riklam

لە هەڵەبجە سیمینارەکانی مەترسی ماددە هۆشبەرەکان و بیری توندڕەوی بەڕێوەچوون

کوردستان 02:25 PM - 2026-10-17
دیمەنی بەڕێوەچوونی سیمینارەکان PUKMEDIA

دیمەنی بەڕێوەچوونی سیمینارەکان

لە چوارچێوەی هەڵمەتی نیشتمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە عەقڵییەکان و بیری توندڕەوی، لە شاری هەڵەبجە دوو سیمیناری زانستی بەڕێوەچوون کە لەلایەن دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستانەوە، بە هاوکاریی کۆلێژی یاسا و کارگێڕی و سەنتەری لێکۆڵینەوەی جینۆساید لە زانکۆی هەڵەبجە ڕێکخرابوون، کە تیایدا باس لە مەترسی هەردوو لایەنەکە کرا، لەگەڵ میکانیزمی رێگری لە بڵاوبوونەوەیان.

ڕووبەڕووبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان بەرپرسیارێتییەکی هاوبەشە
سیمیناری یەکەم بە ناونیشانی (ماددە هۆشبەرەکان.. مەترسیی سەردەم و ڕووبەڕووبوونەوەیان بەرپرسیارێتیی هەمووانە)ی هەڵگرتبوو، تیشکی خستە سەر ڕەهەندەکانی بڵاوبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان، و شێوازەکانی بەرەنگاربوونەوەی تاوانە پەیوەندیدارەکان پێیانەوە، هەروەها ڕۆڵی دامەزراوە ئەمنییەکان، یاسایییەکان و ئایینییەکان لە کەمکردنەوەی ئەم دیاردەیە و چارەسەرکردنی لێکەوتەکانی باس کرا.

لە سیمینارەکەدا، ئاماری تاوانەکانی ماددە هۆشبەرەکان و هەوڵەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە ڕووبەڕووبوونەوەیاندا خرایە روو، لەگەڵ باس کردنی گرنگیی یاسا بەرکارەکان لە بەرەنگاربوونەوەی ئەم تاوانانەدا، لەگەڵ پێویستیی دابینکردنی ڕێگاکانی چارەسەر و شیاندنەوە بۆ ئەو کەسانەی بەدەست ئاڵوودەبوونەوە دەناڵێنن.

 هەر لە سیمینارەکەدا تیشک خرایە سەر ڕۆڵی دامەزراوە ئایینییەکان و مامۆستایانی ئایینی لە هۆشیارکردنەوە لە مەترسییەکانی ماددە هۆشبەرەکان و بەهێزکردنی بەرپرسیارێتیی کۆمەڵایەتی لە خۆپاراستن لێیان.

تەوەرەکانی  سیمینارەکە جەختیان لەوە کردەوە کە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم پەتایە تەنیا بە ڕێکارە ئەمنییەکان و یاسایییەکان سنووردار نییە، بەڵکو پێویستی بە تەواوکاریی هەوڵەکانە لە نێوان دامەزراوە رەسمییەکان، زانکۆکان، لایەنە ئایینییەکان و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگەدا، بە گرنگیدانی تایبەت بە خۆپاراستن و چارەسەر، هاوتەریب لەگەڵ ڕاوەدوونانی ئەو تاوانانەی پەیوەندییان بە ماددە هۆشبەرەکانەوە هەیە.

لێبوردەیی و پێکەوەژیان لە ڕووبەڕووبوونەوەی توندڕەویدا

سیمیناری دووەم تایبەت بوو بە (بیری توندڕەوی و بەهێزکردنی کولتووری لێبوردەیی و پێکەوەژیان) ، کە تیایدا ڕێگاکانی ڕووبەڕووبوونەوەی توندڕەویی فکری و چەسپاندنی کولتووری پێکەوەژیان تاوتوێ کران، وەک پایەیەکی بنەڕەتی بۆ خۆپاراستن لە توندڕەوی و پتەوکردنی سەقامگیریی کۆمەڵایەتی.
لە سیمینارەکەدا توێژەران باسیان لە ڕۆڵی دەسەڵاتی دادوەری و جێبەجێکردنی یاسا کرد لە ڕووبەڕووبوونەوەی بیری توندڕەویدا، لەگەڵ گرنگیی چەسپاندنی بەهاکانی پێکەوەژیان لە رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی ئەم دیاردە مەترسیدارە، هاوکات بەرپرسیارێتیی دامەزراوە ئەمنییەکان لە پاراستنی سەقامگیریی کۆمەڵایەتی و برەودان بە کولتووری فرەیی و پێکەوەژیانی نێوان پێکهاتەکانی کۆمەڵگە، بە گرنگ ناوبرا.

هەر لە سیمینارەکەدا گرنگیی بنیادنانی هۆشیاریی مەعریفی و چەسپاندنی کولتووری دیالۆگ و لێکتێگەیشتن و لێبوردەیی باس کران، ئەمە جگە لەوەی ڕۆڵی یاسای پاراستنی مافی پێکهاتەکان لە هەرێمی کوردستان ـ عيراق ژمارە (5)ی ساڵی 2015 لە ڕووبەڕووبوونەوەی گوتاری ڕقوکینە باس کران.
تەواوکاریی هەوڵەکان بۆ پاراستنی کۆمەڵگە

تەوەرەکانی هەردوو سیمینارەکە جەختیان لە گرنگیی تەواوکاریی هەوڵە ئەمنییەکان، یاسایییەکان و خۆپارێزییەکان کردەوە لە ڕووبەڕووبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و سنووردارکردنی توندڕەوی و گوتاری ڕقوکینە، لە پاڵ بەهێزکردنی ڕۆڵی دامەزراوە ئەکادیمیی، ئایینییەکان و کۆمەڵایەتییەکان لە بڵاوکردنەوەی هۆشیاری و چەسپاندنی بەهاکانی لێبوردەیی و پێکەوەژیانی ئاشتییانە، بە شێوەیەک کە بەشدار بێت لە پاراستنی کۆمەڵگە و پتەوکردنی سەقامگیرییەکەی.

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket