riklam

ئۆتۆمبێلە چینییەکان، چۆن بە بێدەنگی بازاڕەکانی جیهانیان کۆنترۆڵ کرد؟

جیهان 12:21 PM - 2026-08-25
کارگەی ئۆتۆمبێلی چینی english.elpais.com

کارگەی ئۆتۆمبێلی چینی

«تەکنۆلۆژیای بەرز بە نرخێکی گونجاو»، ئەمە ئەو دروشمەیە کە ئۆتۆمبێلە چینییەکانی خستووەتە لووتکەی بازاڕەکانی كوردستان، خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان و لە ماوەیەکی كورتدا کەرتی پیشەسازیی ئۆتۆمبێلی چینی لە بەرهەمهێنەرێکی ناوخۆییەوە گۆڕی بۆ زلهێزێکی جیهانی کە هەڕەشە لە تەخت و پێگەی کۆمپانیا دێرینەکانی ئەڵمانیا، ژاپۆن و ئەمریکا دەکات، راستە ئەمڕۆ ئۆتۆمبێلە چینییەکان تەنیا بژاردەیەکی هەرزان نین، چونكە ئەوان بە دیزاینی مۆدێرن، كەمی نرخ و بەكارهێنانی تەکنۆلۆژیای پێشکەوتوو، وایانكردووە ئۆتۆمبێلەكانیان ببێتە بژاردەی یەکەمی زۆرێک لە کڕیاران لە بازاڕی وڵاتە تازەپێگەیشتووەکاندا، بەڵام پرسیارە سەرەكییەكە ئەوەیە ئایا ئەم درەوشانەوە دەرەکییە تەمەنێکی درێژیشی لەگەڵدایە؟ یان کڕیار دوای چەند ساڵێک رووبەڕووی گرفتە شاراوەکانی هێزی بزوێنەر، سیستمی کارەبایی و دابەزینی خێرای نرخی ئۆتۆمبێلەكە دەبێتەوە؟

كوردستانی نوێ لەم راپۆرتەدا هەوڵ دەدات وەڵامی کۆمەڵێک پرسیاری گرنگ بداتەوە، لەسەر ئاڵنگارییەکانی وەک کوالێتی بەردەوامی پارچەکان، تەمەنی بەکارهێنان، نەبوونی پارچەی یەدەگ و بەهای ئۆتۆمبێلەکە لە کاتی دووبارە فرۆشتنەوەدا یەخەی کڕیاران دەگرن. 

حەوت هێندە زیادیكردووە

لە زانكۆی سلێمانی سیمینارى براندی ئۆتۆمبێلە چینییەکان بەڕێوەچوو، لە پەراوێزی سیمینارەكەدا، (لیو جیون) کونسوڵی گشتی چین لە هەرێمی كوردستان رایگەیاند: ئۆتۆمبێل تەنیا ئامرازێک نییە بۆ گواستنەوە، بەڵکو بەشێکی گرنگە لە ژیانی رۆژانەی خێزان، پەیوەندیی نێوان شار و گوندەکان، گەشەپێدانی بازاڕ و ئازادیی جووڵەی هاووڵاتیان. لە ماوەی پێنج ساڵی رابردوودا، ئۆتۆمبێلە چینییەکان بە شێوەیەکی بەرچاو لە بازاڕی هەرێمی کوردستاندا جێگەی خۆیان کردووەتەوە، هاوردەکردنیان لە ساڵی 2020ەوە تا 2025 نزیکەی حەوت هێندە زیادیکردووە، ئەمەش نیشانەی زیادبوونی متمانە و پەسەندکردنی بەکارهێنەرانی ناوخۆیە.

هۆکاری ئەم گۆڕانکارییە تەنیا نرخ نییە، بەڵکو کۆمەڵێک تایبەتمەندییە کە لەگەڵ پێداویستییەکانی ژیانی کوردستان دەگونجێن. سیستمی ساردکەرەوەی بەهێز بۆ هاوینە گەرمەکان، تەکنۆلۆژیای نوێ، سیستمەکانی پاراستنی وەک ABS و AEB، بەرەوپێشچوونی ئۆتۆمبێلی کارەبایی، هەموویان بەهای ئەم بازاڕەیان بەرز کردەووەتەوە. بە تایبەتی نەوەی گەنج، ئۆتۆمبێلی هایبرێد و کارەبایی بە بژاردەیەکی زیرەکانە و ئابووری دەبینێت.

داهاتووی زیرەک و سەوز

کونسوڵی چین گوتیشی، بەڵام بۆ دروستکردنی متمانەیەکی درێژخایەن، پێویستە پشتیوانیی دوای فرۆشتن بەهێزتر بکرێت. دامەزراندنی ناوەندی خزمەتگوزاری لە هەموو شارەکانی هەرێم، دابینکردنی پارچەی یەدەک، راهێنانی میکانیکە ناوخۆییەکان، ئەمانە هەنگاوی سەرەکین. لە هەمان کاتدا بەڕێوەبردنی گواستنەوەی کارەبایی پێویستی بە پلانی روونە بۆ بەهێزکردنی تۆڕی کارەبا و دروستکردنی خاڵی بارگاویکردن، بە تایبەتی لەسەر رێگە سەرەکییەکان و ناوچە دوورەکان. ئەم هەنگاوانە تەنیا خزمەت بە کڕیار ناکەن، بەڵکو دەبنە هۆی پەرەپێدانی پیشەسازیی ناوخۆ، بەرزکردنەوەی توانای گەنجان، دروستکردنی بازاڕێکی رکابەری و دادپەروەر. ئەم پرۆسەیە پێویستی بە هاوکاریی حکومەت، کۆمپانیاکان، زانکۆکان و کۆمەڵگەی مەدەنی هەیە، چونکە داهاتوو بە تەنیا بە فرۆشتنی ئۆتۆمبێل دروست نابێت، ئامانجی هاوبەشمان دەبێت رێگەکانی سەلامەتتر، هەوای پاکتر، کار و پیشەی نوێ و ئۆتۆمبێلی متمانەپێکراو بێت. با پێکەوە بەرەو داهاتوویەکی زیرەک، سەوز و بەردەوام هەنگاو بنێین.

پەیوەندییە بازرگانییەكان

گەیلان حاجی سەعید سەرۆكی یەكێتی ژوورە بازرگانییەكانی هەرێمی كوردستان، سەبارەت بە پەیوەندییە بازرگانییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و چین بۆ كوردستانی نوێ قسەیكرد و گوتی: چین وڵاتێكی گرنگە و لە رووی ئابوورییەوە گرنگیی تایبەتی خۆی هەیە لە جیهاندا، ئەو وڵاتە بۆ هەرێمی كوردستان و عیراقیش هەم گرنگە و هەمیش پەیوەندییەكی بازرگانی توندوتۆڵ لە نێوانیاندا هەیە، پەیوەندییەكەشیان لە ئاستێكی زۆر باشدایە، لەم ساڵانەی دواییدا پەیوەندییەكان زیاتر پەرەیان سەند لە بوارە جیاجیاكان و ئاڵۆگۆڕی بازرگانیدا بە تایبەتی هاوردەكردنی كەلوپەل و پێداویستی چینی بۆ هەرێمی كوردستان و عیراق بە گشتی زۆر زیادیكردووە، ئێستا ئۆتۆمبێلی چینی لە عیراق و هەرێمی كورستاندا زۆرە و لەلایەن هاووڵاتیانەوە گرنگیی زۆری پێدەدرێت، لەبەر ئەوەی هاووڵاتی دەتوانێت بە نرخێكی گونجاو ئۆتۆمبێلێكی نوێ بكڕێت، بێگومان ئێمە وەكو هەرێمی كوردستان هەمیشە لە هەوڵی ئەوەداین پەیوەندییەكانمان لە رووی ئابوورییەوە لەگەڵ چین زیاتر پەرەپێبدەین، لەگەڵ كونسۆڵخانەی چین لە هەرێم لەو بارەییەوە لە پەیوەندیداین بۆ پەرەپێدان و بەرەوپێشبردنی جووڵەی بازرگانی نێوان چین و هەرێمی كوردستان. 

چین و هەرێمی كوردستان 

دەشڵێت، چین لە رووی هەناردەكردنی كەلوپەل و كاڵاوە یەكەمە لەسەر ئاستی جیهان، بەو پێیەی كەلوپەلەكانی بە نرخێكی گونجاو دەگاتە دەستی كڕیاران، هەرێمی كوردستان و عیراقیش یەكێكن لەو بازاڕانەی كە چین گرنگیی زۆریان پێدەدات، جگە لەوەش رێگەی ئاوریشم كە لە داهاتوودا بە هەرێمی كوردستاندا تێدەپەڕێت، گرنگیی تایبەتی بۆ چین و ئێمەش هەیە، بەم رێگەیە پەیوەندییەكانی هەرێم لەگەڵ چین دەچێتە قۆناغێكی تری بازرگانییەوە، چونكە ئەو رێگەیە چین بە ئەوروپاوە دەبەستێتەوە، بۆ ئەم مەبەستەش بێگومان چین جوگرافیای هەرێمی كوردستانی لا گرنگە. 

كوالێتی كاڵای چینی

دەربارەی كوالێتی كاڵای چینی، گەیلان حاجی سەعید رایگەیاند: چین هەموو جۆرە كاڵایەك دروستدەكات، كاڵای كوالێتی زۆر بەرزیش لەو وڵاتە دروستدەكرێت و هەیە، بەڵام بەداخەوە ئەو كوالێتی کۆنترۆڵەی لە سنوورەكانی عیراقدا هەیە، بە شێوەیەكی گشتی باش نییە و وەكو پێویست كار ناكات، لە بەر ئەوە كاڵا و كەلوپەلی كوالێتی خراپ دێتە عیراق و هەرێمی كوردستان، ئەمەش كاریگەریی نەرێنی دروستدەكات لەسەر بازرگانی و جۆری كاڵاكان، بێگومان خەڵك وا دەزانێت چین تەنیا كاڵا و كەلوپەلی كوالێتی نزم و خراپی هەیە، ئەمە راست نییە، بەڵكو كاڵای زۆر باشیان هەیە كە لە كوالێتی کۆنترۆڵی ئێمەش دەردەچێت بە مەرجێك كاڵا باشەكانیان بێتە عیراق و هەرێمی كوردستان.

بۆچی فرۆشتی ئۆتۆمبێلی چین روو لە زیادبوونە؟

سەنا كامیل كچە توێژەرێكە و ماوەی ساڵێكە بە هاوکاری توێژەرێکی دیکە سەرقاڵی توێژینەوەیەكە لەسەر ئۆتۆمبێلی چینی لە هەرێمی كوردستان و لایەنە باش و خراپەكانی ئەم جۆرە ئۆتۆمبێلەی لە توێژینەوەكەیدا باسکردووە، لە لێدوانێکدا بۆ كوردستانی نوێ گوتی: لە توێژینەوەكەدا زیاتر تیشكمان خستووەتە سەر خواستی هاووڵاتیان بۆ ئۆتۆمبێلی چینی، پاڵنەرەكانی و گیروگرفتەكانی ئەو ئۆتۆمبێلانە كە هاووڵاتیان لە كاتی كڕینیدا تووشی دەبن، ئێستا فرۆشی ئۆتۆمبێلی چین لە هەرێمی كوردسان روو لە زیادبوونە، بە پێی ئەو ئامارانەی دەست ئێمە كەوتووە، تەنیا لە حەوت مانگی یەكەمی ساڵی 2025دا زیاتر لە 22 هەزار ئۆتۆمبێلی چینی هاوردەی هەرێمی كوردستان كراوە، لەبەرامبەردا ئۆتۆمبێلی وڵاتانی تر كەمتر بووە، بۆ نموونە لەو ماوەیەدا 14 هەزار ئۆتۆمبێلی ئەمریكی هاوردەی هەرێمی كوردستان كراوە، ئەم ئامارانەشمان لە رێگەی لایەنە پەیوەندیدارەكان، كۆمپانیاكان و هاووڵاتیانەوە دەستکەوتووە، هەر بە پێی ئامارەكان 59 ٪ی كڕیاران هیچ كێشە و گرفتێكیان نییە لەگەڵ ئۆتۆمبێلەكانیان، ئەو 41 ٪ی كە دەمێنێتەوە دەتوانین بڵێن: ئەم جۆرە ئۆتۆمبێلە چینییانە بەكارناهێنن بە هۆكاری ئەوەی قسەیەك هەیە كە دەڵێت هەر كاڵا و كەلوپەلێك لە چین دروستكرابێت كوالێتییەکەی نزمە یان زۆر بەرز نییە، بەڵام ئەو قسەیە راست نییە، چونكە هەموو كاڵا و ئۆتۆمبێلێك كە لەو وڵاتە دروست دەكرێت، پێویستە بە كوالێتی کۆنترۆڵی چیندا تێپەڕێت و ئەو ئۆتۆمبێلانەی كە هەناردەی وڵاتان و هەرێمی كوردستانیش دەكرێت بڕوانامەی كوالێتی کۆنترۆڵیان پێدەدرێت، لەگەڵ ئەوەشدا هۆكارێكی تر بۆ ئەو هاووڵاتیانەی ئەو ئۆتۆمبێلانە بەكاردەهێنن بۆ گونجاوی نرخەكەی، تایبەتمەندی و ئەو تەكنۆلۆژیایەی لە ئۆتۆمبێلەكەدا بەكاردەهێنرێت دەگەڕێتەوە.

گرفتەكانی ئۆتۆمبێلی چینی

سەبارەت بە گیروگرفتی ئۆتۆمبێلە چیینییەكان ئەو توێژەرە گوتیشی، یەكێك لە هۆكارەكانی كێشە و گیروگرفتەكانی ئۆتۆمبێلی چینی بۆ ئەو جۆرە سوتەمەنییە دەگەڕێتەوە كە لە هەرێمی كوردستاندا بەكار دەهێنرێت و لەگەڵ ئەو ئۆتۆمبێلانەدا ناگونجێت، ئەمەش كێشەیەكی سەرەكییە، لەگەڵ ئەویشدا گرانیی نرخی پارچەی یەدەگی ئەو ئۆتۆمبێلانە، نەبوونی بنكەی سەرەكی چاككردنەوەی و خزمەتگوازی ئۆتۆمبێلەكان، ئەمانە لە گرفتە سەرەکییەکانن، دەتوانین بڵێن فرۆشی ئۆتۆمبێلەكانی چین بەندە بە گونجاویی نرخەكەی و ئەو تایبەتمەندی و تەكنۆلۆژیایەی لە ئۆتۆمبێلەكەدا بەكار دەهێنرێت، بەڵام ئەگەر لە داهاتوودا كۆمپانیا چینییەكان بیانەوێت ئەم پیشەسازییە گەشە بكات لە هەرێمی كوردستاندا، ئەوا پێویستە متمانەی كڕیاران بەدەستبهێنن، لەگەڵ ئەوەشدا پێویستە خزمەتگوزاریی زۆر باش پێشكەشی كڕیاران بكەن، واتە ژێرخانێكی زۆر باشی پیشەسازییان هەبێت و ئەو كێشانە چارەسەر بكەن کە ئێستا لە ئۆتۆمبێلە چینییەكاندا هەیە، بە پێی بە پێی ئەو ئامارانەی دەست ئێمە كەتووە، ئۆتۆمبێلەكانی ئێم جی (MG) پڕفرۆشترین ئۆتۆمبێلی چینین و دوای ئەویش ئۆتۆمبێلەكانی بی وای دی (BYD) دێت و دواتر ئۆتۆمبێلی كۆمپانیاكانی تری چینە، بەڵام لە داتاكانی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا جیاوازە و بە پێی داتاكانی ئەوان ئۆتۆمبێلەكانی ئێم جی (MG) یەكەمە، ئۆتۆمبێلەكانی جێلی (GEELY) لە ریزبەندی دووەمە، ئۆتۆمبێلەكانی بی وای دی (BYD) پلەی سێییەمە و دواتر كۆمپانیاكانی تری چین دێت. 

لایەنە باشەكانی ئۆتۆمبێلی چینی

محەمەد حسێن، شۆفێرە و ئۆتۆمبێلەكەی دروستكراوی چینە و بۆ كاروبارەكانی رۆژانەی خۆی بەكاری دەهێنێت، ئەو لەسەر لایەنە باش و خراپەكانی ئۆتۆمبێلەكەی قسەی بۆ كوردستانی نوێ كرد و گوتی: ئێستا چین دەستیگرتووە بەسەر بازاڕەكانی جیهاندا بە دروستكردنی ئۆتۆمبێلی كارەبایی و لە هەرێمی كوردستانیش ئەو جۆرە ئۆتۆمبێلە هەیە، هەروەها ئۆتۆمبێلی چینی بە تایبەتی ئەوانەی بە پاتری كارەبایی كار دەكەن دەكرێن بە دوو بەشەوە، ئۆتۆمبێلی كارەبایی دەتوانێت بەشێك لە خەرجییەکانت بۆ بگەڕێنێتەوە، چونكە ئیستا لە بازاڕەكانی كوردستان و لە زۆربەی وڵاتانی جیهانیش نرخی بەنزین گرانەوە رۆژ بە رۆژ نرخەكەی گرانتریش دەبێت، هەورەها لە رووی ژینگەوە ئۆتۆمبێلی كارەبایی بە دۆستی ژینگە دادەنرێت ئەویش بەهۆی ئەوەی كە زۆرینەی بەشەكانی ئەو ئۆتۆمبیلانە بەكارەبا ئیش دەكەن و ژینگە پیس ناكەن. 

لایەنە خراپەكانی ئۆتۆمبێلی چینی

ئەو شۆڤێرە دەشڵێت: ئەگەرچی لە هەرێمی كوردستاندا ئۆتۆمبێلی چینی خواستی زۆری لەسەرە، بە جۆرەكانی كارەباریی و بەنزینیشەوە، بەڵام لە رووی كێشە و گرفتەكانی ئۆتۆمبێلی چینییەوە كە من وەك شۆڤێرێك تا ئێستا رووبەڕووم بووەتەوە، تەنیا كێشەی ئۆتۆمبێلەكەی من نییە و زۆربەی ئۆتۆمبێلەكانی تریش هەمان كێشەیان هەیە، بە تایبەتی لە بزوێنەرەكانیاندا، چونكە ئەو ئۆتۆمبێلانە بە بەنزینێكی ئۆكتانی بەرز كار دەكەن، لە هەرێمی كوردستانیش ئێستا نرخی بەنزینی ئۆكتانی بەرز زۆر گرانە و تەنانەت ئەو بەنزینە ئۆكتان بەرزەش کە هەیە لە رووی كوالێتییەوە باش نییە، ئەویش بۆتە هۆی تێكدانی بزوێنەری ئۆتۆمبێلەكان، هەروەها لە رووی پارچەی یەدەگەوە كە ئەوەش كێشەیەكی ترە نرخی پارچەكانی زۆر گرانە، هەندێك جار ئەو پارچانەش دەست ناكەوێت و ئەگەریش دەست بكەوێت ئەوا یان كوالێتی باش نییە یان دەبێ بە نرخێكی گرانتر بیكڕیت، لە كاتێكدا پێویستبوو كۆمپانیاكان لەگەڵ هاوردەكردن و هێنانی ئەو ئۆتۆمبێلانەدا پارچەی یەدەگیشیان بهێنایە، ئەمانە وایانکردووە لە لە كاتی گۆڕینی ئەو پارچانەدا تێچوویەكی زۆری بکەوێتە سەر شانی بەکاربەر، ئەمەش بارگانییەكی ترە بۆ خاوەن ئۆتۆمبێلەكە، جگە لەوەش لەبەر ئەوەی ئەم ئۆتۆمبێلانە مۆدێلیان نوێییە و چەند سالێكی كەمە هاتوونەتە هەرێمی كوردستانەوە، كەم كەس هەیە شارەزایی تێیاندا هەبێت و كاریان تێدا بكات، ئەگەر ئۆتۆمبێلێکی چینی كێشەیەكی هەبێت، پێویستە بۆ چەندین شوێن و سەنتەری چاككردنی ببەیت بۆ چارەسەركرنی ئەو كێشانەی رووبەرووی ئۆتۆمبیلەكان دەبنەوە كە ئەمەش دیسان خەرجی و بارگرانییەکی زیاترە. 

كۆمپانیای GEELY

كوردستانی نوێ بۆ بەدواداچوون بۆ كوالێتی و ئەو خزمەتگوازرییانەی كۆمپانیا چینییەكان لە هەرێمی كوردستان دوای فرۆشتنی ئۆتۆمبێلەكانیان پێشكەشی فرۆشیارانی دەكەن قسەی لەگەڵ بریكاری سێ كۆمپانیای چینی كرد، سەرەتا ئەندازیار هونەر عەبدولـلەتیف بەڕێوبەری گشتی كۆمپانیای باجگر كە بریكاری سەرەكی ئۆتۆمـبـێلەكانی جێلی (GEELY)یە لە هەرێمی كوردستان، قسەی بۆ كوردستانی نوێ كرد و رایگەیاند: ئێستا فرۆشی ئۆتۆمبێلی چینی لە گەشەكردندایە، بەهۆی بەكارهێنانی زۆری تەكنۆلۆژیای نوێوە لە ئۆتۆمبێلەكانیاندا، كۆمپانیاكەی ئێمەش زۆرترین خزمەتگوزای پێشكەشی هاووڵاتیان دەكات لە دوای كڕینی، بە پێدانی ئۆتۆمبێل بە قیستی درێژخایەن و بوونی پارچەی یەدەگ لە دوای فرۆشتنی ئۆتۆمبێلەكانمان، لە چاككردنەوەی ئۆتۆمبێلەكان، چونكە ئۆتۆمبێلەكانی ئێمە، پێنج ساڵ گەرەنتی لەگەڵدایە بۆ مەكینە و گێڕ، سێ ساڵ بۆ كارەبایی و یەك ساڵیش بۆ خزمەتگوزاری تایە و پاتری، ئەو هەموو خزمەتگوزارییەی لای ئیمە پێشكەشی كڕیاران دەكەین و رۆژ بە رۆژیش خزمەتگوزارییەكانمان بەرەو پێش دەبەین، چونكە كۆمپانیای جیلی رۆژ بە رۆژ تەكنۆلۆژیایی نوێ بەكاردەهێنێت لە ئۆتۆمبێلیەكانیدا و ئێمەش ئەو خزمەتگوازاریانە بۆ هەرێمی كوردستان دەگوازینەوە، كۆمپانیاكانی چین لە پێنج ساڵی رابردوودا و بە تایبەتی دوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، زۆر سەرقاڵی بەروپێشبردنی تەكنۆلۆژیای نوێی كارەبایی و ئۆتۆمبێلەكانیان بوون و زۆر بەرەوپێشیان بردووە، ئەوەش وای كردووە ئاستی ئۆتۆمبێلی چینی بگاتە ئاستی ئۆتۆمبێلی كۆمپانیا گەورە جیهانییەكان و ببێتە پڕفرۆشترین ئۆتۆمبێل لە جیهاندا، لەبەر ئەوەی بەهێزیی و توندوتۆڵیی ئۆتۆمبێلەكان و ئەو تەكنۆلۆژیایەی بەكاریدەهێنن و هەرزانیی نرخەكەی، سەرنجی هاووڵاتیان و كڕیارانی بۆ لای خۆی راکێشاوە.

چین و وڵاتانی تر 

سەبارەت بە گواستنەوەی كارگەی كۆمپانیا گەورەكانی وڵاتانی وەكو ژاپۆن، ئەمریكا و ئەڵمانیا بۆ چین و مەسەلەی ركابەریی لە نێوان ئەو كۆمپانیایانە و كۆمپانیاكانی چیندا، ئەندازیار هونەر عەبدولـلەتیف، گوتی: چین وەكو بزنس و قازانج ئەو كارە دەكات لەبەر ئەوەی دەستی كار لە چین زۆر و هەرزانە، تێچووی پارچەی یەدەگ لە چین نرخی كەمترە بەراورد بە وڵاتانی تر، بۆیە كۆمپانیا گەورەكان ئێستا ئۆتۆمبێلەكانیان لەو وڵاتە دروستدەكەن و دواتر دەیخەنە بازاڕەكانی جیهانەوە، ئەمەش بازاڕێكی كراوەیە. 
كۆمپانیای BYD
هەر لەسەر ئەم پرسە، كێشە و گیروگرفتەكانی ئۆتۆمبێلەكان و بوونی پارچەی یەدەگ، وەلید دڵشاد لێپرسراوی فرۆشتی كۆمپانیای بی وای دی (BYD) لە شاری هەولێر بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: ئەو پارچەی یەدەگانەی لای ئیمە وەكو بریكاری رەسمی بی وای دی هەیە لە رووی كوالێتییەوە زۆر باشترە لەو پارچانەی كە لە بازاڕ هەیە، لە رووی نرخیشەوە ئەوانەی ئێمە نرخیان زۆر گونجاوترە، چونكە لە لایەن كۆمپانیای سەرەكی بی وای دی-ەوە دروستدەكرێت و هاوردەی هەرێمی كوردستانی دەكەین، ئێمە لە مانگی 9ی ساڵی 2025وە بە رەسمی دەستمان كردووە بە فرۆشتنی ئۆتۆمبێلەكانی بی وای دی لە هەرێمی كوردستان، هەرچەندە لەو کاتەوە تا ئێستا نرخی ئۆتۆمبێلەكانیشمان گۆڕانکاریی بەسەردا هاتووە و نرخەكەی سێ بۆ چوار ملیۆن دینار گرانتربووە، ئەوەش نیشانەی ئەوەیە کە خواست لەسەر ئەو جۆرە ئۆتۆمبێلە زیادیکرووە.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئێمە هەمیشە لە هەوڵداین بۆ ئەوەی ئەو كەسانەی كە ئۆتۆمبێلیان لە كۆمپانیاكەی ئێمە كڕیوە لە كاتی فرۆشتنەوەیدا زیانی زۆریان پێ نەگات، بۆ ئەوەش ئۆفەرێكمان راگەیاندووە کە خۆی لە گۆڕینەوەی ئۆتۆمبێلە كۆنەكان، بە ئۆتۆمبێلی نوێدا دەبینێتەوە، واتە بە زیانێكی كەم ئۆتۆمبێلەكەی خۆی لێوەردەگرینەوە كە رێژەی زیانەکەی %5 بۆ 10 ٪ بۆ ساڵێك تێپەڕناكات.

بۆ كەش و هەوای ئێرە دروستكراوە

سەبارەت بە كێشەی ئۆتۆمبێلە چینییەكان و ئەو ئۆتۆمبێلانەی كە لەلایەن بریكارە رەسمییەكانەوە هاوردە ناكرێن بە تایبەتی كارەباییەكان، وەلید دڵشاد دەشڵێت: تا ئیستا هیچ كێشەیەكی ئەوتۆ كە شایەنی باسكردن بێت لە ئۆتۆمبێلەكانی ئێمەدا نییە، لای ئێمە هەموو بەشەكانی ئۆتۆمبێلەكە گەرەنتی لەگەڵدایە بە جۆرێك گەرەنتی هەشت ساڵ یان 200 هەزار كیلۆمەتریان لەگەڵدایە، بۆ پاترییەكانیان چونكە ئۆتۆمبێلەكان كارەبایین، هەروەها شەش ساڵ یاخود 150 هەزار كیلۆمەتر گەرەنتی لەگەڵدایە بۆ گێڕ و مەكینە و كارەباییەکەی، بەڵام ئەگەر خوانەخواستە بەهۆی رووداوی هاتووچۆی قورسەوە تووشی كێشە بێت ئەوەیان جیاوازە، هەروەها ئەو ئۆتۆمبێلانەی لە رێگەی ئێمەوە هاوردەكراون كە ئێمە بریكاری سەرەكین لە عیراق و هەرێمی كوردستان، بۆ كەش و هەوای ئێرە دروستكراون و جیاوازترە لەوەی بۆ وڵاتێكی تر دروستكرابێت، چ لە رووی پلێت، بۆیاغ و سێ چین مێتالەوە، یان دەبڵەكانی جیاوازییان هەیە، بەنزینی ئۆكتانی 91ی بۆ دەبێت و هیچ كێشەیەك لە بزوێنەرەكەیدا دروست ناكات، فێنککەرەوەی پاترییەكەی جیاوازە و بەرگەی پلەی گەرمای زۆر بەرز دەگرێت، بەڵام ئەگەر ئۆتۆمبێلەكە لای ئێمە نەكڕدرابێت ئەوا ئێمە ناتوانین هیچ گەرەنتییەكی بكەین. 

كۆمپانیای GAC

كۆمپانیای جی ئەی سی (GAC MOTOR) یەكێكی ترە لەو كۆمپانیایانەی كە لە هەرێمی كوردستان ئۆتۆمبێلی چینی هاوردە دەكات و دەیفرۆشێت، كوردستانی نوێ قسەی لەگەڵ، ئالان عەبدوڵڵا بەڕێوبەری فرۆشتنی لقی سلێمانی كۆمپانیاكە كرد و ئەویش گوتی: ئێمە بریكاری رەسمی كۆمپانیاكەین و راستەوخۆ لە چینەوە، ئۆتۆمبێلەكان بە پێی تایبەتمەندیی كوردستان و عیراق و ئەو تایبەتمەندیانەی حكومەت داوامان لێ دەكات هاوردە دەكەین، تەواوی خزمەتگوزارییەكان بۆ ئۆتۆمبێلەكانمان دابین دەكەین، چونكە ئێمە هیچ ئۆتۆمبێلێكی بێ گەرەنتیمان نییە و تەواوی ئۆتۆمبێلەكانمان گەرەنتییان لەسەرە، چونكە لە رێگەی بریکاری رەسمییەوە هاوردە دەكرێن و پێشكەش بە هاووڵاتیان دەكرێت.

بەراوردكردنی نرخەكان 

سەبارەت بە كێشەی ئۆتۆمبێلی چینی و پارچەی یەدەگ و گرانیی نرخەكانیان، ئالان عەبدوڵڵا روونیکردەوە، بەهۆی نزمیی كوالێتی بەنزینەوە لە هەرێمی كوردستان، كێشە بۆ هەموو جۆرە ئۆتۆمبێلێك دروستبووە، بەڵام كۆمپانیا چینییەكان لەمەدا كەمێك بێ شانسترن بەراورد بە كۆمپانیاكانی تر، ئەگەرنا ئۆتۆمبێلی كۆمپانیای وڵاتانی تریش هەمان كێشەیان هەیە، چونكە ئەوەی لە هەرێمی كوردستان هەیە بەنزینێکی باش نییە و ئەمەش وا دەكات هیچ بزوێنەری ئۆتۆمبێلێك بەرگەی نەگرێت و تووشی كێشەی گەورە دەبێت، هەروەها ئێمە لە هەموو شارەكانی عیراق و هەرێمی كوردستان بنكەی چاككردنەوەمان هەیە، بۆ چاككردنەوەی ئۆتۆمبێلەكانمان، دوای فرۆشتن، تەواوی پارچە یەدەگەكانمان ئامادەكردووە و بۆ بەكارهێنەرانی ئۆتۆمبێلەكانمان بەردەستە، سەبارەت بە گرانیی نرخی پارچەی یەدەگیش پێویستە ئێمە نرخی ئۆتۆمبێلەكان بەراورد بكەین، بۆ نموونە ئۆتۆمبێلێك كە نرخەكەی 10 هەزار دۆلار بێت و باسی هەرزانیی پارچەی یەدەگی ئەو ئۆتۆمبێلە بكەیت، لەگەڵ ئۆتۆمبێلێك كە نرخەكەی 30 هەزار دۆلارە، ئەوە بەروردێکی نەگونجاوە، لە راستیدا نرخی پارچەی یەدەگی كۆمپانیاكەی ئێمە بەراورد بە بازاڕ زۆر گونجاوە، بەڵام بەهۆی ئەم هەڵاوسانەی کە ئێستا لە ئارادایە، تەواوی شتەكان گرانبوون لە بازاڕدا، بۆیە ئێمەش بەدەرنین لەو گرانبوونە، هەمیشەش هەوڵدەدەین كەمترین نرخ لەسەر پارچەكان دابنێن بۆ ئەوەی زۆرترین خزمەتگوزاری پێشكەش بە هاووڵاتیان بكەین.

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket