رۆژئاڤا.. لەخۆبەڕێوەبەرییەوە بۆ مافی دەستووریی
جیهان 04:38 PM - 2026-09-07
كەناڵی ئیلكەی توركی
چاوپێكەوتنی ئیلهام ئەحمەد لەگەڵ لە كەناڵی ئیلكەی توركی
كوردانی سوریا دوای چهندین ساڵ خهبات و بهرخۆدانی چهكداری له رۆژئاڤا و باكووری سوریا، ئێستا پرسهكهیان چووهته قۆناغێكی نوێی سیاسییهوهو (ههسهده) ههوڵدهدات پێگهی كورد لهسوریا جێگیر بكات، بۆ ئهمهش لهسهر پرسهكانی خوێندن و ئارامی و هێزه ناوخۆییهكان بهتایبهت ( یهپهژه) پرسی بێسهروشوێنهكان و دیلهكان لهگهڵ حكومهتی دیمهشق رێككهوتوون، لهو بارهیهشهوه ئیلهام ئهحمهد دهڵێت: لهم قوناغه ههستیارهی سوریادا پێویسته مافی كورد له چوارچێوهی سوریایهكی دیموكراسیدا بهدیبێت.
ئیلهام ئەحمەد، لەچاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ رۆژنامەنووس بانو گیڤین، لە كەناڵی ئەلكای توركی، جەختی كردەوە كە پاش چەندان ساڵ لە تێكۆشان و بەرخۆدانی چەكداری لە رۆژئاوا و باكووری سووریا، كۆردانی سووریا چوونتە قۆناغێكی سیاسیی نوێوە.
ئاماژەی بەوەشكرد: كەڕێڕەوی یەكگرتن لەگەڵ دیمەشق و هەڵوەشاندنەوەی هێزەكانی سووریای دیموكرات (هەسەدە) ئامانجی مسۆگەركردنی چەسپاندنی مافەكانی كورد و سەرجەم پێكهاتەكانی دیكەیە لە دەستووری سوریادا.
ناوبراو راشیگەیاند: ئێستا لە قۆناغێكی سەخت و هەستیارداین گواستنەوە لە كاری سەربازی بۆ رەوتی سیاسی پێویستی بە گفتوگۆی نوێیە لەپێناو دەستەبەركردنی مافە سیاسی، فەرهەنگی و پەروەردەییەكانی كورد لە ناو سوریایەكی دیموكراتدا كە جێگەی سەرجەم پێكهاتەكانی تێدا بێتەوە.
خوێندنی كوردی
لە دیارترین ئەو بابەتانەشدا كە لە چاوپێكەوتنەكەدا باسیان لێوەكرا، ئیلهام ئەحمەد رەخنەی لە شێوازی ئێستای خوێندن بە زمانی كوردی گرت و بە پاشەكشەی زانی بەراورد بەوەی كە لە ناوچەكانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریدا پەیڕەو دەكرا، روونی كردەوە كە كورد لەڕێگەی دانوستانەكانەوە داوای كردبوو زمانی كوردی ببێتە زمانی رەسمی بۆ خوێندن بە شێوەیەكی تەواو، بەڵام ئەو شێوازەی كە ئێستا رێككەوتنی لەسەر كراوە تەنها خوێندنی سێ وانە بە زمانی كوردی لەخۆدەگرێت، سەرباری چوار وانەی دیكە كە بریتین لە فەلسەفە، جوگرافیا، مێژو و چالاكییەكان بە زمانی كوردی.
جەختی كردەوە، كە كورد بەشێكی رەسەنی سوریایەو كوردەكان مافی خۆیانە بەزمانی دایكیان بخوێنن و ئامانجی كۆتاییمان ئەوەیە كە زمانی كوردی لە دامەزراوە پەروەردەییەكاندا ببێتە زمانی رەسمی، نەك تەنها وەك بابەتێك یان زمانێكی هەڵبژاردە بخوێندرێت.
وتیشی: هەزاران خوێندكار بۆ چەندان ساڵ پڕۆگرامە تیۆرییەكانیان بە زمانی كوردی خوێندووە، تا گەیشتوونەتە قۆناغی ئامادەیی، بۆیە گواستنەوەی لەناكاو بۆ زمانێكی وەك عەرەبی لەوانەیە كاریگەریی نەرێنی لەسەر ئاستی زانستی و داهاتووی خوێندنیان هەبێت.
سەبارەت بە قۆناغی ناوەندیش، ئاماژەی بەوەدا: كە ماددە كۆمەڵایەتییەكان بە شێوەیەكی هەڵبژاردە بە زمانی كوردی دەخوێندرێن، ئەویش لەناو سیستمێكی پەروەردەیدا كە زمانەكانی كوردی و عەرەبی تێكەڵ دەكات، لە كاتێكدا هێشتا سیستمی یاسایی و رێكخراوەیی بۆ خوێندنی زانكۆیی بە یەكجاری یەكلا نەكراوەتەوە.
ساڵی نوێی خوێندن و ئاستەنگەكان
سەبارەت بە كاتی دەستپێكردنی ساڵی خوێندنیش، ئیلهام ئەحمەد رایگەیاند: بڕیارە خوێندن لە نێوان 15 بۆ 20ی ئەم مانگە دەستپێبكات، جێبەجێكردنی سیستمی پەروەردەیی نوێش بە شێوەیەكی بەپەلە لەوانەیە ئاستەنگ دروست بكات، بەتایبەت كە پڕۆگرامەكان پێویستیان بە وەرگێڕان و چاپكردن هەیەو ئەو پڕۆسەیەش بە شێوەیەكی گشتی چەندان مانگی پێویستە.
ئاشكراشیكرد: پێشنیاری كردووە سیستمی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەر بۆ ئەم ساڵەش بەردەوام بێت بۆ ئەوەی كاتی پێویست بۆ ئامادەكردنی پڕۆگرامەكان دابین بكرێت، بەڵام وەزارەتی پەروەردە بڕیاریدا سیستمی نوێ لەسەر ئاستی سوریا جێبەجێ بكات، ئەمەش رەنگە ببێتە هۆی ئاستەنگ بۆ خوێندكاران.
یەپەژە وەك یەكەیەكی تایبەت دەچێتە ناو وەزارەتی ناوخۆ
پەیوەندیدار بەدۆسییە سەربازی و ئەمنییەكان، ئیلهام ئەحمەد ئاشكرایكرد كە یەكینەكانی پاراستنی ژنان (یەپەژە) دەچنە ناو هەیكەلی وەزارەتی ناوخۆی سوریاوە وەك یەكەیەكی عەمەلیاتی تایبەت، ئەمەش پاش ئەوەی رەتكرایەوە ژنان تێكەڵی ریزی سوپا بكرێن.
وتیشی: دیدی لایەنە كوردییەكان لەسەر ئەو بنەمایە بوو كە ژنان بەشداربن لە سوپادا، بەو پێیەی ئەمە لەزۆرێك لە وڵاتانی جیهاندا پەیڕەو دەكرێت، بەڵام دانوستانەكان لەگەڵ دیمەشقدا نەگەیشتنە ئەوەی ئەم پێشنیارە قبوڵ بكەن.
رونیشیكردەوە: ڕێككەوتنی ئێستا جەخت لەسەر ئەوە دەكات كە یەپەژە وەك هێزێكی تایبەت سەربە وەزارەتی ناوخۆ بێت كار بكات، لەگەڵ پاراستنی تایبەتمەندی و تواناكانی بەرگری خۆیان، جەختیشی كردەوە، كە دانوستانەكان بۆ چەسپاندنی وردەكارییە كۆتاییەكان تا ئێستاش بەردەوامن.
لە دیمەشق ژن لە ناوەندەكانی بڕیاردان بێبەشە
ئیلهام ئەحمەد رەخنەی لەئاستی بەشداری ژنان لە دامەزراوەكانی بڕیاردان لە دیمەشق گرت و پێیوابوو كە ئامادەبوونی ژنان هێشتا سنووردارە و زۆرینەی كات تەنها بەشداریی ڕەمزییان هەیە.
راشیگەیاند: گۆڕینی ئەو راستییەش كاتی پێویستە، چونكە قسەی تیۆری لەسەر گرنگی ڕۆڵی ژن تا ئێستاش بە شێوەیەكی پێویست لە شوێنە بڕیاربەدەستە ڕاستەقینەكانی ناو دامەزراوەكانی دەوڵەتدا رەنگ ناداتەوە.
ڕوونیشی كردەوە: كەڕێژەی نوێنەرایەتی ژنان لە ئەنجومەنی یاساداناندا 10% تێپەڕ ناكات و ئەوەی بە زۆر كەم وەسف كرد و داوای خەباتێكی ژنانەی كرد بۆ چەسپاندنی مافەكانی ژنان لە دەستووردا.
ئاشكراشیكرد: سێ ئەندام پەرلەمانی كوردی بەشداریی لەئەنجومەنەكەدا دەكەن، كە لە عەفرین و حەسەكەن و چاوەڕوانی دەرچوونی فەرمانی سەرۆكایەتیی دەكەن بۆ دیاریی كردنی لیژنە پەرلەمانییەكان، پێشبینیشیكرد، خۆی بچێتە ناو لیژنەی پەیوەندییە دەرەكییەكان و لیژنەی نووسینەوەی دەستوور.
سوریایەكی دیموكراتی فرە پێكهاتە
سەبارەت بە دەستووری نوێی سووریاش، ئیلهام ئەحمەد وتی: خشتەی كاتیی بۆ دەستپێكردنی گفتوگۆ دەستوورییەكان تا ئێستا یەكلا نەكراوەتەوە، هاوكات جەختی كردەوە كە داواكاریی كورد بۆ بونیادنانی سووریایەكی دیموكراتە كە جێگەی سەرجەم پێكهاتەكانی تێدا ببێتەوە .
جەختیشی كردەوە لەسەر پێویستی ئەوەی چوارچێوەی دەستووری كورد، عەرەب، توركمان، سریان، ئاشووری و ئەرمەن لەخۆبگرێت و پێیوابوو كە هەندێك دەستكەوتی فەرهەنگی، وەك دانپێدانان بە جەژنە نەتەوەییەكان وەك جەژنی نەورۆز و ئازادی قسەكردن بە زمانی كوردی، پێویستیان بە وەرگێڕانێكی فراوانتری دەستووری، سیاسی و یاسایی هەیە.
وتیشی: ماف، ئازادی، دانپێدانانی سیاسی هێشتا پێویستیان بە چەسپاندنێكی یاسایی هەمەلایەنە هەیە.
نزیكەی 500 كەس بێسەروشوێنن
لە دۆسیەی بێسەرو شوێنكراوەكانیشدا، ئیلهام ئەحمەد ئاشكرایكرد: كاتێك نزیكەی 500 كەسی مەدەنی و سەربازییەكان چارەنووسیان نادیارەو هیچ زانیارییەك نییە كە ئایا ئەمانە دەستگیركراون یان گیانیان لەدەستداوە، هەربۆیە لیستی ناوی بێسەروشوێنكراوەكان دراوەتە لایەنە پەیوەندیدارەكان بۆ بەدواداچوونی ئەو دۆسیەیە و ئاشكراكردنی چارەنووسیان.
سەبارەت بە گەڕانەوەی ئاوارەكانیش بۆ ناوچەكانی خۆیان، ئاماژەی بەوەدا: ژمارەیەك لە خەڵكی عەفرین سەرەڕای سەختییەكان توانیویانە بگەڕێنەوە، لە كاتێكدا كار دەكرێت بۆ رێكخستنی گەڕانەوەی ئاوارەكان بۆ سەرێ كانی و تەل عەبیەد و تێپەڕاندنی كۆسپە هەبووەكان.
360 هەزار داواكاری بۆ یەكلاكردنەوەی دۆخی بێناسنامەكان هەیە
لە چوارچێوەی رێڕەوی یەكگرتن و بونیادنانەوەی دەوڵەتیشدا، ئیلهام ئەحمەد وتی: سەرجەم هەنگاوەكان لە ڕێگەی دانوستان و سازانەوە دەگیرێنەبەر، جەختیشی كردەوە: ئامانج لێی بونیادنانی دەوڵەتێكە بۆ سەرجەم سووریاییەكان نەك تەنها بۆ یەك پێكهاتە.
ئاماژەی بەوەشكرد: دۆسیەی پێدانی رەگەزنامە بە بێ ناسنامەكان ئەوانەی رەگەزنامەیان لێسەندراوەتەوە، بەرەو كۆتایی دەچێت و روونی كردەوە: نزیكەی 360 هەزار كەس داوای بەدەستهێنانی هاووڵاتیبوونی رەسمییان كردووە و ئەوەشی بەدەستكەوتێكی گرنگ بۆ كورد وەسفكرد.
ئۆجەلان رۆڵی هەبوو لە دەستپێكردنی گفتوگۆ
سەبارەت بەكاریگەرییە هەرێمی و نێودەوڵەتییەكانیش، ئیلهام ئەحمەد، توركیای بە یاریزانێكی سەرەكی و كاریگەر لەداهاتووی سووریادا دەستنیشانكرد، سەرباری ئەمەریكا و بەریتانیا، لەگەڵ پاشەكشەی رۆڵی ئێران و رووسیا.
لە قسەكانیدا لەسەر رۆڵی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، وتی: نامە و هەڵوێستەكانی كە بانگەوازی بۆ گفتوگۆ و دووركەوتنەوە لە شەڕ دەكرد، ڕۆڵێكی سەرەكی و یەكلاكەرەویان هەبووە لە ڕاگرتنی پەلامارەكان، لەوانە پێكدادانەكانی مەنبج، و هاندانی بۆ رێككەوتنی 10ی ئادار و یەكگرتنی ئاشتیانە لەناو سووریایەكی دیموكراتدا.
هیچ كەناڵێكی راستەوخۆ لەگەڵ وەزارەتی دەرەی توركیادا نییە
سەبارەت بە پەیوەندی لەگەڵ توركیاش، ئیلهام ئەحمەد هیواخواز بوو كە كەناڵی گفتوگۆ بكرێنەوەو سەردانی رەسمی ئەنجام بدرێت و جەختیكردەوە كە پەیوەندی راستەوخۆ دەتوانێت لە چارەسەركردنی دۆسیە هەڵپەسێردراوەكاندا یارمەتیدەر بێت.
هاوكات داوایكرد ناوی سەركردە كوردەكان لە لیستە ئەمنییەكانی توركیادا لاببرێن و پێیوابوو چالاكییەكانیان سیاسی و بەرگریی بوون لە مافەكانی گەلی كورد.
لە بەرامبەردا جەختیكردەوە هیچ كەناڵێكی پەیوەندی راستەوخۆ لەگەڵ وەزارەی دەرەی توركیادا لە ئێستادا بوونی نییە و چاوەڕوانی ئەگەری كردنەوەی رێڕەوێكی گفتوگۆی رەسمی دەكەن لە داهاتوودا.
PUKMEDIA
هەواڵی زیاتر
-
باڵەخانەیەک داڕما و 12 کرێکار برینداربوون
11:57 AM - 2026-09-11 -
له ساڵیادی دامهزراندنی كهناڵی دایكدا
09:36 AM - 2026-09-11 -
داهاتی هەفتەی رابردووی سلێمانی زیاتر لە 7 ملیار دینارە
09:00 AM - 2026-09-11 -
سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال: راپەڕین خاڵی سەرکەوتنی شۆڕشی نوێ بوو
07:34 PM - 2026-09-10
ئەمانەش ببینە
کوردستان 07:21 PM - 2026-09-11 سەرۆک بافڵ: 11ی سێپتەمبەر وەبیرهێنەرەوەی دەرئەنجامە وێرانکەرانەکەی تیرۆرە
عێراق و تورکیا رەشنووسی رێککەوتنی "ڕێگەی گەشەپێدان"یان تەواو کرد
05:24 PM - 2026-09-11
حوسییەکان کۆنترۆڵی گەرووی بابولمەندەب دەکەن
12:15 PM - 2026-09-11
11ی سێپتەمبەر..سەرەتای یەكهەڵوێستی جیهان دژی تیرۆر
10:05 AM - 2026-09-11
زۆرترین خوێنراو
-
سەرۆک بافڵ: 11ی سێپتەمبەر وەبیرهێنەرەوەی دەرئەنجامە وێرانکەرانەکەی تیرۆرە
کوردستان 07:21 PM - 2026-09-11 -
عێراق و تورکیا رەشنووسی رێککەوتنی "ڕێگەی گەشەپێدان"یان تەواو کرد
عیراق 05:24 PM - 2026-09-11 -
حوسییەکان کۆنترۆڵی گەرووی بابولمەندەب دەکەن
جیهان 12:15 PM - 2026-09-11 -
باڵەخانەیەک داڕما و 12 کرێکار برینداربوون
عیراق 11:57 AM - 2026-09-11 -
11ی سێپتەمبەر..سەرەتای یەكهەڵوێستی جیهان دژی تیرۆر
جیهان 10:05 AM - 2026-09-11 -
له ساڵیادی دامهزراندنی كهناڵی دایكدا
کوردستان 09:36 AM - 2026-09-11 -
داهاتی هەفتەی رابردووی سلێمانی زیاتر لە 7 ملیار دینارە
کوردستان 09:00 AM - 2026-09-11 -
سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال: راپەڕین خاڵی سەرکەوتنی شۆڕشی نوێ بوو
کوردستان 07:34 PM - 2026-09-10







دابەزێنە

