riklam

کۆلۆمبیا.. تیمەکانی فریاگوزاری بەچڕى بەدوای قوربانیانى بوومەلەرزەکەدا دەگەڕێن

جیهان 05:07 PM - 2026-08-13
وێنەیەکى دواى بوومەلەرزەکە AP

وێنەیەکى دواى بوومەلەرزەکە

جیهانى بوومەلەرزە

ئەمڕۆ لە کۆڵۆمبیا ماوەی زێڕین کە 72 سەعات بوو بۆ دۆزینەوەی قوربانیانى بوومەلەرزەکە کۆتایی هات و تیمەکانی فریاگوزاریش هەوڵەکانیان چڕتر کردەوە بۆ فریاکەوتنی هەزاران کەسی زیانلێکەوتووی بوومەلەرزە وێرانکەرەکەی ئەم سەدەیەى کۆڵۆمبیا.

تیمەکانی فریاگوزاری بە لێهاتووترین شێوە بۆ شەوی سێیەم لەسەر یەک لە شارە زیانلێکەوتووەکانی وەک کالی و پیرێرا لە گەڕان و پشکنین بەردەوام بوون، ئەمەش لەکاتێکدا بوو کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە 13ى8ى2026 ئەو ماوەیەى کە ناسرابوو بە 72سەعاتى زێڕین کۆتایی هات، چونکە چاوەڕوان دەکرا ئەو ماوەیە زۆرترین دەرفەت هەبێت بۆ دۆزینەوەی قوربانییان لە ژێر داروپەردوودا.

ئەم بوومەلەرزەیە کە بەگوڕی 7.4 پلە کۆلۆمبیاى هەژاند، بە بەهێزترین بوومەلەرزەى ئەم سەدەیە دادەنرێت کۆلۆمبیاى گرتبێتەوە و بووە هۆی گیانلەدەستدانی 265 کەس و برینداربوونی زیاتر لە 3 هەزار و 500 کەسی دیکە، هاوکات بە پێى ئامارە رەسمییەکان نزیکەی 500 کەسیش بێسەروشوێنن.

لە بەرامبەر ئەم کارەساتە گەورەیەدا، ئەبیلارودۆ دی لا ئێسپرییا سەرۆکى کۆڵۆمبیا کە لە هەفتەی رابردوودا دەستبەکار بوو، بۆ ماوەی سێ رۆژ ماتەمینی نیشتمانیی سەرتاسەری راگەیاند و لە وتارێکدا جەختیکردەوە کە حکومەت هەموو رێوشوێنێکی پێویست دەگرێتەبەر، هاوکات بەڵێنیدا کە وڵات و کۆمەڵگە جارێکی دیکە بونیاد بنرێتەوە.

ئامارە رەسمییەکان دەریدەخرن کە زیاتر لە 11 هەزار خانوو بە تەواوی رووخاون و هەزاران خێزان بێماڵوحاڵ بوون، لەگەڵ بەردەوامبوونی باری لەناکاو لە شارەکانی کالی، پیرێرا، کیۆبدۆ، مانیزالیس و ئارمینیا کە سەرۆکی کۆلۆمبیا ئاماژەی پێداوە.

بەهۆی ترس لە پاشلەرزەکان و زیانگەیشتن بە خانووەکانیان، زۆرێک لە هاووڵاتییان ناچار بوون چەندین شەو لە دەرەوە و لەسەر شەقامەکان بەسەر ببەن، بۆ نموونە لە گەڕەکی برۆڤیدینسیای شاری پیرێرا، دانیشتووان کەلوپەل و کەرەستەی ماڵەکانیان لە نێو باڵەخانە زیانلێکەوتووەکاندا دەهێنایە دەرەوە.

لە پاڵ ئەم کارەساتەدا، گیانی هاوکاری و بەهاناوەچوون لە نێو کۆمەڵگەی کۆلۆمبیدا بەدیارکەوت، بە جۆرێک کە ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییان خۆبەخشانە دەستیان دایە گواستنەوەی ئاو، خۆراک و پێداویستی بۆ گەڕەکە زیانلێکەوتووەکان، و خەڵکێکى زۆریش بۆ بەخشینى خوێن روویان کردە ناوەندەکانی بەخشینی خوێن.

لە ئاستی نێودەوڵەتیدا، ئەمریکا هاوکارییەکى بەپەلەى بە بڕی 15.5 ملیۆن دۆلار پێشکەش بە کۆلۆمبیا کرد، هەروەها یەکێتی ئەوروپاش بەڵێنیدا کە بڕی 2 ملیۆن یۆرۆ کە دەکاتە نزیکەی 2.3 ملیۆن دۆلار وەک هاوکاری ببەخشێت بە کۆڵۆمبیا.

ئەمەش لە کاتێکدایە رۆژى 11ى8ى2026 بوومەلەرزەیەک بەگوڕی 7.4 پلە کۆلۆمبیاى هەژاند.

PUKMEDIA


ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket