لێکتێنەگەیشتنی هەرێم و عیراق، کێشە داراییەكان بەرەو کوێ دەبات؟
کوردستان 10:03 AM - 2026-09-04
ئاژانسەکان
هەرێم و عیراق
پشتبەستنی رەهای ئابووریی عیراق بە داهاتی نەوت، بودجەی گشتیی وڵاتەكەی کردووەتە دیلی گۆڕانکارییەکانی بازاڕی جیهانیی وزە، هەر بۆیە دۆسێی بودجەی فیدراڵیی عیراق و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، ساڵانێکە وەک نەخۆشییەكی درێژخایەن لە جەستەی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدادا ماوەتەوە. لە ناو ئەم هاوکێشە ئاڵۆزەدا، دیاریکردنی پشکی هەرێمی کوردستان هەمیشە خاڵی گەرمی ناکۆکییەکان بووە و وایكردووە بودجە لە ئامرازێکی خۆشگوزەرانی و گەشەپێدانی وڵاتەوە بگۆڕدرێت بۆ کارتێکی فشاری سیاسی، مامۆستایانی زانكۆش دەڵێن بودجەی عیراق چەند بابەتێكی ئابوورییە بۆ هەرێمی كوردستان، ئەوەندەش بابەتێكی سیاسییە.
شایستە دارییەكانی کوردستان
سەبارەت بە پرسی شایستە دارییەكانی هەرێمی کوردستان، شیروان میرزا ئەندامی خولی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق وتی: ئێستا عیراق سەرقاڵی ئامادەكارییە بۆ ئامادەكردنی پڕۆژە یاسای بودجەی ساڵی 2027، بۆیە پێویستە هەرێمی كوردستانیش بەشداربێت لە ئامادەكارییەكانی بودجەدا و هەوڵ بدات نەك تەنیا مووچە، بەڵكو هەموو شایستە داراییەكانی هەرێمی کوردستان لە بودجەدا جێگیر بکات، ئەوەش مافی خۆیەتی، لەبەر ئەوەی هەرێمی كوردستان نەوتی رادەستكردووە و لە رێگەی سۆمەوە نەوتەكەی دەفرۆشێت، هەورەها داهاتی نانەوتیش رێككەوتنی لەسەر كراوە و ئەوەش رادەست دەكات، یان لە كاتی هاتنی مووچەدا راستەوخۆ عیراق ئەو بڕەی لەسەری رێككەوتوون لە مووچەی دەبڕێت، كەواتە لە هەردوو حاڵەتەكەدا هەرێم پابەندییەكانی خۆی جێبەجێ دەكات، بەڵام ئەوەی گرنگە ئەویە ئەو وەفدەی هەرێمی كوردستان كە دەچێتە بەغدا بۆ رێككەوتن پێویستە هەموو شایستە داراییەكانی خەڵكی هەرێمی كوردستان لە بودجەدا جێبكاتەوە، چونكە دەبێتە یاسا و ئەوكاتەش هەرێمی كوردستان دەتوانێت، نەك تەنیا مووچە، بەڵکو داوای بودجە لە عیراق بكات و مافی خۆشیەتی.
دابینكردنی مووچە
شیروان میرزا ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، چەسپاندنی شایستە و مافە داراییەكانی خەڵكی هەرێمی كوردستان پێویستی بە شەڕێكی یاسایی زۆر كاریگەر هەیە، بەڵام دوای ئەوەی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق دەنگی لەسەر درا، ئەو کاتە بابەتی مووچە نامێنێت، بەڵكو دەبێت بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان مانگانە لە كاتی خۆیدا بنێردرێت و لەو بودجەیەش مووچەی مووچەخۆران دابین بكرێت. جاری پێشوو عیراق كە بۆ سێ ساڵ بودجەی پەسەندكرد، بە بۆچوونی زۆربەی شارەزایان ئەزمونێكی خراپ بوو، بۆیە پێموایە عیراق ئەو ئەزموونە دووبارە ناكاتەوە و ئەو ئامادەكاریانەی ئێستا دەیكات تەنیا بۆ ساڵی 2027 دەبێت.
گرنگی بودجە
د. ئیدریس رەمەزان مامۆستای كۆلێژی كارگێڕی و ئابووری لە زانكۆی سەڵاحەدین لەسەر ئەم پرسە رایگەیاند: یەكێك لە گرنگترین کۆڵەکە داراییەکانی هەر وڵاتێك پڕۆژە یاسای بودجەیە، لەبەر ئەوەی بەرنامەی ساڵی ئایندەی وڵاتەكە دەستەبەردەكات، تەواوی پڕۆژەكان و خەرجیی وەزارەتەكانی تێدا دەستنیشان دەكرێت، حكومەتیش پابەند دەبێت بە جێبەجێكردنی تەواوی خاڵەكانی بودجەكەوە، هەرچەندە لە چەند ساڵی رابردوودا عیراق بودجەی سێ ساڵی پەسەندكرد، ئەویش لەبەر ئەوەی بارودۆخی ئەمنی عیراق ناسەقامگیر بوو، بەڵام دەكرێت لە پرۆژە یاسای نوێی بودجەدا كە ئێستا سەرقاڵی ئامادەكردنین، چەندین گۆڕانكاری نوێی تێدا بکرێت، وەكو ماوەی بودجەكە، رێككەوتن لەگەڵ هەرێمی كوردستان، سەرچاوەكانی تری دارایی و چەندین بابەتی تر، چونكە حكومەتی ئێستای عیراق تێڕوانینێكی جیاوازتری هەیە لەگەڵ حكومەتەكانی پێش خۆی، هەروەها دەتوانرێت لە بودجەدا مافی هەموو چین و توێژەكانی کۆمەڵگە بە هەرێمی كوردستانیشەوە دەستبەر بكرێت، بە شێوەیەكی تر دەتوانین بڵێن بودجە لاپەڕەیەكی ئامادەكراوە كە ئەرك و مافەكانی حكومەت و هاووڵاتیانی تێدا دەستنیشان كراوە بۆ ماوەیەكی دیاریكراو.
فرەچەشنكردنی داهات
د. ئیدریس رەمەزان، دەشڵێت: پێویستە عیراق بۆ فرەچەشنكردنی داهات سوود لە سەرچاوەكانی تر وەربگرێت، بۆ نموونە كشتوكاڵ، چونكە عیراق خاكێکی زۆر بە پیتی هەیە، هەروەها گەشتوگوزار، بە تایبەتیش گەشتوگوزاری ئایینی، دەشتوانێت لە رێگەی پەرەپێدانی پیشەسازیشەوە داهاتەکانی زیادبكات. ئاماژەی بەوەشکرد، گەندەڵیی لە عیراق كاریگەریی زۆر خراپی لەسەر داهات و بودجە هەیە و رێگرە لەبەردەم پێشكەوتنی تەواوی سێكتەرە ئابوورییەكان، ئەمەش وایكردووە عیراق تەنیا پشت بە داهاتی نەوت ببەستێت، بەڵام ئەگەر عیراق وڵاتێكی دامەزراوەیی بێت و تێڕوانینێكی روونی هەبێت ئەو كاتە دەتوانێت گرنگیی بە فرەچەشنیی داهاتەكانیش بدات و لەبری ئەوە لە وڵاتانی ترەوە بەرهەمە كشتوكاڵی و پیشەسازییەكان هاوردە بكات، دەتوانێت بەرهەمەكانی خۆی هەناردەی وڵاتان بكات، بەڵام بەداخەوە ئێستا بەهۆی گرنگینەدان بە بەرهەمی ناوخۆی، بۆ پڕكردنەوەی پێداویستییەكانی، پشت بە بەرهەمی هاوردەی وڵاتانی تر دەبەستێت.
جێبەجێكردنی بودجە
د. كامەران قادر مامۆستای زانكۆ و پسپۆڕی ئابووری، رایگەیاند: بودجە تەنیا بابەتێكی ئابووریی نییە بەڵكو لە هەمانكاتدا سیاسیشە بە تایبەتی لە عیراق، ئەم بابەتە سیاسییە بۆتە رێگر لە بەردەم جێبەجێكردنی ئەرکە ئابوورییەكاندا، پێموایە بودجەی ساڵی 2027ی عیراق بودجەیەكی سەركەتوو نابێت لە جێبەجێكردنی سەرجەم خاڵ و بڕگەكانیدا، تەنیا لە بودجەی بەكاربردندا نەبێت کە تایبەتە بە مووچە و خەرجییەکانی حکومەت،
سەبارەت بە ئەگەری جێبەجێکردنی پلە بەرزكردنەوەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان، د. كامەران وتی: راستە حكومەتی عیراق رەزامەندی دەربڕیوە بۆ جێبەجێکردنی پلە بەرزكردنەوەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان، بەڵام ئەوەش پێناچێت جێبەجێبكرێت، لەبەر ئەوەی حكومەتی عیراقی لە قەیران و كورتهێنانێكی گەورەدایە و ئەو كورتهێنانەش بە ئاسانی پڕنابێتەوە.
لەبەر ئەو هۆکارانە، نەك تەنیا بۆ هەرێمی كوردستان، بەڵكو بۆ عیراقیش هەموو بڕگەكانی بودجەی پێ جێبەجێناكرێت، هەروەها پلە بەرزكردنەوەی فەرمانبەران بابەتێكی سیاسیشە و ئەگەری هەیە لە عیراق و هەرێمی كوردستانیش بڕیار لەسەر جێبەجێبكردنی بدرێت، بەڵام بودجەی پێویستی بۆ تەرخان نەكرێت، چونکە بارودۆخی ئێستای حكومەتی عیراق بە جۆرێکە رەنگە تەنیا بتوانێت مووچە بدات. لە حاڵەتێکیشدا ئەگەر بیەوێت سەرجەم خاڵەكانی بودجە جێبەجێ بكات، دەبێ پەنا بۆ بەرزكردنەوەی نرخی دۆلار ببات لەلایەن بانكی ناوەندییەوە.
بەشە بودجەی کوردستان
وتیشی، پەرلەمانتارانی كورد لە عیراق ناتوانن لە كاتی تێپەڕاندنی بودجەدا پشكی هەرێمی كوردستان زیاد بکەن، لەبەر دوو خاڵ: یەكەمیان ئەوەیە ژمارەیان كەمە بەرامبەر بە ئەندامی پێكهاتەكانی تر، دووەمیشیان بودجە ناكرێت قەبارەكەی زیادبكرێت بەڵام دەكرێت بڕگەیەك پارەكەی كەمتر بكرێتەوە و بڕگەیەكی تر پارەكەی زیادبكرێت، هەرێمی كوردستانیش دەتوانێت تەنیا پشكی خۆی وەرگبرێت نە زیاتر، هەروەها بابەتەكانی پارەی پرۆژەكان بۆ نموونە دروستكردنی خوێندنگە، هەموو ساڵێك لە بودجەدا پارەی بۆ تەرخانكراوە، بەڵام بە هۆی کورتهێنانەوە هیچ دروستنەكراوە، بۆیە هەرێمی كوردستانیش ناتوانێت داوای بودجەی ئەو جۆرە پڕۆژانە بكات.
PUKMEDIA هیوا کازم
هەواڵی زیاتر
-
باڵەخانەیەک داڕما و 12 کرێکار برینداربوون
11:57 AM - 2026-09-11 -
له ساڵیادی دامهزراندنی كهناڵی دایكدا
09:36 AM - 2026-09-11 -
داهاتی هەفتەی رابردووی سلێمانی زیاتر لە 7 ملیار دینارە
09:00 AM - 2026-09-11 -
سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال: راپەڕین خاڵی سەرکەوتنی شۆڕشی نوێ بوو
07:34 PM - 2026-09-10
ئەمانەش ببینە
کوردستان 07:21 PM - 2026-09-11 سەرۆک بافڵ: 11ی سێپتەمبەر وەبیرهێنەرەوەی دەرئەنجامە وێرانکەرانەکەی تیرۆرە
عێراق و تورکیا رەشنووسی رێککەوتنی "ڕێگەی گەشەپێدان"یان تەواو کرد
05:24 PM - 2026-09-11
حوسییەکان کۆنترۆڵی گەرووی بابولمەندەب دەکەن
12:15 PM - 2026-09-11
11ی سێپتەمبەر..سەرەتای یەكهەڵوێستی جیهان دژی تیرۆر
10:05 AM - 2026-09-11
زۆرترین خوێنراو
-
سەرۆک بافڵ: 11ی سێپتەمبەر وەبیرهێنەرەوەی دەرئەنجامە وێرانکەرانەکەی تیرۆرە
کوردستان 07:21 PM - 2026-09-11 -
عێراق و تورکیا رەشنووسی رێککەوتنی "ڕێگەی گەشەپێدان"یان تەواو کرد
عیراق 05:24 PM - 2026-09-11 -
حوسییەکان کۆنترۆڵی گەرووی بابولمەندەب دەکەن
جیهان 12:15 PM - 2026-09-11 -
باڵەخانەیەک داڕما و 12 کرێکار برینداربوون
عیراق 11:57 AM - 2026-09-11 -
11ی سێپتەمبەر..سەرەتای یەكهەڵوێستی جیهان دژی تیرۆر
جیهان 10:05 AM - 2026-09-11 -
له ساڵیادی دامهزراندنی كهناڵی دایكدا
کوردستان 09:36 AM - 2026-09-11 -
داهاتی هەفتەی رابردووی سلێمانی زیاتر لە 7 ملیار دینارە
کوردستان 09:00 AM - 2026-09-11 -
سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال: راپەڕین خاڵی سەرکەوتنی شۆڕشی نوێ بوو
کوردستان 07:34 PM - 2026-09-10







دابەزێنە

