riklam

روسیا و ئۆکرانیا ئاشتییان دەوێت

جیهان 10:11 AM - 2026-09-07
کۆبوونەوەی نێردەی سەرۆکی ئەمریکا لەگەڵ پوتین x.com

کۆبوونەوەی نێردەی سەرۆکی ئەمریکا لەگەڵ پوتین

ئاژانسەکانی هەواڵ بڵاویانکردەوە، ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی روسیا رۆژی شەممە لە کۆشکی کرێملین لەگەڵ ویتکۆف و کوشنەر نێردەی سەرۆکی ئەمریکا کۆبووەتەوە و ئامادەیی خۆی دەربڕیوە بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکرانیا. لای خۆشیەوە، یوری ئوشاکۆڤ یاریدەدەری سەرۆکی روسیا رایگەیاندووە، هەردوولا باسیان لە رێگەچارەی کێشەی ئۆکرانیا کردووە و گفتوگۆکانیان بە «بەرهەمدار و بنیاتنەر» ناوبردووە.

وەزارەتی بەرگریی روسیاش پێیوایە، خاکی دۆنێتسک یەکێکە لەو خاڵە جەوهەرییانەی کە هەردوولا لەسەری رێکناکەون.

«بنیاتنەر و بەسوود» 

ماڵپەڕی (ئەنادۆڵ) بڵاویکردووەتەوە، کۆبوونەوەکەی نێوان ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی روسیا و ستیڤ ویتکۆف و جارێد کوشنەر نێردەی سەرۆکی ئەمریکا، نزیکەی سێ سەعاتی خایاندووە و تێیدا باس لە رێگەچارەی قەیرانی ئۆکرانیا و چەند پرسێکی دیکە، کراوە.

بەپێی بۆچوونی یوری ئوشاکۆڤ یاریدەدەری سەرۆکی روسیا، دیدارە سێقۆڵییەکەی نێوان ڤلادیمێر پوتین، ستیڤ ویتکۆف و جارێد کوشنەر، دیدارێکی «بنیاتنەر و بەسوود بووە و لەسەر بنەمای متمانە بووە و چاوەڕوانی بەرهەمی باشی لێدەکرێت».

باسی لەوەشکردووە، کۆبوونەوەکە زۆر پرسی هەستیاری لەخۆگرتووە و نزیکەی سێ سەعاتی خایاندووە، هەردوولا گفتوگۆیان لەسەر رێگەچارەکانی قەیرانی ئۆکرانیا و چەند پرسێکی دیکەی هەنووکەیی کردووە.

بەپێی قسەکانی ئوشاکۆڤ، پوتین لە میانەی کۆبوونەوەکەدا پێزانینی خۆی بۆ هەوڵەکانی نێوەندگیریی ئەمریکا دەربڕیوە و سوپاسی ترامپ-ی کردووە بۆ دەستپێشخەرییەکانی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە و ئامادەیی خۆی دووپاتکردۆتەوە بۆ بەردەوامبوون لە کارکردن لەگەڵ ئەمریکا بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی سیاسی و دیپلۆماسی و بەردەوامبوون لە پەیوەندیی نێوان هەردوو سەرۆکی روسیا و ئەمریکا و پاراستنی هەوڵە دیپلۆماسییەکان لە رێگەی هەریەکە لە ویتکۆڤ و کوشنەرەوە.

لە روسیاوە بۆ ئۆکرانیا

هەر لەوبارەیەوە ماڵپەڕی (سکای نیوز) ئاماژەی بەوەداوە،  لەدوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکان و هەوڵە دیپلۆماسییەکانی نێردەکانی سەرۆکی ئەمریکا بۆ روسیا، دوێنێ ویتکۆڤ و کوشنەر، بۆ یەکەمجار سەردانی ئۆکرانیایان کرد و لە مۆسکۆوە گەشتیان بۆ کیێڤ کرد، پاشان لەگەڵ سەرۆکی ئەو وڵاتەدا کۆبوونەوە و ناوەندە میدیاییەکانی ئۆکرانیا دەڵێن «دیداری نێردەکانی ئەمریکا و سەرۆکی وڵات، بەرهەمدار بووە و هیوای باشی لێ دەخوێنرێتەوە». بەپێی راگەیاندنی کیێڤ کە تەواوی دیدارەکەی ئاشکرانەکردووە، ترەمپ نامەیەکی بە نێردەکاندا ناردووە بۆ زیلینسکی سەرۆکی ئۆکرانیا کە تێیدا  نووسیوێتی: «پێشنیازی کۆتاییپێهێنانی جەنگتان بۆ دەکەم».

ئەو ماڵپەڕە باسی لەوەش کردووە، کە رۆژی دووشەممەی رابردوو، ڤلۆدیمێر زێلێنسکی رایگەیاندبوو، لە مانگی ئەیلولدا دەتوانن گۆڕانکاریی بەرچاو لە رەوتی جەنگەکەدا ببینن.
ئاژانسەکانی هەواڵیش رایانگەیاندووە، روسیا کۆتایی جەنگەکەی بەستووەتەوە بە دەستبەرداربوونی کیێڤ لە پەیوەستبوون بە قەوارە سەربازییەکانی خۆرئاواوە، کیێڤیش ئەو داوایەی روسیا بە «دەستتێوەردان» لە کاروباری ناوخۆی وڵاتەکەی دەزانێت.

کۆتاییهێنان بە رەگ و ریشەی ململانێکە

ماڵپەڕی (RT)ی روسیا بۆچوونی دیمیتری پێسکۆڤ وتەبێژی کرێملین-ی بڵاوکردۆتەوە کە پێیوایە کۆبوونەوەی خودی ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی روسیا لەگەڵ ستیڤ ویتکۆف و جارێد کوشنەر نوێنەری سەرۆکی ئەمریکا، ئاماژەیە بۆ کەشێکی پڕ متمانە و بێ بەربەست.

ماڵپەڕەکە راشیگەیاندووە «خودی کۆبوونەوەکە، ئەو راستییە پیشاندەدات کە کەشوهەوای متمانە لانیکەم لەم کەناڵەی پەیوەندیکردندا، لە ئێستاوە لەئارادایە و بەهێزتریش دەبێت».

ئاماژەی بەوەشکردووە،  پوتین لەمیانی کۆبوونەوەکەدا جەختی لەسەر پێویستیی لابردنی رەگ و ریشەی ململانێکان کردووەتەوە.

پوتین: ئامادەین کۆتایی بە جەنگ بهێنین

ماڵپەڕی (DW) بڵاویکردووەتەوە، ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی روسیا لەکاتی کۆبوونەوەیدا لەگەڵ ستیڤ ویتکۆف و جارێد کوشنەر نێردراوانی سەرۆکی ئەمریکا، تاوتوێی رێگەکانی کۆتاییهێنان بە جەنگی نێوان وڵاتەکەی و ئۆکرانیای کردووە بەرلە سەردانی ئەو نێردەیەی ئەمریکا بۆ کیێڤ، هەر ئەوەش وایکردووە کە هەم روسیا و هەم ئۆکرانیا، بەبۆنەی سەردانی ویتکۆف و کۆشنەرەوە، بۆ ماوەی سێ رۆژ هێرش نەکەنە سەر پایتەختەکانی یەکتر.

میدیای روسیاش ئەوەی بڵاوکردووەتەوە، پوتین ستایشی هەوڵەکانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکای کردووە کە زۆر جددییە لە کۆتاییهێنان بەو جەنگەی نێوان ئەو دوو وڵاتە کە ماوەی زیاتر لە چوار ساڵە بەردەوامە.

میدیاکان ئاماژە بەوە دەکەن وەڵامەکەی پوتین لە بەرامبەر ئەو لێدوانەی ترەمپ-دا بووە کە رۆژی هەینیی رابردوو ئاماژەی بەوەدابوو «ئەمریکا پێشنیازێکی نوێی هەیە کە ئامانج لێی کۆتاییهێنانە بە جەنگی روسیا و ئۆکرانیا».

بەپێی زانیاریی ئاژانسەکانی هەواڵ، کە میدیاکانی ئەمریکاش پشتڕاستیان کردووەتەوە، ئەو لێدوانەی سەروکی روسیا کە وتبووی: «لە هەوڵەکان بەردەوام دەبین بۆ گەیشتن بە یەکلاییکردنەوە و بەشداریکردن لە چارەسەرکردنی کێشەی روسیا و ئۆکرانیادا».

«سێ رۆژ هێرشەکان بووەستێت»

لە راگەیەنراوێکدا کە دیمیتری پێسکۆڤ وتەبێژی کرێملین لە کەناڵی کرێملین لە ئەپی نامەناردنی ماکس بڵاویکردووەتەوە، دەڵێت: سەرۆک پوتین فەرمانیکردووە بە سوپای وڵاتەکەی کە بۆ ماوەی سێ رۆژ بۆردومانی کیێڤ رابگرن و جەنگ بووەستێنن، ئەمەش لە نیوە شەوی شەممەوە دەستیپێکرد.

بەپیی راگەیەنراوەکەی کرێملین، پوتین ئەو راستییەی پشتڕاستکردووەتەوە کە هێرشەکانی ئۆکرانیا بۆ سەر روسیا کەمبوونەتەوە و بەڵێنی داوە کە گەرەنتی سەلامەتیی گیانی دانوستانکارانی ئەمریکا بکات.

لەبارەی ئاگربەستە سێ رۆژەییەکەشەوە کە ئەمڕۆ دووشەممە کۆتایی پێدێت، ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا وتوویەتی «قسەی لەگەڵ نێردراوانی ئەمریکا کردووە کە سەردانی ئۆکرانیا دەکەن، ئاماژەی بەوەشکرد، ئۆکرانیا ئامادەیە تا ئەوکاتەی کە پێویست بکات، هێرشەکانی بۆ سەر مۆسکۆ رابگرێت.

کەمبوونەوەی هێرشەکانی ئۆکرانیا

لای خۆیەوە وەزارەتی بەرگریی روسیاش رۆژی یەکشەممە بڵاویکردەوە، ئۆکرانیا لەپێناوی ئاشتیدا، هێرشەکانی کەمکردووەتەوە، چونکە لەو رۆژەدا بە تێکڕا تەنها 53 درۆنی ناردووەتە سەر ئاسمانی روسیا، کە ژمارەیەکی ئێجگار کەمترە لە تێکڕای ئەو ژمارەیەی لە چەند مانگی رابردوودا تۆمارکراوە. بەو بۆنەیەشەوە روسیا بڕیاریدا لە مۆسکۆ رۆژی شار بەڕێوەببات کە سەدان هەزار کەس بەشداریی ئاهەنگەکانی دەرەوە دەکەن لە سەرانسەری پایتەختی ئەو وڵاتەدا.

نائومێدییەک لە رێککەوتن

سەبارەت بە ئەگەرەکانی رێککەوتن و ئاستەنگەکانی بەردەمیشی، ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاویکردۆتەوە، هیچ چانسێک نییە بۆ گەیشتن بە رێککەوتن لەسەر هێڵی پێشەوەی جەنگەکە، چونکە هێشتا روسیا لەهەوڵی زیاتردایە بۆ دەستەبەرکردنی ئەو بەشەی ناوچەی دۆنێتسک کە ماوەتەوە، ئاماژەی بەوەشکردووە، سەرۆکی روسیا متمانەی بەخۆی هەیە، بەپشتبەستن بە راپۆرتی فەرماندەکانی، کە ئەمە تا کۆتایی ئەمساڵ روودەدات.

لەو بارەیەشەوە، ئۆکرانیا رەتیدەکاتەوە دەستبەرداری ئەو خاکە ببێت کە بە تێچووی زۆر و بە سەرکەوتوویی بەرگری لێکردووە، هەر جۆرە سازشێکی لەو جۆرە و بەمەرج، بە تەسلیمبوون دەزانێت.

PUKMEDIA راپۆرت و شیکاریی، ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket