riklam

قوباد تاڵەبانی: لەهەرێم و عیراق نەوەیەکی نوێ خاوەنی کارامەیین

کوردستان 03:24 PM - 2026-10-13
دیمەنێکی دیدارەکە PUKMEDIA

دیمەنێکی دیدارەکە

قوباد تاڵەبانی رایگەیاند: نەوەیەکی نوێ لەهەرێم و عیراق بونەتە خاوەنی کارامەیی و لە ئێمە باشترن، خۆشبەختانە ئێمەش بیرکردنەوەمان لەوانەوە نزیکە.

لە دووەم رۆژی دیداری مێری 2026 لە هەولێر قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم رایگەیاند: لە هەرێمی کوردستان و عیراق نەوەیەکی نوێ بونەتە خاوەنی کارامەیی و لەئێمە باشترن، بەڵام خۆشبەختانە ئێمەش بیرکردنەوەمان لەوانەوە نزیکە، بەڵام ئەمە مانای نییە جیلە کۆنەکە باش نەبوون، بەڵکوو ئەوان ئەزمونێکی گەورەیان بەڕێکردوەو کەسانی تێکۆشەر و ناودار بوون.

وتیشی: جارێکی تر شەڕی برا کوژی لەناو کورددا روناداتەوە، ئێمە هەوڵ دەدەین بە دیدێکی نوێوە لەگەڵ نەوەکانی سەردەمی پێش راپەڕین گفتوگۆ بکەین و بگەینە خاڵی هاوبەش، هەرگیز بڕیار لەوە نادەین ململانێکان بگەنە ئاستی شەڕی چەکداری وەک رابردوو، دۆخی ئەمڕۆ بۆ حوکمڕانی پێویستی بە بیر و بۆچونی جیلە نوێکە هەیە و پیویستی بە ئەزمونی جیلی کۆنیشە، وەک چۆن مام جەلال هەمیشە ئاماژەی بە چەپکە گوڵەکە داوە، واتە پێویستمان بە هەمووانە.

کێشەکانی هەرێم و عیراق بە دەستور چارەسەر دەبن

ئاماژەی بەوەشكرد: ئێمە دەبێت لەچوارچێوەی دەسەڵات و ئیرادەی خۆمانا سەیری دۆخەکە بکەین و زیاتر بۆ ئەو لایەنانە بڕوانین کە دەتوانین چارەسەریان بکەین، هۆکاری سەرەکی کێشەکان لەگەڵ بەغداد پشتکردنە لە دەستور، کێشەکانی هەرێم و عیراق بە دەستور چارەسەر دەبن و گەڕانەوە بۆ دەستور کلیلی چارەسەری هەموو کێشەکانە و ئەوەش رونە کە عیراقییەکان خۆیان دەتوانن کێشەکانی خۆیان چارەسەر بکەن، لەئێستادا دەرفەتێک لە عیراق رەخساوە بۆ ئەوەی حوکمڕانییەکی باش هەبێت و تێیدا بتوانرێت دەستور جێبەجێ بکرێت.

وتیشی: لەدوای جێبەجێکردنی دەستورییش لە هەرێمی کوردستان پێویستە دەستورێک هەبێت بۆ رێکخستنەوەی نێوماڵی خۆی، تابتوانین لەگەڵ بەغدادیش رێک بکەوین، کێشەکانی هەرێم بە حکومەت و پەرلەمانی کوردستان چارەسەر دەکرێت و دەبێت هەر دامەزراوەیەک دەسەڵاتی خۆی بەڕێوە ببات، کوردستان کاتێک بەهێزە کە بەغداد بەهێز بێت، بەڵام بەغداش کاتێک بەهێزە کەئێمە بەشێک بین لە حوکمڕانی، کاتێک بەشێک بین لە بڕیارەکانی بەغداد ئەوکاتە ناشتوانین گلەییمان لێی هەبێت و ناتوانین کەس تاوانبار بکەین.

چاکسازییەکان لە وەزارەتی پێشمەرگە بەردەوام دەبن

ئەوەشی وت: جارێکیتر پێشمەرگەی یەکێتی و پارتی رووبەرووی یەک نابنەوەو تەنانەت بە قسەی سەرکردایەتی سیاسیش ناکەن، راستە هێزی پێشمەرگەی کوردستان یەکخراونەتەوە، بەڵام چاکسازییەکان لە وەزارەتی پێشمەرگە بەردەوام دەبن و رێکاری زیاتر دورودرێژ ماوە بگیرێتە بەر، بەڵام هێزە ئەمنییەکانی تر هێشتا ماون، بۆیە پێویستە هاوشێوەی هێزی پێشمەرگە هێزە ئەمنییەکانی تریش یەکبخرێنەوە.

کۆبونەوەکانمان بۆ پێکهێنانی حکومەت بەردەوامە

قوباد تاڵەبانی راشیگەیاند: کۆبونەوەکانی ئێمە بۆ پێکهێنانی حکومەت نەوەستاون و هەر بەردەوامین و دەرگای کۆبونەوە دانەخراوە، بەڵام کات و ناوی کۆبونەوەکان گرنگ نییە، بەڵکوو ناوەرۆکی کۆبونەوە گرنگە کە ئامانج بپێکێت و بتوانین لەیەک تێبگەین و دڵنیایی بدەین بەیەک بۆ تێپەڕبوون لەم قۆناغە.

ئەوەشی وت: ئێمە سیاسەتی راست و دروست دەکەین و سورین لەسەر رێککەوتنەکانی خۆمان و پابەندین پێوەی، لەگەڵ هەرکەس رێکبکەوین بە راست و دروستی لەگەڵی دەبین.

وتیشی: لەگەڵ کاک مەسرور کۆبونەوەیەکی گرنگمان کردووەو بەردەوامیش دەبین و هیچ کێشەیەکی کەسیمان نییە، تەنها کێشەکان هەندێک لێک تێنەگەیشتنە، ئەوەی زۆر گرنگ بوو باسی ئەو شێوازە لە حوکمڕانییەمان کرد کە بۆ ئێستای کوردستان گرنگە.

حوکمڕانیمان پێویستی بە گۆڕانکارییە

ئاماژەی بەوەشکرد: بۆ ئەمڕۆ لەهەرێمی کوردستان پێویستمان بە سیستەمێکی حوکمڕانییە کە جیاواز بێت لەوەی رابردوو، کارە ئیدارییەکان ئەوەندە درێژ خایەن نەبن و دەستاو دەستیان پێنەکرێت بگاتە ئەوەی کات درەنگ ببێت، بەڵکوو دەبێت ئاسانکاری و رێگای نوێ بدۆزینەوەو هاووڵاتی پێویستی بەوەیە.

ئەوەشی راگەیاند: سیستەمی حوکمڕانی ئەمڕۆ بۆ هەرێم گونجاو نییە دەبێت لەهەیکەلیەتی سەرجەم دامەزراوەکانەوە دەستپێبکەین بۆ چاکسازی، سەردەم گۆڕاوەو دەبێت بەپێی سەردەم رێکبخرێنەوە، وەک چۆن چاوەڕوانین لە بەغداوە دەسەڵاتمان بۆ شؤڕبکرێتەوە، دەبێت لەناوخۆی خۆشماندا بەو جۆرە بین.

تا ئێستا نازانین چ فەلسەفەیەکی ئابووری پەیڕەو دەکەین

جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران ئاماژەی بەوەشکرد: بەداخەوە ئێمە تا ئێستا نازانین چ فەلسەفەیەکی ئابووری پەیڕەو دەکەین، ئەگەر باوەڕمان بە بازاڕی ئازاد هەبێت، نابێت دەستوەربدەینە بەرزبونەوەی نرخی دۆلار و دەبێت بازاڕ خۆی خۆی بەڕێوەببات، ئەگەریش باوەڕمان پێی نییە دەبێت دەستتێوەردان بکەین بە قورسی، بۆیە ئێمە پێویستە بۆ کۆنترۆڵکردنی بازاڕ فەلسەفەی حوکمڕانیمان بگۆڕین.

وتیشی: حکومەت نابێ قەراری سوڵتانی دەربکات و رەئی خۆی فەرز بکات بەسەر بازاڕدا، وەک چۆن بۆ بەرزبونەوەی نرخی بەنزین دەستتێوەردانمان کرد و بڕیارەکە جێبەجێ نەکرا و حکومەت ناچاربوو بەبڕیارەکەیدا بچێتەوە.


PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket