مەزڵوم عەبدی: کورد لەسوریا دەرگای قۆناغێکی نوێی کردەوە کە لەسەر بنەمای ئاشتی دامەزراوە
کوردستان 02:28 PM - 2026-09-04
The Amargi
مەزڵوم عەبدی
مەزڵوم عەبدی، راوێژكاری سەرۆكایەتی سوریا، جەختی كردەوە كە كورد چۆتە قۆناغێكی نوێوە لەسوریاو بۆ یەكەمجارە گەلی كورد بە ناسنامەی تایبەتی خۆیەوە بەشداریی لە بونیاتنانی دەوڵەتی سوریادا دەكات.
مەزڵوم عەبدی لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ رۆژنامەنووس ئیرفان ئاكتان، كە لە ماڵپەڕی (The Amargi) بڵاو كراوەتەوە، رایگەیاند: سوریا دوای رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد پڕۆسەی بونیاتنانەوەی دەستپێكردووەو كوردیش بووەتە بەشێك لەو پڕۆسەیەو ئامانجی سەرەكیشمان پاراستنی ئەو دەستكەوتانەیە كە بەدەستهاتوون بۆ گەیشتن بەتەواوی مافەكانمان.
رێككەوتنی 29ی كانونی دووەم باشترین هەڵبژاردن بوو
ئاماژەی بەوەشكرد: كەڕێككەوتنی 29ی كانونی دووەم باشترین هەڵبژاردن بوو بۆ بەرژەوەندی گەلی كوردو بە پێچەوانەوە ئەگەر نەگەیشتینایەتە ئەو رێككەوتنە، ئەوا دەبووە هۆی بەردەوامبوونی جەنگ و قوربانیدانی زیاترو ئاوارەبوونی ژمارەیەكی زیاتر لەدانیشتووان.
مەزڵوم عەبدی جەختی لەوەشكردەوە: كە كوردانی رۆژئاڤا، دەیانەوێت كێشەكانیان لەڕێگەی گفتوگۆو ئاشتییەوە چارەسەر بكەن نەك جەنگ، ئێستاش رێڕەوێكی سیاسییان لەبەردەمدایە بۆ چەسپاندنی مافەكانیان لە دەستووری سوریادا.
روونیشی كردەوە: كە كوردەكان ئەمڕۆ بە ناسنامەی خۆیانەوە لە ناو دامەزراوەكانی دەوڵەتدا نوێنەرایەتییان هەیەو لە بوارەكانی ئەمنی، كارگێڕی و سەربازیدا بەشداریی دەكەن، هەروەها بۆ یەكەمین جارە كە دەوڵەتی سوریا دان بەبوونی كورددا دەنێت وەك بەشێك لەوڵات.
زمانی كوردی بووەتە زمانێكی دانپێدانراوی نیشتمانی
جەختیشی كردەوە: كە زمانی كوردی بووەتە زمانێكی دانپێدانراوی نیشتمانی و زمانی خوێندن، لەگەڵ جێگیركردنی لە پڕۆسەی پەروەردەدا، سەرەڕای ئەوەی جێبەجێكردنەكەی هێشتا بە تەواوی گشتگیر نەكراوە، بەڵام بەردەوام دەبین لەخەبات بۆ چەسپاندنی مافەكانمان.
هاوكات مەزڵوم عەبدی، سەبارەت بە پۆستە نوێیەكەی، رایگەیاند: وەرگرتنی پۆستی راوێژكار لە سەرۆكایەتی كۆمار، دەكەوێتە چوارچێوەی پابەندبوونمان لەپێناو مافەكانی كورد لە سوریادا و ئامانجی سەرەكیمان لەوە خزمەتكردنی گەلەكەم و هەوڵدانە بۆ گەیاندنی كورد بەو پێگەیەی شایستەیەتی.
هاوكات جەختی لەسەر پێویستی بەشداریی كورد لە نووسینەوەی دەستوری سوریادا كردەوەو رایگەیاند: بەشداریپێكردنی كورد لە لیژنەی دەستووری داهاتوودا، بە داواكارییەكی بنەڕەتی دادەنێت بۆ دڵنیابوون لە دانپێدانان بە مافەكانمان و كاركردن بۆ خستنەناوەوەی ناوەڕۆكی ڕێككەوتنەكانمان لەگەڵ دیمەشق بۆ ناو دەستور.
سەبارەت بە توركیاش، مەزڵوم عەبدی جەختی كردەوە، كە كەناڵەكانی پەیوەندی لە نێوان هەردوو لادا كراونەتەوە و دەیانەوێت پەیوەندییەكان دوای ساڵانێك لە پێكدادان بگەڕێنەوە دۆخی ئاسایی خۆیان، هاوكات ئاماژەی بە بوونی ئاگربەست و پەرەپێدانی پەیوەندییەكان كرد لەسەر بنەمایەك كە خزمەتی گەلی سوریا و كورد بكات. هەروەها پڕۆسەی ئاشتی لەتوركیا و پەرەسەندنەكانی پەیوەندیدار بە كورد لە سوریا بە هەلێكی نوێ دادەنێت كە دەبێت سوودی لێ وەربگیرێت.
ئاشتی لە جەنگ سەختترە
مەزڵوم عەبدی جەختی كردەوە كە ئاشتی لە جەنگ سەختترە، چونكە هەندێك لایەن لە ناو سوریا و دەرەوەیدا دەیانەوێت سوود لە بەردەوامبوونی پێكدادان ببینن، بەڵام جەختی كردەوە كە ئیرادەیەك لە هەردوو لادا هەیە بۆ سەرخستنی پڕۆسەی تێكەڵبوون لەگەڵ دیمەشك و چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكان لەڕێگەی گفتوگۆوە.
سەبارەت بە داهاتووی سیاسی كورد، ئاماژەی بە پێویستی كاری سیاسی نوێ كرد دوای كۆتایی هاتنی ئەركەكانی هەسەدە و رایگەیاند: هەسەدە پشتگیرییەكی جەماوەری بەرفراوانی بەدەستهێناو چوارچێوەی حزبی تێپەڕاند، قۆناغی داهاتوو پێویستی بەڕێكخستن و بزوتنەوەیەكی سیاسییە كە توانای نوێنەرایەتیی كردنی ئەم بنكە جەماوەرییەی هەبێت.
پڕۆسەی ئاشتی لەتوركیا و بەشدارییمان لەبونیاتنانی سوریادا هەلە بۆ گەلی كورد
هەروەها بانگەوازی بۆ كورد كرد كە سوود لە گۆڕانكارییە هەرێماییەتییەكان وەربگرن، چونكە بەڕێوەچوونی پڕۆسەكانی ئاشتی لە توركیا و بەشداریی كورد لە بونیاتنانی سوریادا "هەلێكە بۆ گەلی كورد"،و پێویستی بە زیاتر خۆڕێكخستن و كاری هاوبەش هەیە.
لە لایەنی ئابوورییەوە، مەزڵوم عەبدی دانی بەبوونی كێشە لە ناوچەكانی رۆژاوادا نا دوای گواستنەوەی داهاتی نەوت بۆ دەوڵەتی سوریاو راوەستانی ئەو پشتگیرییانەی كە ئیدارەی خۆسەر پێشكەشی دەكرد، جەختیشی لە پێویستی چارەسەركردنی كێشەی نان، سەرچاوەكان و خزمەتگوزارییەكان كردەوە بە هاوكاری لەگەڵ دامەزراوەكانی دەوڵەتدا.
كورد خاوەن ئەزموون و دامەزراوە و دەستكەوتە
سەبارەت بەو جەنگەی كە كورد لە ساڵانی رابردوودا بەڕێوەی بردووە، مەزڵوم عەبدی رایگەیاند: پەشیمان نین، چونكە جەنگی مان و نەمان بووە لەڕوبەڕوبوونەوەی تیرۆرستانی داعش، ئەو قوربانیانەش لەپێناو پاراستنی دانیشتوواندا دراوە، بەڵام قۆناغی نوێ دەبێت لەسەر بنەمای ئاشتی و كاری سیاسی و بونیاتنان بنرێت، نەك گەڕانەوە بۆ جەنگ.
لە كۆتاییدا جەختی كردەوە كە كورد لە سفرەوە دەست پێناكات، بەڵكو خاوەن ئەزموون و دامەزراوە و دەستكەوتە كە دەكرێت پشتیان پێ ببەسترێت، داواشی كرد كە گەشبین بن و كاری هاوبەش بكەن لەپێناوی چەسپاندنی مافەكان و بەدەستهێنانی دەستكەوتی نوێ لە ناو سوریادا.
PUKMEDIA
هەواڵی زیاتر
-
باڵەخانەیەک داڕما و 12 کرێکار برینداربوون
11:57 AM - 2026-09-11 -
له ساڵیادی دامهزراندنی كهناڵی دایكدا
09:36 AM - 2026-09-11 -
داهاتی هەفتەی رابردووی سلێمانی زیاتر لە 7 ملیار دینارە
09:00 AM - 2026-09-11 -
سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال: راپەڕین خاڵی سەرکەوتنی شۆڕشی نوێ بوو
07:34 PM - 2026-09-10
ئەمانەش ببینە
کوردستان 07:21 PM - 2026-09-11 سەرۆک بافڵ: 11ی سێپتەمبەر وەبیرهێنەرەوەی دەرئەنجامە وێرانکەرانەکەی تیرۆرە
عێراق و تورکیا رەشنووسی رێککەوتنی "ڕێگەی گەشەپێدان"یان تەواو کرد
05:24 PM - 2026-09-11
حوسییەکان کۆنترۆڵی گەرووی بابولمەندەب دەکەن
12:15 PM - 2026-09-11
11ی سێپتەمبەر..سەرەتای یەكهەڵوێستی جیهان دژی تیرۆر
10:05 AM - 2026-09-11
زۆرترین خوێنراو
-
سەرۆک بافڵ: 11ی سێپتەمبەر وەبیرهێنەرەوەی دەرئەنجامە وێرانکەرانەکەی تیرۆرە
کوردستان 07:21 PM - 2026-09-11 -
عێراق و تورکیا رەشنووسی رێککەوتنی "ڕێگەی گەشەپێدان"یان تەواو کرد
عیراق 05:24 PM - 2026-09-11 -
حوسییەکان کۆنترۆڵی گەرووی بابولمەندەب دەکەن
جیهان 12:15 PM - 2026-09-11 -
باڵەخانەیەک داڕما و 12 کرێکار برینداربوون
عیراق 11:57 AM - 2026-09-11 -
11ی سێپتەمبەر..سەرەتای یەكهەڵوێستی جیهان دژی تیرۆر
جیهان 10:05 AM - 2026-09-11 -
له ساڵیادی دامهزراندنی كهناڵی دایكدا
کوردستان 09:36 AM - 2026-09-11 -
داهاتی هەفتەی رابردووی سلێمانی زیاتر لە 7 ملیار دینارە
کوردستان 09:00 AM - 2026-09-11 -
سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال: راپەڕین خاڵی سەرکەوتنی شۆڕشی نوێ بوو
کوردستان 07:34 PM - 2026-09-10







دابەزێنە

