riklam

ئەنجوومەنی وەزیران داوای 14.14% پشکی هەرێم لە عیراق دەکات

کوردستان 05:07 PM - 2026-10-14
کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم تایبەت

کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، دووپاتی دەکاتەوە کە ڕێژەی ڕاستەقینەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان، بەپێی ئەنجامەکانی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووانبریتییە لە (14.14%) و دەبێت ئەم ڕێژەیە، ببێتە بنەمای دیاریکردنی پشکی هەرێم لە بودجەی گشتیی فیدڕاڵیدا.

ئەمڕۆ 14ی10ی2026 ئەنجومەنی وەزیران، بە ئامادەبوونی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا.

 دوای کۆتایی هاتنی کۆبوونەوەکە، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم، راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکرد: ڕێژەی ڕاستەقینەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان، بەپێی ئەنجامەکانی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووانی ساڵی 2024، بریتییە لە (14.14%) و دەبێت ئەم ڕێژەیە، ببێتە بنەمای دیاریکردنی پشکی هەرێم لە بودجەی گشتیی فیدڕاڵیدا.

ئەنجومەنی وەزیران، جەختیش دەکاتەوە کە مووچە و شایستە داراییەکانی فەرمانبەران، پێشمەرگە، خانەنشینان و کەسوکاری شەهیدان و زیندانییانی سیاسی و سوودمەندانی چاودێریی کۆمەڵایەتی لە هەرێمی کوردستان و پلەی وەزیفیی و تەرخانکراوە داراییەکان، بەیەکسانی دابین بکرێت، بە هەمان پێوەری هاوشێوەکانیان لە بەشەکانی دیکەی عیراق و بەبێ بەستنەوەی بە ناکۆکی و دانانی کۆتوبەندی ناڕەوا، ئەویش بە پشتبەستن بە دەستوور، یاسا و بڕیارە پابەندکارەکانی دادگای باڵای فیدڕاڵی.

هەر بەپێی راگەیەندراوەکە، ئەنجومەنی وەزیران لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا، پشتیوانیی خۆی بۆ وەفدی دانوستانکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە و جەختی لە بەردەوامبوونی دانوستانەکان لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵ کردەوە، بە ئامانجی گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی دادپەروەرانە و دەستووری، کە ماف و شایستەکانی هەرێمی کوردستان و هاووڵاتییانی بپارێزێت و چارەسەرێکی هەمیشەیی و جێگیر و دادپەروەرانە بۆ کێشە داراییەکان دابین بکات.

لە کۆتایشدا، ئەنجومەنی وەزیران پێشنیاری وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی پەسەند کرد، سەبارەت بە لێخۆشبوون لە تەواوی سزاکانی دواکەوتن لە پێدانی بەشدارییەکانی دەستەبەری کۆمەڵایەتی، بە مەرجێک لە ماوەی (90) ڕۆژی کاردا، تەواوی قەرزە کەڵەکەبووەکانیان بدەنەوە بە سندوقی دەستەبەری کۆمەڵایەتی.

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket