۆڵی توركی باس لەوە دەكات، ژمارەیەكی زۆر لێپرسراوی عیراقی دەستگیركراون كە ئەو لێپرسراوانە تێوەگلاون لە بەهەدەردانی سامانی وڵات و خراپ بەكارهێنانی دەسەڵات و سەرەتا عەدنان جومەیلی بریكاری پێشووی نەوتی عیراق بووە کە پەردەی لەسەر دنیایەکی پڕ گەندەڵی لە عیراق هەڵدایەوە و بۆ هەمووانی ئاشکرا کرد لە عیراقدا چی دەگوزەرێت.
ئاژانسەكە باس لەوە دەكات، لەگەڵ دەستگیركردنی جومەیلی و داننانی بە هەندێك لە دۆسێكان، وەك بۆمبێكی تەوقیتكراو پرسی گەندەڵی تەقیوەتەوە و ناوبراو ناوی ژمارەیەك لەو كەسانەی بە هێزەكانی عیراق داوە و دانیناوە بە هەموو ئەو مەلەفانەدا كە ئاگادارە لەبارەیانەوە و هێزەكانیش لەژێر رۆشنایی ئەو زانیارییانەدا چوونەتە ناوچەی سەوز و ژمارەیەك كەسیان دەستگیركردووە و بەردەوامیشن لە هەڵمەتەکەیان.
PUKMEDIA/ کوردستانی نوێ
هەواڵی زیاتر
-
پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و کۆماری چیک لەبواری کشتوکاڵدا پتەوتر دەکرێت
04:58 PM - 2026-07-28 -
بومەلەرزەیەكی بەهێز بەگوڕی 7.1 پلە بەپێوەری رێختەر ژاپۆنی هەژاند
03:20 PM - 2026-07-28 -
ئاسیاسێڵ پێنج خهڵاتی نێودهوڵهتی بهدهستدههێنێت
01:45 PM - 2026-07-28 -
سەعدی ئەحمەد پیرە پێشوازی لە وەفدێکی رێکخراوی بانگەوازی جێنڤ کرد
12:10 PM - 2026-07-28
ئەمانەش ببینە
وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لەبارەی بەنزینەوە چەند بڕیارێکی دەرکرد
03:37 PM - 2026-07-28
زەیدی لەگەڵ بەرپرسانی تورکیا پرسی وەبەرهێنان و ئاو تاوتوێ دەکات
02:31 PM - 2026-07-28
داشکاندنەکەی وەزارەتی کارەبا بۆ قەرزی کۆن دەستپێدەکات
12:17 PM - 2026-07-28
دەزگاى ئاسایشى هەرێم ژمارەیەک ئاسەوارى سەدەى 12ى رادەستى مۆزەخانەى سلێمانى کرد
11:50 AM - 2026-07-28
زۆرترین خوێنراو
-
پەرلەمانی عیراق 7 بڕیار دژی گەندەڵی دەردەکات
عیراق 08:07 PM - 2026-07-27 -
دەرباز کۆسرەت رەسوڵ: تەنها بە تەبایی دەتوانین خزمەتی زیاتر بکەین
کوردستان 07:23 PM - 2026-07-27 -
یەكێتی وەك یەكەمین حزبی كوردستانی بارەگا لەگرعوزێر دەكاتەوە
ی ن ک 06:25 PM - 2026-07-27 -
بە تۆمەتی باج و سەرانە سەندن لە بەرپرسان تۆمەتبارێک لە نەجەف دەستگیرکرا
عیراق 06:05 PM - 2026-07-27 -
بۆچی شەریف پاشا پڕۆژەی دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستانی نووسی؟
بیروڕا 05:51 PM - 2026-07-27 -
یەکێتی بڕێکی زۆر دەرمان بۆ نەخۆشخانەکانی گەرمیان دابیندەکات
کوردستان 05:15 PM - 2026-07-27 -
سەپاندنا ئەڕکێن گران و بێبەهرکرن ژ مافان
بیروڕا 03:59 PM - 2026-07-27 -
شێخ جەعفەرو كونسوڵی هەنگاریا جەخت لەچارەسەركردنی كێشەكان بەگفتوگۆ دەكەنەوە
کوردستان 03:46 PM - 2026-07-27







دابەزێنە

