riklam

زیاتر لە 50 هەزار کۆچبەر گەیشتونەتە ئیسپانیا و زۆربەیان دەگەڕێنەوە

جیهان 10:54 AM - 2026-08-01
وێنەیەکى کۆچبەران CNN

وێنەیەکى کۆچبەران

جیهانى

حکومەتی ئیسپانیا رایگەیاند، پاش ئەوەی لە ماوەی دوو رۆژی رابردوودا ژمارەیەکى زۆرى کۆچبەران بە شێوەیەکی بەکۆمەڵ سنووری ناوچەی سەبتەیان لە باکووری ئەفریقا بەزاند و چونە ئیسپانیا و 57 کەس گیانیان لەدەستدا، زۆربەیان ئارەزومەندانە دەگەڕێنەوە.

نوێنەری حکومەتی ئیسپانیا لە سەبتە ئاشکرای کرد، کە تەرمی 57  کۆچبەر لە سنورى ئیسپانیا دۆزراونەتەوە و ئەگەری هەیە ژمارەی قوربانییان لە لای مەغریبیش زیاتر ببێت، بەشێکی ئەم کۆچبەرانە لە کاتی هەوڵدان بۆ پەڕینەوە خنکاون و هەندێکیشیان لەسەر بەربەستە دەریاییەکان و دیواری سنوورەکە کەوتوونەتە ژێر پاڵەپەستۆوە و گیانیان لەدەستداوە.

وەزارەتی ناوخۆی ئیسپانیاش رایگەیاند: لە رۆژی پێنجشەممەوە  30ى7ى2026 نزیکەی 50 هەزار کەس سنووریان بەزاندووە و هاتونەتە ئیسپانیا (هەندێک سەرچاوەی ناوخۆیی ژمارەکە بە 60 هەزار کەس مەزنەدە دەکەن).

 تاوەکو ئێوارەی رۆژی هەینی 31ى7ى2026 مەزەندە دەکرێت زیاتر لە 48,300  کۆچبەر بە ویستى خۆیان گەڕابنەوە مەغریب و ئیسپانیایان بەجێهێشتبێت.

لەلایەکیش هێزەکانی مەغریب لە دەروازەکانی چوونە ناوەوە بۆ خاکی سەبتە بە دار و گازى فرمێسکڕێژ هەوڵیاندا رێگری لەو کۆچبەرە زۆرە بکەن کە دەیانویست مەغریب جێبهێڵن و بچنە ئیسپانیا.

 بە کۆمەڵ رۆیشتنى کۆچبەران بۆ ئیسپانیا بۆچوونی جیاوازی لەناو ئەوروپادا دروستکرد و سەرکردەکانی یەکێتیی ئەوروپا داوایان لە ئیسپانیا کرد دۆخەکە بە زووترین کات کۆنتڕۆڵ بکات.

لەلایەکی دیکەوە، بەشێکی دیکە لە کۆچبەران شارۆچکەی "بێلیونش"ی مەغریبیان وەک خاڵی دەستپێکى رۆیشتن بۆ ئیسپانیا هەڵبژاردووە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی لەو ناوچەیەوە مەودایەکی زۆر کورتتر دەبڕن بۆ گەیشتن بە خاکی ئیسپانیا، ئەمەش وایکردووە رووبەڕووبوونەوە و گرژییەکان لەو دەروازانەشدا توندتر ببنەوە.

شارۆچکەی سەبتە خاوەنی پێگەیەکی مێژوویی و دیمۆگرافیی تایبەتە، لە ساڵی 1580ـەوە سەر بە وڵاتی ئیسپانیایە، دانیشتووانەکەی بە شێوەیەکی یەکسان و هاوسەنگ لە نێوان پێکهاتەی مەسیحی و موسڵماندا دابەش بوون، بە جۆرێک کە نەتەوەکانی ئیسپانی و مەغریبی بە هەمان رێژەی وەک یەک و بێ جیاوازی لەم شارەدا دەژین و پێکەوە ژیان بەسەردەبەن.

PUKMEDIA 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket