riklam

عیراق 20 ساڵه‌ چاوه‌ڕوانی یاسای نه‌وت و غازه‌

کوردستان 03:06 PM - 2026-09-09
 نه‌وت و غاز AI

نه‌وت و غاز

ئابووری

پڕ‌ۆژه‌ یاسای نه‌وت و غاز له‌ عیراق ماوه‌ی نزیكه‌ی 20 ساڵه‌ په‌سه‌ند نه‌كراوه‌ و كێشه‌ی گه‌وره‌ له‌ نێوان حكومه‌تی فیدراڵی و هه‌رێم له‌لایه‌ك و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان له‌لایه‌كی دیكه‌ هه‌یه‌، پسپۆڕ‌ێكی نه‌وت و غازیش رایده‌گه‌یه‌نێت: به‌ ده‌رچوونی پرۆژه‌ یاساكه‌، كێشه‌كانی نێوان هه‌رێم و حكومه‌تی فیدڕ‌اڵی چاره‌سه‌ر ده‌بن و گه‌نده‌ڵیش كه‌مده‌كاته‌وه‌، ده‌شڵێت: به‌هۆی ناكۆكییه‌وه‌ چاوه‌ڕ‌وان ناكرێت له‌م خوله‌ی په‌رله‌مانیشدا پرۆژه‌كه‌ تێپه‌ڕ‌ێندرێت.

یاسای نه‌وت و غاز له‌ دوای ده‌ستووره‌وه‌ گرنگترینه‌

به‌هجه‌ت ئه‌حمه‌د پسپۆڕ‌ له‌ بواری وزه‌ و گرێبه‌سته‌كانی نه‌وت و غاز له‌ لێدوانێكیدا به‌ PUKMEDIA ی راگه‌یاند: یاسای نه‌وت و غازی عیراق، یه‌كێكه‌ له‌ یاسا زۆر گرنگ و هه‌ستیاره‌كان بۆ گه‌لی عیراق، چونكه‌ له‌دوای ده‌ستووری عیراقه‌وه‌، گرنگترین یاسایه‌ كه‌پێویسته‌ هه‌بێت، بۆیه‌ به‌ ده‌رچوونی یاسایه‌كێ له‌و شێوه‌یه‌ نه‌ك هه‌ر په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێم و حكومه‌تی فیدڕ‌اڵی ده‌توانێت چاره‌سه‌ر بكات، به‌ڵكو ده‌توانێت ئه‌و گرفته‌ یاساییه‌ قووڵانه‌ش چاره‌سه‌ر بكات له‌ سێكته‌ری نه‌وتی عیراق و به‌ڕ‌ێوه‌بردنی سێكته‌ری نه‌وتی عیراقدا هه‌یه‌.

دۆخی وه‌به‌رهێنان و ئاستی به‌رهه‌مهێنان رێكده‌خاته‌وه‌

وتیشی: پرۆژه‌ یاساكه‌ ده‌توانێت دۆخی وه‌به‌رهێنان و به‌رهه‌مهێنان له‌عیراقدا ڕ‌ێكبخات و ئاستی به‌رهه‌مهێنان له‌ عیراقدا زیاد بكات، هه‌روه‌ها وا بكات كه‌ كۆمپانیا نه‌وتییه‌ گه‌وره‌كانی جیهان ڕ‌وو بكه‌نه‌ عیراق و وه‌به‌رهێنان بكه‌ن له‌ سێكته‌ری نه‌وتدا.

پرۆژه‌ یاساكه‌ به‌هۆی ناكۆكی نێوان هه‌رێم حكومه‌تی فیدراڵی 20 ساڵه‌ دواكه‌وتووه‌

په‌یوه‌ست به‌وه‌ی بۆچی پرۆژه‌كه‌ ماوه‌ی نۆزده‌ ساڵه‌ دواكه‌وتووه‌ و ده‌بوو له‌ ساڵی 2007دا په‌سه‌ند بكرێت، به‌ڵام خول دوای خولی په‌رله‌مان په‌سه‌ند ناكرێت، به‌هجه‌ت ئه‌حمه‌د، رایگه‌یاند: ئه‌مه‌ په‌یوه‌ندی به‌ دوو كێشه‌وه‌ هه‌یه‌، یه‌كه‌میان، ئه‌و ململانێ سیاسییانه‌ی كه‌ له‌ نێوان هه‌رێم و حكومه‌تی فیدڕ‌اڵیدا هه‌یه‌ له‌سه‌ر بابه‌تی به‌ڕ‌ێوه‌بردنی نه‌وت له‌ عیراقدا، بێگومان هه‌رێمی كوردستان بۆچوونێكی هه‌یه‌ كه‌ هه‌موو ده‌سه‌ڵاته‌كان دابه‌ش بكرێت له‌ نێوان حكومه‌تی فیدڕ‌اڵی و له‌گه‌ڵ هه‌رێمه‌كان، به‌ڵام حكومه‌تی فیدڕ‌اڵی، تێڕ‌وانینێكی ناوه‌ندیانه‌ی هه‌یه‌ بۆ بابه‌ته‌كه‌ و ده‌یه‌وێت زۆرترین ده‌سه‌ڵات له‌لای وه‌زاره‌تی نه‌وت بێت، كه‌ ئه‌مه‌ش خۆی له‌ خۆیدا پێچه‌وانه‌ی ده‌ستووری عێراقه‌ و پێچه‌وانه‌ی مادده‌ی 112 یه‌ به‌ هه‌ردوو بڕ‌گه‌كانیه‌وه‌.

حزبه‌كانی عیراقیش ناكۆكن

وتیشی: به‌شێكی دیكه‌ی ڕ‌ێگره‌كان، بریتییه‌ له‌و ناكۆكییانه‌ی كه‌ هه‌یه‌ له‌ نێوان حزبه‌ سیاسییه‌ عیراقییه‌كان خۆیاندا، كه‌ ئه‌وانیش ناكۆكی زۆر زۆر گه‌وره‌یان هه‌یه‌ له‌سه‌ر به‌ڕ‌ێوه‌بردنی یاسای به‌ڕ‌ێوه‌بردنی نه‌وت یاخود یاسای نه‌وت و غاز، بۆیه‌ تاوه‌كو ئێستا ته‌وافوقێكی سیاسی له‌ نێوان هێزه‌ سیاسییه‌كانی عیراقدا نه‌هاتووه‌ته‌ بوون بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ ڕ‌ێكبكه‌ون له‌سه‌ر پڕ‌ۆژه‌یاساكه‌.

قه‌باره‌ی گه‌نده‌ڵی كه‌مده‌كاته‌وه‌

له‌ باره‌ی ئه‌وه‌ی كه‌ ده‌رچوونی یاساكه‌ قه‌باره‌ی گه‌نده‌ڵی كه‌مده‌كاته‌وه‌، به‌هجه‌ت ئه‌حمه‌د پسپۆڕ‌ له‌ بواری وزه‌ و گرێبه‌سته‌كانی نه‌وت و غاز، دووپاتیكرده‌وه‌،كه‌ به‌ دڵنیاییه‌وه‌ بابه‌تی نه‌بوونی ئه‌و یاسایه‌، بۆشاییه‌كی زۆر زۆر گه‌وره‌ی دروستكردووه‌ و وایكردووه‌ كه‌ مه‌ودایه‌كی گه‌وره‌ بۆ گه‌نده‌ڵی دروست ببێت، كه‌ بابه‌تی نه‌وت و غاز به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی، بواری گه‌نده‌ڵی تێیدا زۆر فراوانه‌، به‌ڵام نه‌بوونی ئه‌و یاسایه‌ وایكردووه‌ ئه‌و مه‌ودایه‌، ده‌توانم بڵێم چه‌ند هێنده‌ فراوانتر بێت، هه‌روه‌ها به‌هۆی نه‌بوونی یاساكه‌وه‌ كۆمپانیا نه‌وتییه‌كانیش، مه‌ودایه‌كی فراوانیان هه‌بێت بۆ گه‌نده‌ڵی و بتوانن سودی زیاتر له‌ نه‌وتی عیراق وه‌ربگرن، ئه‌مه‌ش كاریگه‌ری كردووه‌ته‌ سه‌ر دوو شت:

یه‌كه‌م، ئاستی به‌رهه‌مهێنان له‌ عیراقدا كه‌مبێت و دووه‌میش داهاتێكی زۆری عیراق به‌هه‌ده‌ر بچێت.

ئه‌م خوله‌ی په‌رله‌مان ناتوانێت پرۆژه‌ یاساكه‌ تێپه‌ڕ‌ێنێت

له‌ باره‌ی ئه‌وه‌ی چاوه‌ڕ‌وان ده‌كرێت له‌م خوله‌ی په‌رله‌مان، پرۆژه‌ یاساكه‌ تێپه‌ڕ‌ێنرێت، به‌هجه‌ت ئه‌حمه‌د، وتی: زۆر زه‌حمه‌ته‌ له‌م خوله‌ی په‌رله‌مانی عیراقیشدا بتوانرێت ئه‌و بابه‌ته‌ یه‌كلایی بكرێته‌وه‌، چونكه‌ ئێستا كێشه‌كان زیاتر كه‌وتووه‌ته‌ نێوان لایه‌نه‌ سیاسییه‌ عیراقییه‌كان خۆیانه‌وه‌، كه‌ كێشه‌ی سیاسی گه‌وره‌یان هه‌یه‌ له‌سه‌ر ئه‌و یاسایه‌، و هه‌ر لایه‌نێك ده‌یه‌وێت پشكێكی گه‌وره‌، یاخود ده‌ستپێشخه‌رییه‌كی گه‌وره‌ بۆ خۆی دروست بكات له‌ بڕ‌یاردان له‌ سێكته‌ری نه‌وت و غاز له‌ عیراقدا.

یاساکە لە 53 ماددە پێکهاتووە

هەر لەبارەی نەبوونی یاسای نەوت و غاز لەعیراق، عەلی تەمیمی پسپۆڕی یاسایی بەوێبسایتی رەسمیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان PUKMEDIA ی راگەیاند: پرۆژەیاسای نەوت و غاز زۆر گرنگە، دەکرێت ببێتە سەرەتایەک بۆ داڕشتنی بنەماکانی داهاتوو و ڕێگریکردن لە دروستبوونی هەر کێشەیەک لە نێوان ناوەند و هەرێم لە سەرجەم ئەو بابەتانەی پەیوەندی بە کەرتی نەوتەوە هەیە.

راشیگەیاند: ئەم یاسایە سەرجەم کێشەکان چارەسەر دەکات و لە 53 ماددە پێکدێت، کە سەرجەم بڕیارە چارەنووسسازەکان دەربارەی دەرهێنان وهەناردەکردن و خەرجییەکان دەدات، هاوکات ئەنجومەنی راسپێردراو بەرپرسیار دەبێت لە داڕشتنی سیاسەتی نەوتی و دەرکردنی ڕێنماییەکانی جێبەجێکردنی گرێبەستەکان، پەسەندکردنی گەڕان و پشکنین، پەرەپێدان، بەرهەمهێنان، پەسەندکردنی گرێبەستە ئیمزاکراوەکان و چەندین دەسەڵاتی دیکە.

 ئاماژەی بەوەشکرد، ئیمزاکردنی گرێبەستەکان لەلایەن وەزارەتی نەوتی فیدراڵییەوە دەبێت، بە مەرجێک ئەنجومەنی نەوتی فیدراڵی لە ماوەی 3 مانگدا لە دوای ڕەوانەکردنی بۆ ئەنجومەنەکە پەسەندی بکات، بە پێچەوانەوە بە پووچەڵ هەژمار دەکرێت..

یاسای نه‌وت و غاز كێشه‌كانی كه‌رتی نه‌وت چاره‌سه‌ر ده‌كات

هاوكات زه‌ینه‌ب ته‌میمی ئه‌ندامی لیژنه‌ی نه‌وت و غاز و سامانه‌ سروشتییه‌كان له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق، به‌ ڕ‌ۆژنامه‌ی سه‌باحی ڕ‌اگه‌یاندووه‌، سه‌رۆكی په‌رله‌مان و سه‌ركردایه‌تی لیژنه‌كه‌ و ئه‌ندامه‌كانی گرنگییه‌كی زۆر به‌ یاسای نه‌وت و غاز ده‌ده‌ن، له‌كاتێكدا له‌خولی پێشوودا كاری جددی بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی یاساكه‌ كراوه‌، به‌ڵام نه‌گه‌یشتووه‌ته‌ ئه‌نجامی كۆتایی.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، ئه‌ندامانی ئێستای په‌رله‌مان به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی نوێنه‌رایه‌تی پارێزگای به‌سره‌ ده‌كه‌ن، جه‌خت له‌سه‌ر پێویستی ده‌ركردنی یاساكه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌ له‌م خوله‌دا، بۆیه‌ مه‌به‌ستی ڕ‌استه‌قینه‌ و جددی هه‌یه‌ بۆ به‌رده‌وامبوون له‌ ده‌رچووانی یاساكه.

هەروەها، زه‌ینه‌ب ته‌میمی هیوای خواست كه‌ یاساكه‌ له‌م خوله‌ی په‌رله‌ماندا ده‌ربكرێت و جه‌ختی له‌وه‌شكرده‌وه‌ كه‌ چاره‌سه‌ری كۆمه‌ڵێك ئاسته‌نگ و كێشه‌ی به‌رده‌م كه‌رتی نه‌وت ده‌كات و چوارچێوه‌یه‌كی یاسایی ڕ‌وون بۆ ڕ‌ێكخستنی كاره‌كانی به‌ گشتی دابین ده‌كات.

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket